عیشق و جنوون
شێعری: میسباحوددیوانی ئه‌ده‌ب
گه‌ییه ئاخر عومرم و ماچێکی جانانم نه‌کرد
یه‌ک نه‌زه‌ر تێرم ته‌ماشای ماهی تابانم نه‌کرد
دامه‌نم پڕ خونچه‌یی فرمێسکی گریانه و قه‌تم
خونچه‌یێ له‌و گوڵشه‌نی خه‌ندان له دامانم نه‌کرد
نه‌شئه‌به‌خشی ڕۆحه باده‌ی له‌علی جانان ئه‌ی عه‌جه‌ب
بۆچ ئه‌من قه‌ت له‌و مه‌یه قه‌ترێک له فینجانم نه‌کرد
که‌ی شه‌ریکی هاوده‌می ئه‌منی نزاری خه‌سته بوو
تا به ئاه و ناڵه‌وه تا ڕۆژ هه‌راسانم نه‌کرد
ئه‌ی نیگاری بێوه‌فا چه‌ندم جه‌فای تۆ دی و ئه‌من
یه‌ک سه‌ری موو قه‌ت خیلافی عه‌هد و په‌یمانم نه‌کرد
تا له‌بی له‌علی ئه‌تۆم دی به‌و له‌بی له‌علت قه‌سه‌م
قه‌ت چ جاران یادی یاقووتی به‌ده‌خشانم نه‌کرد
سوبحده‌م هاتم نیشانه‌ی که‌م زوڵفه‌که‌ی له‌علی سیات
چونکه با نامه‌حره‌می تۆ بوو، په‌رێشانم نه‌کرد
تۆ گوتت مه‌رجانه لێوم من گوتم جانا به‌های
غه‌یری ئه‌و سه‌ودایه جانا من چ تاوانم نه‌کرد
تیری موژگانت له دڵدا، غه‌مزه‌که‌ی تۆیه ده‌وای
ئینتیزاری مه‌رهه‌می تۆ بوو چ ده‌رمانم نه‌کرد
وه‌سڵی تۆم ئه‌ووه‌ڵ که دی نه‌مزانی هیجرانی له دوون
له‌ززه‌تی خولدی به‌رین بوو یادی نه‌یڕانم نه‌کرد
ئه‌و ده‌مه‌ی ماچی له‌بت خۆفی عیتابی تۆ نه‌بوو
خاته‌مم پێ‌بوو که من یادی سوله‌یمانم نه‌کرد
چه‌نده واعیز وهعزیداو فه‌رمووی که ئه‌لعیشق و جنوون
عاقڵیم کرد ئه‌ی ئه‌ده‌ب به‌و په‌ندی نادانم نه‌کرد