کۆئەندامی میزدەر
کۆئەندامی میزدەر گورچیلەکان، میزنایەکان، مسوڵدان و میزڕۆ لەخۆدەگرێت. ئەم کۆئەندامە خوێن دەپاڵێوێت و پاشماوە و ئاوی زیادە دەردەکات. ئەم پاشماوەیە دەبێتە میز. باوترین کێشەکانی میزکردن بریتین لە هەوکردنی مسوڵدان و چڵککردنی کۆئەندامی میزدەر (UTIs).
چاوپێداخشاندن
کۆئەندامی میزدەر چییە؟
کۆئەندامی میزدەر (یان ئاوەڕۆیەکانی میز) وەک کۆئەندامی پاڵاوتنی جەستە کاردەکات. کاتێک کۆئەندامی میزدەر ژەهر و پاشماوەکان لە جەستەوە کۆدەکاتەوە، بە شێوەی میز دەیداتە دەر. بۆ دەردانی میز، دەبێ جەستە ئەم پاشماوەیە بە زنجیرەیەک ئەندام، ئاوەڕۆ و لوولەدا تێپەڕێنێت. کێشە پەیدابوون لە هەر هەنگاوێکی ئەم ڕەوتەدا، کاریگەری دەبێت لەسەر توانای میزکردن بە شێوەیەکی ئاسایی.ئەندامە سەرەکییەکانی کۆئەندامی میزدەر بریتین لە:
● دوو گورچیلە (ئەندامەکانی پاڵاوتنی خوێن).
● دوو میزنای (ئەو لوولانەی گورچیلەکان بە مسوڵدانەوە دەبەستنەوە).
● یەک مسوڵدان (ئەندامێکە کە میز لەخۆیدا هەڵدەگرێت).
● یەک میزڕۆ (لوولەیەکە بەستراوەتەوە بە مسوڵدانەوە کە ڕێگە بە میزکردن دەدات تا لە جەستەت دەربچێت).
کردار
ئەرکی سەرەکیی کۆئەندامی میزدەر چییە؟
کۆئەندامی میزەدەر، خوێن دەپاڵێوێت بۆ دەرکردنی ئەوەی جەستە پێویستی پێی نییە. ئاو و خوێی زیادە، ژەهر و پاشماوەی تر لەناو دەبات. بەشە جیاوازەکانی کۆئەندامی میزدەر ئەرکگەلێک ئەنجام دەدەن، لەوانە:● پاڵاوتنی خوێن
● جیاکردنەوەی ژەهرە ناپێویستەکان لە ماددە خۆراکیەکانی پێویستی جەستە
● هەڵگرتن و گواستنەوەی میز بۆ دەرەوەی جەستە
کۆئەندامی میز چۆن خوێن دەپاڵێوێت؟
گورچیلەکان بەشی سەرەکین لە پاڵاوتنی خوێندا. چۆنیەتی کارکردنی کۆئەندامی میزدەر ئاوایە:
1. خوێن لە ڕێگەی زۆرێک لە سوورڕەگە بچووکەکانەوە دەچێتە ناو هەر گورچیلەیەکەوە.
2. گورچیلەکان خوێن دەپاڵێون و ژەهرەکان لە ماددە خۆراکیەکان جیا دەکەنەوە.
3. ڤیتامینەکان، کانزاکان، ماددە خۆراکیەکان و پرۆتینەکان دەگەڕێنەوە ناو خوێن.
4. پاشماوەکان و میز لە گورچیلەکانەوە لە ڕێگەی میزنایەکانەوە بۆ مسوڵدان دەڕۆن.
5. مسوڵدان میز هەڵدەگرێت هەتا مرۆڤ دەچێتە ئاودەست.
6. میز لە ڕێگەی میزڕۆ لە جەستە دەردەچێت.
ئەناتۆمی
ئەندامەکانی کۆئەندامی میز چین؟
گورچیلە، میزنای، مسوڵدان و میزڕۆ کۆئەندامی میزدەر پێکدێنن. هەموویان پێکەوە کاردەکەن بۆ پاڵاوتن و هەڵگرتن و لابردنی پاشماوەی شلە لە جەستەتدا. هەموو ئەندامەکانی کۆئەندامی میزدەر لە ناوچەی زگ و لەگەندان.ئەرکی هەر یەک لەو ئەندامانە ئاوایە:
● گورچیلەکان . ئەم ئەندامانە بەردەوام کاردەکەن. خوێن دەپاڵێون و میز دروست دەکەن کە دواتر لە جەستە دەردەچێت. دوو گورچیلە لە دوو لای پشتی زگ و دروست لەژێر قەفەزی سینگدان. قەبارەی هەر گورچیلە نزیکەی مستی کەسەکەیە. گورچیلەکان زۆر کاردەکەن و ڕۆژانە نزیکەی ١٢٠ بۆ ١٥٠ کوارت (١١٣.٦ بۆ ١٤١.٩٥ لیتر) خوێن دەپاڵێون کە ڕۆژانە نزیکەی ١ بۆ ٢ کوارت (٠.٩٥ بۆ ١.٩٥ لیتر) میز بەرهەم دێنێت.
● میزنایەکان . ئەم دوو لوولە باریکە لەناو لەگەندا، میز لە گورچیلەکانەوە دەگوازنەوە بۆ مسوڵدان. درێژیی هەر میزنایێک نزیکەی ٩ ئینچ (نزیک 23 سانتیمەتر) دەبێت.
● مسوڵدان . مسوڵدان میز هەڵدەگرێت هەتا مرۆڤ ئامادە دەبیت بۆ بەتاڵکردنی (میزکردن). ئەم ئەندامه ناوبەتاڵە، لە ماسولکە دروستکراوە و شێوەی فوودانەیێکی سێگۆشەیە. مسوڵدان به پڕبوون، فرەوان دەبێت. زۆربەی مسوڵدانەکان دەتوانن تا ٢ کوپ (٥٠٠ میلیلیتر) میز لە یەک کاتدا هەڵبگرن. میزکردن هەمان بەتاڵکردنی مسوڵدانە.
● میزڕۆ . ئەم لوولەیە میز لە مسوڵدانەوە بۆ دەرەوەی جەستەت دەبات. هەرکەس دوو ماسولکەی ئیسفەنکتێری هەیە کە مسوڵدان دادەخەن بۆ ئەوەی میز لەناویدا بمێنێتەوە. ئەم ماسولکە بازنەییانە دەکرێنەوە و دادەخرێن بۆ ئەوەی میز بکەنە دەرەوە. هەندێک جار، ئەم ماسولکانە لاواز دەبن و میز ڕاگرتن قورس دەبێت.
نەخۆشی و تێکچوونەکان
چ نەخۆشی و هۆکارگەلێک کاریگەرە لەسەر کۆئەندامی میزدەر؟
زۆر هۆکار دەتوانن کاریگەری دانێن لەسەر میزنای، گورچیلەکان، مسوڵدان و میزڕۆ. چڵککردن، نەخۆشی یان کێشەکان دەتوانن زگماکی بن یان بە زیادبوونی تەمەن سازبن. هەروەها شێرپەنجەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەندێک بەش لە کۆئەندامی میزدە هەبێت.هەندێک لە تێکچوونە باوەکانی میزکردن بریتین لە:
چڵککردنەکان
چڵکی لوولەکانی میز و نەخۆشییە جنسییەکان (STIs) دەتوانن ببنە هۆی کێشە بۆ گورچیلەکان، میزڕۆ یان مسوڵدان. ئەم هەوکردنانە کاتێک ڕوودەدەن کە بەکتریاکان لە ڕێگەی میزڕۆوە دەچنە ناو لوولەکانی میزەوە. پزیشک یان چاوەدێری تەندروستی دەتوانێت دەرمان (بە شێوەیەکی گشتی دژە زیندەیی - ئانتی بیۆتیک) بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن بنووسێت.
بەردی گورچیلە
بەردی گورچیلە بارستەیەکی بچووکە کە له پێکەوە لکانی پاشماوەکان دروست دەبێت. بەردی گورچیلە یان بەردی میزنای (بەردی گورچیلە کە دەچێتە میزنایەوە) دەتوانێت ببێتە هۆی ژانی زۆر و ڕێگری لە ڕۆیشتنی میز.
کێشەکانی میزکردن
لەدەستدانی کۆنترۆڵی مسوڵدان یان ڕانەگرتنی میز (چرتەمیزە)، دەبێتە هۆی دزەکردنی میز کاتێک مرۆڤ نایەوێت. لەوانەیە خراپتر بێت کاتی کۆخە، پێکەنین، پشمین یان بازدان. مسوڵدانی زێدەچالاک کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ دوابەدوای یەک و لەنەکاو هەستی زۆر به پێویستیی میزکردن بکات. ڕاگرتنی میز دۆخێکە کە مسوڵدان هەر جارێک بە تەواوی بەتاڵ نابێت.
زۆرێک لەم کێشانە هاوڕێن لەگەڵ نیشانەکانی کۆئەندامی میزدەری خوارەوە، وەک پێویستی خێرا بە میزکردن، لاوازی ڕژانی میز و چرتەمیزە. دەرمان و گۆڕینی شێوازی ژیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
گیرانی لوولەکانی میز
هەبوونی تۆپەڵە یان تۆمۆر لە هەر بەشێکی لوولەکانی میزدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی میز هەبێت. گەورەبوونی پرۆستات دەتوانێت ئاوەڕۆی میز داخات و میزکردن قورس بکات. لە هۆکارەکانی تری گیرانی لوولەکانی میز دەتوانین ئاماژە بکەین به دووگیانی و کێشەکانی هەرسکردن (GI) وەک نەخۆشی کرۆن. هەروەها دەکرێت گیرانی دەرچەی مسوڵدان ڕووبدات و ڕێگری بکات لە بەتاڵبوونی تەواوی مسوڵدان. زۆرجار نەشتەرگەری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کردنەوەی لوولەکانی میز.
نەخۆشی گورچیلە
نەخۆشی گورچیلە حاڵەتێکی باو و مەترسیدارە کە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی میزدەر دەبێت. باوترین هۆکارەکانی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD)، بەرزبوونی پەستانی خوێن و شەکرەن. چاوەدێریی پەستانی خوێن و شەکری خوێن زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە. نەخۆشی گورچیلە دەتوانێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە کە لەوانەیە پێویستی بە دیالیز (شوتنی خوێن) یان چاندنی گورچیلە هەبێت. لەگەڵ چاوەدێری تەندروستی یا ن پزیشک ڕاوێژ بکە دەربارەی مەترسییەکانت بۆ نەخۆشی گورچیلە تا بتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
کیستی نێوانشانەیی
ئەم نەخۆشییە کە هەروەها پێی دەکوترێت «نەخۆشی مسوڵدانی بەژان»، دەبێتە هۆی هەوکردنی مسوڵدان. دەرمان و فیزیۆتراپی دەتوانن نیشانەکانی نەخۆشی مسوڵدانی بەژان باشتر بکەن.
کێشەی پێکهاتەیی
هەندێک جار، کۆرپە بە حاڵەتێکەوە لەدایک دەبێت کە کاریگەری لەسەر شێوازی دروستبوونی کۆئەندامی میزدەری دەبێت. بۆ نموونە، «میزنای نابەجێ» (ectopic ureter) دۆخێکە کە میزنای منداڵ بە شوێنێکی ترەوە دەبەسترێتەوە جگە لە مسوڵدانەکەی. ئەندامەکانی تری کۆئەندامی میزدەریش لەوانەیە کێشەی گەشەیان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە میزکردندا.
کەوتنی مسوڵدان دۆخێکە کە مسوڵدان دەکەوێتە ناو زێیەوە یان لە دەرچەی زێیەوە دێتەدەر. هەندێک جار پێویست بە نەشتەرگەری دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکانی لوولەی میز چن؟
نیشانەکان جیاوازن بەپێی جۆری نەخۆشی. زۆریان نیشانەی هاوشێوەیان هەیە، لەوانە:● گۆڕانکاری لە چۆنیەتی میزکردندا : ئەمەش دەتوانێت چەندین نیشانەی جیاواز لەخۆبگرێت وەک کەم یان زۆر بوونی جارەکانی میزکردن و ژان لەکاتی میزکردندا.
● گۆڕانکاری لە ڕواڵەتی میزدا : لەوانەیە میز قاوەیی یان شلوێ بێت یان خوێنی تێدابێت.
● ژان لە ناوچەی زگدا : بەو پێیەی زۆربەی ئەندامەکانی میزکردن لە زگدان، ئەو کەسانەی کێشەی میزکردنیان هەیە لەوانەیە ژان، هەستکردن بە بەرکەوتن یان گوشار لەو ناوچەیەی جەستەیاندا هەبێت.
● تا، ئازاری ماسولکەکان و هەستکردن بە نەخۆشیی گشتی : هەموویان دەتوانن نیشانەی چڵککردن بن. هەروەها لەوانەیە هێڵنج یان ڕشانەوەی لەگەڵ بێت.
چ تاقیکارییەک دەتوانێت بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میزدەر بەکاربێت؟
ئەو پشکنینانە بەندن بە نیشانەکان و هۆکارەکانی ترەوە. هەندێک لە تاقیکردنەوەکان کە ڕەنگە پێویست بن بریتین لە:● شیکاریی میز . شیکاریی میز (بە پشکنینی میزیش ناسراوە) پشکنینێکە کە ڕەنگ، ڕواڵەت و تایبەتمەندییە کیمیایی و میکرۆسکۆپییەکانی میز دەپشکنێت.
● پشکنینی کارکردنی گورچیلە . ئەم پشکنینە پێوانە دەکات کە گورچیلەکان چەندە باش کاردەکەن. دەکرێت هەم پشکنینی خوێن و هەم پشکنینی میز لەخۆبگرێت.
● پشکنینی خوێن . پشکنینی خوێن دەتوانێت ئاماژەیەک بە پزیشک بدات کە چی لەناو جەستەدا ڕوودەدات. پشکنینی خوێن دەریدەخات چ جۆرە ماددەی کیمیایی، پرۆتین و ماددەکانی تر لە خوێندا هەیە.
● نمونەگرتن لە لوولەکانی میز . هەروەها پێی دەوترێت تاقیکردنەوەی دەردانی لوولەکانی میز، ئەم پشکنینە بریتییە لە کۆکردنەوەی نمونەی دەردانی کەناڵەکانی میز بۆ پشکنین.
● چاندنی میز . بریتییە لە چاندن و گەشەکردنی بەکترییەکان لە نمونەی میزدا. پزیشک یان پسپۆڕ لەوانەیە بۆ دیاریکردنی چڵککردنی میز (UTI)، ئەم پشکنینە پێشنیار بدات. ئەمەش یارمەتیان دەدات بە وردی بزانن کە چ بەکتریایەک بووەتە هۆی چڵککردن.
● تاقیکردنەوەکانی وێنەگری . لەوانەیە پزیشک بۆ دیاریکردنی هێندێک نەخۆشی، پشکنینی وێنەگرتن پێشنیار بدات. لەوانە سۆنۆگرافی (Ultrasound)، وێنەگری به تیشکی ئێکس (X-ray)، ئێمئاڕئای (Magnetic Resonance Imaging) و سیتیسکەن (Computed Tomography).
باوترین کێشەی کۆئەندامی میزدەر چییە؟
باوترین کێشەکانی میزکردن بریتین لە چڵککردنی لوولەکانی میز (UTIs). زیاتر لە 60%ی ژنان لانیکەم یەک جار لە تەمەنیاندا تووشی چڵککردنی لوولەکانی میز دەبن.زیاتر لە نیوەی ئەوانەی منداڵیان بووە، لە ژیانیاندا تووشی ڕانەگرتنی میز دەبن، بەزۆری بەهۆی کشانی ماسولکەکانی بنی لەگەنەوە.
هەروەها بەردی گورچیلەش تاڕادەیەک باوه و لە هەر ١٠ کەس، نزیکەی یەک کەس تووشی دەبێت.
لە ئەمریکا نزیکەی ٣٧ میلیۆن کەس بە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەوە دەژین.
ئاگاداری کردن
چۆن دەتوانم کۆئەندامی میزدەرم بە تەندروستی بهێڵمەوە؟
دەتوانیت هەوڵبدەیت کۆئەندامی میزەدەرت بە پاکوخاوێنی و شێوازێکی دروستی ژیان ساخ بهێڵیتەوە. بۆ ئەوەی یارمەتی کۆئەندامی میزدەرت بدەیت بەو شێوەیەی کە پێویستە کاربکات، دەتوانیت:● ئاوی زۆر بخۆوە . هیدراتە مانەوە (دابینکردنی ئاو بۆ جەستە) دەبێتە هۆی پاکسازیی سیستمی ناوەوە و دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ڕێگریکردن لە بەردی گورچیلە و چڵککردنی لوولەکانی میز.
● خۆراکی هاوسەنگ بخۆ . خۆراکی کەم خوێ (سۆدیۆمی نزم) و پڕ کالیسیۆم لەوانەیە ڕێگری لە سازبوونی بەردی گورچیلە بکەن.
● مسوڵدانت بە تەواوی بەتاڵ بکە . دڵنیابە کاتی ئاودەست، هەموو میزەکەت دەردەدەیت. خۆ بپارێزە لە ڕاگرتنی میز بۆ ماوەیەکی زۆر.
● بە ڕێگای دروست خۆت خاوێن کەوە . ئەگەر زێت هەیە، پێویستە هەمیشە دوای ئاودەست، لە پێشەوە بۆ دواوە بسڕیتەوە. سڕینەوەی دروست، مەترسی چوونە ناو زێی بەکتریا و چڵککردن کەمدەکاتەو.
● دوای پەیوەندی جنسی، مسوڵدانت بەتاڵ بکەوە . ئەگەر زێت هەیە، پێویستە دوای پەیوەندی جنسی بچیە ئاودەست. میزکردنی خێرا دوای نزیکی دەتوانێت بەکتریا پاک بکاتەوە و مەترسی تووشبوونت بە UTI کەم بکاتەوە.
● پەیوەندی جنسی ساخ و هێمنت هەبێت . بە کاندۆم خۆت لە نەخۆشیی جنسی بپارێزە.
● ڕاهێنانی بنی لەگەن ئەنجام بدە . هەروەها پێی دەوترێت «وەرزشی کێگل»، ئەمانە دەتوانن مەترسی تووشبوونت بە میز ڕانەگرتن کەم بکەنەوە بە بەهێزکردنی ماسولکەکانی بنی لەگەن.
● ناوچەی زاوزێت پاک ڕابگرە . سابونی سووک و ئاو بەکاربێنە بۆ پاککردنەوەی ئەندامی زاوزێ و هەوڵبدە هەموو ڕۆژێ خۆت بشۆیت. جلی ژێرەوەی ڕاحەت و فش لەبەر بکە.
کەی پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەم ئەگەر پێم وایە لەوانەیە کێشەم لە لوولەی میزدا هەبێت؟
پێویستە پەیوەندی بە پزیشک یان پسپۆڕەوە بکەیت ئەگەر کێشە یان ئازارت هەیە کاتێک میز دەکەیت. لەوانەیە نیشانەی چڵککردن یان نەخۆشییەکی تر بن. ئەگەر ئەمانەت هەیە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە:● خوێن لە میزدا (hematuria)
● هەستکردن بە سووتانەوە، ژان یان سەختیی میزکردن
● ژان لە ناوچەی لەگەن، نێوقەد، ناوچەی ئەندامی زاوزێ یان کەلەکەکان (پشت و لاکانی زگ)
● کێشە لە ڕاگرتنی میز یان چرتەمیزە
● هەستکردن بەوەی کە شتێک لە زێیەوە دەردێت (هەست بە قیتایی یان دەرپەڕیوی)
ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:
بارکردنی سەرنجەکان...