قه‌ت زوو داوه‌ری نه‌که‌ین
ژنێکی لاو له هۆڵی فڕۆکه‌خانه چاوه‌ڕوانی نۆره‌ی فڕینی فڕۆکه بوو. چونکه هێشتا ماوه‌یێکی بۆ فڕینی مابوو، ته‌مای گرت بۆ سه‌رقاڵی رۆژنامه‌یێکی بکڕێ. پاکه‌تێکیشی بیسکه‌وێت کڕی و چوو له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشت و ده‌ستی کرد به خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه.
کابرایه‌ک له ته‌نیشتی دانیشتبوو و کتێبی ده‌خوێنده‌وه. کاتێک ژنه‌که یه‌که‌م بیسکه‌وێتی له زاری نا، دیتی کابرایه‌که‌ش بیسکه‌وێتێکی هه‌ڵگرت و خواردی. زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو به‌ڵام هیچی نه‌کوت. له‌به‌رخۆیه‌وه کوتی: باشتره وه‌سه‌رخۆم نه‌هێنم، له‌وانه‌یه هه‌ڵه‌ی کردبێت.
به‌ڵام ئه‌و کاره دووپاته بۆوه. هه‌ر جاره‌ی که ئه‌و بیسکه‌وێتێکی هه‌ڵده‌گرت، کابراش هه‌ر وایده‌کرد. ژنه‌که به‌و کاره زۆر تووڕه ببو، به‌ڵام نه‌یده‌ویست وه‌سه‌رخۆی بێنێت. کاتێک که ته‌نیا یه‌ک بیسکه‌وێت مابوو، له‌به‌ره‌خۆیه‌وه کوتی: ئێستا بزانم ئه‌و پیاوه بێ ئه‌ده‌به چ ده‌کات؟
کابرا دوایین بیسکه‌وێتی له‌ت کرد و نیوه‌ی خوارد. ژنه له راده به‌ده‌ر تووڕه ببو. ئه‌وه ئیدی زۆر رووهه‌ڵماڵاوییه!
له‌و کاته‌دا بڵنگۆی فڕۆکه‌خانه رایگه‌یاند که کاتی سوار بوونی فڕۆکه‌یه. ژنه رۆژنامه‌که‌ی خڕ کرده‌وه، جانتایه‌که‌ی هه‌ڵگرت و به تووڕه‌یی چاوێکی له کابرا کرد و رۆیی. کاتێک که له‌ناو فڕۆکه دانیشت، چاویلکه‌که‌ی ده‌رهێنا و له‌ناو جانتایه‌که‌ی نا. له ناکاو ده‌ستی وه پاکه‌تی بیسکه‌وێته‌که‌ی که‌وت و دیتی هێشتا نه‌کراوه‌ته‌وه و ده‌ستی وێنه‌که‌وتووه! زۆر شه‌رمه‌زار بوو! رقی له خۆی هه‌ستا... له بیری چووبوو که ئه‌و بیسکه‌وێته‌ی کڕیبووی له‌ناو جانتایه‌که‌ی ناوه. کابرایه‌که بیسکه‌وێته‌کانی له‌گه‌ڵ وی به‌ش کردبوو، بێ ئه‌وه‌یکه تووڕه بێت! به داخه‌وه تازه کاتێک بۆ شیکردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌ی وداوای لێبوردن نه‌مابوو. که وا بوو له یادمان بێت چوار شت گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه:
به‌رد .......... دوای هاویشتن!
قسه .......... دوای کوتن!
هه‌ل .......... دوای ته‌واو بوون!
کات .......... دوای تێپه‌ڕین!