کابرایه‌ک که بوو به ئه‌کته‌ر
کابرایه‌ک بوو به ناوی شاهۆ که به‌یانان له قوتابخانه مامۆستا بوو و پاش نوێژان له کۆمپانیایه‌ک حیسێبدار بوو و شه‌وانه‌ش تا کاتی نووستن له کارگه‌یێک کاری ده‌کرد. هه‌ر کاتێک که بابه‌تێکی ئاماده نه‌ده‌بوو بۆ وانه پێدان به قوتابیان، په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌وه ده‌کرد تا ئه‌و رۆژه قوتابیان بۆ کلاس نه‌یه‌ن و کاتیان به فیڕۆ نه‌ڕوا. رۆژێک له سرته‌سرتی هاوکاره‌کانی زانی که له‌وانه‌یه بۆ تێرمی دواتر نه‌یهێننه‌وه سه‌ر کار.
شاهۆ پاش نوێژانیش بۆ کۆمپانیاکه دره‌نگ ده‌چوو و هه‌موو پێیان ده‌کوت: "بۆ دره‌نگ دێی؟" ئه‌ویش وڵامی ده‌دانه‌وه: "کاژێرێک دره‌نگتر دێم تا که‌مێک پشوو بده‌م و به هێزێکی زیاتر له‌سه‌ر کاره‌که‌م ئاماده بم، بۆ ئه‌م کاژێره‌ش هیچ دراوێک وه‌رناگرم." رۆژێک به‌رپرسی کۆمپانیا بانگی کرد و بۆ دوایین جار ئاگاداری کرده‌وه که چیدی دره‌نگ نه‌یه‌ته سه‌ر کار.
شاهۆ هه‌ر کات له کارگه نه‌یده‌توانی کاری مشته‌رییه‌کان به وردی و باشی دروست بکات، لێی وه‌رنه‌ده‌گرتن و داوای لێبوردنی لێده‌کردن. رۆژێک زانی مشته‌رییه‌کانی زۆر که‌متر بوونه.
شاهۆ بۆ بیر کردنه‌وه دانیشت. ده‌ستێکی به مووی سه‌ریدا هێنا که درێژ و ته‌نک ببوو. جگه‌ره‌یێکی پێ‌کرد و چووه ناو خه‌یاڵان. ده‌بوایه کارێکی بکات. ده‌بێ خۆی بگۆڕێت. له ناکاو رێ چاره‌یێکی به زه‌ینی گه‌یشت. ته‌مای گرت که له‌مه‌و دوا ئه‌کته‌رێک بیت:
له سبهینێڕا شاهۆ هه‌موو رۆژێ له قوتابخانه ئاماده ده‌بوو. کاتێک که بۆ فێرکاری ئاماده نه‌ده‌بوو، له کلاس دا پیاسه‌ی ده‌کرد، ده‌سته‌کانی پێکدا ده‌ماڵی و به متمانه‌وه ده‌یکوت: "ئه‌وڕۆ وانه‌ی پێشوو دووپاته ده‌که‌ینه‌وه."
له سه‌ری کاتی خۆی ده‌چووه سه‌ر کاری حیسێبداری و رۆژانه یه‌ک دو کاژێر له‌سه‌ر کار دهوێژنکا.
هه‌موو راسپارده‌کانی مشته‌ریانی وه‌رده‌گرت به‌ڵام کاتی وێدانه‌وه بیانووی جۆراوجۆری دێناوه و کاری دره‌نگتر وێدهدانهوه. تا ئێستا چه‌ند جار دایکی مردبوو، دوو سێ جاریش باوکی ناشتبوو و ده‌یان جار چووبوه خوازبێنی.
ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه خۆشحاڵه که کلاسی مامۆستای قوتابخانه‌که‌ی رێکوپێک بووه، به‌رپرسی کۆمپانیاش خۆشحاڵه له‌وه‌یکه "شاهۆی کردۆته ئینسان!" و مشته‌رییه‌کانیش وه‌ک جاران زۆر بوونه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌زانێ که له‌گه‌ڵ خۆشی راست نییه. ئێستا ئه‌و ئه‌کته‌رێکه.