تایبەتمەندی ئاوقۆرە بۆ تەندروستی؛ لە دابەزاندنی کێشەوە بۆ ڕێکخستنی کۆلێسترۆڵ

نووسەر: لاجان
0
317
 
تایبەتمەندی ئاوقۆرە بۆ تەندروستی؛ لە دابەزاندنی کێشەوە بۆ ڕێکخستنی کۆلێسترۆڵ

هەموومان تامی خۆشی ئاوقۆرەمان خۆشدەوێت، بەڵام ئایا زانیاریت لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە هەیە؟ ڕەنگە گوێت لە تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە بووبێت بۆ دابەزاندنی کێش یان بۆ جەرگ؟ ئایا بەڕاستی ئەمانە ڕاستن؟ ئاوقۆرە ئاوی ترێی نەگەیشتووە و تامێکی ترش و تفتی هەیە و ماوەیەکی زۆر لەبری سرکە و ئاولیمۆ بەکارهێنراوە. بەکارهێنانی ئاوقۆرە تامێکی خۆش بە خواردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دەریای ناوەڕاست دەبەخشێت و لەم دواییانەشدا لەلایەن چێشتلێنەرانی ئەمریکاییشەوە بەناوبانگ بووە. جگە لەوەش دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و ڤیتامین ئا و ئاسن و کالیسیۆم کە سوودیان بۆ تەندروستی لەش هەیە. ئەگەر تۆش گرنگی بە تەندروستی خۆت دەدەیت و خۆراکی تەندروستت هەیە، تا کۆتایی ئەم بابەتە لەگەڵمان بمێنەرەوە.

ئاوقۆرە چییە؟ 
ئەو شەربەتە میوەیەی لە قۆرە دروست دەکرێت پێی دەکوترێت ئاوقۆرە. لەڕاستیدا قۆرە، ترێی نەگەیشتووە کە بە هێشوو لەسەر دارەمێو گەشە دەکات. قەبارەی قۆرە لە ترێ بچووکترە و پێستی سەوزی ڕوونە. پێکهاتەی ئەم میوەیە تورت و پتەوە و ئاوەکەی تامێکی ترش و شیرنی هەیە. قۆرە لە سەرەتای وەرزی هاویندا بۆ ماوەیەکی کورت لە ڕوەکی ترێ هەڵدەگیرێت و لە وەرزەکانی تری ساڵدا بەردەست نییە.
بەزۆری ئاوقۆرە لەبری ئاولیمۆ یان سرکە بەکاردێت. لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە، خەڵکی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خواردنەکانیاندا ئاوقۆرەیان وەک بەهارات بەکاردەهێنا. ئەمڕۆکە چێشتلێنەرە گەورەکان لە چێشتخانەکانیاندا ئاوقۆرەیان هەیە و لە ڕێچکەکانیاندا باسی دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​لەم چەند ساڵەی دواییدا خەڵکێکی زۆرتر لە سەرانسەری جیهاندا ئارەزوومەندی ئاوقۆرە بوونە.

 


مێژووی ئاوقۆرە
قۆرە لە کۆنەوە هەر هەبووە و سەرچاوەکەی ئاسیای ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست بووە. یەکەم بەکارهێنانی ئاوقۆرە لە مێژوودا دیار نییە، بەڵام لەو کاتەوەی ترێ بۆ بەرهەمهێنانی شەراب چێندرا، قۆرە و ئاوقۆرە کەوتنە ناو خۆراکی مرۆڤەکانەوە. دەکوترێت لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا بەکارهێنانی ئاوقۆرە بەربڵاو بووە و لەو سەردەمەدا لیمۆ جێگەی خۆی لە چێشت لێناندا نەبووە. خەڵکی ئەوروپی و دەریای ناوەڕاست ئاوقۆرەیان بەکارهێناوە بۆ ترشکردنی خۆراک. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاوقۆرە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت فەرەنسا زۆر بەناوبانگ بوو.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سرکە و ئەسید، وەرگرتنی ئاوقۆرە کەم بووەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر کەس لە ئاوقۆرە و تایبەتمەندییەکانی بێخەبەر بوون و لە خۆراکی ئەواندا جێگەیەکی نەبوو. بەڵام ئەمڕۆکە چێشتلێنەران لە هەموو جیهاندا ئاوقۆرە وەک پێکهاتەیەکی تایبەت لە چێشتخانەکانیاندا بەکاردەهێنن. ئەوان پێیان وایە کە تایبەتمەندی ئەسیدی قۆرە کەمترە لە سرکە و ئاولیمۆ، بۆیە تامێکی سووکتر لە خۆراکدا دروست دەکات.

لە چ خۆراکێکدا ئاوقۆرە بەکاردێنین؟
قۆرەی کاڵ لە خواردن و سالادە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردێت، بەڵام باشترە تامی ترش و ئەسیدییەی بە کەمێک خوێ یان شەکرەوە مامناوەند بکرێت. دەتوانی قۆرەی تازە بەستوو بکەی، ترشیاتی پێ دروست بکەی یان ئاوەکەی لێبگری و لەناو ساردکەرەوەدا ڕایبگری.
ئاوقۆرە تایبەتمەندی ئەسیدی هەیە و جێگرەوەیەکی باشە بۆ ئاوی مزرەمەنییەکانی وەک لیمۆ و پرتەقاڵ کە لە هەموو وەرزەکاندا بەردەست نین. ئاوقۆرە لە ئاولیمۆ شیرنترە و تامێکی سووکتری هەیە بە بەراورد بە سرکە و ئاولیمۆ. بۆ بەهاراتکردنی مریشک و ماسی، دەتوانی چەند کاتژمێرێک پێشتر لەناو ئاوقۆرەدا ڕایانبگری. لەکاتی سورکردنەوەی خواردنە جیاوازەکاندا، بڕێک ئاوقۆرە لە ناو تاوەکە بکە بۆ ئەوەی تامێکی سەرنجڕاکێش بە خواردنەکەت ببەخشێت. دەتوانی ئاوقۆرە لە هەموو ئەو خۆراکانەدا بەکاربهێنی کە ئاوی لیمۆ، ئاوی نارنج یان سرکەیان تێدایە. هەموو جۆرە سۆس، سووپ، سالاد و پێشخۆراکێک بە ئاوقۆرە ترش بکە بۆ ئەوەی تامێکی نوێ و سووک بەدەست بهێنی. 
لە چێشتەکانی ئێرانیدا، قۆرە زۆر بەکاردێت و جێگرەوەی لیمۆیە. بۆ ئامادەکردنی کفتەی برنج، دۆڵمەی گەڵای مێو، ئاشی قۆرە و خۆرشتی باینجانە ڕەشە بەکاردێت. هەروەها تێکەڵکراوی ئاوقۆرە و بەهاراتە تایبەتەکان بۆ بەهاراتکردنی سالادە جیاوازەکان لایەنگرانی خۆی هەیە.

ئامادەکردن و هەڵگرتنی ئاوقۆرە
ئاوقۆرە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە خواردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاردەهێنرێت و لە دوکانەکانی خواردن و خواردنەوەدا بەردەستە. ئەگەر بڕیارتدا ئاوقۆرە بۆخۆت دروست بکەی، پێویستە چەند کیلۆ قۆرە بخەیە ناو وردکەر یان ئامێری خۆراک و وردی بکەی، پاشان بیپاڵێوی. دووبارە ئاوی بەدەست هاتوو لە ڕێگەی پاڵوێنەی قاوە یان پاڵاوتەیەکی وردەوە تێپەڕێنە و بیڕێژە ناو شووشەیێکەوە. بڕێک جەوهەری لیمۆ (نیو کەوچکی چا بۆ هەر ٢ کیلۆ) بخە ناو ئاوقۆرەکەوە. شووشەکە بۆ ماوەی یەک دوو ڕۆژ لەناو ساردکەرەوەدا بەجێبهێڵە تا خەستاییەکی بنیشێ. شلە ڕوونەکەی ناو شووشەکە بڕێژە ناو دەفرێکی پاکی تر و لەناوساردکەرەوەدا هەڵیبگرە. 
باشتر وایە لە کاتی هەموو ئەم هەنگاوانەدا دەستکێش بەکاربهێنی بۆ ئەوەی ئەسیدەکە زیان بە پێستت نەگەیەنێت. جگە لەوەش، دەبێ ئەم هەنگاوانە بەبێ پچڕان و خێرا ئەنجام بدەی بۆ ئەوەی ئاوقۆرەکە ئۆکسیدە نەبێت.
دەتوانی تا ٤ مانگ ئاوقۆرە لەناو ساردکەرەوەدا بهێڵییەوە. ئەگەر دەتەوێت بۆ ماوەیەکی زیاتر تەندروست بمێنێتەوە، لەناو قالبێکی سەهۆڵدا بیبەستە و هەرکاتێک پێویستت بوو، پارچەیەک بخە ناو چێشتەکەتەوە.

 

تایبەتمەندیەکانی ئاوقۆرە
لە چەند سەدەیەک لەمەوبەرەوە ئاوقۆرە لە پزیشکی نەریتی بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەکاردەهێنرێت. ئەم شەربەتە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی، ڕیشاڵ و کانزا پێویستەکانی لەش کە ڕێگری یان کۆنتڕۆڵی هەندێک نەخۆشی دەکات. تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە بۆ چاو و تەندروستی پێست و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش لەبیر مەکە. لەم بەشەی خوارەوەدا هەندێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە دێنینە بەر باس:

1. ڕێکخستنی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە بۆ چەوری خوێنە. ئاوقۆرە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی کە کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن دادەبەزێنێت. کۆنتڕۆڵکردنی چەوری و پەستانی خوێن ڕێگری دەکات لە ڕوودانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

باشە ئەم بەهاراتە لە ژەمەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام ئەوەت لەبەرچاو بێت کە خواردنەوەی ئاوقۆرە چارەسەری نەخۆشییەکە ناکات و دڵنیابە سەردانی پزیشک بکەی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.

٢. پێشگرتن لە شێرپەنجە
دەکوترێت ڤیتامین سی ڕێگری دەکات لە شێرپەنجە لە جەستەدا. ئاوقۆرە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ئەم ڤیتامینە، هەروەها دژە ئۆکسیدانی ناو ئاوقۆرە کارکردنی سیستمی بەرگری لەش باشتر دەکات.

3. باشترکردنی کاری کۆئەندامی هەرس
ئاوقۆرە ئازار و ناڕەحەتی گەدە و ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە، ئیشتیا زیاد دەکات و هەرسکردنی خۆراک ئاسان دەکات. هەروەها بوونی ئاوقۆرە لە خۆراکدا ڕێگری دەکات لە قەبزی و چارەسەرێکە بۆ کرمی ڕیخۆڵە. هەروەها دەتوانی بڕێک ئاوقۆرە غەڕغەڕە بکەی بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی زار و قورگ.

4. دابەزاندنی کێش
کالۆری ئاوقۆرە زۆر کەمتر لەوەیە کە بیری لێدەکەیەوە و هاوکات لەگەڵ وەرزشکردن و خۆراکی دروستدا، واباشە لە هەموو جۆرە سالادێکدا بەکاربهێنرێت لەبری سۆس. ئاوقۆرە بۆ دابەزاندنی کێش بەسوودە، بەڵام لەبیرت نەچێت قەت نابێ لە خورێنی بیخۆی، چونکە تایبەتمەندی ئەسیدییەکەی لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە.

5. باشتربوونەوەی ئازاری ئێسک
وەک کوتمان، ئاوقۆرە چارەسەر نییە بەڵام ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ نەهێشتنی ئازاری جومگە و دەمارەکانی وەکو سیاتیک و ڕۆماتیزم، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ پۆتاسیۆم.

زیانەکانی ئاوقۆرە 
ئاوقۆرە بۆ تەندروستی باشە، بەڵام بە وریاییەوە بیخۆ چونکە ڕەنگە زیان بە هەندێک کەس بگەیەنێت. بۆ نموونە زۆر خواردنەوەی ئاوقۆرە دەبێتە هۆی هاندانی کۆئەندامی هەرس و کاریگەری لاوەکی وەکو دڵەکزە. جگە لەوەش ئەسید سیتریکی ناو ئاوقۆرە ڕەنگە ددانەکانت هەستیار بکات. هەروەها ئەگەر پەستانی خوێنت بەرزە، ئاوقۆرەیەک بکڕە کە خوێی کەمی تێدابێت.

وتەی کۆتایی
ئاوقۆرە بەهاراتێکی بە تامە کە لە چێشتخانەکانی سەرتاسەری جیهاندا لە تاقیکردنەوەکاندا دەرچووە. ئەم مادەیە بە تامە ترشەکەی و تایبەتمەندی ئەسیدییەکەی، جێگرەوەیەکی باشە بۆ سرکە یان ئاولیمۆ و دەتوانی لە هەموو جۆرە سالاد، سووپ و خواردنێکدا بەکاری بهێنی. تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە بۆ پاراستنی تەندروستی لەش وایکردووە زیاتر بەناوبانگ بێت.

پێشنیار دەکەین ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانتان بنێرن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر دەربارەی تایبەتمەندییەکانی ئاوقۆرە بزانن.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: لاجان

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە