گەنجینەی هەیاس
هەیاس، غوڵامی سوڵتان مەحموود (پاشای ئێران) لە سەرەتادا شوان بوو. کاتێک لە دەرباری سوڵتان مەحمووددا گەیشتە پلە و پایەی دەوڵەتی، پەستە و پێڵاوە پێستینەکەی سەردەمی هەژاری و شوانییەکەی بە دیواری ژوورەکەیدا هەڵاوەسیبوو. هەموو بەیانییەک سەرەتا دەچووە ئەو ژوورە و سەیری دەکردن و یادی بەدبەختی و هەژاریی خۆی دەکردەوە و پاشان دەچوو بۆ دەربار. هەمیشە قفڵێکی قورسیشی لە دەرگای ژوورەکە دەدا.
دەربارییە حەسوودەکان کە گومانیان لێی هەبوو، وای بۆ چوون کە هەیاس لەو ژوورەدا گەنجینە و پارەی شاردۆەتەوە و بە پێشانی کەسی نادات. بە شایان کوت کە هەیاس زێڕەکانی دەربار لە ژوورێکدا بۆ خۆی کۆ دەکاتەوە و دەیانشارێتەوە. سوڵتان مەحموود دەیزانی کە هەیاس پیاوێکی وەفادار و ڕاستگۆیە، بەڵام کوتی: «کاتێک هەیاس لە ژوورەکەی نەبوو، بڕۆن و هەموو زێڕ و پارەکان بۆ خۆتان بەرن!»
نیوەشەو، سی کەس بە مەشخەڵی داگیرساوەوە چوون بۆ ژوورەکەی هەیاس. بە پەلە و بە تەماحەوە قفڵەکەیان شکاند و چوونە ژوورەوە. بەڵام هەرچی گەڕان شتێکیان نەدۆزییەوە. تەنیا جووتێک پێڵاوی پێستینەی کۆن و جلێکی لبادینی دڕاو بە دیوارەکەدا هەڵاوەسرابوو. ئەوان زۆر ترسان، چونکە لای سوڵتان بە درۆزن دەردەکەوتن.
کاتێک هاتنە لای شا، لێی پرسین: «بۆچی دەستبەتاڵ گەڕانەوە؟ گەنجینەکان لە کوێن؟» ئەوان سەریان داخست و داوای لێبوردنیان کرد. سوڵتان کوتی: «من هەیاس زۆر باش دەناسم، ئەو پیاوێکی ڕاستگۆ و دروستە. ئەو کەلوپەلە کۆنە هەموو ڕۆژێک دەبینێت تاکوو بە پلە و پایەکەی خۆی تووشی خۆبەزلزانین نەبێت و ڕابردووی خۆی هەمیشە لە یاد بێت.»
بارکردنی سەرنجەکان...