چیرۆکی هه‌تاو و با

نووسەر: لاجان
0
1 611

 ڕۆژێک هه‌تاو له‌گه‌ل با مشتومڕیان بوو و هه‌ریه‌که‌ی خۆی پێ له‌وی‌تر به‌هێزتر بوو. له ئاکام‌دا ته‌مایان گرت که هێزه‌که‌یان تاقیکه‌ن. ڕوانیانه خوارێ دیتیان کابرایه‌ک که که‌وای له‌به‌ردایه به‌ ڕێگادا ده‌ڕوا. با کوتی: «ده‌توانم ئه‌و که‌وایه‌ی له‌به‌رداکه‌نم.» هه‌تاو کوتی: «ده‌ست پێبکه!»

با هه‌ڵیکوتایه سه‌ر کابرا و به هه‌موو هێزییه‌وه ده‌چووه بن که‌وایه‌که‌ی، به‌ڵام کابرا دوگمه‌کانی داخست و هه‌رچی با توندتر ده‌بوو ئه‌ویش به ده‌سته‌کانی توندتر که‌واکه‌ی ده‌گرت. با چه‌ندی له توانای‌دابوو نه‌یتوانی به زۆری که‌وایه‌که له کابرای داکه‌نێ. به ناچار ده‌ستی کێشاوه و ڕووی کرده هه‌تاو و کوتی: «ئه‌وه چ کابرایه‌کی لاساره! خۆ به هیچ جۆرێ مل‌نادا! دڵنیام تۆش ناتوانی!»

هه‌تاو ده‌ستی کرد به دره‌وشانه‌وه و تیشکی پڕ له گه‌رمیی به هێمنی هه‌ڵدا سه‌ر کابرا و ورده ورده گهڕمی کرده‌وه. کابرا به سه‌رسوڕمانه‌وه چاوی گێڕا و که دیتی با نه‌ماوه و تینی هه‌تاو گه‌رمی ده‌کاته‌وه، هه‌ستی به ئاسایش و هێمنایه‌تی کرد. به تینی پڕ له گوڕی تاو، کابرا گه‌رمای بوو و زانی که پێویستی به که‌واکه‌ی نییه و دوگمه‌کانی کرده‌وه و ده‌ریهێنا و له‌سه‌ر ده‌سته‌کانی‌ دانا.

با سه‌ری داخست و دانی به‌وه‌ دانا که هه‌تاو که تیشکی پڕ تین و خۆشه‌ویستیی به هێمنی و به بێ به‌چاودادانه‌وه بڵاوده‌کاته‌وه، زۆر له با به‌هێزتره که ده‌یهه‌وێ به‌زۆری کاران بکات!







سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە