قوربانت بم خودایە، بانێکە و دوو هەوایە!
0
102
ژنێک هەبوو بە نێوی حەوسەت، کوڕەکەی ژنی هێنابوو و کچەکەشی مێردی کردبوو. حەوسەت خانم وەک زۆربەی جەماوەری دیکە، زاواکەی زۆر خۆش دەویست بەڵام دانووی دەگەڵ بووکەکەی نەدەکوڵی! شەوێکی گەرمی هاوین، کوڕ و بووکەکەی لەگەڵ کچ و زاواکەی میوانی بوون. کاتی نوستن، ئەوان چوونە سەربانی خەوتن. نیوەشەوێ حەوسەت خانم هاتە سەربان و دیتی کچەکەی و زاواکەی بە جیا خەوتوون و چیان بەخۆدانەداوە. لێکی نزیک کردن، پەتۆی پێدادن و کوتی: "کەش و هەوا ئەوەندە ساردە، باش نییە لێک دوور بن، سەرماتان دەبێ!"
دوایە ڕوانییە لایەکەی دیکە، دیتی کوڕەکەی و بووکەکەی لەکن یەک نوستوون. لێکی دوور کردنەوە، پەتۆکەی لێکردنەوە و کوتی: "حەهـ! بەو گەرمایە دەپیشێن!"
کوڕەکەی کە بەخەبەر بوو، دەستەکانی بەرەو ئاسمان بڵند کرد و کوتی: "قوربانت بم خودایە، بانێکە و دوو هەوایە!"
لقی بابەت : بابەتی گشتی / کورتەچیرۆک