قه‌ڵه‌م
کوڕێکی چکۆله به سه‌یری ده‌یڕوانییه قه‌ڵه‌می باپیره‌ی که نامه‌یێکی پێده‌نووسی. باپیره به بزه‌وه رووی له نه‌وه‌که‌ی کرد و کوتی: پێم خۆشه کاتێک که گه‌وره بووی وه‌ک ئه‌و قه‌ڵه‌مه بیت.
کوڕه‌که به سه‌رسوڕمانه‌وه چاوی له قه‌ڵه‌مه‌که کرد و کوتی: به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر وه‌ک قه‌ڵه‌مه‌کانی دیکه‌یه!
باپیره به نه‌رمی کوتی: ئه‌وه په‌یوه‌سته به وه‌یکه چۆن لێی بڕوانی. له‌و قه‌ڵه‌مه‌دا 5 تایبه‌تمه‌ندی تێدایه که ئه‌گه‌ر ئه‌تۆش وه‌ده‌ستیان بێنی، هه‌تا هه‌تایه به هێمنی ده‌ژیت.
تایبه‌تمه‌ندیی یه‌که‌م: ده‌توانی کارگه‌لێکی گه‌وره بکه‌ی به‌ڵام نابێ له بیرت بچێت که ده‌ستێک هه‌یه و ده‌توانێت بزوتنه‌وه‌ت چاوه‌دێری بکات. ئه‌و ده‌سته خوایه و به پاڵپشتیی ئه‌و ده‌توانی هێڵی راست بکێشیت.
تایبه‌تمه‌ندیی دووهه‌م:
جارجار ده‌بێ له نووسین بوه‌ستی و بتاشرێی. به‌و کاره قه‌ڵه‌م که‌مێک ئازار ده‌بینێت به‌ڵام له ئه‌نجامدا تیژ ده‌بێت و پێنووسینی ئاسانتر ده‌بێت. بۆیه ده‌بێ له به‌رامبه‌ر که‌ند و کۆسپی رێگادا خۆڕاگر بیت هه‌تا ببیته مرۆڤیکی باشتر.
تایبه‌تمه‌ندیی سێهه‌م:
قه‌ڵه‌م هه‌میشه ئیزن ده‌دات هه‌ڵه‌کانی بسڕینه‌وه. بزانه که سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان، کارێکی خراپ نییه به‌ڵکوو بۆ راگرتنی خۆت له شوێنی دروستدا پێویسته.
تایبه‌تمه‌ندیی چواره‌م:
دار یان توێی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌م گرینگ نییه، به‌ڵکوو ره‌ژییه‌که‌ی ناوی گرینگه. جا بۆیه ده بێ هه‌میشه ئاگاداری ناوه‌وه‌ی خۆت بیت و بزانی چی تێدا تێده‌په‌ڕێت.
تایبه‌تمه‌ندیی پێنجه‌م:
قه‌ڵه‌م هه‌میشه شوێنه‌وارێک له خۆی به‌جێ دێڵێت. بزانه هه‌ر کارێک له ژیانتدا بکه‌ی، شوێنه‌وارێکی لێ به‌جێ ده‌مێنێت. هه‌وڵ بده له ئاست هه‌ر کارێک که ده‌یکه‌ی وشیار بیت و بزانی چ ده‌که‌یت.