ئیبن خه‌له‌کان
ئیبن خه‌له‌کان
ئیبن خه‌له‌کان نازناوی زانای به‌ناوبانگی کورد "ئه‌حمه‌دی کوڕی شه‌هابه‌ددین محمد"ه.
ئیبن خه‌له‌کان له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراوی مه‌یدانی دینداری و زانستی دینی بووه. ئیبن خه‌له‌کان کوڕه بچکۆله‌ی شه‌هابه‌ددین بووه و له ساڵی ( (608)ی کۆچیدا له هه‌ولێر له‌دایک بووه. ته‌مه‌نی دوو ساڵان بووه که باوکی وه‌فاتی کردووه. شه‌هابه‌ددین حه‌زی کردووه ئه‌م کوڕه‌ی ڕێگای زانستی دینی بگرێ. ئه‌ویش ئاواته‌که‌ی باوکی هێناوه‌ته‌دی و بڕوانامه‌ی زانستی له گه‌وره زاناکانی سه‌رده‌می خۆی وه‌رگرتووه. ئیبن خه‌له‌کان له قوتابخانه‌ی موزه‌فه‌رییه ده‌ستی کردووه به خوێندن و له مه‌جلیسی زانای به‌ناوبانگ "ئه‌بولبه‌ره‌کات"ی ناسراو به "ئیبن مسته‌وفی" دانیشتووه.
ئیبن خه‌له‌کان هێشتا ته‌مه‌نی ( (18) ساڵی پڕ نه‌کردۆته‌وه که هه‌ولێری به‌جێ هێشتووه و ، بۆ زیاتر خوێندن ڕووی له جێیه‌کانی تر کردووه. له گه‌ڵ خۆی براکه‌یی و چه‌ند کتێبێکی بردووه. له ساڵی ( (632) کۆچیدا ڕووی کردۆته دیمه‌شق و، له‌وێ ته‌فسیر و حه‌دیس و فقهی له لای شێخ ئیبن سه‌لاحی شاره‌زووری کوردی خوێندووه و دوای ئه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ حه‌له‌ب. وادیاره نه‌یویستووه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ربیل چونکه له‌و کاته‌دا ته‌تار به‌سه‌ریدا کشاون و کاولیان کردووه. هه‌روه‌ها وا سه‌یری خۆی کردووه که هه‌ر پێویستی به وه‌رگرتنی زانست ماوه، بۆیه ڕووی کردۆته میسر و له ساڵی ( (636)ی کۆچیدا گه‌یشتۆته شاری ئه‌سکه‌نده‌رییه.
ئیبن خه‌له‌کان له‌سه‌رده‌می شا "زاهیر"دا بووه قازی شام و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شامدا کشا. ئیتر ئیبن خه‌له‌کان که‌وته دانانی قازی و جێگر بۆ خۆی له هه‌موو شاره‌کانی شامدا و ، چاودێری ئه‌وقاف و قوتابخانه‌کانی ده‌کرد و ، مه‌سه‌له قه‌زاییه‌کانی یه‌کلا ده‌کرده‌وه. تا ساڵی ( (669)ی کۆچی له‌و پله‌یه‌دا مایه‌وه. ئیبن خه‌له‌کان چۆته‌وه بۆ میسر و له‌وێ له قوتابخانه‌ی "فه‌خرییه" بۆته مامۆستا و ، دوای ئه‌وه هه‌ژاری ڕووی تێکردووه ، به تایبه‌تی که وه‌زیری میسر زۆر تینی بۆ هێناوه. به‌ڵام له ساڵی ( (676)ی کۆچی به‌دواوه بارودۆخی مه‌عیشه‌تی به‌ره‌و باشی گۆڕاوه. ئیبن خه‌له‌کان دوای ئه‌وه بووه به مامۆستا له قوتابخانه‌ی "نه‌جیبه" و قوتابخانه‌ی "ئه‌منییه" و ، تا کۆتایی ته‌مه‌نی به مامۆستایی ماوه‌ته‌وه. ئیبن خه‌له‌کان له ( (26/ڕه‌جه‌بی/681)ی کۆچیدا که ده‌کاته ( (1282)ی زاینی وه‌فاتی کردووه و ، له شاخی "قاسیون" له شاری دیمه‌شق به خاک سپێردراوه.
ئیبن خه‌له‌کانی زانا و مێژوو نووس ئیبن خه‌له‌کان شاره‌زاییه‌کی زۆر باشی له فقه و ئوسوڵ و زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌بووه و ، تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو شاره‌زای مه‌زهه‌بی شافیعی بووه و ، له فه‌تواکانیدا دیار بووه که به‌رده‌وام سه‌یری ئه‌و مه‌زهه‌به‌ی کردووه. ئیبن خه‌له‌کان هاوڕێی کتێب بووه و پاره و ماڵه‌که‌ی هه‌موو داوه به کتێب. له سه‌ره‌تای ژیانیدا حه‌زی کردووه ببێت به شاعیر ، بۆیه شیعرێکی زۆری داناوه. جگه له‌وانه ئیبن خه‌له‌کان مێژوو نووس بووه و خاوه‌نی کتێبی "وفیات الاعیان و انباء ابناء الزمان" بووه که له ساڵی ( (672)ی کۆچیدا له نووسینی بۆته‌وه ، به‌ڵام تا ساڵی ( (680)ی کۆچی هه‌ر زانیاری بۆ زیاد کردووه. ئیبن خه‌له‌کان کتێبێکی گه‌وره‌ی مێژوویی به ناوی "الکامل فی التاریخ"ی ئیبن ئه‌سیری مامۆستای وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه.