دووهه‌مین مێهره‌جانی فۆلکلۆری کوردی
له رۆژی دووشه‌ممه 24ی جۆزه‌ردانی 1389ی هه‌تاوی واتا دوێنی، دووهه‌مین مێهره‌جانی فۆلکلۆری کوردی له ژێر سه‌ردێڕی "هه‌وارگه‌ی سۆز" له شاری پیرانشاردا به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م به‌رنامه‌یه به پێی بانگێشتنی هونه‌رمه‌ندانی بواری به‌یت، حه‌یران، گه‌لۆ، گۆرانی، پێهه‌ڵکوتن و شین‌گێڕی فۆلکلۆر و هه‌روه‌ها شمشاڵ و مۆیسقای فۆلکلۆر له کاتژمێر 3ی پاش نیوه‌ڕۆ له هۆڵی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریی ئیداره‌ی ئیرشادی ئیسلامیی پیرانشاردا ده‌ستی به کار کرد. به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و فستیواڵه له لایه‌ن "ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی چرا"ی پیرانشار و به هاوکاری دامه‌زراوه‌ی "ئه‌ندێشه‌ی سه‌بزی ئیحسان" و ئیداره‌ی ئیرشادی پیرانشار و هه‌روه‌ها به کارگێڕیی و هاوکاری ناوه‌ندی "کانی کامپیوتێر" بوو.
سه‌ره‌تا به‌خێر هاتنی هونه‌رمه‌ندان و میوانان کرا له لایه‌ن وه‌ڕێخه‌ری به‌رنامه و به‌رپرسی ئیداره‌ی ئیرشاد و پاشان به‌رپرسی به‌شی فۆلکلۆری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی چرا وه. پاشان هونه‌رمه‌ندان به نۆره به‌رهه‌می خۆیان پێشکه‌ش کرد. ناوی هونه‌رمه‌ندانی به‌شدار بوو بریتین له: ره‌سوو نادری به گۆرانی و گه‌لۆ و قسه‌ی خۆش، برایمی قادری به حه‌یران و مه‌قام و گۆرانی، سه‌ید عه‌لی به به‌یت و گۆرانی، پوره خه‌جی مام قادری به لایه‌لایه و شین گێڕی، مه‌لا مه‌حمود به شمشاڵ، ئاواره له‌یلان به شمشاڵ، ئه‌بووبه‌کر ئازهرڕۆ به حه‌یران و گۆرانی، محه‌مه‌دی فه‌قێ عه‌وڵا به به‌ند و گۆرانی، محه‌مه‌د شوانه به به‌ند و گۆرانی، ئه‌حمه‌د حه‌یران به گۆرانی و حه‌یران و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیکه که به په‌نجه جوانه‌کانیان به ده‌ف، نایه، زه‌رب، ده‌هۆڵ و زوڕنا کۆڕه‌که‌یان رازانده‌وه.
دوای پێشکه‌ش کردنی به‌رهه‌مه‌کان، هونه‌رمه‌ندان خه‌ڵات کران. و له کاتژمێر 9ی ئێوارێدا کۆتایی به به‌رنامه‌که هات. جێگایه‌تی ده‌سخۆشی بکه‌ین له هه‌موو لایه‌نه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن، هونه‌رمه‌ندان و به‌شدار بووانی ئه‌و فستیواڵه به هۆی رێکوپێک بوونی و زیندوو راگرتنی فۆلکلۆری گه‌له‌که‌مان.