لە باوەشی ئەویندا

 لە باوەشی ئەویندا

وەرگێڕان: لاجان

ئەوێ شەوێ کە گەیشتمەوە ماڵێ، دیتم هاوسەرەکەم خەریکی چێکردنی چێشتی شەوە. دەستم گرت و کوتم: "دەبێ سەبارەت بە بابەتێک قسان بکەین". ئەویش بە ئارامی دانیشت و چاوەڕوانی قسەکانم بوو. دیسان سێبەری خەم و پەژارەم لە چاوانیدا دیت. نەمدەزانی چۆن پێی بڵێم،  دەتکوت زارم ناکرێتەوە.

هەر چۆنێک بوو دەبا پێم کوتبا. بابەتەکە ئەوە بوو کە دەمهەویست لێی جیابمەوە. هەر چۆنێک بوو درکاندم. پرسی: "بۆ؟!" بەڵام کاتێک لە وڵام دانەوەی ئەو پرسیارەی خۆم پاراست، ناڕەحەت بوو و لەحاڵێکدا کە لە چێشتخانە دەچووە دەر، قیژاندی: "ئەتۆ پیاو نی"! 

ئەو شەو چیدی باسمان نەکردەوە. ئەو، بەردەوام دەگریا و وەک باران فرمێسکی دەباراند. دەمزانی کە دەیهەوێ بزانێ چ بەڵایەک بەسەر خۆشەویستییەکەمان هاتووە؟ بەڵام بەلامەوە قورس بوو وڵامێکی دروستی بدەمەوە؛ لەبەر ئەوەیکە من ئاشقی کچێکی لاو ببووم و هیچ هەستێکم بۆ هاوسەرەکەم نەمابوو. ئێمە ماوەیەکی زۆر بوو پێکەوە نامۆ ببووین و ئەمن تەنیا پەرۆشم بوو. لە ئاکامدا بە هەستی تاوانی زۆرەوە ڕەزامەندی‌نامەی جیابوونەوەم لێوەرگرت. خانووەکە، 30٪ی کۆمپانیا و ئۆتۆمبێلەکەم دایە؛ بەڵام ئەو تەنیا چاوێکی بەسەر بەڵگەکاندا خشاند و هەمووی دڕاندن.

ژنێک کە زیاتر لە 10 ساڵان لەگەڵیدا ژیابووم، بۆم ببوە بێگانەیەک و منیش زۆر بەداخ بووم و دەمزانی ئەو 10 ساڵەی بۆ من بە فیڕۆ داوە و تەواوی وزە و لاوەتیی خەرجی ژیان لەگەڵ من کردووە؛ بەڵام تازە زۆر درەنگ ببوو و ئەمن ئاشق ببووم. لە کۆتاییدا بە دەنگێکی بەرزەوە دەستی کرد بە گریان، هەر ئەوەیکە چاوەڕوانی بووم. بە ڕای من ئەو گریانە یەک خۆبەتاڵ کردن کە تووڕەیی بوو. وا دیار بوو وردەوردە مەسەلەی دەست لێکبەردان بۆی جێدەکەوت.

سبەینەکەی درەنگ گەیشتمەوە ماڵێ و دیتم نامەیەکی بۆ داناوم! کارم پێی نەبوو و چووم نوستم. کاتێک هەستام، چووم نامەکەم خوێندەوە، مەرجەکانی جیابوونەوەی نووسیبوو؛ شتێکی لێ نەویستبووم جگە لەوەیکە لەو یەک مانگەی کە دەرفەتمان مابوو بۆ لێکبوونەوە، زیاتر سەرنجی بدەمێ و ئاکارەمان وەک دوو هاوسەری ئاسایی بێت چونکە کوڕەکەمان لە مانگی داهاتوودا تاقیکردنەوەیەکی گرنگی هەبوو و نەیدەویست جیایی ئێمە، کوڕەکەمان تووشی گرفت کات! 

ئەو پێشنیارە بۆ من جێی ڕەزامەندی بوو؛ بەڵام، داواکارییەکی دیکەشی هەبوو؛ لێی ویستبووم کە ڕۆژی زەماوەندمان وەبیر بێنمەوە، ئەو ڕۆژەی کە ئەوم لەسەر دەستانم هەڵگرتبوو و هێنابوومەوە ماڵێ، داوای کردبوو کە لەو مانگەیدا کە لە ژیانی هاوبەشمان ماوە، هەموو ڕۆژێ بەیانی لە ژووری نوستن‌‌ڕا تا بەر دەرکە لەسەر دەستم هەڵیگرم و بیبەمەدەر!

زۆر سەیر بوو! لەبەر خۆمەوە کوتم دیارە وردەوردە تێکەڵی دەکا! بەڵام بۆ ئەوەیکە دوایین داواکەی نەگێڕمەوە، قایل بووم. کاتێک ئەو داواکارییە سەیرەم بۆ دۆستەکەم گێڕاوە، پێکەنی و کوتی: "بەهەر شێوەیەک بێ دەبوو لەگەڵ مەسەلەی جیایی ڕووبرڕوو بباوە، گرینگ نییە چ فێڵێکی دەکارکات".

لەمێژ بوو من و هاوسەرم دەستمان وێک نەکەوتبوو تا ئەو ڕۆژەی کە بە پێی مەرجەکەی وی، لەسەر دەستم هەڵمگرت. هەردووکمان وەک گێژان دەجووڵاینەوە و ئاسوودە نەبووین. کوڕەکەمان لە پشت سەرمانەوە دەهات و چەپڵەی لێدەدا و دەیکوت: "بابم دایکمی لە باوەش گرتووە و دەیبا"!

قسەکانی کوڕەکەم ژانێکی لە ناخمدا ژیاندەوە، هاوسەرم لە ئامێزمدا چاوی لەسەرێک دانابوو و بە ئەسپایی کوتی: "تکایە تا دوایین ڕۆژ سەبارەت بە جیاییمان لەگەڵ کوڕەکەمان مەدوێ!". نازانم بۆ لەپڕڕا دڵم چڕژا و هەستم بە خەمێکی زۆر کرد. لە بەردەرکەی دەرێ دامنا. ڕۆیی و سواری باس بوو و چوو بۆ سەر کارەکەی. منیش بە تەنیا سواری ئۆتۆمبێل بووم و بۆ لای کۆمپانیا وەڕێکەوتم.

ڕۆژی دووهەم هەردووکمان نەختێک ڕاحەتتر بووین، دەمتوانی بۆنی هەڵمژم، بۆنێک کە لەمێژ بوو لەبیرم چووبۆوە. بیرم کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە بەڕادەی پێویست سەرنجم نەداوەتە خێزانم. دەتکوت ساڵانێکی زۆرە نەمدیوە، ئەمن کارم پێی نەببو. تازە بیرم لێدەکردەوە کە شوێنەواری تێپەڕیینی زەمان لە دەم و چاوی نیشتووە، چەند گنجی چووکە لو سووچی چاویدا وەدەرکەوتبوو. لەنێوان قژەکانیدا چەند تاڵ مووی سپی پەیدا ببوو! بۆ چرکەیەک لەخۆم پرسی: "خوایە ئەمن چیم لەگەڵ کردووە؟!"

ڕۆژی چوارەم کاتێک لەسەر دەستانم دانا، هەستی نزیک بوونەوە و یەکێتیم کرد. ئەو ژنە، هەر ئەوە بوو کە 10 ساڵ لە تەمەنی لاوەتی لەگەڵ من هاوبەش ببوو. ڕۆژانی پێنجەم و شەشەم هەستم کرد لێک نزیک بوونەوەمان زیاتر و زیاتر بووە، وەک دیسان خۆشەویستی هەڵیدابێتەوە. هەڵبەت سەبارەت بەو بابەتانە هیچم بە دۆستەکەم نەدەکوت. هەر ڕۆژەی تێدەپەڕی، هەڵگرتنی بۆم ساناتر دەبوو. بەخۆم دەکوت لەوانەیە ماسولکەکانم بەهێزتر بووبن! ئەویش هەر ڕۆژەی جلکێکی جوانی دەبەر دەکرد.

ڕۆژێک کە چەند دەست جلی بەدەستەوە گرتبوو، هەستی کرد هیچیان بۆ بەری تەواو نین. بە ئارامی کوتی: "جلەکانم هەموویان بۆم گوشاد بوونە!" و من تازە پێگەیشتم کە لەو ماوەیەدا چەند کز و لاواز بووە و بۆیەش بە سانایی هەڵمدەگرت. دەتکوت لە ناوخۆیدا وردەوردە دەتوێتەوە. وەک زەبرێکم وێکەوتبێ، ئەو بابەتە هەموو دەروونمی هەژاند. لەو ماوە کورتەدا بەری چەندی ئێش و داخی گرتبوو؟! دەتکوت لەش و دڵی نم‌نم قاڵدەبنەوە. لەخۆوە هەستام و دەستم کرد بە لاواندەوەی. بۆ کوڕەکەم ئەو هەڵگرتن و بردنەدەری دایکی ببوە بەشێکی شیرینی ژیانی. هاوسەرم ئاماژەی کەرد بە کوڕەکەم کە بێتە پێش و بە هێدی و هەستەوە لەباوەشی کرد. ئەمن ڕووم وەرگێڕا، ترسام لەو ڕۆژانی کۆتاییدا تەمام بگۆڕم. دوایە هەڵمگرت و وەڕێکەوتم. هەر ئەو شوێنی هەموو ڕۆژێ، لە ژوورێ‌ڕا تا بەر دەرکە. باسکەکانی لە دەوری ملم هاڵاندبوو و منیش بە نەرمی دەمگواستەوە، دروست وەک ڕۆژی یەکەمی ژیانمان. ڕۆژی کۆتایی، کاتێک لە باوەشم گرت، بە زەحمەت دەمتوانی دوایین شەقاوەکان هەڵگرم. دەتکوت دەنگێک لە دەروونمدا دەڵێ: "بریا قەت ئەو مەودایە تەواو نەبوایە!" کوڕەکەمان چووبووە خوێندگە، منیش لەحاڵێکدا کە هاوسەرم لە ئامێزمدا بوو، بە خۆم کوت: "ئەمن لە تەواوی ئەو ساڵانەدا قەت بیرم لە جێگای بەتاڵی هاودڵی و نزیکی لە ژیانی هاوبەشیماندا نەکردبوو"! 

ئەو ڕۆژە بە خێرایی چوومە شوێنی کارەکەم. کاتێک دابەزیم، بە پەلە بەرەو ژووری کۆمپانیا ڕۆیشتم. نەمدەویست تەنیا بۆ یەک چرکە گومان لە تەمایەکی کە گرتبووم، بکەم. دۆستەکەم هاتە پێش، بەڵام پێم کوت: "بە داخەوە، نامەوێ لە هاوسەرم جیا ببمەوە!" سەری سوڕما! دەستی بە نێوچاوانم وەنا و کوتی: "ئەرێ تاو و توێت نییە؟!" دەستیم لادا و کوتم: "نا! ئەمن دەست لە هاوسەرم هەڵناگرم. ئەوە منم کە جیاییم ناوێ. بە هیچ جۆرێک نامەوێ لەدەستی‌بدەم. دروستە لە ژیانمان ماندوو ببوین، بەڵام تا ئەو مانگە هیچمان بایەخی وردەکارییەکانی ژیانی هاوبەشمان نەدەزانی. لێک ماندوو ببوین، بەڵام نەک لەبەر ئەوەیکە یەکترمان خۆش ناوێ، بەڵکوو بەهۆی لەبیرکردنی یەکتر بوو. ئەمن تازە بەو ئاکامە گەیشتم کە هەر لە سەردەمی دەسپێکی ژیانی هاوبەشمان کە هاوسەرم لە باوەش گرت، دەبێ تا کۆتایی ژیان هەر ئاوا لە باوەشی پشتیوانیی مندا بێت". دۆستەکەم وەک تازە لە خەو هەستابێ، لە حاڵێکدا کە دەیقیژاند، دەرکەی پێکدادا و ڕۆیی.

هاتمەدەر و سواری ئۆتۆمبێل بووم و چوومە گوڵفرۆشی. سەبەتێک گوڵی جوان و بۆنخۆشم کڕی بۆ هاوسەرم. گوڵفرۆش پرسی: "چ دەقێک بۆ سەر سەبەتە گوڵەکەت بنووسم؟" منیش لە حاڵێکدا کە بزەم هاتبۆ سەر لێوان کوتم: "لەوڕۆڕا، لە باوشی خۆشەویستیت دەگرم، بە دەست و پێی ئەوینەوە هەڵتدەگرم، تا کاتێک کە مردن، لێکمان کاتەوە"...

بە لەکن‌یەک‌بوون ڕامەیەن، بە ئەوینەوە بژین؛ ئێوەن کە دەبێ ببنە هۆی بەردەوامی ژیانتان.  

سەرنجی بەڕێزت سەبارەت بەو بابەتە چییە؟

لێرە بۆچوونی خۆت بنووسە:

ناوی بەڕێزت : *
ئیمێل :*
ڕای بەڕێزت :*
کۆدی هێمنایەتی : *
وێنە ناکرێتەوە
بۆ گۆڕینی کۆد، لەسەری کرتە بکە