دامەزراندنی داتالایف ئێنجینی 16ی کوردی (Datalife engine Installation)

نووسەر: لاجان
0
110

دامەزراندنی داتالایف ئێنجینی 16ی کوردی (Datalife engine Installation) 

 

چۆن دەتوانین داتالایف ئێنجینی کوردی لەسەر هۆستی ڕاژەکار یان هۆستی خۆماڵی (localhost) دامەزرێنین؟

لە پۆستێکی پێشتردا سیستمی بەڕێوەبردنی ناوەرۆکی داتالایف ئێنجینی کوردی دەرچوونی 16 بۆ دابەزاندن دانرا و بەوردی باسی لێکرا. ئێستا لەبارەی چۆنیەتیی دامەزراندنی دەدوێین.

پێشمەرجەکانی دامەزراندنی Datalife engine 16

پێویستە ئەمانەی خوارەوە لەسەر سێرڤێرەکە دانرابن:

  • Apache 2.0 یان سەرووتر
  • PHP 7.4 یان سەرووتر
  • MySQL 5.5.3 یان MariaDB 10.0 یان سەرووتر

پاشگرەکانی PHP:   

  •  پاشگری PHP zlib دامەزرابێت
  • پاشگری xml دامەزرابێت
  • پاشگری gd2 دامەزرابێت
  • پاشگری curl دامەزرابێت
  • پاشگری mbstring دامەزرابێت
  • پاشگری fileinfo دامەزرابێت

ئەگەر ئەو مەرجانە دابین کرابن، ئەوە سێرڤێر ئامادەیە بۆ دامەراندنی داتالایف ئێنجینی کوردی دەرچوونی 16. بۆ ئەو کارە، سەرەتا دەبێ پەڕگەی زیپی داتالایف ئێنجینی کوردی دەرچوونی 16 لە پۆستی پێشتر وەرگری. ئەوە بەستەری ئەو بابەتەیە کە باس کرا:

داتالایف ئێنجینی کوردی دەرچوونی 16

دوای وەرگرتن، تەواوی پەڕگە و فۆڵدرەکانی ناو پەڕگەی زیپ دەردێنین و ئاپلۆدی دەکەین بۆ سەر فۆڵدری ڕەگی هۆستەکە. ئەگەریش دەتهەوێ جارێ لەسەر localhost دایمەزرێنی، ئەوە پێویستە فۆڵدرێک لەوێدا دروست بکەی و هەموو پەڕگە و فۆڵدرە دەرهێندراوەکان کۆپی بکەی بۆ ناو ئەو فۆلدرە نوێیە.
پێش دامەزراندن پێویستە یەک بنکەدراوە (Database) سازبکەی لەسەر هۆستەکەت. ناوی بنکەدراوە، ناوی کاربەری و وشەی تێپەڕی بنکەدراوە لە جێگایەکیدا پاشەکەوت بکە بۆ دوایە.
ئێستا بچۆ بۆ سەر هۆست و ئادرەسی ماڵپەڕەکەت لە گەڕۆڵی ئینترنێتدا بنووسە (بۆ نموونە: http://www.yourdomain.com) و Enter دابگرە. هەڵبەت ئەگەر لەسەر هۆستی خۆماڵی (localhost) دایدەمەزرێنی، پێویستە ناوی فۆڵدرەکە لە دوای /localhost بنووسی (بۆ نموونە: localhost/mydle).
دەبینی کە پەڕێک وەکوو ئەو وێنەی خوارەوە دەردەکەوێت:

 

لێرەدا زمانی مەبەستت (ئینگلیسی یان کوردی) هەڵبژێرە و دوگمەی دیاریکراو لێدە. ئەوجار پەڕی وەک وێنەی خوارەوە دەردەکەوێت:

 

نووسراوەکە بخوێنەوە و تیکی دیاریکراو لێدە دوایەش دوگمەی «قۆناخی دواتر» داگرە. ئێستا پەڕێکی تر دەردەکەوێت:

 

ئێستا ئەو زانیارییانەی پێویستن، لە خانەکاندا بنووسە.

ناونیشانی ڕاژەکاری MySQL هەم لەسەر هۆستی سایت و هەم لەسەر هۆستی خۆماڵی، «localhost» بنووسە مەگەر ئەوەیکە ڕاژەکارەکەت شتێکی تری پێشنیار کردبێت. سێ دێڕی دواتر، هەمان زانیارییەکانی بنکەدراوەیە کە پێشتر پاشەکەوتت کردبوو. لە هۆستی خۆماڵیدا ناوی کاربەری «root» بنووسە و وشەی نهێنی بەتاڵ بهێڵەوە. ئەگەر زۆر لێی شارەزا نی، دێڕی خوارەوە دەست لێمەدە. ئەوجار دوگمەی «قۆناخی دواتر» داگرە. ئێستا پەڕێکی دیکە دەردەکەوێت:

 

لەو پەڕەدا ناوێک بۆخۆت بنووسە. ئەو ناوە لە هەموو بابەتەکاندا وەکوو نووسەری بابەت دەردەکەوێت. دوایەش وشەی تێپەڕ بۆخۆت وەبەرچاو بگرە و لە دوو دێڕی خوارتردا بینووسە. ئەو وشە تێپەڕە و ناوی کاربەرییەکەت لە شوێنێکدا پاشەکەوت کە با دوایە تووشی گرفت نەبی و لەبیرت نەچێتەوە. لە دێڕی دواتردا ئیمێلی خۆت بنووسە. ئەوجار دوگمەی «قۆناخی دواتر» داگرە. ئێستا ئەو پەڕە دەردەکەوێت:

 

لەو پەڕەدا کارت بە هیچ نەبێت. لێیگەڕی با سیستمی دامەزرێنەر، کارەکانی سازکردن و پڕکردنی زانیارییەکان لە بنکەدراوەدا جێبەجێ بکات. بەپێی خێرایی ئینترنێت و ڕاژەکارەکەت، چەند چرکەیەک تا خولەکێک دەکێشی تا ئەو قۆناخە تەواو دەبێت. دوایە بە شێوەیەکی خۆکار ئەو پەڕە دەبەسترێت و ڕووکاری ماڵپەڕەکەت دەردەکەوێت وەک وێنەی خوارەوە:

 

پیرۆزە!

هەر وەک دەیبینی، ماڵپەڕێکی جوانی کوردی بە شەش بابەتی جۆراوجۆر و هەشت پۆلی بابەتانەوە دەردەکەوێت.

ئێستا تۆ خۆت دەتوانی بابەتەکان بسڕییەوە یان بابەتی و هەواڵ و زانیاریی نوێ بخەیە سەر ماڵپەڕەکەت. بە چاوخشاندنێک بەسەر ڕووکاری ماڵپەڕدا، دەبینی کە سێ جۆرە ڕێکەوت (بەروار) لە بابەتەکاندا دانراوە: کوردی، زایینی و هەتاوی. بە پێی پێویستی خۆت دەتوانی هەرکامیانت پێ خۆش بوو بیهێڵییەوە و ئەوانی دیکە بسڕییەوە:

 

ئەگەر بچییە درێژەی بابەت، ئەوە ڕێکەوتی کوردی بە شێوازێکی شیکراوە دەبینی:

بۆ نموونە سەرنج یان بۆچوونێکیشمان بۆ یەکێک لە بابەتەکان نووسیوە. سەرنجەکان لەبن درێژەی بابەتەکاندا دەردەکەون:

 

تا ئێستا باسی ڕووکاری ماڵپەڕ بوو کە لەلایەن هەموو کاربەرانی ماڵپەڕەکەتەوە دەبیندرێت. با سەرێکیش لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی بدەین. بۆ چوونە ژووری بەشی بەڕێوەبەرایەتی، دوای ناونیشانی ماڵپەڕەکەت لە گەڕۆڵی ئینترنێتدا، وشەی «admin.php/» بنووسە و Enter داگرە (بۆ نموونە: www.yourdomain.com/admin.php) ئێستا پەڕی چوونەژووری پانێلی بەڕێوەبەرایەتی دەردەکەوێت:

 

زانیارییەکانی کە پێشتر پاشەکەوتت کردبوون، لێرەدا بنووسە وەکوو وێنەی سەرەوە. زمانی کوردی هەڵبژێرە (هەڵبەت تەنیا ئەو یەک جارە پێویستە، بۆ جارەکانی تر، خۆی لەبیری دەمێنێ) و دوایە دوگمەی دیاریکراو لێدە. پەڕی پانێلی بەڕێوەبەر دەکرێتەوە وەک وێنەی خوارەوە:

 

پیرۆزە!

ئەوەش بەشی بەڕێوەبەرایەتیی ماڵپەڕ! هەر وەک دەیبینی، لێرەشدا هەموو بەشەکان بە زمانی شیرینی کوردین. دەتوانی بابەت بنێری، بابەتە ناردراوەکان دەسکاری بکەی، پۆلی بابەتەکان بگۆڕی و زۆر کاری دیکە.

سەرکەوتووبی.

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە