جۆگرافیای شارستانی پیرانشار
جۆگرافیای شارستانی پیر انشار
پیرانشار یه‌کێکه له چارده شارستانه‌کانی پارێزگای ئازربایجانی رۆژاوا. شارستانی پیرانشار به رووبه‌ری 2402 کیلۆمیتری چوارگۆشه که‌وتۆته 45 ده‌ره‌جه و 8 خوله‌کی درێژایی رۆژهه‌ڵات و 36 ده‌ره‌جه و 42 خوله‌کی پانایی باکوور له نێوان به‌شێک له زنجیره‌کێوه‌کانی زاگرۆس. به‌رزایی له رێکی ده‌ریاوه 1840 میتره و مامناوه‌ندی بارینی ساڵانه‌ی ۳۵۲ میلی‌لیتره. نێوانی پله‌ی گه‌رمای 35-4 ده‌ره‌جه و پله‌ی ته‌ڕايی 51% راگه‌یێندراوه.
دراوسێیه‌کان: له باکووری رۆژاوا له‌گه‌ڵ شاری شنۆ به 47 کیلۆمیتر، له باکوور شاری نه‌غه‌دە به 47 کیلۆمیتر، له باکووری ڕۆژهه‌ڵات شاری مهاباد به 75 کیلۆمیتر، له باشوور شاری سه‌ردەشت به 95 کیلۆمیتر و له ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراق هاوسنورە. مه‌ودای ئه‌و شاره له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی پارێزگا (شاری ورمێ) 120 کیلۆمیتر و له‌گه‌ڵ پێته‌ختی ئێران (شاری تاران) 566 کیلۆمیتر له هه‌واوه و 1000 کێلۆمیتر له رێگاوه‌یه.
شارستانی پیرانشار له ناوچه‌یێکی کوێستانی‌دا هه‌ڵکه‌وتووه و هه‌رچه‌ندی بۆ لای رۆژاواوه بڕۆین بڵندایی زیاتر ده‌بێت. کێوه‌کانی قه‌ندیل (3578 میتر)، حاجی برایم (3550 میتر)، سووره‌داڵ (3503 میتر)، چل بزنه (3226 میتر)، له به‌رزترین چیاکانی ئه‌و شارستانه‌ن.
له کوێستانه‌کانی پیرانشاره‌وه چۆمی هه‌میشه‌یی و پڕ ئاو سه‌رچاوه ده‌گرن و چۆمه‌کانی سێڵوێ، لاوێن، بادیناوێ و گه‌ده تێکه‌ڵاو ده‌بن و چۆمی به ناوبانگی زێ سازده‌که‌ن که دوای تێپه‌ڕبوون به ناوچه‌ی سه‌رده‌شت‌دا، ده‌چێته ناو کوردستای عێراق و ده‌ڕژێته ناو ده‌ریاچه‌ی دوکان.
چنینه‌ی شار و گه‌ڕه‌که‌کان
له روانگه‌ی خانوو و بیناوه شار پێک‌هاتووه له دوو چینی کۆن و نوێ. چینی کۆن که‌وتۆته لای دامێنی کێو و زیاتری ماڵه‌کان به خشتی کاڵ و سواغ سازکراون و چینی نوێ له لای ده‌شته‌وه هه‌ڵکه‌وتووه و به که‌لوپه‌لی ئه‌وڕۆیی سازکراون. دوو گه‌ڕه‌کی کۆنه‌خانێ و زه‌رگه‌ته‌ن که له گه‌ڕه‌که کۆنه‌کانی پیرانشارن، سه‌رده‌مێک دوو گوند بوون.
گه‌ڕه‌که‌کان: خه‌یام، کۆنه‌خانێ، هه‌وراز، باڵاشار، کاسه‌که‌ران، قه‌پان، دۆڵی قیزقه‌پان، دۆڵی گراو، زه‌رگه‌ته‌ن، جامیعای قه‌دیم، ئازادی، شاره‌داری، قودس، ئازاده‌گان، ئیسارگه‌ران، شاره‌کی مه‌نگوڕ، نوخته‌ی A، نوخته‌ی B، نوخته‌ی C، فه‌رهه‌نگیانی 1 و 2 و 3 و 4، پاداش، هه‌واشناسی، هێمن، هه‌ژار، نالی، جێژنی، ته‌هازاده.
چنینه‌ی دانیشتووان
- ژمار‌ی دانیشتووان: ژمار‌ی بنه‌ماڵه و دانیشتوانی شارستانی پیرانشار به پێی سه‌رژمێری ساڵی ١٣٨٥ی هه‌تاوی: ٢٠٦١٧ بنه‌ماڵه ، ١٠٧٦٧٧ که‌س دانیشتوو که له‌وان ٥٣٢٧٤ که‌س ژن و ٥٤٤٠٣ که‌س پیاون. ژمار‌ی خوێنده‌وار : ژن ٢٧٥١٦ و پیاو ٣٧٩٣٩ نه‌خوێنده‌وار : ژن ١٩١٠٧ و پیاو ٩٣٤٣ . دانیشتوانی شار: 57692 که‌س.
ژمار‌ی دانیشتووانی گونده گه‌وره‌کان:
په‌سوێ: 9772 ، شیناوێ: 9082 ، دربکه: 4931 ، جه‌ڵدیان: 4461 ، گردکشانه: 3161 ، زێوه: 2811 ، سه‌روکانێ: 2501 که‌س.
- دین و مه‌زه‌ب: ته‌نیا دینێک که له دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا پێش ئیسلام ناسراوه، په‌رستنی ئه‌هورامه‌زدا بووه. پاش به‌رگری له به‌رانبه‌ر هێزه‌کانی سوپای ئیسلام، به پاراستنی زۆربه‌ی داب و نه‌ریته‌کانیان بوون به موسڵمان. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ‹موسڵمانی سوننی شافعی›ن و تاق تاق موسڵمانی شیعه یان دینه‌کانی دیکه تێیدا هه‌ن.
- زمان: زمانی دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه زۆرتر کوردی به زاراوه‌ی سۆرانی بن زاراوه‌ی موکریانییه. تاق تاق زمانی تورکیشی تێدایه.
- داب و نه‌ریت: لێره‌دا زۆرتر باسی هێندێک له دابه‌کان که گرینگی مێژووییان هه‌یه، ده‌که‌ین. چونکه دابه سه‌ره‌کییه‌کانی گه‌لان، په‌یوه‌سته به بیر و هه‌ستی ئه‌ندامه‌کانی، به شێوه‌یێک که سه‌رچاوه‌کانی له ناخی رۆحی تۆره‌مه‌کان‌دایه و له تێپه‌ڕی ساڵانی زۆردا، گرینگ‌ترین هۆی یه‌کگرتوویی بیر و رۆح له‌ناو توێژه‌کانی جۆراجۆری خه‌ڵکی وڵاتێکه. له‌و ناوچه‌یه‌دا ژیانی عاشیره‌تی و چادر بڵاو بۆته‌وه و خه‌ڵکی شاره‌کان و گونده‌کان تێکه‌ڵاویان هه‌یه و به هۆی کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌کتر، تایبه‌تمه‌ندی عێلایه‌تییان له ده‌ست داوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه هێشتا زۆربه‌ی داب و نه‌ریت و جلک و که‌لتووری خۆیان پاراستووه.
له پیرانشاردا وه‌ک هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و ئێران، رێز له ده‌سپێکی سه‌ری ساڵ و رۆژی نه‌ورۆز داده‌نرێت. جه‌ژنی نه‌ورۆز، بۆ هه‌موو گه‌لانی ئێرانی ناسراوه و رێزی تایبه‌تی له که‌لتووریان‌دا هه‌یه. رۆژانی جه‌ژن که سێزده رۆژه، بۆ قوتابخانه‌کان پشوودانه و خه‌ڵک ده‌چنه سه‌ردانی یه‌کتر. منداڵانی و لاوان له رۆژانی جه‌ژن‌دا ده‌چنه ماڵه خزم و ناسیاوانیان و داوای جه‌ژنانه ده‌که‌ن. رۆژی کۆتایی جه‌ژنی نه‌ورۆز، واتا سێزده‌ی خاکه‌لێوه، به رۆژی سروشت و سێزده‌به‌ده‌ر ناسراوه و خه‌ڵک به گشتی له شار ده‌چنه‌ده‌ر و رۆو ده‌که‌نه کێو و سه‌یرانگه‌کان. جه‌ژنه‌کانی دیکه سه‌رچاوه‌ی له بڕوای ئایینی خه‌ڵک گرتووه وه‌ک جه‌ژنه‌کانی قوربان، به‌رات، ره‌مه‌زان و مه‌ولوود. له‌و جه‌ژنانه‌دا خه‌ڵک به ده‌به‌رکردنی جلکی نوێ و جوان به خۆشی ده‌چنه سه‌ردانی یه‌کتر و جه‌ژنه پیرۆزه له یه‌کتر ده‌که‌ن.
جۆری جلکه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ک ناوچه‌کانی تری موکریانه. پیاوان ‹که‌وا و پاتۆڵ› ده‌به‌ر ده‌که‌ن و ‹پشتێند› له ناوقه‌دیان ده‌به‌ستن و به‌ساڵ‌داچووان ‹جه‌مه‌دانی›ش له‌سه‌ر ده‌نێن. ژنان کراسێکی سه‌رتاپێ ده‌به‌رده‌که‌ن که له ناوقه‌دی‌ڕا گنجی هه‌یه و پشتێند له ناوقه‌دیان ده‌به‌ستن. له‌بن کراسیش ئاواڵ‌کراس (ده‌رپێ) ده‌پێ ده‌که‌ن و ‹سیخمه› یان ‹کولێجه› له‌سه‌ر کراس ده‌به‌ر ده‌که‌ن و لێچکه له‌سه‌ر ده‌نێن و ده‌سماڵ به شان داده‌ده‌ن.
دابێکی دیکه زه‌ماوه‌نده که له پیرانشاردا زۆرتر له وه‌رزه‌کانی پاییز و به‌هاردا به‌ڕێوه ده‌چێت. پاش په‌سند کردنی یه‌کتر له لایه‌ن کور و کچ، بنه‌ماڵه‌ی کوڕ ده‌چنه خوازبێنی کچ و ئه‌گه‌ر پێک هاتن قسه له‌سه‌ر ماره‌یی و جه‌یاز و کڕین و جلک ده‌که‌ن و رێکه‌وتی زه‌ماوه‌ند دیاری ده‌که‌ن. پاش ماره‌کردن، نۆره‌ی گواستنه‌وه‌یه که به رێ‌وڕه‌سمێکی تایبه‌ت به‌جێ‌دێت. له زه‌ماوه‌ندا هه‌ر یه‌ک له بنه‌ماڵه‌کانی بووک و زاوا به جیا له خزمان و دۆستانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه و جه‌مێک یان دوو جه‌م ده‌ده‌ن. یه‌کێک له دابه‌کانی زه‌ماوه‌ند هه‌ڵپه‌ڕکێ‌یه که کچان و کوڕان ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن و هاوکات له‌گه‌ڵ گۆرانی هه‌ڵده‌په‌ڕن.
له دابه‌کانی دیکه که زۆرتر پێشان‌ده‌ری هه‌ستی هاوکاری و هاودڵیی خه‌ڵکی ناوچه‌یه، ده‌توانین ئاماژه بکه‌ین به: ‹ده‌سته‌وا› له کاروباری وه‌رزێڕی‌دا، رێوڕه‌سمی سه‌ره‌خۆشی و ...
هۆزه‌کان
مامه‌ش: له به‌شی کوێستانی و ئاو و هه‌وای خۆشی نێوان مه‌هاباد، نه‌غه‌ده و پیرانشاردا ده‌ژین. پێشینه‌یێک زۆر کۆنیان هه‌یه و له هۆزه‌کانی به‌هێزی ناوچه‌ن و له باکووری پیرانشار و له ده‌شتی لاجان‌دا نیشته‌جێن. له‌گه‌ڵ مه‌نگوڕ و پیران و دێبۆکری دراوسێن. داب و نه‌ریتیان وه‌ک خه‌ڵکی دیکه‌ی ناوچه‌یه و زۆرتر وه‌رزێڕ و ئاژه‌ڵدارن.
پیران: ئه‌و هۆزه له ساڵی 1280ی هه‌تاوی‌دا هاتنه ناوچه و له باشوور و رۆژاوای شاردا نیشته‌جێن و له‌گه‌ل مه‌نگوڕ و مامه‌ش و دێبۆکری پێوه‌ندی راسته‌وخۆیان هه‌یه. ناوی پیرانشار وه‌رگیراو له ناوی ئه‌و هۆزه‌یه. زۆرتر وه‌رزێڕن به‌ڵام ئاژه‌ڵ‌داریش ده‌که‌ن. تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان وه‌ک هۆزی مامه‌شه.
مه‌نگوڕ: له هۆزه‌کانی به پێشینه‌ی زۆر کۆنی ناوچه‌یه. له گونده‌کانی نێوان دۆڵ و چۆمی بادیناوێ هه‌تا ده‌شتی وه‌زنێ نیشته‌جێن. شه‌ش تایفه‌ی سه‌ره‌کیان هه‌یه: ئامان، شه‌م، زێڕن، خدر، مرۆت، زێن. زۆرتر ئاژه‌ڵدارن و وه‌رزێڕیش ده‌که‌ن. تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان وه‌ک هۆزه‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌یه.
سه‌یرانگه و بینا مێژووییه‌کان
سروشت
شارستانی پیرانشار سروشتێکی سه‌رسه‌وز، چۆمه‌کانی پڕ ئاو و هه‌میشه‌یی، لێڕه‌واری کوێستانی، کێوه‌کانی به‌رز و پڕ به‌فر، بازاڕچه‌ی سه‌ر سنوور، گونده‌کانی سرنج راکێش و شوێنه‌واری میژوویی و جوانی هه‌یه و بۆ گه‌ڕان و سه‌یران خاوه‌نی جێگای خۆش و سه‌یرانگه‌ی جۆراوجۆره. ساڵانه له وه‌رزه‌کانی به‌هار و هاوین‌دا له هه‌موو شوێنه‌کانی ئێران‌ڕا گه‌شتیاران بۆ دیتنی سروشتی جوان و سه‌رسه‌وزی ئه‌و ناوچه‌یه دێن و له هه‌موو وه‌رزه‌کانیشدا بۆ سه‌ردانی بازاڕچه‌کان و کڕینی که‌لوپه‌لی پێویست دێنه ناو شاری پیرانشار.
هه‌روه‌ها سنووری فه‌ڕمی حاجی ئۆمه‌ران که له نێوان کوردستانی عێراق و پیرانشاردایه شوێنی ئاڵوگۆڕی که‌لوپه‌لی جۆراوجۆر له نێوان دوو لای سنوره و شوێنێکی گرینگه بۆ بازرگانان. ناوچه‌ی پیرانشار به هه‌بوونی سروشتێکی سه‌وز و دانیشتووانی خوێن گه‌رم و میوان دۆست و بازاڕچه‌ی سنوری وه‌ک نه‌قیمه‌یێک له‌سه‌ر ئه‌نگوستیله‌ی پارێزگادا ده‌دره‌وشێ.
له گرینگ‌ترین شوێنه‌کانی سروشتی و سه‌یرانگه‌کان ده‌توانیین ئه‌وانه ناو ببه‌ین:
ئاوههڵدێری خه‌رپاپ: کێو و دۆڵه‌کان و لێڕه‌وار و چۆمه‌کانی ناوچه‌ی پیرانشار ده‌ستیان وه‌یه‌ک داوه هه‌تا به کێشانه‌وه‌ی تابڵۆگه‌لێکی جوان و بێ‌وێنه له سروشت، سه‌رنجی هه‌ر بینه‌ر و رێبوارێک راکێشن. یه‌کێک له‌و دیمه‌نه جوانانه ئاوههڵدێری خۆڕێن و پڕ ئاوی خه‌رپاپه که له‌ناو لێڕه‌واره سه‌رسه‌وزه‌کانی پردانان‌دایه.
سه‌یرانگه‌ی پردانان: لێڕه‌واره‌کانی سه‌رسه‌وز و خۆش ئاو هه‌وای پردانان له 22 كیلۆمیتری باشووری پیرانشار و له‌سه‌ر رێگای پیرانشار بۆ سه‌رده‌شت‌دا هه‌ڵکه‌وتوون و چۆمی پڕ ئاو و خوڕێنی پردانان كه یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی چۆمی زێی چووکه‌یه، جوانییه‌که‌ی دووهێنده کردووه. ئه‌و لێڕه‌وارانه که هه‌تا به‌فره هه‌میشه‌ییه‌کانی سنووری نێوان ئێران و کوردستانی عێراقدا درێژه‌یان هه‌یه، سه‌رنجی هه‌ر گه‌شتیارێکی بۆ خۆ راده‌کێشن.
کێوی قه‌ندیل: ئه‌وکێوه به‌رز و پڕ به‌فره هه‌موو ساڵی له وه‌رزه‌کانی به‌هار و هاوین‌دا گه‌شتیاران و شاخه‌وانان و وه‌رزشوانان بۆ لای خۆی راده‌کێشێ.
سروشتی سه‌وز و فێنک: ناوچه‌کانی وه‌ک دۆڵه‌نێ، بادیناوێ، حاجی برایم، ئاوخوارده، ده‌ڵاوان، قه‌ڵاتی شای، کانێ زه‌رد، زێوکه و ... ساڵانه ده‌که‌وێته ژێر پێی دۆستان سروشت و شاخه‌وانان.
شاخه به‌ردینه‌کانی خورینج: زۆربه‌ی گونده‌کانی پیرانشار سروشتێکی بێ وێنه و جوانیان هه‌یه و بوونه‌ته سه‌یرانگه. یه‌کێک له‌وان، وڵاتی به‌رده سێحراوی و جۆراوجۆره‌کانی خورینجه که که‌وتۆته 20 کیلۆمیتری باکووری رۆژهه‌ڵاتی پیرانشار و له‌سه‌ر رێگای پیرانشار بۆ مه‌هاباددایه. له قه‌راغ ئه‌و گونده، ته‌پۆڵکه‌گه‌لێکی داپۆشراو به گابه‌رد هه‌یه که به شێوازێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌سه‌ریه‌ک دانراون، به جۆرێک که سه‌رنجی هه‌ر رێبوارێک بۆ لای خۆ راده‌کێشن و ده‌ڵێی ده‌ستی به‌توانای وه‌ستایێک ئه‌و به‌ردانه‌ی ئاوا جوان و رێک‌وپێک تاشیوه هه‌تا په‌یکه‌ری جۆراوجۆری لێ سازبکات.
جگه له وانه قه‌راخ چۆمه‌کانی زێ و بادیناوێ و لاوێن، لێڕه‌واره‌کان، کێوه‌کانی وه‌ک قه‌ندیل و له‌ندی شێخان، گه‌ڵی حاجی برایم و دۆڵه‌نێ و ئاوخوارده له گرینگ‌ترین سه‌یرانگه‌کانی سروشتی پیرانشارن. بازاڕچه‌کانی ناوشار بۆ که‌لوپه‌لی ناوماڵ، ده‌نگ و ره‌نگ، جلکی ده‌ره‌کی و که‌ره‌سه‌ی رازاندنه‌وه به نرخی هه‌رزان هه‌موو رۆژی خانه‌خوێی مسافیران و کڕیارانێکه که له ته‌واوی ناوچه‌کانی ئێران‌ڕا دێن.
شوێنه مێژووییه‌کان: له ناوچه‌ی پیرانشاردا 113 ته‌پۆڵکه‌ی مێژوویی له لایه‌ن کارناسانی نوێنه‌رایه‌تی میراتی کولتووری ئه‌و شارستانه ناسراوه و تۆمار کراوه كه پێشان‌ده‌ری مێژوویی بوونی ناوچه و پێکهاتن و له‌ئارادابوونی شارستانیه‌ت‌گه‌لێکی به‌هێز و پڕشنگ‌داره وه‌ک شارستانیه‌تی ماننایی، پارسوایی، ئۆرارتۆ، ماد، زاموا و ئیسلام. له‌وناوه‌دا هێندێک ته‌پۆڵکه هه‌ن که به هه‌بوونی شوێنه‌واری مێژوویی زۆر ده‌بنه جێگای سه‌ردانی لایه‌نگرانی مێژوو و کولتووری ئه‌و ناوچه‌یه كه ده‌توانین ئه‌وانه ناو ببه‌ین: قه‌ڵای شیناوێ ( (هه‌زاره‌ی یه‌که‌می پێش زایین)، قه‌ڵاتی موتاوێ ( (2500 ساڵ پێش زایین)، قه‌ڵاتی شای ( (1500 هه‌تا 2500 ساڵ پێش زایین)، قه‌ڵای جه‌ڵدیان ( (5000 هه‌تا 5500 ساڵ پێش زایین)، قه‌ڵای په‌سوێ ( (پێش مێژوو)، به‌رده‌نوسی به‌رده‌مافووره ( (گوندی لک‌بن)، داشان قه‌ڵا ( ( 2000 هه‌تا 3500 ساڵ پێش زایین)، ته‌پکی گرداشه‌وان و گۆڕستانی زه‌رگه‌ته‌ن. دیاره شوێنی مێژوویی زۆر له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ن به‌ڵام به هۆی کار له‌سه‌ر نه‌کردن بێ ناو ماون و نه‌ناسراون.
ناوه‌نده‌کانی که‌لتوور ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
په‌ڕتووک‌خانه‌ی شاره‌داری له پارکی خه‌یام، په‌ڕتووک‌خانه و ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ئیرشاد له شه‌قامی سه‌عدی، زانستگه‌کان: زانستگه‌ی په‌یامی نوور و زانستگه‌ی ئازادی ئیسلامی، ناوه‌ندی بارهێنانی بیری منداڵان و لاوان له شه‌قامی به‌هه‌شتی، ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی چرا له هیلالی ئه‌حمه‌ر.
بارودۆخی ئابووری
1- بازاڕچه‌ی سه‌ر سنوری پیرانشار به مه‌ودای 5 کیلۆمیتر له شار که‌وتۆته سه‌ر سنوری نێوان ئێران و کوردستانی عێراق و به بازاڕچه حاجی ئۆمه‌ران و بازاڕچه‌ی ته‌مه‌رچیان ناسراوه. ناردن و هێنانی که‌ل‌وپه‌ل له رێگای ئه‌و بازاڕچه‌یه وه‌کوو یه‌کێک له گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌کانی داهاتی شارستان و پارێزگایه.
2- سه‌نعه‌ت: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌که ئه‌و ناوچه‌یه به هۆی سروشتی ده‌سکاری نه‌کراو توانای هه‌بوونی هه‌موو جۆره سه‌نعه‌تێکی هه‌یه به‌ڵام له‌و بواره‌دا کارێکی ئه‌وتۆ نه‌کراوه. کارخانه‌یێکی قه‌ندی هه‌یه که له 5 کیلۆمیتری شار و له‌سه‌ر رێگای پیرانشار- نه‌غه‌ده و له گوندی رزگاری‌دایه. ئه‌و کارخانه‌یه به راسپارده‌ی وه‌زاره‌تی سه‌نعه‌تی ئه‌وده‌م له لایه‌ن کومپانیایه‌کی بلژیکی دامه‌زرا و تا ئیستا هه‌ر به‌ربڵاوتر و گه‌وره‌تر بووه و رۆژانه 2500 تۆن چه‌وه‌نده‌ر وه‌رده‌گرێت و ساڵانه 30 میلیۆن کیلۆ شه‌کر و 3 میلیۆن لیتر ئاڵکۆڵی پزیشکی و 15 میلیۆن کیلۆ تڵته‌ی ئیشک ده‌داته‌ده‌ر. ئه‌و کارخانه‌یه به وه‌رگرتنی 365 هه‌زار تۆن چه‌وه‌نده‌ر له ساڵ‌دا، پله‌ی دووهه‌می وه‌رگرتنی چه‌وه‌نده‌ری له ئێران‌دا وه‌ده‌ست هێناوه.
هێندێک کارگه‌ی چووکتریش له شاردا هه‌ن وه‌ک کارگه‌ی سازکردنی که‌لوپه‌لی دروێنه و وه‌رزێڕی، لایلۆن و که‌ره‌سه‌ی نان کردن، ئاشی ئاردی، ئاشی خیز. هه‌روه‌ها له شاره‌کی سه‌نعه‌تی که که‌وتۆته 2 کیلۆمیتری شار و به‌رانبه‌ر به پادگانی پیرانشار، کارگه‌ی جۆراوجۆر هه‌ن وه‌ک کارگه‌ی به‌رهه‌م هێنانی خۆراکی ئاژه‌ڵ و باڵنده، قه‌ند سازکردن، مزاویک سازکردن، تراشکاری، ساردخانه، شیر پاستۆڕیزه و ... به شێوه‌یێکی بڵاویش له‌ناو شاردا چنینی فه‌ڕش، به‌ڕه، چارشێو، به‌رماڵ، که‌ژوو، سه‌وه‌ته و کورتان هه‌یه.
3- کانگه: به وه‌به‌رچاوگرتنی سروشتی ده‌ست وێنه‌که‌وتووی پیرانشار و کوێستانی بوونی ناوچه و رۆڵی کێوه‌کان له سازدانی به‌رد، پیرانشار خاوه‌نی کانگا‌گه‌لی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌رده. زیاتر له 80%ی کانگه‌کانی پارێزگای ئازربایجانی رۆژاوا له پیرانشارن. ئه‌و شارستانه به هه‌بوونی 65 کانی ‹گرانیت› و به‌رهه‌م هێنانی ساڵانه 300هه‌زار تۆن به‌ردی گرانیت یه‌کێکه له ناوچه گرینگه‌کانی ئێران بۆ ده‌رهێنانی به‌ردی گرانیت. زۆرتری به‌رده‌کانی بۆ جوانکاری خانوو که له پیرانشاردا هه‌ن گرانیتی ره‌نگی به تایبه‌ت گرانیتی سه‌وزه که له جیهان‌دا ناوبانگی هه‌یه. جگه له گرانیت، کانگه‌ی به‌ردی ‹مه‌ڕمه‌ڕ›یش له پیرانشاردا زۆرن.
4- وه‌رزێڕی: زه‌وی شیاوی چاندن، ده‌شتی پان و به‌رین، ئاوی زۆر و به‌پێز بوونی زه‌وی بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی خه‌ڵکی ناوچه خه‌ریکی وه‌رزێڕی بن. ئاوی پێویست بۆ وه‌رزێڕی له کانیاو و چۆم و چاڵ وه‌ده‌ست دێت. به‌رهه‌مه‌کانی وه‌رزێڕی پیرانشار ئه‌وانه‌ن: گه‌نم، جۆ، چه‌وه‌نده‌ر، نۆک، گوڵه‌به‌ڕۆۆژه، گوڵه‌گه‌نم و به‌رهه‌می باغی وه‌ک گوێز، سێ‌و، قه‌یسی، خۆخ، توو، ترێ و ... له کاری وه‌رزێڕی‌دا زۆرتر له که‌لوپه‌لی وه‌رزێڕی که‌ڵک وه‌رده‌گیرێت. داهاتی باشی وه‌رزێڕی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه خه‌ڵکی ناوچه وه‌رزێڕی به پیشه‌ی سه‌ره‌کی یان دووهه‌می خۆیان هه‌ڵبژێرن.
5- ئاژه‌ڵداری: له گونده‌کان‌دا ئاژه‌ڵداری باوه و هێندێک هه‌ر به‌شی پێویستی خۆیان هه‌یه و هێندێکیش به شێوه‌ی به‌ربڵاو ئاژه‌ڵداری ده‌که‌ن. ئه‌وانه له وه‌رزه‌کانی به‌هار و هاوین‌دا ده‌چنه هه‌وارگه‌کان. هه‌روه‌ها چه‌ند ناوه‌ندی به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ به شێوه‌ی سه‌نعه‌تیش هه‌ن. چه‌ند جووجه‌خانه‌ش کاری به‌خێو کردنی مریشک ده‌که‌ن.
هۆی پێشکه‌وتن
پیرانشار له‌و شارانه‌یه که له ماوه‌یێکی کورت‌دا پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی هه‌بووه. ئه‌و پێشکه‌وتنه له بواره‌کانی جۆراوجۆری دانیشتووان، جۆگرافیایی و تا راده‌یێکیش ئاسایشی بووه. هۆیه‌کانی پێشکه‌وتنی ئه‌و شارستانه ئه‌مانه‌ن:
1- شوێنی نیزامی: له‌به‌ر جێگای جۆگرافیایی، له 28ی خه‌رمانانی 1327ی هه‌تاوی‌دا له کاتی هێرشی سوپای رووسیا بۆ ئێران، به‌شێک له سوپای ورمێ له باکووری گوندی زه‌رگه‌ته‌ن‌دا نیشته‌جێ بوون که پاشان بوو به پادگانی پیرانشار. به هۆی جێگای تایبه‌تیی ناوچه و نزیکی به سنور دوو پادگانی دیکه به ناوه‌کانی جه‌ڵدیان و په‌سوێ دامه‌زران. به‌هێز کردنی نیزامیی پیرانشار ئه‌و شاره‌ی کردۆته یه‌کێک له به‌هێزترین شاره‌کانی سنوری ئیران. له‌ئارادا بوونی سێ پادگان و پاسگه‌ی زۆر بووه هۆی هاتنی زۆری نیزامی بۆ ئه‌و شاره که ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری له‌سه‌ر چنینه و بارودۆخی شاردا کردووه.
2- بارودۆخی پێوه‌ندی: پیرانشار له لای رۆژاواوه له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراق هاسنوره و له بازرگانی و هێنان و ناردنی که‌ل‌وپه‌ل له‌گه‌ڵ عێراق رۆڵی تایبه‌تی هه‌یه. جگه له بازاڕچه‌ی فه‌ڕمی ته‌مه‌رچیان، له رێگاگه‌لێکی نایاساییشه‌وه به شێوه‌ی قاچاخ که‌ل‌و په‌ل دین و ده‌چن. له‌ئارادا بوونی بازاڕچه‌گه‌لی زۆری فرۆشتنی که‌لوپه‌لی ده‌ره‌کی له‌ناو شاردا بۆته هۆی سه‌رنج راکێشانی مسافیران و به دوای وی‌دا سازدانی ده‌رفه‌تی پیشه‌ی زۆرتر بۆ خه‌ڵک و هاتن و نیشته‌جێ بوونی خه‌ڵکی شاره‌کانی‌تر له پیرانشاردا.
3- بارودۆخی ئابووری: به هۆی هه‌بوونی کانگه‌گه‌لێکی زۆر بۆ به‌ره‌م هێنانی به‌رد و زه‌وی پاراو و به‌پێز و هه‌روه‌ها نزیکی به سنور و بازرگانی ده‌ره‌کی، ده‌رفه‌تی کار و پیشه له پیرانشار دا زۆر بووه که له په‌ره‌ساندنی فیزیکی و چۆنیه‌تی شار و باش کردنی بارودۆخی بژیوی خه‌ڵک کاریگه‌ری زۆری داناوه.
دابه‌شی ناوچه‌ی پیرانشار به پێی دوایین سه‌رژمێرییه‌کان
له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1338ی هه‌تاوی‌دا ناوچه‌کانی پیران و لاجان و مامه‌ش له مه‌ڵبه‌ندی مه‌هاباد جیا بوونه‌وه و به ناوی مه‌ڵبه‌ندی خانێ درانه به نه‌غه‌ده و گوندی خانێ بوو به ناوه‌ندی مه‌ڵبه‌ند. له ساڵی 1347دا خانێ بوو به شار و به هۆی نیشته‌جێ بوونی هۆزی پیران، ناوی گۆڕا به پیرانشار و له ساڵی 1348دا بوو به شارستان.
له دوایین سه‌رژمێر له ساڵی 1385دا به‌شه‌کانی پیرانشار به‌و جۆره ناسێندران:
مه‌ڵبه‌نده‌کان: مه‌ڵبه‌ندی ناوه‌ندی، مه‌ڵبه‌ندی لاجان.
شاره‌کان: شاری پیرانشار، شاری گردکشانه.
ناوچه‌کان:
ناوچه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی ناوه‌ندی: ناوچه‌ی پیران، ناوچه‌ی مه‌نگوڕی رۆژاوا، ناوچه‌ی لاجان.
ناوچه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی لاجان: ناوچه‌ی لاجانی رۆژهه‌ڵات، ناوچه‌ی لاجانی رۆژاوا.
گونده‌کانی سه‌ر به‌و ناوچانه بریتین له:
<!--[if !supportLists]-->1- ناوچه‌ی پیران، ناوه‌ند: چیانه، پێک‌هاتووه له 29 گوند: ده‌ڵاوان، که‌ڵه‌کین، بندڕێ، سه‌لکاوێ، قیزقه‌پان، قه‌مته‌رێ، هه‌بڵه‌س، وه‌تماناوێ، شیناوێ، زێدان، سێگرکان، برایماوێ، جه‌ڕان، ئێمنابات، قه‌ڵات، خواجاڵی، چیانه، سۆغالوێ، کاسوره‌دێ، ته‌مه‌رچیان، گوڵاوێ، زێوه، کۆنه‌لاجان، گه‌زگه‌سک، دێڵزێ، قه‌ڵاته‌ڕه‌شێ، گردیمخانێ، نه‌منجێ، بادیناوێ.<!--[endif]-->
<!--[if !supportLists]-->2- ناوچه‌ی مه‌نگوڕی رۆژاوا، ناوه‌ند: که‌وپه‌ڕ، پێک‌هاتووه له 50 گوند: بادیناوێی مه‌نگوڕان، گردڕه‌حمه‌ت، بێکۆس، کانێ ئه‌شکه‌وت، گردشه‌یتان، کانێ سێ‌و، گرباساک، خڕێ ئاغه‌ڵان، ئاوخوارده، که‌وپه‌ڕ، شارۆچکه‌ی که‌وپه‌ڕ، ترکه‌شی شێخی، ترکه‌شی خوارێ، ترکه‌شی سه‌رێ، تازه قه‌ڵا، گه‌زگه‌سک، قه‌بری وسێن، پردانان، خڕێ چه‌وه‌نده‌ران، کانێ شینکه، دووچۆمان، قوبادبه‌گیان، باوه‌لێی سه‌یدی، باوه‌لێی خوارێ، باوه‌لێی سه‌رێ، هه‌نگه‌وێ، شه‌ختان، گرده‌شینان، سه‌رتێز، که‌رمندار، باستامبه‌گ، گرنه‌ڵێن، کونه‌کێچ، مام هه‌یبه، شه‌کراوێ، به‌رده‌کوڕه، ده‌شتێ گه‌نمان، به‌دراوێ، بازرگان، قه‌ڵاتێ مه‌نگوڕان، شاڵیاوێ، وه‌رمیشان، سه‌ڵۆس، گوله‌ک، سوێستان، زه‌ویێ قوڕێ، حوجران، خدرجه‌بان، پانه‌سه‌ر، شارستێن.<!--[endif]-->
<!--[if !supportLists]-->3- ناوچه‌ی لاجان، ناوه‌ند: دربکه، پێک‌هاتووه له 18 گوند: به‌رده‌قه‌ل، شنۆزه‌نگ، زه‌نگیاوێ، دربکه، که‌نده‌قووڵانی خوارێ، که‌نده‌قووڵانی سه‌رێ، خڕێ به‌رداشان، گه‌نه‌دار، گه‌پڵه‌سه‌ن، به‌رکه‌مران، خراپه، زینوینجیان، گرده‌گۆران، لاوێن، گرداشه‌وان، رکاوێ، کاسه‌که‌ران، به‌رده‌ڕه‌شان.<!--[endif]-->
<!--[if !supportLists]-->4- ناوچه‌ی لاجانی رۆژهه‌ڵات، ناوه‌ند: په‌سوێ، پێک‌هاتووه له 54 گوند: توانێ، سه‌روکانێ، ئه‌ندێزێ، کێلێ، به‌له‌بان، کوندرێ، گردک‌سپیان، په‌سوێ، سه‌رینچاوێ، هه‌بڵه‌س، تۆبزاوێ، کانێ ئه‌شکه‌وتێ مامه‌شان، خورینج، کێله‌سیپان، گرده‌بن، سنجه‌ڵێ، گرداسێ، دایه شێخی، شێلم‌جاڕان، قوڕوچاوێ، قه‌ره‌خدر، توژه‌ڵێ، گه‌نه‌دارێ مه‌نگوڕان، میشه‌دێی خوارێ، میشه‌دێی سه‌رێ، دۆڵێ گوێزان، کانێ نۆبه‌تیان، سێوێ گه‌ده‌ی خوارێ، سێوێ گه‌ده‌ی سه‌رێ، کانێ کیسه‌ڵان، ئۆغه‌ن، گردی مرادبه‌گی، کانێ خه‌لیلان، یاقوش، کانێ کلێ، کانێ مه‌لا، کانێ بداغ، گه‌رگوولی خوارێ، گه‌رگوولی سه‌رێ، حاجی غه‌ڵده، لک‌بن، ئه‌حمه‌د غه‌ریب، کێلێ سه‌رشاخان، بابه‌کراوێ، شێوه‌برسێ، بازارگه، دێلکه، هه‌وشینان، کووره، کانێ باغ، که‌ڵه‌کوکه‌ی خوارێ، که‌ڵه‌کوکه‌ی سه‌رێ، سه‌یداوێ.<!--[endif]-->
<!--[if !supportLists]-->5- ناوچه‌ی لاجانی رۆژاوا، ناوه‌ند: سێڵوێ، پێک‌هاتووه له 14 گوند: رزگاری ( (کارخانه)، هه‌واره‌بی، خاڵدار، پیره‌کانی، سێڵوێ، هه‌مزاوای خوارێ، هه‌مزاوای سه‌رێ، ماشکان، زێوکه، گردی کاولان، گرده‌سوور، قوبه، کولیچ، جه‌ڵدیان.<!--[endif]-->
سه‌رچاوه‌کان:
جغرافیای استان آذر بایجان غربی، وه‌زاره‌تی فێرکردن و بارهێنان، 1381ی هه‌تاوی.
نگاهی به آذربایجان غربی، ئیره‌ج ئه‌فشار سیستانی، 1369ی هه‌تاوی.
جغرافیای غرب ایران، به‌شی دووهه‌م، ژاک دومرگان، 1890ی زایینی.
فرهنگ جغرافیایی کوه‌ها، قه‌راخانی.
فرهنگ جغرافیایی کوه‌ها، جه‌عفه‌ری.
مقدمه‌ای بر شناخت ایل‌ها، چادرنشینان و طوایف عشایری ایران، ئه‌فشار سیستانی، 1367ی هه‌تاوی.