کۆئەندامی دەمار چییە؟

نووسەر: لاجان
0
1 404

 

کۆئەندامی دەمار چییە؟


کۆئەندامی دەمار بە هاواهەنگی چالاکییەکانی ماسولکە و ئەندامەکان، ڕێکوپێکی ناوخۆیی لە جەستەدا دەپارێزێت. ئەم سیستمە پەیام لە ئەندامە هەستیارەکانەوە وەردەگرێت و هاندەری گەشەکردنی کاردانەوە دەمارییەکانە لە ئەندامەکانی تردا. کارەکانی تری کۆئەندامی دەمار بریتین لە توانای فێربوون و تێگەیشتن لە هەستەکانی وەک چێژ، دڵخۆشی، ترس و مەترسی. ئەرکەکانی ئەم کۆئەندامە لە ڕێگەی ئاماژەدان و پەیامی ئەلکترۆکیمیایی لە نێوان دەمارەکان و خانەکانی تردا ئەنجام دەدرێت.


کۆئەندامی دەمار چۆن کاردەکات؟


کۆئەندامی دەمار لە مرۆڤدا لە مێشک، بڕبڕەی پشت، ئەندامە هەستیارەکان و هەموو ئەو دەمارانە پێکهاتووە کە وەک کەناڵی پەیوەندی نێوان ئەندامە جیاوازەکانی جەستە کاردەکەن. کۆئەندامی دەماری مرۆڤ بە پلەی یەکەم لە یەک جۆری خانە پێکهاتووە کە پێی دەکوترێت «خانەی دەمار» یان «نۆرۆن» (Neuron).

کۆئەندامی دەمار لە ژمارێکی زۆر خانەی دەمار پێکدێت. خانەی دەمار پێکهاتووە لە یەک «جەستەی خانە»ی (Cell Body) ناوەندی و کۆمەڵێک پێکهاتەی درێژکراوە بە نێوی «ئەکسۆن» (Axon)، کۆتایی سیناپسی و «دێندریت» (Dendrites). جەستەی خانە بە «سۆما»ش (Soma) ناسراوە.


  وێنەی ۱: پێکهاتەی خانەی دەمار

لقە بچووکە درێژکراوەکانی نزیک جەستەی خانەکان بەزۆری پێیان دەکوترێت دێندریت و وەک یاسایەکی گشتی، گونجاون بۆ وەرگرتنی بزوێنەکانی دەمار. زۆرێک لە دەمارەکان یەک (و لە هەندێک خانەدا زیاتر لە یەک) ئەکسۆنی درێژیان هەیە کە هەندێک جار دەتوانێت درێژییەکەی زیاتر لە مەترێک بێت. زۆرجار ئەکسۆنەکان ڕووپۆشێکی چەورییان هەیە کە پێی دەکوترێت غەلافی میێلین، کە یارمەتی خانە دەمارییەکان دەدات بۆ گواستنەوەی پەیامی ئەلکترۆکیمیایی بە خێرایی بۆ دەمارێکی تر یان خانەیەکی ئامانج. ئەو بەشانەی ئەکسۆنەکان کە غەلافی میێلینیان نییە، پێیان دەکوترێت «گرێی ڕانڤیر» (Nodes of Ranvier).
بەپێی شوێنی خۆیان، بە کۆمەڵێک ئەکسۆنی دەمار دەکوترێت دەمار یان کەناڵی دەمار. خانە تایبەتمەندەکان بە نێوی خانەی گلیال کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی میێلین و دابینکردنی ئۆکسیجێن بۆ خانەکانی دەمار، بەزۆری پاڵپشتی خانە دەمارییەکان دەکەن. هەروەها خانەکانی گلیال وەک خانەکانی پاڵپشتی خانەکانی دەمار زۆر گرنگن لە دابینکردنی پشتگیری میکانیکی و پاراستن لە دژی هۆکارە نەخۆشیزاکان.


  وێنەی ۲: خانەکانی گلیال؛ خانەکانی پشتیوانی نۆرۆنەکانن کە شێوە و پێکهاتەی جیاوازیان هەیە.


دەمارەکان دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکەن بۆ پێکهێنانی بازنە و تۆڕەکان کە کاریگەرییان لەسەر فێربوون، تێگەیشتن و ڕەفتار هەیە، تەنانەت وەڵامی فیزیۆلۆژی پێشبینیکراو بۆ هاندەرە دەرەکییەکان بەرهەمبهێنن.


کارکردی کۆئەندامی دەمار


کۆئەندامی دەمار بەرپرسە لە زۆرێک لە ئەرکەکانی ناو لەشدا، هەندێک لەو ئەرکانە لێرەدا ئاماژەیان پێکراوە:


هەماهەنگی جووڵەی ئەندامەکانی لەش

ئەرکی سەرەکی کۆئەندامی دەمار بریتییە لە وەرگرتنی زانیاری و دروستکردنی وەڵامێک بۆ هاندەرێکی دیاریکراو. زانیاری و وەڵام دەتوانێت سادە، لاواز یان پێچراو بێت. بۆ نموونە، کاتێک دەست لە شتێکی گەرم دەدرێت، گەرمیەکەی بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ کۆئەندامی دەماری ناوەندی و وەڵامەکەش کاردانەوەیێکی دەستبەجێیە بۆ کشانەوەی دەست لە ڕێگەی کرداری ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەرەوە. هەروەها چەند ڕووداوێکی لەو جۆرە دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی فێربوون و بیرگەی درێژخایەنی کۆدکراو کە وەک زنجیرەیەک پەیوەندی دەماری لە مێشکدا دروست دەبێت.

  
وێنەی ۳: دەست لێدان لە شتێکی گەرم دەبێتە هۆی هاندانی دەمارە جووڵێنەرەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی پەیامەکان لە دەمارە هەستیارەکانەوە.


لە لایەکی دیکەوە، زانیاریی وەرگیراو هاندەرێکە کە دەتوانێت هەستی خواردنەوەیەکی سارد بێت لە ڕۆژێکی گەرمدا، کە جەستە بە هەستکردن بە چێژ وەڵام دەداتەوە. ئەم وەڵامە لە ڕێگەی چالاکیی دەمارەکانەوە لە بەشە جیاوازەکانی جەستەدا دەردەکەوێت. لە لایێکی دیکەی ڕیزەکەدا، هاندەرەکە دەتوانێت ناڕاستەوخۆ بێت، وەکوو دەنگی خشەخشی گەڵاکان لە دارستانێکی بێدەنگدا، کە ئاماژەیە بۆ جووڵەی لەسەرخۆی ئاژەڵەکان بەسەریاندا. هەر هاندەرێک دەتوانێت لە کۆئەندامی دەماردا، ڕێژنەیێک لە پەیامە دەمارییەکان دروست بکات کە دەبێتە هۆی وەڵامدانەوە.
لەوانەیە جەستەی مرۆڤ بە زیادکردنی ئەدرنالین وەڵامی دەنگی جوڵەی ئاژەڵەکان لەسەر گەڵاکان بداتەوە و ئەم زیادبوونی ئەدرنالینەش دۆخی میتابۆلیکی ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەر، لووس و دڵ دەگۆڕێت. لە لایەکی دیکەوە بە بەکارهێنانی میکانیزمی بیرگەی درێژخایەنی کۆدکراو، سیستمی دەمار دەتوانێت بیرەوەرییەکە وەربگرێتەوە و هەوڵبدات ئەگەری ئەوە بکاتەوە کە ئاژەڵەکە مارێکی ژەهراوی بێت و باشترین ڕێگای هەڵاتن وەبیر بێنێت.
زۆربەی ئەم ئەرکانە دەسبەجێ دوای وەرگرتنی هاندەرەکە ڕوودەدەن. هەندێک بەش لە کۆئەندامی دەمار دەتوانن زانیارییەکانی پەیوەست بە هاندەرەکان ئەوەندە بە شێوەیەکی پێچراو و قووڵ کۆد بکەن کە مرۆڤ بە دووبارە ئەزموونکردنی ڕووداوە مەترسیدارەکانی پێشوو، ساتە ئازاربەخشەکانی و هەموو وەڵامە فیزیۆلۆژییەکانی پەیوەست بە هاندەرەکەوە ئەزموون دەکات و بە وردی وەبیر دێنێتەوە.


تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی هەستەکان

لە ڕێگا سەرەکییەکانی چوونە ناو کۆئەندامی دەماردا، جووڵەکانی کارەبایی وەدەستهاتوو لە ئەندامە هەستیارەکانەوەیە. بۆ یەکخستنی زانیاری و هەڵسەنگاندنی سروشتی جیهانی دەرەوە، دەست لێدان، دەنگ، دیتن، بۆنکردن و تامکردن دەگوازرێنەوە بۆ کۆئەندامی دەمار. بە هەمان شێوە، ژمارێک دەمار وەک هەستەوەر بۆ دۆخی ناوەوەی جەستە کاردەکەن. لە نێو ئەم دەمارانەدا دەتوانین ئاماژە بە دەمارە هەستیارەکانی ناو چاو، کەپۆ و زمان بکەین. ئەم دەمارە هەستیارانە دەتوانن مرۆڤ ئاگادار بکەنەوە لە بوونی خواردنی بەتام و هاندانی ئیشتیای خواردن.
دوای خواردنی خۆراک، خانە دەمارییەکانی ناو کۆئەندامی هەرس هەست بە کشانی ماسولکەکانی گەدە دەکەن. کاتێک ئەم زانیاریانە دەگوازرێنەوە بۆ کۆئەندامی دەماری ناوەندی، وەڵامێکی تێربوون دروست دەبێت، کە پەیامی هەستکردن بە "پڕبوون" دەنێرێت بۆ مێشک و ویستنی وازهێنان لە خواردن. ئەمانە وەڵام‌گەلێکی پێچراون کە ڕاستەوخۆ یەک خانەی ماسولکەیی ناگرنەوە. یەکگرتنێکی پێچراوتر لەم قۆناغەدا ڕوودەدات، جێگاییک کە بیرگە، فێربوون، ناسین و باری سۆزداری کاریگەرییان لەسەر وەڵامی فیزیۆلۆژی هەیە کە لەلایەن سیستەمی دەمارەوە دروست دەبێت.

  
وێنەی ۴: میکانیزمی ناردنی پەیامی تێربوون و برسێتی بۆ مێشک


بیرکردنەوە و پەرداختکردن

لە کاتێکدا دەتوانرێت سیستمی دەمار وەک ناوەندی وەرگرتن، پەرداختکردن و گواستنەوەی زانیاری هەژمار بکرێت، بەڵام ئەرکەکەی لە زۆربەی زیندەوەراندا پێچراوەیە. ئەم ئەرکە پێچراوەیە لە مرۆڤدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ بیرکردنەوە، بەڵگەهێنانەوە، زمان، تێگەیشتن و قسەکردن. بەش‌گەلێک لە کۆئەندامی دەماری ناوەندی، چاوەدێریی جووڵەی خۆویستانە و خۆنەویستانەی ماسولکەکان دەکەن، لەوانە جوڵەی دەست و پێ و جوڵەی لوولەی هەرس.
ئەم بەشەی کۆئەندامی دەمار زۆر گرنگە بۆ پاراستنی هاوسەنگی، ڕێکخستنی پلەی گەرمی ناوەوە و ڕیتمەکانی شەووڕۆژانەی لەش. هەروەها ڕێژەی هەناسەدان، پەستانی خوێن و لێدانی دڵ لە لایەن کۆئەندامی دەمارەوە ڕێکدەخرێت. کۆئەندامی دەمار ئەم کردارە لەگەڵ کۆئەندامی ژوورڕژێن تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی جەستە بتوانێت وەڵامی هاندەرێک بداتەوە بە شێوەیەکی هەماهەنگ و ورد.

بەشە جیاوازەکانی کۆئەندامی دەمار


ئەناتۆمی کۆئەندامی دەمار لە مرۆڤدا پێکدێت لە مێشک و بڕبڕەی پشت. جگە لەوەش، کۆئەندامی دەمار ئەندامی هەستیاری سەرەتایی و هەموو دەمارەکانی پەیوەست بەو ئەندامانە لەخۆدەگرێت. مێشک و بڕبڕەی پشت "سیستمی دەماری ناوەندی" (Central Nervous System) یان (CNS) پێکدەهێنن. هەموو شانە دەمارییەکانی دیکە بە سیستمی دەماری دەوروبەر (Peripheral Nervous System) یان PNS ناسراون.
 

وێنەی ۵: بەشەکانی سیستەمی دەمار؛ کۆئەندامی دەماری دەوروبەر و کۆئەندامی دەماری ناوەندی


سیستمی دەماری دەوروبەر

کۆئەندامی دەماری دەوروبەر لە ١٢ جووت دەماری مێشک و ٣١ جووت دەماری بڕبڕەی پشت پێکدێت. بۆیە سیستمی دەماری دەوروبەر، دەمارەکانی ناو ئەندامە هەستیارەکان و هەموو دەمارە هەستیارەکان و هەموو دەمارە جوڵێنەرەکان کە پەیام دەنێرن بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە، لەخۆدەگرێت. ئەو بەشەی سیستەمی دەماری دەوروبەر کە چاوەدێریی ئەندامە جوڵاوەکان دەکات، دوو بەش لەخۆدەگرێت کە پێیان دەکوترێت سیستمی دەماری جەستەیی و سیستەمی دەماری سەربەخۆ.

دەمارەکانی مێشک

دەمارەکانی مێشک لە ناوکی بنەچەی مێشکەوە سەرچاوە دەگرن. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەم دەمارانە ١٢ جووت دەمار لەخۆدەگرن، کە ئەمانەن:
•    دەماری بۆنکردن (Olfactory nerve)
•    دەماری بینایی چاو (Optic nerve)
•    دەماری جووڵەیی چاو (Oculomotor nerve)
•    دەماری غەرغەڕەیی (Trochlear nerve)
•    دەماری سێ جومگە (Trigeminal nerve)
•    دەماری ئەبدوسێنس (Abducens nerve)
•    دەماری دەموچاو (Facial nerve)
•    دەماری ڤێستیبولۆکۆکلێر (Vestibulocochlear nerve)
•    دەماری گڵۆسۆفێرنجی (Glossopharyngeal nerve)
•    دەماری ڤاگۆس (Vagus nerve)
•    دەماری یارمەتیدەر (Accessory nerve)
•    دەماری ژێرزمانی (Hypoglossal nerve)

  
وێنەی ۶: دەمارەکانی مێشک


دەماری بۆنکردن و بینین بە بەشێک لە کۆئەندامی دەماری ناوەندی دادەنرێت و لە بنەچەی مێشکەوە سەرچاوە ناگرن و لەبەر ئەم هۆکارەش ئەم جووتە دەمارانە ناوکیان نییە. جووتە دەماری بۆنکردن و بینین کارێکی هەستیارییان هەیە و دەمارەکانی دیکەی مێشکیش کارکردی جوڵەیان هەیە. دەماری دەیەمی مێشک کە پێی دەکوترێت دەماری ڤاگۆس، درێژترین دەماری مێشکە کە کاریگەرە لە چالاکییەکانی سیستمی پاراسیمپاتیک، قسەکردن و قووتدان.


دەمارەکانی بڕبڕەی پشت

بڕبڕەی پشت بریتییە لە دەمارێکی درێژ کە لەناو ستوونی موورووی پشتدا جێگیر کراوە و ناوبژیوانی گواستنەوەی سیگناڵەکانی دەماری هەستیاری و جووڵەیی لە نێوان مێشک و دەمارەکانی دەوروبەردا دەکات. هەر دەمارێکی بڕبڕەی پشت دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا کە پێیان دەکوترێت ڕەگی پێشەوە و ڕەگی دواوە. ڕەگی پێشەوە بریتییە لە دەمارە دەرچووەکان یان دەمارە جوڵاوەکان کە پەیامی جوڵە دەگوازنەوە بۆ ماسولکە و ڕژێنەکانی جەستە، ڕەگی دواوەش بریتین لە دەمارە هاتووەکان یان دەمارە هەستیارەکان (لەوانەش هەستەکانی دەست لێدان، گەرمی، لەرزین و ئازار).


سیستمی دەماری ناوەندی

لە ڕووی کاراییەوە، ئەندامەکانی کۆئەندامی دەمار دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر بەشە جیاوازەکاندا. بۆ نموونە، مێشک دەکەوێتە ناو بۆشایی کاسەسەر و کێشی کەمتر لە 1.5 کیلۆگڕامە. ئەم بەشە گرنگەی کۆئەندامی دەمار ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە زۆرێک لە ئەرکە دەروونییە پێچراوەکانی وەک پلاندانان، هۆشیاری، تێگەیشتن و زماندا. مێشک دابەش دەبێت بەسەر بەشە جیاوازەکانی وەک مۆخ، مۆخچە و لاسکی مێشک.


مۆخ

"مۆخ" (Cerebrum) گەورەترین بەشی مێشکە و لە دوو نیوەگۆ پێکدێت. هەردووک نیوەگۆی مێشک لە قەبارەدا بەقەد یەکن. نیوەگۆی ڕاست بەرپرسە لە لێهاتوویی هونەری و نیوەگۆی چەپ توانای بیرکردنەوە و بەڵگەهێنانەوە بەرز دەکاتەوە. هەروەها هەر نیوەگۆیەک چوار کاکڵی هەیە. کاکڵەکانی مۆخ بریتین لە:
•     کاکڵی تەپڵەسەر (Parietal Lobe)
•     کاکڵی پێشەسەر (Frontal Lobe)
•     کاکڵی لاجانگ (Temporal Lobe)
•     کاکڵی پشتەسەر (Occipital Lobe)
 

 
وێنەی ۷: پێکهاتەی مۆخ

هەریەک لە کاکڵەکانی مۆخ ئەرکی جیاوازیان هەیە کە بەشدارن لە چاوەدێریکردنی پەیامە دەمارییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان، تێگەیشتنی بینین، بیستن، زمان و قسەکردن. جگە لەوەش هەریەک لە کاکڵەکانی مۆخ بەرپرسن لە یەکێک لە هەستەکان:

•     کاکڵی تەپڵەسەر بەرپرسە لە هەستی دەست لێدان.

•     کاکڵی پێشەسەر هەستی بۆنکردن دروست دەکات.

•     کاکڵی لاجانگ شوێنی پەداختکردنی هەستەکانی بیستنە.

•     کاکڵی پشتەسەر بەرپرسە لە کارکردنی هەستی بینین.

مۆخچه

ئەم بەشە بەرپرسە لە جووڵەی خۆویستانەی جەستە. مۆخچە یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی مێشک.
«مۆخچه» (Cerebellum) بەشێکی بچووکی مێشکە کە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی کاسەسەر و ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی هاوسەنگی جووڵەی لەش. هەروەها ئەم بەشە بەرپرسە لە جووڵەی خۆویستانەی جەستە. مۆخ یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی مێشک. 

لاسکی مێشک

«لاسکی مێشک» (Brain Stem) بەشی کۆتایی مێشکە کە بریتییە لە مێشکی نێوانی، پردی مێشکی و مێدولا. لاسکی مێشک، مێشک بە بڕبڕەی پشتەوە دەبەستێتەوە. ناوەندی جووڵەی خۆنەویستانەی لەش، بەشی مێدولای لاسکی مێشکە.
دەمارەکان یەکەی کارایی بنەڕەتی کۆئەندامی دەمارن. ئەوان دەتوانن یان نۆرۆنی ژوورکەوت یان دەرکەوت بن بە پشتبەستن بەوەی کە ئایا زانیاری دەگوازنەوە بۆ لای سیستمی دەماری ناوەندی یان لە سیستمی دەماری ناوەندی ڕا بۆ دەرەوە. هەندێک لە دەمارەکان، کە پێیان دەکوترێت «ئینتێرنۆرۆن» (Interneurons) گرنگن بۆ یەکخستنی زانیاری لە هاندەری جیاواز و دروستکردنی وەڵامێکی یەکگرتوو.


پێکهاتەی کۆئەندامی دەمار

کۆئەندامی دەمار سیستمێکی زۆر پێچراوەیە بۆ هەماهەنگی هەڵسوکەوتی زیندەوەرێک و یارمەتیدانی لە ئاراستەکردن و کاردانەوە لە ژینگەی دەرەکیدا. لە سادەترین زیندەوەراندا، کۆئەندامی دەمار دەتوانێت تەنیا لە چەند دەمارێک پێکبێت و هیچ سیستمێکی دەماری ناوەندی نەبێت. لە لایەکی دیکەوە لە مرۆڤی خاوەن سیستمی دەماری زۆر پێچراوە، مێشک توانای بیرکردنەوەی پێچراوە، لۆژیکی و ئەبستراکتی هەیە و توانای قسەکردنی بە زمانی جیاوازی هەیە.
 بەگشتی کۆئەندامی دەمار بەجۆرێک ڕێکخراوە کە هاندەرە هاتووەکانی ژینگە (وەک هاندەری بینین یان هەستکردن) لە سیستمی دەماری دەوروبەروە دەنێردرێت بۆ مێشک. لە مێشکدا، هاندەرە هاتووەکان بە خێرایی پەرداخت دەکرێن و پەیوەندی لەگەڵ دەمارەکانی مێشکدا دەکەن. پاشان، مێشک سیگناڵ دەنێرێت بۆ بەشە جیاوازەکانی دیکەی جەستە.
ئەم سیگناڵانە دەتوانن سیگناڵی فیزیکی بن و جووڵەی خۆویستانە بەکاربهێنن. ئەو دەمارانەی کە سیگناڵە جەستەییەکان دەگوازنەوە بۆ ماسولکەکانی ئێسکەپەیکەر و ماسولکەکانی زمان، بەشێکن لە «سیستمی دەماری جەستەیی یان سۆماتیک» (Somatic Nervous System).
لە لایەکی ترەوە، ئەو سیگناڵانەی لە مێشکەوە دەنێردرێن، دەتوانن سیگناڵی سەربەخۆ بن، کە کار لەسەر ڕژێنەکان، ماسولکە لووسەکان و ناوچەکانی تر دەکەن کە بە گشتی بەشێکن لە وەڵامە خۆنەویستەکان. ئەم دەمارانە بەشێکن لە «سیستمی دەماری سەربەخۆ» (Autonomic Nervous System). سیستمی دەماری  سەربەخۆ دابەش دەکرێت بەسەر «سیستمی دەماری سیمپاتیک» (Sympathetic Nervous System) و «سیستمی دەماری پاراسیمپاتیک» (Parasympathetic Nervous System).
کارکردنی هەماهەنگی دوو سیستمی دەماری سیمپاتیک و پاراسیمپاتیک دۆخی سەقامگیری جەستە دەپارێزێت. سیستمی سیمپاتیک و پاراسیمپاتیک بە دوو ئاراستەی پێچەوانە کاردەکەن، بەجۆرێک کە سیستمی سیمپاتیک ڕۆڵێکی هاندەر دەگێڕێت و سیستمی پاراسیمپاتیک ڕۆڵێکی ڕێگری لە جەستەدا دەگێڕێت.
 

 
وێنەی ۸: کاریگەری سیستمی سیمپاتیک و پاراسیمپاتیک لەسەر قەبارەی ڕەشکێنەی چاو

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە