دوو پاڵه‌وان
له رۆژگارێکی کۆندا دوو برای پاڵه‌وان ده‌ژیان که ناوی برای گه‌وره فیلیپ و ئه‌وی‌تر رابین بوو. رۆژێک پاشا له دوای ناردن و پاش به‌خێرهاتن پێیانی کوت: "دوژمن له سنووری باکووره‌وه هێرشی کردووه و ئێوه ته‌نیا که‌سانێکن که ده‌توانن به‌ره‌نگارییان بکه‌ن."
دوو برا دوای ئاماده بوون و هه‌ڵگرتنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ به سواری ئه‌سپ وه‌ڕێکه‌وتن. کاتێک که گه‌یشتنه نزیک سنوور، شه‌و داهاتبوو. شه‌وێ هه‌ر له وێ پشوویان دا و به‌یانی فیلیپ به رابینی کوت: "ئه‌تۆ بڕۆ بۆ شه‌ڕ و منیش لێره ده‌مێنمه‌وه و ئه‌گه‌ر تۆ به‌زی و دوژمن هات بۆخۆم پێشیان ده‌گرم. هه‌رچی بێ من له تۆ گه‌وره‌تر و به‌هێزترم."
رابین که کوڕێکی باش و به‌ڕێز بوو، وه‌ڕێکه‌وت. دوای دوو رۆژان کاتێک که فیلیپ خه‌ریکی برژاندنی گۆشتی مامز بوو، دیتی ئه‌وه رابین به برینداری ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ره‌و پیری چوو و لێی پرسی که چ بوو؟ رابین هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که‌ی له‌و دوو رۆژه‌دا بۆگێڕاوه و باسی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ 70 که‌س پیاده و 10 که‌س سواره کرد. فیلیپ هه‌ر که بیستی شه‌ڕ ته‌واو بووه، سواری ئه‌سپه‌که‌ی بوو و رۆیی بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌ته‌کانی شه‌ڕ. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یکوت پاشا به دیتنی ئه‌و هه‌مووه زێڕ و زێوه شاد ده‌بێت. دوایه له‌گه‌ڵ رابین گه‌ڕانه‌وه بۆ لای کۆشکی پاشا. کاتێک که نزیک کۆشک بوون، دیتیان پردی سه‌ر چۆمه‌که رووخاوه و بۆ چوونه‌ژووری کۆشکه‌که ده‌بێ له ئاوێ‌ده‌ن. رابین به سانایی له چۆمه‌که تێپه‌ڕی. به‌ڵام فیلیپ له‌به‌ر قورسایی باره‌که‌ی به ئه‌سپه‌وه که‌وته ناو ئاو و زێڕ و زێو و ئه‌سپه‌که‌ی له‌ده‌ست‌دا.
کاتێک گه‌ێشتنه ناو کۆشک، پاشا به گه‌رمی پێشوازیی لێکردن و دوای خواردنی جه‌می شه‌و چاوێکی له دوو برایه‌کان کرد و کوتی: " ده‌ی، باسی شه‌ڕ و پاڵه‌وانانی دوژمنم بۆ بکه‌ن. چۆناوچۆن سه‌رکه‌وتوو بوون؟"
رابین ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی شه‌ڕ و به پێشاندانی برینه‌کانی ده‌ست و سه‌ری، هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که‌ی کوته‌وه. دوای قسه‌کانی رابین، پاشا رووی وه‌رگێڕا بۆ لای فیلیپ، به‌ڵام جێگاکه‌ی به‌تاڵ بوو. فیلیپ قسه‌یێکی بۆ کوتن نه‌بوو و به شه‌رمه‌زاری له وێ وه‌ده‌رکه‌وتبوو...