کۆئەندامی هەرس

کۆئەندامی هەرس

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/09/08 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 73
کاتی خوێندن: 1 خولەک

کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ

کارکرد و بەشەکانی بە زمانی سادە

کۆئەندامی هەرسی ئاژەڵان بە بەکارهێنانی چالاکییە میکانیکی و بایۆکیمیاییەکانی خۆی، ماددە خواردەمەنییەکان لە کاتی تێپەڕبوون بە ناو بەشەکانی هەرسدا دەشکێنێت و وزە و ماددە پێویستەکانی جەستە لەوانەوە وەردەگرێت. کۆئەندامی هەرسی مرۆڤیش ئەرکی هەرسکردن و مژینی خۆراک و وەرگرتنی ماددە و وزەی پێویستی جەستە لەوانەوە بە ئەستۆ دەگرێت. کۆئەندامی هەرس لە لوولە کورت و درێژەکانی هەرسکردن و پێکهاتەگەلێک پێکهاتووە کە شلە و ماددە خواردەمەنییەکان لە کاتی تێپەڕبووندا دەگۆڕن بۆ ماددەی مژتراو بۆ جەستە و دەیاننێرن بۆ سووڕی خوێن و خانەکان. ئەم کۆئەندامە هەروەها ئەرکی کۆکردنەوە و لابردنی ماددە زێدەکانی هەرسکردن و چالاکییە جەستەییەکانی تری بە ئەستۆیە.

لە کۆئەندامی هەرسی مرۆڤدا بەشەکانی زۆر هەن کە پێکەوە کار دەکەن. خواردەمەنی چووە ناو جەستەوە خاوەنی گەردیلە زیندەییە گەورەکان یان بایۆماکرۆمولکولەکانە کە بریتین لە کاربۆهیدراتەکان (وەک شەکرەکان)، پرۆتینەکان، لیپیدەکان (وەک تریگلیسریدەکان) و ئەسیدە نۆکلێئیکەکان. ئەم گەردیلە ئاڵاوانە دەبێت بگۆڕدرێن بۆ شێوەی سادەتر تا جەستە بتوانێت بیانمژێت. بایۆماکرۆمولکولە ئاماژەپێکراوەکان یەکە پێکهێنەرەکانن کە بۆ جەستەی مرۆڤ ژیانی پێوە بەستراوە. ئەم یەکانە لە گەردیلە زیندەییەکان لەگەڵ ئاو پێکدێن.
ڕەوتی گۆڕینی ماددە خواردەمەنییە ئاڵاوەکان (بایۆماکرۆمولکولەکان) بۆ شێوەی سادەتر بۆ ئاسانکردنی مژین، بە هەرسکردن ناودەبرێت.



لە مرۆڤدا، ئەم کۆئەندامە لە بەش و ئەندامەکانی زۆر پێکهاتووە لەوانە لوولەکانی هەرسکردن، ڕژێنەکانی هەرسکردن و چەند ئەندامێکی لاوەکی وەک ددان، ڕژێنەکانی لیک، زمان، پانکریاس، جەرگ، کیسەی زراو و هتد.
لوولەکانی هەرسکردن لە کۆئەندامی هەرسی مرۆڤدا لە زارەوە دەست پێدەکەن و بە کۆم کۆتایی دێن.


کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ، لە گەدەڕا بە دوو بەشی سەرەوە و خوارەوە دابەش دەبێت. بەشی سەرەوە بریتییە لە زار و ئەندامەکانی ناوی لەگەڵ قورگ و سوورێنچک، بەشی خوارەوەش لە گەدە، جەرگ، ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە گەورە پێکدێن.

بەشەکانی سەرەوەی کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ


● زار : زار سەرەتای لوولەکانی هەرس و کەناڵی چوونە ناوەوەی کۆئەندامی هەرسە. زار لە دوو بەش پێکهاتووە: «هڵۆڵی زار» (Oral Cavity) لەگەڵ ددانەکان کە خۆراک ورد دەکەن و زمان کە خۆراکەکە بە «دەردراوەکانی لیک» (Saliva) تێکەڵ و نەرم دەکات. لێرەدا، جووتن، تێکەڵکردن و قووتدانی ماددە خواردەمەنییەکان ڕوودەدات. لە زاری مرۆڤدا، بە گشتی ٣٢ ددانی هەمیشەیی هەیە. ددانەکان چوار گرووپی جیاوازیان هەیە. ئەم ددانانە بریتین لە ددانەکانی پێش، نێش، ئاشی چووکە و ئاشی گەورە. خۆراک لە زاردا تووشی هەرسکردنی میکانیکی دەبێت و دەگۆڕێت بۆ گەردیلە بچووکەکان.

● ڕژێنەکانی لیک : ئەم ڕژێنانە لە ڕاستیدا ڕژێنەی دەرەکین کە لیک لە هڵۆڵی زاردا بەرهەم دەهێنن. ئەوان ئەنزیمێک بە ناوی ئامیلاز دەردەدەن کە یارمەتی وردکردنی نیشاستە دەدات بۆ مالتۆز. سێ جۆر ڕژێنەی لیک هەیە، کە بریتین لە ڕژێنەی ژێرزمان، بنانگوێ (Parotid)، ژێرشەوێلاکە (Submandibular). هەرسکردنی کیمیایی لە زاردا لە ڕێگای ئەم ئەنزیمانە دەکرێت کە زۆر کەمە. هاندەرە خواردەمەنییەکان وەک بۆن و وێنەی خۆراک، دەبێتە هۆی دەردانی لیک لە زاردا و لەگەڵ چوونە ناوەوەی خۆراک بۆ زار و جووتن بە ددانەکان، بەرهەمهێنانی لیک زیاتر دەبێت و جگە لە هەرسکردنی کیمیایی، دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆپەڵەی نەرم و تۆاوە لە خۆراک. هەرچەندە خواردەمەنی زیاتر بجووترێت، هەرسکردنی ئاسانتر دەبێت.

●  زمان : ئەم بەشە گرنگترین شانەی ماسوولکەییە لە هڵۆڵی زاردا کە ئەرکی جیاوازی هەیە. زمان لە ڕەوتەکانی قسەکردن و جووتندا ڕۆڵی گرنگی هەیەتی. ئەم بەشە لەگەڵ ڕوومەتەکاندا دەتوانن لە تێکەڵکردنی خۆراک بە دەردراوەکانی لیک هاوکاری بکەن. لەسەر ڕووی زماندا ڕژێنی زۆر هەن کە توانای دەردانی ئەنزیمیان هەیە. شکاندنی چەورییەکان بە لیپازی زمانی یەکێک له ئەرکەکانیانە. هەروەها لەسەر ڕووی زمان خانەگەلی تایبەت هەن بە ناوی ڕژێنەکانی تامکردن کە ئەرکیان ناسینەوەی تامی خۆراکە. لە کۆتایی قۆناخی تێپەڕبوونی خۆراک لە زاردا، تۆپەڵەی نەرمی ماددە خواردەمەنییەکان بە یارمەتی زمان و بانی زار (مەڵاشوو) لە ڕێگای «گەروو» (Throat) دەچێتە ناو «قورگ» (Pharynx).

● قورگ : ئەم بەشە لە کۆئەندامی هەرسدا لە ماسوولکە تایبەتمەندەکان پێکهاتووە کە دەتوانن تۆپەڵەی نەرمکراوی خۆراک بە یارمەتی زمانە چکۆلە ڕاستەوخۆ بۆ سوورێنچک (Esophagus) ڕێنوێنی بکەن.

● سوورێنچک : لوولەیەکی تەسکە کە لە قورگەوە تا گەدە درێژ دەبێتەوە. لە ڕووی ناوەوەی سوورێنچکدا خانەگەلێکی تایبەت هەن کە بە خانە بەڵغەمییەکان ناسراون و بە دەردانی بەڵغەم دەتوانن ڕووی سوورێنچک بۆ تێپەڕبوونی ماددە خواردەمەنییەکان لووس بکەن و ڕێگری لە زیان گەیشتن بە خانە ناوەکییەکانی سوورێنچک بکەن.


بەشەکانی خوارەوەی کۆئەندامی هەرس


● گەدە : سوورێنچک تۆپەڵەی خواردەمەنی ئامادەکراو بۆ هەرسکردن لە زمانەی کاردیای خۆیەوە دەخاتە ناو گەدەوە. گەدە (Stomach) ماسوولکەیەکی ناو بەتاڵە و قەبارەکەی لە باری ئاساییدا یەک لیترە. گەدە سەرەتای بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەرسە و گرنگترین ڕەوتکانی هەرسکردن و وردکردنی ماددە خواردەمەنییەکان لە گەدەدا ڕوودەدەن. لە گەدەدا خۆراک بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە تا ڕەوتکانی هەرسکردن لەسەری جێبەجێ بکرێت. بە هۆی بوونی شیرەی گەدە کە پڕە لە ئەنزیم و ئەسیدی گەدە، یەکەم شوێن کە خۆراک بە تەواوی تووشی هەرسکردنی کیمیایی دەبێت، ئەم بەشەیە. خانەکانی ڕووی ناوەوەی گەدە بە شێوەیەک تایبەتمەند کراون کە دەتوانن ئەنزیم و ئەسیدە بەهێزەکان وەک بیکاربۆنات بەرهەم بهێنن و بیگوازنەوە بۆ ناو بۆشایی گەدە و یارمەتی ڕەوتی وردکردنی ماددە خواردەمەنییەکان بدەن.
دەستپێکردنی شکاندن و وردکردنی کیمیایی پرۆتینەکان، مژینی هەندێک ماددەی تۆاوە لە چەوریدا وەک ئەڵکۆڵ و ئەسپرین و هەروەها هەبوونی چالاکی دژە میکرۆبی لە ئەرکە گرنگەکانی گەدەن. لێرەدا بە گرژبوون و جووڵەکانی ماسوولکەکانی، خۆراک بە شیرەی گەدە تێکەڵ دەبێت و تۆپەڵەی کیموس دروست دەبێت کە لە ڕێگەی زمانەی پیلۆری گەدەوە دەچنە ناو ڕیخۆڵە باریکەەوە.


● ڕیخۆڵە باریکە : ڕیخۆڵە باریکە (Small Intestine) لوولەیەکی درێژە کە لە ناوچەی زگدا بە شێوەی پێچاوپێچ جێگیر بووە و سێ بەشی هەیە: دوازدەهە یان دۆدینۆم (Duodenum)، «بۆش ڕیخۆڵە» (Jejunum) و «درێژ ڕیخۆڵە» (Ileum). هەر بەشێک ئەرکێکی تایبەتی لە هەرسکردن و مژینی خۆراکدا بە ئەستۆیە. ئەنزیم و خوێی زراوی کە لە جەرگ و کیسەی زراو بەرهەم هاتوون، دەگوازرێنەوە بۆ ئەم بەشە لە کۆئەندامی هەرسدا کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە وردکردن و هەرسکردنی ماددەکانی کیموس. 

تێکەڵکردنی کیموس بە شیرەی هەرسکردن، گواستنەوەی خۆراک بە خێراییەکی هێور بۆ مژینی ماددە خواردەمەنییەکان لە کاتی تێپەڕبووندا، مژینی ماددەکانی پەیدابوو لە وردکردنی کاربۆهیدرات، پرۆتین و چەورییەکان لەگەڵ ڤیتامین، کانزا و ئاو، دروستکردنی هەرسکردنی فیزیکی بە جووڵە ناوخۆییەکان له گرنگترین ئەرکەکانی ڕیخۆڵە باریکەیە.
کیموس بە هۆی گرژبوونەکانی ڕیخۆڵە باریکەەوە بە فرێکانسێکی دیاریکراو لە درێژایی ڕیخۆڵەدا بەرەو پێش دەچێت تا لە کۆتایی درێژ ڕیخۆڵەدا لەڕێی زمانەیەکەوە دەگات بە بەشی سەرەتایی ڕیخۆڵە گەورە کە ناوی ڕیخۆڵە کوێرەیە.


● پانکریاس : ئەم ئەندامە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کۆئەندامی هەرسی مرۆڤدا. پانکریاس ئەنزیم‌گەلێک دەردەدات کە یارمەتی وردکردنی پرۆتین، چەوری و کاربۆهیدرات دەدەن.

● جەرگ : ئەم ئەندامەش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کۆئەندامی هەرسی مرۆڤدا. جەرگ شلەی زراو دروست دەکات بۆ تواندنەوەی چەورییەکان و یارمەتیدان لە مژین و هەرسکردنیان. کاتێک دەریدەدات، کیسەی زراو بۆ کاتی پێویست لەناو خۆیدا کۆیدەکاتەوە.

● کیسەی زراو : کیسەی زراو ئەو شلەی که لە جەرگەوە وەریگرتبوو و هەڵیگرتبوو، کاتی گەیشتنی خۆراک به دوازدەهە، زراوەکە دەردەدات و لە ڕێگای لوولەکانی زراوەوە دەینێرێت بۆ ڕیخۆڵە باریکە.


● ڕیخۆڵە گەورە : ڕیخۆڵە گەورە (Large Intestine) لوولەیەکی ماسوولکەییە بە درێژی ١٥٠ سانتیمەتر کە خاوەنی بەشە جیاوازەکانە لەوانە: ڕیخۆڵە کوێرە (Cecum) یەکەم بەشی ڕیخۆڵە گەورە کە هاوشێوەی کیسەیەکە بە کۆتایی داخراو و لەگەڵ بەشی درێژ ڕیخۆڵەی ڕیخۆڵە باریکە پەیوەندی هەیە. دوای ئەوە «کۆلۆنی بەرەوسەر» (Ascending Colon)، «کۆلۆنی ئاسۆیی» (Transverse Colon) و «کۆلۆنی بەرەوخوار» (Descending Colon) هەن کە بە ڕیخۆڵە ڕاستە (Rectum) کۆتایی دێن. شوێنی بەستنەوەی ڕیخۆڵە گەورە بە ڕیخۆڵە ڕاستەوە بەشێکە بە ناوی «کۆلۆنی سیگمۆید» (Sigmoid Colon).

لە ناوچەی ڕیخۆڵە گەورەدا پێکهاتەیەکی هاوشێوەی کیسە لە جۆری شانەی ڕیخۆڵە بە ناوی ئەپێندیکس (Appendix) جێگیر بووە. شوێنی دیاریکراوی ئەپێندیکس لە خوارەوەی ڕیخۆڵە گەورە و لای ڕاستی جەستەیە. شانەی لیمفاوی ئەپێندیکس نیشاندەری ئەو ڕۆڵەیە کە ئەم بەشە لە کاردانەوە بەرگرییەکانی جەستەدا هەیەتی. ئەم ئەندامە لە جەستەی مرۆڤدا «جێماوی جینیتیکی»ـە (Vestigial) و یارمەتی لەناوبردنی پیسی و چڵککردن دەدات لە جەستەدا. لە ڕاستیدا هۆکارەکانی پیسی و چڵککردن لە ئەپێندیکسدا ڕادەگیرێن.
شکاندنی زیاتری ماددە هەرسکراوەکانی ماوە، مژینی زیاتری ئاو، ئێلێکترۆلیت و ڤیتامینەکان بە بەکتریاکانی ڕیخۆڵە، گواستنەوەی ماددە زێدەکان بەرەو ڕیخۆڵە ڕاستە، دەرکردن و لابردنی ماددە زێدەکان لە گرنگترین ئەرکەکانی ڕیخۆڵە گەورەن.
لە ڕاستیدا ئەو ماددانەی کە دوای جێبەجێکردنی ڕەوتکانی هەرسکردن، هەرسنەکراو دەمێننەوە، لێرەدا ئاوی ئەم تێکەڵانە وەکوو ئاوی پێویستی جەستە دەمژرێت و تۆپەڵەیەکی توند بۆ دەرکردن دروست دەبێت. ئەم تۆپەڵە بە جووڵە و گرژبوونەکانی ڕیخۆڵە گەورە لە درێژایی ئەودا، دەجووڵێت و بەرەو ڕیخۆڵە ڕاستە بەڕێدەکرێت. دواتریش لە ڕێگای میکانیزمی دەرکردنەوە کە بریتییە لە گرژبوون و شل بوونەوەی ماسوولکەکانی ئەم ناوچەیە، ماددە زێدەکان لە ڕێگای کۆمەوە دەردەکرێن.


ڕەوتکانی کۆئەندامی هەرس

لە زارەوە تا ڕیخۆڵە گەورە و کۆم، ڕەوتکانی کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ دەتوانرێت دابەش بکرێت بە قۆناخەکانی خوارەوە:
  • قووتدان
  • گرژبوون
  • دەردراوەکان
  • هەرسکردن
  • مژین
  • دەرکردن

قووتدان
قووتدان ڕەوتیەکە کە تێیدا تۆپەڵەی خواردەمەنی تێکەڵبوو لەگەڵ لیک و ئەنزیمەکانی هڵۆڵی زار بە یارمەتی لکاندنی زمان بە مەڵاشوو دەچێتە ناو قورگەوە و لەوێوە بە یارمەتی میکانیزمێکی ورد دەچێتە ناو سوورێنچکیەوە. قورگ زمانەیەکە کە ڕێگای بۆ چوار بەش هەیە. یەکێک لەوانە ئەوکە. ئەوک لە کاتی قووتداندا بە زمانەیەک بە ناوی ئێپیگلۆت دادەخرێت تا ڕێگری بکات لە چوونە ناوەوەی خۆراک بۆ ناو ئەوک. لە لایەکی ترەوە قورگ ڕێگای بۆ لووت هەیە کە ئەم ڕێگایەش بە بەرزبوونەوەی زمانە چکۆلە دادەخرێت.

گرژبوونەکان
کۆئەندامی هەرس لە سەرتاسەری لوولەکانی خۆیدا تۆپەڵەی خواردەمەنی بە گرژبوونێک بەرەو پێش دەبات و هەرسکردنی میکانیکی ماددە خواردەمەنییەکان ئەنجام دەدات. هەندێک جار ئەم گرژبوونانە بەهێزن کە دەبێتە هۆی دەردانی تۆپەڵەی خواردەمەنی لە ئەندامێکی هەرسکردنەوە بۆ ئەندامێکی تر کە لەوانە دەتوانرێت ئاماژە بە گرژبوونەکانی ناوچەی پیلۆری لە گەدە و دەردانی تۆپەڵەی کیموس بۆ دوازدەهە بکرێت. بەڵام هەندێک جار ئەم گرژبوونانە بە هێوری ئەنجام دەدرێن و ئامانجیان تێکەڵکردنی تۆپەڵەی خواردەمەنییە بە شیرەی هەرسکردنەوە. بە گشتی دوو جۆر گرژبوون لە لوولەکانی هەرسکردندا ڕوودەدات: گرژبوونە ناوخۆییەکان و گرژبوونە هەرسکەرەکان یان پێریستاڵسیس.


دەردراوەکان
لە سەرتاسەری ئەندامەکانی هەرسکردندا ژوورڕژێن و دەرڕژێنەکان هەن کە ئەنزیم و ئەسیدەکان بۆ هەرسکردنی کیمیایی ماددە خواردەمەنییەکان دەردەدەن بۆ ناو بۆشایی هەرسکردن. یەکەم دەردراوەکانی کۆئەندامی هەرس کە هەرسکردنی کیمیایی خۆراک لە زاردا دەست پێدەکەن، دەردراوەکانی ڕژێنەکانی لیکن.
گرنگترین ئەندامی هەرسکردن لە جەستەی مرۆڤدا گەدەیە کە خانەکانی بەڵغەم و ئەسیدی گەدە دەردەدەن کە دەبێتە هۆی هەرسکردنی کیمیایی خۆراک و گۆڕینی بۆ تۆپەڵەیێکی نزیک هەرسکراو بە ناوی کیموس. دەردراوەکانی تر لە ڕژێنە یارمەتیدەرەکانی کۆئەندامی هەرس وەک جەرگ، پانکریاس و کیسەی زراو دەڕژێنە ناو ڕیخۆڵە باریکە کە زیاتر ڕۆڵیان هەیە لە وردکردن و مژینی ماددە خواردەمەنییەکان لە کیموسەوە. لە سەرتاسەری دیواری ناوەوەی کۆئەندامی هەرسدا خانەگەلێک هەن کە بەڵغەم دەردەدەن و ڕووی دیواری ناوەوە لووس دەکەن بۆ تێپەڕبوونی تۆپەڵەی خۆراک، جگە لەوەش ڕێگری دەکەن لە زیان گەیشتن بە دیواری لوولەی هەرسکردن لە کاتی تێپەڕبوونی خۆراک و دەردانی ئەنزیمە وردکەرەکاندا.

هەرسکردن
کرداری هەرسکردن لە کاتی چوونە ناوەوەی خۆراک بۆ زار دەست پێدەکات، کاتێک کە ئەنزیمەکانی ناو لیک وەک ئامیلاز کاربۆهیدراتەکانی خۆراک دەگۆڕن بۆ شەکرە سادەترەکان. لە گەدەدا هەرسکردنی سەرەکی خۆراک ڕوودەدات، چونکە زۆربەی ئەنزیمەکانی هەرسکردن لەم ئەندامەدا هەن.
ئەنزیمە جیاوازەکان هەر یەکێکیان ئەرکی هەرسکردن و وردکردنی ماددە جیاوازەکانی خواردەمەنیان بە ئەستۆیە. بۆ نموونە، پرۆتیازەکان ئەرکی وردکردنی پرۆتینەکان، لیپازەکان ئەرکی وردکردنی چەورییەکان و ئامیلازەکان ئەرکی هەرسکردنی کاربۆهیدراتەکانیان بە ئەستۆیە و ئەوان دەگۆڕن بۆ لەتی چکۆلە. لە ڕیخۆڵە باریکەدا ڕەوتی هەرسکردن بەردەوام دەبێت و هەر یەکێک لە تێکەڵەکان دەگۆڕێت بۆ لەتی چکۆلەتر بۆ مژینێکی ئاسانتر. بۆ نموونە کاربۆهیدرات بۆ گلوکۆز، پرۆتینەکان بۆ ئەسیدە ئەمینییەکان و لیپیدەکان بۆ ئەسیدە چەورییەکان و گلیسرۆل وردکردن دەکرێن. لە لوولەکانی هەرسکردندا ئەسیدە نۆکلێئیکەکان دەگۆڕێن بۆ شەکری پێنتۆز، فۆسفات و بازە نایترۆجینییەکان.

لە خشتەی خوارەودا باس لە ناساندن و شوێنی جێگیربوون و کارکردی هەندێک لە ئەنزیمەکانی کۆئەندامی هەرس دەکەین.
دەستەکردنی ئەنزیمەکان ناوی ئەنزیم سەرچاوە سوبسترا (ماددەی کارلێکەر) بەرهەم
ئەنزیمی لیک لیپازی زمانی ڕژێنەکانی زمان تریگلیسرید ئەسیدە چەورییە ئازادەکان، مۆنۆ و دی گلیسرید
ئەنزیمی لیک ئامیلازی لیک ڕژێنەکانی لیک پۆلی ساکارید دی ساکارید و تری ساکارید
ئەنزیمی هەرسکردنی گەدە لیپازی گەدە خانە سەرەکییەکانی گەدە تریگلیسرید ئەسیدە چەورییە ئازادەکان، مۆنۆ و دی گلیسرید
ئەنزیمی هەرسکردنی گەدە پێپسین خانە سەرەکییەکانی گەدە پرۆتین پێپتید
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە ئەلفا - دەکستریناز ڕیخۆڵە باریکە ئەلفا - دەکسترین گلوکۆز
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە ئینترۆپێپتیداز ڕیخۆڵە باریکە تریپسینۆجێن تریپسین
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە لاکتاز ڕیخۆڵە باریکە لاکتۆز گلوکۆز و گالاکتۆز
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە مالتاز ڕیخۆڵە باریکە مالتۆز گلوکۆز
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە نۆکلئۆتیداز و فۆسفاتاز ڕیخۆڵە باریکە نۆکلئۆتید فۆسفات، پێنتۆز و بازە نایترۆجینییەکان
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە پێپتیداز ڕیخۆڵە باریکە ئەمینۆپێپتیداز و دی پێپتیداز ئەسیدە ئەمینییەکان
ئەنزیمەکانی پەردەی کوڵکەکانی ڕیخۆڵە ساکاراز ڕیخۆڵە باریکە ساکارۆز گلوکۆز و فروکتۆز
ئەنزیمەکانی پانکریاس کاربۆکسی پێپتیداز خانەکانی ئاسیناری پانکریاس ئەسیدە ئەمینییەکانی کۆتایی کاربۆکسیلی پێپتید ئەسیدە ئەمینییەکان و پێپتید
ئەنزیمەکانی پانکریاس کیمۆتریپسین خانەکانی ئاسیناری پانکریاس پرۆتین پێپتید
ئەنزیمەکانی پانکریاس ئیلاستاز خانەکانی ئاسیناری پانکریاس پرۆتین پێپتید
ئەنزیمەکانی پانکریاس نۆکلئاز خانەکانی ئاسیناری پانکریاس ڕیبۆنۆکلئیک ئەسید و دیۆکسی ڕیبۆنۆکلئیک ئەسید نۆکلئۆتید
ئەنزیمەکانی پانکریاس ئامیلازی پانکریاس خانەکانی ئاسیناری پانکریاس نیشاستە دەکسترین، دی ساکارید و تری ساکارید
ئەنزیمەکانی پانکریاس لیپازی پانکریاس خانەکانی ئاسیناری پانکریاس تریگلیسریدی تۆاوە لە خوێی زراودا ئەسیدی چەوری و مۆنۆگلیسرید
ئەنزیمەکانی پانکریاس تریپسین

خانەکانی ئاسیناری پانکریاس پرۆتین پێپتید
مژین
ئامانجی سەرەکیی هەرسکردنی ماددە خواردەمەنییەکان و گۆڕینیان بۆ ماددە بچووکتر و سادەتر، مژینیانە بە هۆی خانە ئاپیتێلییەکان و کوڵکە ڕووییەکانی ڕیخۆڵە باریکەەوە. ماددە وردکراو و ئامادەکراوەکان بۆ مژین لە ڕووی خانەکانی ڕیخۆڵەوە دەچنە ناو خوێن یان بەشەکانی تری جەستەوە. نزیکەی هەموو ماددە خواردەمەنییە مژتراوەکان، ٨٠ لە سەدی ئێلێکترۆلایتەکان و ٩٠ لە سەدی ئاو، لە ڕیخۆڵە باریکەدا دەمژرێن.

کرداری مژینی ئاو و لیپیدەکان لە سەرتاسەری درێژایی ڕیخۆڵە باریکەدا ڕوودەدات، لە کاتێکدا مژینی پرۆتینەکان و کاربۆهیدراتەکان لە ناوچەی بۆش ڕیخۆڵەی ڕیخۆڵە باریکەدا ڕوودەدات. خوێی زراو و ڤیتامین B۱۲ لە بەشی کۆتایی درێژ ڕیخۆڵەدا دەمژرێن. کاتێک کە تۆپەڵەی ماددە نەمژراوەکان لە کۆتایی ڕیخۆڵە باریکەدا دەگوازرێنەوە بۆ ڕیخۆڵە گەورە، ماددەگەلێک وەک سێلولۆز یان فایبەرە ڕووەکییەکان، ئاو و ملیۆنان بەکتریا لە تۆپەڵەکەدا دەمێننەوە. لە خشتەی خوارەودا ماددە مژتراوەکان لە تێکەڵە خواردەمەنییەکاندا هێنراون. 
تێکەڵەی سەرەکی شێوەی مژتراو
کاربۆهیدرات مۆنۆساکاریدەکانی گلوکۆز، گالاکتۆز و فروکتۆز
پرۆتین ئەسیدە ئەمینییەکان، دی پێپتید و تری پێپتید
تریگلیسرید مۆنۆگلیسرید، گلیسرۆل و ئەسیدە چەورییە ئازادەکان
ئەسیدە نۆکلێئیکەکان پێنتۆز، فۆسفات و بازە ژیانییەکان


دەرکردن
کۆتا قۆناخ لە هەر سووڕێکی هەرسکردندا دەرکردنی ماددە هەرسنەکراوەکانە لە لوولەکانی هەرسکردنەوە. دەرکردن یان جووڵە ڕیخۆڵەییەکان بریتییە لە لابردنی تۆپەڵەی توند یان نیمچە توند لە ماددە هەرسنەکراوەکان لە لوولەکانی هەرسکردنەوە. لە جەستەی مرۆڤدا دەرکردن لە درێژایی شەو و ڕۆژدا دوو یان سێ جار ڕوودەدات بەڵام بەپێی بارودۆخی جیاوازی جەستە ئەم ژمارەیە دەکرێت کەم یان زیاتر بێت.
گرژبوونە هەرسییەکان و بەڵغەمی ڕیخۆڵە ماددە دەرکراوەکان لە درێژایی ڕیخۆڵە گەورەدا بەرەو ڕیکتۆم یان ڕیخۆڵە ڕاستە ڕێنوێنی دەکەن. ماددە دەرکراوەکان لەوێوە لە کاتی گرژبوون و شل بوونەوەی ماسوولکەکان و زمانەکان لە ناوچەی کۆمەوە لە جەستە دەردەچن.

ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:

TeachMe Anatomy

Get Body Smart

IMAIOS

Lab X change


هاوبەشکردن