ناساندنی کۆئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ

نووسەر: لاجان
1
639

 

ناساندنی کۆئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ


کورتەیەک لە ناساندنی سیستمی لەشی مرۆڤ

لە ڕوانگەی دەرەکییەوە جەستەی هەریەکێکمان بە گشتی لە بەشە سەرەکییەکانی سەر، مل، سینگ و زگ، دەست و لاق پێکدێت. ئەم بەشانە بە هاوکاری ئێسکەپەیکەر پێکەوە دانراون، ژمارە و دانانی ئێسکەکان بە درێژایی ژیانمان ناگۆڕێت، بۆ دروستکردنی شێوەی گشتی و شێوەی کۆتایی جەستەمان. جەستەی ئێمەش وەک جەستەی هەموو گیاندارەکان لە چەند کۆئەندامی جیاواز پێکهاتووە، کە ئەم کۆئەندامانە لە ئەندام پێکهاتوون، ئەندامەکان لە شانە دروستکراون، شانەکانیش لە خانە دروستکراون، کە بچووکترین بنەمای بنیاتنانی جەستەن. ژمارەی خانەکانی لەشی مرۆڤ بە ٣٧.٢ ترلیۆن مەزەندە دەکرێت. ژمارەکە سەرسوڕهێنەرە و جێی باوەڕ نییە، وانییە؟!


ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە کە خانەکانی هەر بەشێکی لەشمان جیاوازن لە خانەکانی بەشەکانی تر و هەر گروپێک لەو خانانە کارێکی تایبەت ئەنجام دەدەن بەپێی شوێنەکەیان.
جگە لەوەی، جەستەمان چەندین بۆشایی هەیە کە هەریەکەیان شوێنی یەک یان چەند ئەندامێکی جیاوازە. وەکو کەناڵی بڕبڕەی پشت کە شوێنی ستوونی بڕبڕەی پشتە و پڕە لە شلەی مێشک و بڕبڕەی پشت، یان بۆشایی ورگ کە گەورەترین بۆشاییە لە جەستەدا و شوێنی ئەندامەکانی وەک جەرگ و سپڵ و ڕیخۆڵەیە.
بێگومان جگە لەم بۆشاییە سەرەکیانە، بۆشایی دیکەش هەن کە پێیان دەوترێت بۆشایی سینووسی لە جەستەماندا، کە زۆرجار لە ناوچەی چەنەگە و زار و ناوچاواندا هەڵکەوتوون و لە بۆشاییەکانی تری جەستە بچووکترن. بۆشاییە سینووسیەکان بەپێی ئەو ئێسکە ناونراون کە تێیدا هەڵکەوتوون، هەروەها بەرپرسن لە ئەرکە جۆراوجۆرەکانی وەک پاککردنەوە و گەرمکردنەوە و شێدارکردنی هەوای هەناسەدان، یان یارمەتیدانی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی دەنگمان. جگە لەوەش ئەگەر لێدانێک لە سەرمان یان دەموچاوماندا بوو، ئەم کونە بچووکە بەسوودانە وەکو تۆربەی هەوا کاردەکەن و کاریگەریی لێدانەکان پووچەڵ دەکەن.
ئێستا کە ئاشنا بووین بەو بەشە سەرەکیانەی کە جەستەمان پێکدەهێنن، خراپ نییە ئەو بەش و توخمانەی جەستەمان پێکدەهێنن، بناسین. توخمە تایبەتەکان کە هەرچەندە ڕەنگە لە یەکەم نیگادا دیار نەبن، بەڵام لە ڕاستیدا دانانی پێکەوە، بە ڕێژەیەکی جیاواز و تایبەت، بووەتە هۆی دروستبوون و یەکگرتوویی جەستەمان. لە نێو ئەم توخمانەدا دەتوانین ئاماژە بە ئاو و شانەبەستەر و چەوری و کاربۆهیدراتەکان بکەین کە بەشێکی سەرەکی لە لەشمان پێکدێنن. ڕەنگە بیستبێتتان کە گرنگترین بنەمای بنیاتنانی جەستە، ئاوە. توخمە گرنگ و بەنرخەکەی ئاو بەشێکی بەرچاو لە کێش و قەبارەی جەستەمان پێکدێنێت، کە ڕێژەی ئەمانە لە هەریەکێکماندا دەتوانێت جیاواز بێت بەپێی تەمەن و بارودۆخی جەستەیی و فیزیاییمان. بۆ نموونە ڕێژەی ئاوی لەشی منداڵی تازە لەدایک بوو لە دەوروبەری 75%، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە کەسێکی پێگەیشتوودا دەگاتە 60% و تەنانەت لە کەسێکی قەڵەویشدا دەگاتە 45%.
جەستەمان، بەم هەموو وردەکارییەوە، ئەوەندە جیاواز نییە لەگەڵ ئامێرێکی پێشکەوتوو. هەروەک چۆن بۆ کارکردنی دروستی ئۆتۆمۆبێل، پێش هەموو شتێک پێویستە بەنزینەکەی و ڕۆنی بزوێنەرەکەی هەمیشە لە ئاستێکی بەردەوام و دیاریکراودا بێت، باش کارکردنی جەستەمان پێویستی بەوەیە کە ژینگەی ناوەوەی جەستە و ماددە دیاریکراوەکانی ناوی هەمیشە لە هەمان ئاستی  ئاساییدا بن و نەگۆڕێن، واتا پلەی گەرمی لەش ، چووڵانەوەی خوێن و PH لە یەک سنووری دیاریکراودا بێت و نەگۆڕدرێت چونکە ئەگەر وانەبێت، نەک تەنیا کارکردنی لەش تووشی گرفت دەبێت، بەڵکوو ئەگەر ئەم کێشەیە بەردەوام بێت، زیندوو مانەوەشمان تووشی مەترسی دەکات. ئەم پرۆسەیە گرنگە لە جەستەماندا پێی دەکوترێت هۆمۆستاسیس. ئاستی pH ئاماژەیە بۆ ئەوەی جەستەمان چەندە ئەسیدییە یان ئەلکالی. پێویستە بزانن ئاستی ئەسیدی یان ئەلکالی لەش کاریگەری زۆر گرنگی هەیە لەسەر دروست کارکردن و تەندروستی لەش و تەنانەت دیاریکردنی جنسی منداڵەکەمان. لە بنەڕەتدا هەموو کۆئەندامانی جەستەمان بە هاوئاهەنگی و بە هاوکاری یەکتر کاردەکەن بە مەبەستی پاراستنی هۆمۆستاسیس و هێشتنەوەی ژینگەی ناوەوەی لەش بە سەقامگیری. بۆ نموونە کۆئەندامی دەمار لە هەموو بەشەکانی لەشەوە پەیام وەردەگرێت و بە هاوکاری خانەکان و ڕێڕەوی پەیامنێری دەمارەکان ئاراستەی مێشک دەکات. کۆئەندامی کۆئەندامی ژوورڕژێنەکان هۆرمۆن‌گەلێک دەردەدات و دەیخاتە ناو خوێنەوە بۆ ڕێکخستنی پەستانی خوێن و قەبارەی خوێن. کۆئەندامی هەناسە ئۆکسجین دەگەیەنێتە هەموو بەشەکانی جەستەمان و میتابۆلیزمی خانەییش یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی pHی خوێن.


کۆئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ
پێشتر کوتمان کە جەستەمان لە چەندین کۆئەندام پێکهاتووە و هەریەکێک لەو کۆئەندامانە جگە لە ئەنجامدانی ئەرکە تایبەتەکانی، هاوکارە لەگەڵ کۆئەندامانی تری جەستە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵیان کاردەکات بۆ ئەوەی لەئاکامدا تەندروستی و هاوسەنگی مسۆگەر بکات لە هەموو جەستەماندا. لە ڕاستیدا تەندروستی ئێمە بەندە بە تەندروستی و کارکردنی دروستی ئەم کۆئەندامانە. دەتوانین بڵێین هیچ کام لە کۆئەندامانی جەستە بە تەنیا کار ناکەن، بەڵکوو هەمیشە خەریکی هاوکاری لەگەڵ یەکتردان.
بۆ ئەوەی باشتر لەم بابەتە تێبگەین، پێویستە بە شوێن ناسینی جەستەماندا، گەشتێک لە ناو جەستەماندا بکەین بۆ ئەوەی بە کورتی کۆئەندامە پێکهێنەرەکانی جەستە و کارکردنی هەریەکێکیان بناسین.


کۆئەندامە سەرەکییەکانی جەستە

کۆئەندامی دەمار

کۆئەندامی دەمار لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، کۆئەندامی دەماری ناوەندی (مێشک و بڕبڕەی پشت) و کۆئەندامی دەماری ناوچە. ئەم کۆئەندامە تۆڕێکی بەرفراوانە لە ملیارها خانەی دەمار کە جگە لە پەیوەندی پێکهێنان لە نێوان بەشە جیاوازەکانی جەستەدا، زانیاری پێویست دەدات بۆ ئەنجامدانی چالاکییە گرنگەکان لە جەستەماندا بە گواستنەوەی پەیامی دەمارەکان. کۆئەندامی دەماری ناوچەیی ئەو زانیاریانەی کە لە ئەندامە دەرەکییەکانی وەک چاو، گوێ، زمان، کەپۆ و پێست و هەروەها ئەندامەکانی ناوەوەی وەک ڕژێنی تیرۆئید و گەدە بە شێوەی پەیامی دەمار دەگوازێتەوە بۆ مێشک و بڕبڕەی پشت و دوای پرۆسێسکردنی پەیامەکان لەو ناوەندانەدا، فەرمانە دەکراوەکان دەگەیەنێتە ئەندامە مەبەستەکان بۆ وەڵامدانەوە. مێشکمان وەک سەرکردەی سەرەکی ئەو کۆئەندامە، هەموو ئەم چالاکییانە و پەیوەندی نێوان سیستمە جیاوازەکانی جەستەمان چاوەدێری دەکات.


کۆئەندامی ماسوولکان

کۆئەندامی ماسوولکان-ئێسکان کە بە دوو کۆئەندامی ماسوولکان و کۆئەندامی ئێسکان‌دا دابەش دەبێت، بریتییە لە ئێسکەپەیکەری لەش (لەوانەش ئێسک و بەستەر و ڕیشاڵ وکرۆژە) و ئەو ماسولکانەی کە پێیەوە بەستراون. بەشی ئێسکەپەیکەری ئەم کۆئەندامە پاڵپشتی پێکهاتەی جەستە دەکات و پێکهاتەی سەرەکی جەستەمان پێکدەهێنێت. ئەم بەشە ئەرکی گرنگی پاراستنی ئەندامە هەستیارەکانی ناوەوەی جەستەی هەیە وەک دڵ و سێپەلکەکان و وامان لێدەکات بە هاوکاری ماسولکەکان بجوڵێین. لە ڕاستیدا هەموو جوڵەکانی جەستەمان وەک ڕۆیشتن و هاویشتنی تۆپ و بازدان پەیوەستە بەم کۆئەندامە و هەماهەنگی نێوان ئێسک و ماسولکەکان.


کۆئەندامی ئێسکان‌

بەشی ئێسکەپەیکەری لەشمان لە نزیکەی ٢٠٦ ئێسک پێکهاتووە، کە جگە لەو ئەرکانەی ئاماژەیان پێکرا، ناوەندن بۆ هەڵگرتنی ئەو کانزایانەی کە لەش پێویستی پێیەتی، وەک کالیسیۆم و فۆسفات، هەروەها بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی خانەکانی خوێن. بێگومان بەرهەمهێنانی خانەکانی خوێن تەنها لە مێشکی ئێسکە پانەکانی جەستەدا ڕوودەدات.


کۆئەندامی سووڕی خوێن

کۆئەندامی سووڕی خوێن یان سیستمی سوورڕەگ-ڕەشڕەگەکان پێکدێت لە دڵ و ڕەگە خوێنبەرەکان (سوورڕەگەکان، ڕەشڕەگەکان و مووڕەگەکان). دڵ، وەک ناوەکی سەرەکی و لێدانی ئەو کۆئەندامە، خوێن و خڕۆکە خوێنەکانی ناوی (خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکان و پلاکێتەکان) بە هاوکاری ڕەگە خوێنیەکان لە هەموو بەشەکانی لەشماندا بڵاودەکاتەوە، بەجۆرێک کە گازی هەناسەدان ( ئۆکسیجین و دی ئۆکسیدی کاربۆن)، ماددە خۆراکیەکان، ماددە دەرکردەکان و پاشماوەکان، خانەکانی بەرگری و هۆرمۆنەکان لە بەشێکەوە بگوازرێنەوە بۆ بەشێکی تری لەش.


کۆئەندامی هەناسەدان

کۆئەندامی هەناسەدان پێکدێت لە بەشە سەرەکییەکانی کەپۆ، قوڕگ، لووت‌قوڕگ یان نازوفارنکس (Nasopharynx)، نای و سێپەلکەکان. دابینکردنی ئۆکسیجینی پێویست بۆ خانەکانی لەش و دەرکردنی دی ئۆکسیدی کاربۆن (گازی ژەهراوی بۆ جەستە) کە لە ئەنجامی میتابۆلیزمی خانەییەوە دروست دەبێت، گرنگترین ئەرکی کۆئەندامی هەناسەدانی ئێمەیە کە بە یارمەتی جووڵانی خوێن ئەنجام دەدرێت. لە ڕاستیدا ئاڵوگۆڕی گازەکانی هەناسەدان لە نێوان ژینگەی دەرەوە و ژینگەی ناوەوەی جەستەمان پەیوەستە بە هاوکاری هەردوو سیستمی هەناسەدان و سوڕی خوێن پێکەوە. کۆئەندامی هەناسەدان دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێت؛ کۆئەندامی هەناسەدانی سەرەوە (کەپۆ، سینووسەکان، قوڕگ و ئەوک) و کۆئەندامی هەناسەدانی خوارەوە (نای، نایچە، نایچیلە و سێپەلکیەکان).


کۆئەندامی هەرس

کۆئەندامی هەرس بریتیە لە لوولەیەکی درێژ و پێچاوپێچ کە لە زارەوە تا کۆم درێژ دەبێتەوە و لە بەشی جیاوازە پێکدێت لەوانە زار، زمان، ددانەکان، ڕژێنەکانی لیک، سورێنچک، گەدە، ڕیخۆڵە باریکە، ڕیخۆڵە گەورە، ڕیخۆڵە ڕاستە، کۆم و هەروەها ڕژێنە یارمەتیدەرەکان لەوانەش جەرگ، پەنکریاس و تۆبەی زراو. هەر خواردنێک کە دەیخۆین لەلایەن ئەم کۆئەندامەوە دابەش دەکرێت بۆ بەشە بچووکەکان بۆ ئەوەی ماددە خۆراکیەکانی ناوی بە ئاسانی بچنە ناو خوێنەوە و بەسەر شانە و خانەکانی جەستەماندا دابەش بکرێن. جگە لەوەش، کۆئەندامی هەرس مادەی بەکارنەهێنراو، هەرس نەکراو و ژەهراوی لە تەواوی کۆئەندامی هەرس کۆدەکاتەوە و بە شێوەی پیسایی دەریاندەکات.


کۆئەندامی داپۆشین

کۆئەندامی داپۆشین بەزۆرینە لە پێست، قژ، نینۆک وتوێی بەڵغەم پێکهاتووە. پێست وەکوو یەکەم بەربەستی بەرگری لەش، ئێمە و پێکهاتەکانی ناوەوەمان لە نەخۆشی و ئازار دەپارێزێت. هەروەها ئەم ڕووپۆشە پارێزەرە بەرفراوانە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ڕێکخستنی پلەی گەرمی لەش بە ڕێگریکردن لە هەڵمبوونی ئاوی لەش و لەدەستدانی پلەی گەرمی ناوەوەی، هەروەها بە یارمەتی وەرگرە هەستیارە-دەمارییە زۆرەکانی، وەک پەیوەستکارێک لە نێوان ژینگەی دەرەوە و ناوەندەکانی دەماردا کاردەکات و ئەو پەیامە دەمارانەی کە لە دەوروبەرمانەوە وەرگیراون بۆ مێشکمان دەگوازێتەوە. پێست لە چەندین پێکهاتەدروست کراوە کە ڕۆڵێکی سەرسوڕهێنەر پێکەوە دەگێڕن و گرنگترینیان ڕژێنەی ئارەقە و چەورییەکانن.

 کۆئەندامی میزدەر

کۆئەندامی میزدەر یەکەی پاککەرەوەی خوێنە لە لەشدا کە پێکهاتووە لە گورچیلەکان، میزنای، میزدان و لوولەی میز. ئەم کۆئەندامە بە کۆکردنەوەی ئاوی زیادە، ماددە ژەهراوی و دەردراوەکان لە خوێندا، ئەوان بە شێوەی میز لە جەستەمان دەردەکات.


کۆئەندامی بەرگری و لیمف

کۆئەندامی بەرگری و لیمف پێکدێت لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن، ڕژێنی تایموس، گرێ لیمفاویەکان و کەناڵە لیمفاویەکان. تەندروستی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە کارکردنی دروستی سیستمی هێمنی لەش، چونکە ئەم سیستمە ماددە بیانییە نەخۆشزاکان لە خانەکان و شانەکانی لەش دەناسێتەوە و جیایان دەکاتەوە و بە یارمەتی وەڵامدانەوەی بەرگری لەش کە بەهۆی پرۆتینی تایبەت وەک دژەتەن (Antibodies) و خڕۆکە سپییەکانی خوێنەوە دروست دەبێت، هۆکارە نەخۆشزاکان لەناو دەبات و بەم شێوەیە ئێمە و جەستەمان لە نەخۆشییەکان دەپارێزێت وەک بەربەستێکی بەهێز.            
سیستمی لیمفاوی تۆڕێکی بەرفراوانە لە ڕەگە لیمفاویەکان کە بە درێژایی جەستەدا کشاوە و بە دەرهێنانی شلەی نێوان شانەکان، دەیکاتە شلەیەکی ڕوون کە پێی دەکوترێت لیمف بۆ ئەوەی یارمەتی گواستنەوەی پرۆتین، ئەسیدە چەورەکان و چەورییەکانی ناو جەستەمان بدات. جگە لەوەش سیستەمی لیمفاوی یارمەتی سیستمی بەرگری دەدات بۆ بەرگریکردن لە لەش بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک خڕۆکەی سپیی خوێن کە پێیان دەکوترێت لیمفۆسیت.


کۆئەندامی ژوورڕژێنەکان

کۆئەندامی ژوورڕژێنەکان بریتییە لە کۆمەڵێک ڕژێن و شانە کە هەریەکەیان هۆرمۆنی تایبەت دەردەدەن بۆ ناو خوێنمان. ئەم هۆرمۆنانە وەک پەیامنێر لە ئەندامێکەوە بۆ ئەندامێکی تر دەڕۆن و کار و چالاکییەکانی جەستەمان ڕێکدەخەن. تێکچوونی هەر بەشێکی ئەم کۆئەندامە دەبێتە هۆی لەدەستدانی تەندروستی و سازبوونی نەخۆشی. لە نێو ئەم ڕژێنانەدا دەتوانین ئاماژە بە ڕژێنەکانی هیپۆفیز، تیرۆئید، پاراتیرۆئید، ڕژێنەکانی ئەدرنال، پانکراس و ڕژێنە جنسییەکان بکەین.


کۆئەندامی زاوزێ

زاوزێکردن و زیادکردنی بەرە یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی ژیانی هەر بوونەوەرێک لە سەرەتای بەدیهاتنەوە تا ئێستا. هەموو زیندەوەران تەنانەت ڕووەکەکان توانای زاوزێیان هەیە و ئەم توانایەش هۆکاری مانەوەی بەرەیانە. شێوازە ناسراوەکانی زاوزێکردن دەتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر دوو گروپی سەرەکیدا؛ زاوزێی جنسی و زاوزێی بێ جنسی. لە مرۆڤدا زاوزێکردن بە شێوەی جنسییە کە بە یارمەتیی کۆئەندامی زاوزێ ڕوودەدات. ئەم سیستمە، تاکە سیستەمێکە لە جەستەماندا کە بەشە پێکهێنەرەکانی لە ژن و پیاودا جیاوازن. کۆئەندامی زاوزێ لە ڕژێنەکانی زاوزێ و ئەندامە جنسییەکانی ناوەوە و دەرەوە پێکهاتووە کە بنەمای منداڵبوون بە بەرهەمهێنانی خانەی جنسی (گامێت) لە هەردوو جنس‌دا دابین دەکات. جگە لەوەش، دروستکردنی هەلومەرج و ژینگەیەکی گونجاو بۆ پیتاندن و چاندن و گەشەی کۆرپەلە تا نۆ مانگ یەکێکە لە کارەکانی تری ئەم کۆئەندامە لە ئافرەتاندا. هەرچەندە پێکهاتە و کارکردنی ئەم ئامێرە لە هەردوو جنسی نێر و مێ‌دا جیاوازە، بەڵام کارکردنی دروستی لە هەردوو جنس‌دا پێویستە بۆ سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی دووگیانیدا.


سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

سەرنجەکان

User Avatar
  • ئاسۆ
  • لە ڕێکەوتی : 3 پووشپەڕ 1402 14:01

ئەم دەستە زانیارییانە فرە پێویستن. تکایە بەردەوام بن.

  • 0

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە