به‌رخوێن
سلێمان دڵسۆز
كچان و ژنانی دێ له‌سه‌ر گوێسوانه، ده‌ست له بن هه‌نگڵان، به تاسه‌وه سه‌ریان به‌سه‌ر حه‌وشه رۆگرتبوو.
چێشته‌نگاوێكی دره‌نگ، حه‌وشه‌كه كه‌وته جموجووڵ و سواره‌ی سمێڵ بادراو به سۆرانیی سپیی شۆڕه‌وه گه‌یشتنێ. هه‌ر كام چه‌كێك له شاندا و ره‌خت و فیشه‌كدان پێوه. ئه‌سپه‌كانیان شه‌ڵاڵی ئاره‌قه ببوون، هاڵاویان له كونه تفینك ده‌هاته ده‌رێ و سمیان له عه‌رز ده‌كوتا.
ده‌گه‌ڵ گرمه‌ی ده‌هۆڵ و فیقه‌ی زوڕنا، قورم به‌سه‌ر بووكدا وه‌ری. دههۆڵكوت و زوڕناژه‌نه‌كه، كه ماڵی زاوا له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوون، له رێگا ده‌ستیان له‌گۆ چووبوون و هه‌وایه‌كی نه‌شازیان لێده‌دا. پوور ئامین، دایكی بووك، تاقه كه‌سی ماڵی بووك بوو كه به نێو میوانه‌كاندا ده‌گه‌ڕا و به‌خێری ده‌هێنان.
بووك لاقی له دوو نه‌ده‌هات. براكانی، هه‌ر دوو پیلیان گرتبوون، به نیمچه ره‌كێش كردنێكه‌وه به پێپیلكه‌ی خواروخێچ و قوڕینی مدبه‌قه‌كه‌دا وه‌سه‌ریان خست و له ناو ده‌رگا ناچار بوون سه‌ریان نه‌وی بكه‌ن. دڕیان به‌و ژنانه دا كه بۆ به‌ڕێكردنی بووك ده‌بوایه چه‌پڵه لێبده‌ن و لێیان نه‌ده‌دا.
ته‌زووی هه‌وا ساردی كردبوو و بارانه‌كه خه‌ریك بوو ده‌یكرده شڵێوه. لاوێكی قۆچاغ كه وێده‌چوو برا یان كه‌سێكی نزیكی زاوا بێ، وه‌سه‌ر بانی سواغی ماڵه‌كه كه‌وت و كچان و ژنان جێیان بۆ چۆڵ كرد. لاوه‌كه به‌سته‌یه‌ك دراوی ده‌ق نه‌شكاوی له گیرفانی هێناده‌ر. دراوه‌كان به كاوه‌خۆ له هه‌وادا به شێوه‌ی ئاسۆیی ئه‌مسه‌ر ئه‌وسه‌ریان ده‌كرد و هه‌ر جارێ دانه‌یه‌كیان ده‌كه‌وته خواره‌وه و هاوكات ده‌ست و په‌نجه‌ی چه‌ندین منداڵ بۆی قرژ ده‌بوو. منداڵان بێ‌باك له‌وه‌ی هه‌ریه‌كه و جوانترین به‌رگی خۆیان كراوه‌ته به‌ر، له قوڕ و چڵپاو ده‌گه‌وزین و سه‌ر و گوێلاكی یه‌كتریان ده‌پچڕیه‌وه. دراوێكی درشت هات، سووڕا، خولی خوارد، چه‌ندین ده‌ست شاڵاویان بۆ برد:
ـ بیگره‌وه هیوا!
هیوا له‌و قیژه و هه‌رایه‌دا ده‌نگی خاڵه "چه‌كۆ"ی ناسیه‌وه، غیره‌تی هاته به‌ر به‌ڵام نه‌یتوانی به‌سه‌ر شان و ملی دوو سێ منداڵدا ده‌ست درێژ بكا و له هه‌وادا بیقۆزێته‌وه، چاوه‌ڕوان ما وه‌ك دراوه‌كانی پێشوو یه‌كێك له منداڵه هه‌راشه‌كان خێرا رۆی ببێتێ. كه‌چی یه‌ك دوو منداڵی له خۆی باخۆشتر له لایه‌ك و خاڵی له‌لایه‌كی ده‌یكه‌وه پێشیان به منداڵه‌كان گرت و دراوه‌كه رێك له‌به‌ر لاقی هیوا كه‌وته زه‌وی. هیوا چاوێكی له خاڵی كرد و بۆ یه‌كه‌م جار له ژیانیدا پاره‌ی زێڕوه‌شانی هه‌ڵگرته‌وه.
به په‌له له گیرفانی پانتۆڵه كوردییه‌كه‌ی گه‌ڕا، گیرفانه‌كه‌ی زۆر له باری ئاسایی شۆڕتر دروابوو و ته‌واو خۆی كووڕ كرده‌وه تا توانی بیدۆزێته‌وه و پووڵه‌كه‌ی به گه‌چڵاوی تێڕابكا. خۆزگه هه‌ر پانتۆڵه شڕه‌كه‌ی رۆژانی له‌به‌ر بوایه كه زۆری پێوه گورج و گۆڵ بوو و ئاوا ده‌لینگی ده‌لاقان نه‌ده‌ئاڵا.
ئه‌و به‌یانییه خاڵۆژنی، له ته‌ویله تاریكه‌كه‌دا بردبوویه سه‌ر شۆركه، جوان شتبووی و به قه‌ولی خۆی توێخێكی لێكردبۆوه، ئه‌و كه‌واپانتۆڵه‌ی كردبووه به‌ر و گوتبووی: بزانه خاڵت له شار چی بۆ هێناوی! چۆن دێڵین بۆ شایی پوورت رووت بی كوڕم!
ویستبووی بپرسێ خاڵۆژن بۆ ئه‌تۆ ده‌مشۆی؟ ئه‌دی دایكم؟ به‌ڵام زاتی نه‌كردبوو. له‌وه ترسابوو خاڵۆژنی چه‌پۆكێكی لێبدات و بڵێت: بیژووی سه‌ی، ئه‌وه هه‌قی چاكه‌یه؟ خۆ ده‌ستی دایكت له چاو ده‌ستی من لۆكه نییه." خاڵۆژنی كه ئێستا چاوی به تاریكییه‌كه راهاتبوو به نیمچه ترسێكه‌وه له چاوه‌كانی هیوا رامابوو. دواجار ئه‌وه‌ی له دڵیدا هێنابووی و بردبووی دركاندبووی: كوڕم دایكت خه‌ریكه بووكێ جوان ده‌كا، بۆیه ئه‌من ده‌تشۆم." هیوا پووری هێنایه به‌رچاوی خۆی: ئارایشكراو و له بن تارایه‌كی سووردا، وه‌ك مانگ ده‌د‌ره‌وشێ:
ـ خا ... خاڵۆژن!
خاڵۆژنی كه خه‌ریك بوو لفكه‌یه‌كی زووری به هه‌موو گیانیدا دێنا، به ترسێكه‌وه گوتبووی:
ـ ها گیان؟
هیوا كه قه‌ت وه‌ڵامێكی وا نه‌رمونیانی له خاڵۆژنی چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرد به ده‌نگێكی كزه‌ڵۆكه گوتبووی:
ـ خاڵۆژن.. دێڵی بچم بووكێ ببینم؟
ـ ئه‌یه‌ڕۆ، ئه‌تۆ بوویه‌ته پیاو هیوا گیان.
ـ ئاخر ده‌ڵیم بزانم به بووكی جوانه پوورم. .. وه‌ی سووتام!
خاڵۆژنی جامێك ئاوی ساردی وه مه‌نجه‌ڵی ئاوه‌كه گێڕابوو: ئێستا بۆ كوڕی خۆمی خۆش ده‌كه‌م.
ئه‌و لاوه‌ی پووڵی هه‌ڵداویشت به قه‌ڵه‌مبازێك خۆی فڕێ دایه سه‌ر كۆخی مریشكان و به بازێكی دی گه‌یشته‌وه عه‌رز و به‌په‌له سواری ئه‌سپه‌كه‌ی بۆوه كه تۆلازێكی ماڵی بووك تا ئێستا جڵه‌وی بۆ راگرتبوو.
بووك وه‌ك مه‌زره‌ق له سه‌ر خوانی زین چه‌قیبوو. هیوا به زه‌بری باهۆ باریكه‌كانی ته‌قه‌للای ده‌دا و به هیوای دیتنی بووك ده‌هاته سه‌ر نووكی په‌نجه‌ی پێ، به‌ڵام منداڵانی ده‌روبه‌ری كه زۆربه‌یان له‌و گه‌وره‌تر بوون نه‌یانده‌هێشت بیبینێت.
هێندێك له سواره‌كان كه هه‌ر دانه‌به‌زیبوون، رووی ئه‌سپه‌كانیان وه‌رسووڕاند. له ناكاو قرمه‌ی تفه‌نگان سه‌ری به بووك نه‌وی كرد. سواره‌ی بووكێ به‌پێی نه‌ریتێكی كۆن و بۆ ده‌ربڕینی شادمانی، تفه‌نگیان به‌سه‌ر بووكدا هه‌ڵده‌تۆقاندن. منداڵان بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی قاوغه فیشه‌ك هوروژمیان هێنا.
هیوا به‌یانی كه شوردیان چاوه‌ڕێ بوو پرێسكه نان و پێخۆری بخه‌نه ملیه‌وه و وه‌ك هه‌موو رۆژێك، كه‌ڵیچه و گوێلكه‌كانی بۆ له ته‌ویله ده‌ربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچێته به‌ریان، به‌ڵام نه‌نكه ئامینی نه‌یهێشتبوو و به كوڕ و بووكه‌كانی گوتبوو ئه‌وڕۆ كه‌س هه‌قی به‌سه‌ر هیواوه نه‌بێ. هیواش تا به‌ره‌به‌ری نیوه‌ڕۆیه به دیار كایه‌ی مێشێنی منداڵانی دێوه خافڵابوو. ئه‌و، قاوغه فیشه‌كی نه‌بوون و پێی سه‌یر بوو منداڵانی گوند ئه‌و هه‌موو قاوغه فیشه‌كه‌یان له كوێ هێناوه. ماوه‌یه‌ك بوو كایه‌ی مێشێن له‌سه‌ر قاوغه فیشه‌ك ده‌كرا و هه‌ر منداڵێكی قاوغه فیشه‌كی نه‌بوایه ده‌بوو ته‌ماشاچی بێ و، هیوا ته‌ماشاچی بوو. قاوغه فیشه‌كێكی زه‌رد له‌به‌ر لاقی سووڕا و راوه‌ستا، كه هه‌ڵیگرته‌وه دووكه‌ڵی باڕووتی له زاركی ده‌هاته ده‌ر و هێشتا گه‌رم گه‌رم بوو.
ـ هیوا ئه‌وانه بۆتۆ!
خاڵه چه‌كۆ لۆچێكی قاوغ بۆ هه‌ڵگرتبوونه‌وه. زۆری پێنه‌چوو گیرفانه‌كانی ـ كه ئێستا ئیتر پێی ده‌زانین ـ داچۆڕان.
ئه‌مجاره ئه‌ویش ده‌یتوانی له كایه‌ی مێشێندا به‌شدار بێت و دوور نه‌بوو بیشیباته‌وه! ئۆی خودایه جا تووره‌كه‌یه‌ك قاوغه فیشه‌ك ده‌به‌مه‌وه، هه‌موو رۆژێ مێشێنیان پێده‌كه‌م. تا هێند زۆر ده‌بن.. هێند زۆر ده‌بن، ئینجا ده‌یانفرۆشم و به پووڵه‌كه‌ی .. به پووڵه‌كه‌ی تفه‌نگێكی بۆخۆم.. نا .. كراسێكی پیوازی بۆ دایكم پێ ده‌كڕم...
چه‌ند رۆژ پێش دایكی كه له‌گه‌ڵ ژنانی جیران راوه‌ستابوو، بووكی ماڵی حاجی سه‌عدوون كراسێكی پیوازی نوێی له‌به‌ركردبوو، هیوا سه‌رنجی دایكی دابوو كه په‌نجه‌ی له داوێنی كراسه‌كه خشاندبوو و لێی پرسیبوو: ئه‌وه به چه‌ندت كڕیوه؟
ماڵنوستنان كه ئاخیر كه‌س، وه‌ك هه‌میشه، دایكی له كاری ماڵێ ببۆوه و له لایه‌كی كورسیه‌كه كه جێی خه‌وی ئه‌و و هیوا بوو، له‌جێگا خزابوو، هیوا له دایكی پرسیبوو: دایه، خاڵم بۆ كراست بۆ ناكڕێ؟
ـ ئه‌وه بۆ نه‌نووستووی كوڕم؟
ـ دایه، بابم .. بابم گه‌ر مابا هه‌ر كراسێكی پێت جوان بایه بۆی ده‌كڕی، وایه؟
دایكی هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشابوو و گوتبووی: من كراسم بۆ چییه كوڕم. خودا تۆم لێ نه‌ستێنێ هیچی دیم ناوێ.
ـ دایه بابم خودا لێی ستاندی؟
ـ كوڕم، بابت بۆخۆی به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه چوو. بابت قاره‌مان بوو.
ـ دایه، بابم تفه‌نگی هه‌بوو؟
ـ ئه‌دی چۆن كوڕم، بۆخۆی ده‌یگوت.. باشترین ئه‌سپ و باشترین تفه‌نگ و باشترین .. باشترین ژنی كوردستان‌م هه‌ن.
هیوا ده‌ستی كردبووه ملی دایكی. ئه‌ویش توند به‌خۆیه‌وه گوشیبوو. بۆنی مێخه‌كبه‌ند و به‌رۆكی دایكی خۆشترین بۆنی دنیا بوون. له‌و تاریكییه‌دا ده‌ستی هیوا به روومه‌تی دایكی ته‌ڕ ببوون و هیواش به دزیه‌وه گریابوو. به‌و نیوه‌شه‌وه نه‌ده‌بوایه نه‌نكه ئامین و خاڵه چه‌كۆ و خاڵۆژنی و پووره‌كانی وه‌خه‌ربه‌ر بێن كه هه‌موویان له ده‌وری كورسییه‌ك كه هاویشترابووه سه‌ر ته‌ندوور نوستبوون. ده‌نا خاڵی بێگومان به سه‌ریدا ده‌گوڕاندن: ئه‌وه دیسان ئه‌و لووشمه لووشمه‌و له چی داناوه. پاشانیش له بن لێویدا ده‌یبۆڵاند: به خۆ و گوێلكێكه‌وه هاتووه‌ته‌وه، زگمان ده‌شێلن. له قه‌بری باب‌و... دواجار هیوا به ده‌م هه‌نیكسی خه‌فه‌كراوه‌وه به گوێی دایكی‌دا چرپاندبوو: بۆخۆم كراسێكی پیوازیت بۆ ده‌كڕم دایه گیان و، دایكی توندتر به خۆیه‌وه گوشیبووی.
ـ هانێ كوڕم هیوا!
راچه‌نی. نه‌نكه ئامینی بوو:
ـ بگره كوڕم، بابۆڵه و رۆنه. له به‌یانییه‌وه چت نه‌چۆته هه‌ناوان.
هیوا هه‌روا به زاری ئاوه‌ڵاوه بزه‌یه‌كی پڕ له ترسی هێنا خۆی و تێی وه‌ڕاما.
ـ چیه بۆ وا قوشقی بووی؟
نه‌نكه ئامین ئینجا ده‌نگی نزم كرده‌وه و گوتی:
ـ وه‌رگره به‌رخم، میوانه‌كان ده‌ڕۆن، دره‌نگمه.
هیوا بابۆڵه‌ی وه‌رگرت و ملی ده‌به‌ر خواردنی نا. تامی نان و رۆنی كه‌ره، دیمه‌نی هه‌ڵپه‌ڕكێ و كۆزیلكه‌ی سوارانی له لا جوانتر ده‌كرد.
سواره‌ی بووكێ وه‌ڕێ كه‌وتن. ماینی بووكیش بزووت. بووك دڵه‌كوته‌یه‌كی توندی بوو. تارا به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه قورس بوو. ئه‌وه‌نده قورس كه نه‌یده‌توانی سه‌ر بسووڕێنێ. سه‌دان چاو، قورسایی خۆیان خستبووه سه‌ر ده‌موچاوی بووك، پۆل پۆل خه‌نجه‌ری تیژ له هه‌موو لایه‌كه‌وه روویان تێكردبوو و ده‌بریسكانه‌وه. به‌ڵام بووك ئه‌و ئاگره‌ی له ده‌روونه‌وه ده‌یكوڵاند وره‌ی وه‌به‌ر نا و له له‌حزه‌یه‌كی نائاگادا هه‌موو ئامۆژگاری و چاوسووركردنه‌وه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی له‌بیر چوونه‌وه و كارێكی كرد كه تا ئه‌و رۆژه هیچ بووكێك نه‌یكردبوو. بووك به جووڵه‌یه‌ك تارای له‌سه‌رخۆی هه‌ڵماڵی و ئاوڕی دایه‌وه. به‌ڵێ، به به‌ر چاوی زه‌ق و زاری داپچڕاوی پیاوان و، روومه‌ت رنین و ئه‌یڕۆ ئه‌یڕۆی ژناندا، له پڕ ئاوڕی وه‌دوایه دا. چاوی گێڕا.. گه‌ڕا.. گه‌ڕا...
منداڵان به‌ر له ماینی بووك رایانكردبووه ده‌ره‌وه‌ی حه‌وشه و ئه‌وه ده‌رفه‌تێك بوو بۆ هیوا پڕ به چاوان سه‌یری بووك بكات. سه‌یری كرد. گه‌رووی گوشرا...! پارووی جووتراوی نێو ده‌می تف كرده‌وه، نیوه بابۆڵه‌كه‌ی ده‌ستی فڕێ دا و غاری دایه بووك:
ـ دایه! دایه گیان!
بووك به‌سه‌ر ماینه‌كه‌وه رووخابوو.
ساڵی 1376 نووسیومه
گه‌لاوێژی 1388 دامڕشتۆته‌وه (سلێمان دڵسۆز)