کۆئەندامی ماسولکەیی لەش
کۆئەندامی ماسولکەیی یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی لەشی ئێمە و هۆکاری سەرەکیی جووڵەکردنمانە.
کۆئەندامی ماسولکەیی بەرپرسە لە جووڵاندنی لەشی مرۆڤ. نزیکەی ٧٠٠ ماسولکەی ناونراو هەن کە بە ئێسکەکانی کۆئەندامی ئێسکبەندییەوە بەستراونەتەوە و نزیکەی نیوەی کێشی لەشی کەسێک پێکدەهێنن. هەر یەکێک لەم ماسولکانە ئەندامێکی سەربەخۆن کە لە شانەی ماسولکەیی ئێسکان، لوولە خوێنبەرەکان، بەندۆک (تاندۆن) و دەمارەکان پێکهاتوون. هەروەها شانەی ماسولکەیی لە دڵ، ئەندامەکانی هەرسکردن و لوولە خوێنبەرەکانیشدا هەیە. لەگەڵ لاجاندا بن تا زیاتر ئاشنای ئەم کۆئەندامە گرنگەی لەش ببین.
جۆرەکانی ماسولکە
سێ جۆر شانەی ماسولکەیی هەیە: ماسولکەی خۆنەویست، ماسولکەی دڵ و ماسولکەی ئێسکان.ماسولکەی خۆنەویست : ماسولکەی خۆنەویست لە ناو ئەندامەکانی وەک گەدە، ڕیخۆڵە و لوولە خوێنبەرەکاندا دەبینرێت. لاوازترین ماسولکەیە لە نێو هەموو شانە ماسولکەییەکاندا؛ بۆ جووڵاندنی ئەو ماددانەی کە لە ناو ئەندامەکاندان، ئەندامەکان وێکدێنێت. لەبەر ئەوەی ماسولکەی خۆنەویست لەلایەن بەشی خۆنەویستی مێشکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بە ماسولکەی خۆنەویست ناسراوە - واتە ڕاستەوخۆ لەلایەن زەینی خۆویستوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەم ماسولکەیە بەو هۆیە ناوی «لووس»یشی لێنراوە کە کاتێک لەژێر مایکرۆسکۆپدا سەیری دەکرێت، دیمەنێکی زۆر لووس و یەکسانی هەیە.
ماسولکەی دڵ : ماسولکەی دڵ تەنیا لە دڵدا دەدۆزرێتەوە و بەرپرسە لە پاڵدانی خوێن بۆ هەموو لەش. ماسولکەی دڵ بە ئاگاییەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بۆیە ماسولکەیەکی خۆنەویستیە. لە کاتێکدا هۆرمۆنەکان و ئەو سیگناڵانەی کە لە مێشکەوە وەردەگیرێن خێرایی لێدانی دڵ کۆنتڕۆڵ دەکەن، ماسولکەی دڵ خۆی هاندەدات بۆ وێکهاتن. ترپەسازی سروشتیی دڵ لە شانەی ماسولکەی دڵ دروست بووە و خانەکانی تری ماسولکەی دڵ هان دەدات بۆ گرژبوون. خانەکانی شانەی ماسولکەی دڵ هێڵدارن - کاتێک لەژێر مایکرۆسکۆپدا سەیر دەکرێن، دیمەنێکیان هەیە کە پێکهاتووە لە هێڵی تاریک و ڕووناک (ڕێکخستنی ڕیشاڵە پرۆتینییەکان لە ناو خانەکاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم دیمەنە). خانەکانی ماسولکەی دڵ لقلقن و بە توندی و لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تایبەتەوە کە پێی دەوترێت "دیسکی نێوانخانەیی" بە یەکەوە بەستراونەتەوە. ئەم پێکهاتە لقلقە و دیسکە نێوانخانەییەکان ڕێگە بە خانەکانی ماسولکەی دڵ دەدەن کە بەرگەی پەستانی بەرز و ڕاکێشانی بەهێزی خوێن بگرن لە هەموو ماوەی تەمەندا. ئەم تایبەتمەندییانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی سیگناڵە کارەبا-کیمیاییەکان بە خێرایی لە خانەیەکەوە بۆ خانەیەکی تر بگوازرێنەوە، بۆیە دڵ دەتوانێت وەک یەک یەکەی ترپەدار لێبدات.
ماسولکەی ئێسکان : ماسولکەی ئێسکان تاکە شانەی ماسولکەیی خۆویستە لە لەشی مرۆڤدا - واتە ئاگادارانە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. هەر کردارێکی فیزیکی کە مرۆڤ بە خۆویست دەیکات (وەک قسەکردن، ڕۆیشتن یان نووسین) پێویستی بە ماسولکەی ئێسکان هەیە. ئەرکی ماسولکەی ئێسکان گرژبوونە بۆ جووڵاندنی بەشێک لە لەش و نزیککردنەوەی لەو ئێسکەی کە ماسولکەکەی پێوە بەستراوە. زۆربەی ماسولکە ئێسکانیەکان بە دوو ئێسکەوە بەستراونەتەوە کە جومگەیەک دروست دەکەن. خانەکانی ماسولکەی ئێسکان وەک ماسولکەی دڵ هێڵدارن. ڕیشاڵەکانی ماسولکەی ئێسکان زۆر بەهێزن. ناوی ماسولکەی ئێسکان لەو ڕاستییەوە هاتووە کە ئەم ماسولکانە هەمیشە لانیکەم لە شوێنێکدا بە ئێسکەوە بەستراونەتەوە.
ماسولکەی ئێسکان
زۆربەی ماسولکە ئێسکانیەکان لە ڕێگەی بەندۆک (تاندۆن)ەوە بە دوو ئێسکەوە بەستراونەتەوە. بەندۆکەکان بەندێکی توندی شانەی بەستەرە کە ڕیشاڵە کۆلاجینە بەهێزەکانیان ماسولکەکان بە توندی بە ئێسکەکانەوە دەبەستنەوە. کاتێک ماسولکەکان بەندۆکەکان ڕادەکێشن، بەندۆکەکان دەکەونە ژێر پەستانێکی زۆرەوە، بۆیە بەندۆکەکان زۆر بەهێزن و بە ڕووکێشی ماسولکە و ئێسکەکانەوە بەستراونەتەوە.
ماسولکەکان بە کورتکردنەوەی درێژیی خۆیان دەجوڵێن، بەندۆکەکان ڕادەکێشن و ئێسکەکان دەجوڵێنن و بە یەکەوە نزیک دەکەنەوە. یەکێک لە ئێسکەکان بەرەو ئێسکەکەی تر کە ڕاوەستاوە، ڕادەکێشرێت. ئەو بەشەی ئێسکی جێگیر کە لە ڕێگەی بەندۆکەوە بە ماسولکەوە بەستراوەتەوە، پێی دەوترێت "بنەڕەت" (Origin). ئەو بەشەی ئێسکی جوڵاو کە لە ڕێگەی بەندۆکوە بە ماسولکەوە بەستراوەتەوە، پێی دەوترێت "لکاندن" (Insertion). ئەو بەشە ناوەندییەی ماسولکە کە لە نێوان بەندۆکەکاندا هەڵکەوتووە و بەشی گۆشتینی ماسولکەیە، وێکهاتن (گرژبوون)ی ڕاستەقینەی ماسولکە ئەنجام دەدات.
ناوەکانی ماسولکە ئێسکانیەکان
ماسولکە ئێسکانیەکان لەسەر بنەمای چەندین هۆکار ناودەنرێن، لەوانە: شوێنی هەڵکەوتن، بنەڕەت و لکاندن، ژماری بنەڕەت، شێوە، قەبارە، ئاراستەی ڕیشاڵەکان و ئەرک.شوێنی هەڵکەوتن: زۆرێک لە ماسولکەکان ناویان لە شوێنی هەڵکەوتنیانەوە وەرگرتووە. بۆ نموونە ماسولکەی ڕاستی زگ (سک) و ماسولکەی لاری زگ لە ناوچەی زگدا هەڵکەوتوون. هەندێک ماسولکە وەک "تیبیالیسی پێشەوە" (بە بەشی پێشەوەی ئێسکی درشتەنییەوە بەستراوە) بەپێی ئەو بەشەی ئێسک ناودەنرێن کە پێوەی بەستراون. ماسولکەکانی تریش بە تێکەڵەیەک لەم دوو حاڵەتە ناودەنرێن، وەک ماسولکەی "براکیۆڕادیالیس" کە لە ناوچەی باسکدایە و بە ئێسکی زەندی سەرەوە بەستراوەتەوە.
بنەڕەت و لکاندن: هەندێک ماسولکە بەپێی پەیوەندییان بە ئێسکی جێگیر (بنەڕەت) و ئێسکی جوڵاو (لکاندن) ناودەنرێن. ئەگەر ناوی ئەو ئێسکانەت لەبیر بێت کە ئەم ماسولکانە پێوەیان بەستراون، ناسینەوەیان ئاسان دەبێت. نموونەی ئەم ماسولکانە بریتین لە "ستێرنۆکلایدۆماستۆئید" (ماسولکەیەک کە ئێسکی سینگ و کۆڵەمە بە زێدەی ماستۆئیدی کەللەسرەوە دەبەستێتەوە) و "ئۆکسیپیتۆفرۆنتالیس" (ماسولکەیەک کە ئێسکی پشتەسەری بە ئێسکی پێشەوەی کەللەسرەوە دەبەستێتەوە).
ژمارەی بنەڕەت: هەندێک ماسولکە بە زیاتر لە ئێسکێک یان زیاتر لە شوێنێکی ئێسکێکەوە دەبەسترێنەوە، بۆیە زیاتر لە بنەڕەتێکیان هەیە. ماسولکەیەک کە دوو بنەڕەتی هەبێت، پێی دەوترێت "دووسەر". ماسولکەیەک کە سێ بنەڕەتی هەبێت، پێی دەوترێت "سێسەر". ماسولکەیەکیش کە چوار بنەڕەتی هەبێت، پێی دەوترێت "چوارسەر".
شێوە، قەبارە و ئاراستە: هەندێک ماسولکە بەپێی شێوەیان ناودەنرێن. بۆ نموونە ماسولکەی "دێلتۆئید" شێوەی دێلتا یان سێگۆشەی هەیە. ماسولکەکانی "سێراتوس" شێوەی ددانەدار یان شانهییان هەیە. ماسولکەی "ڕۆمبۆئید"ی گەورە شێوەی بادامی هەیە. قەبارەی ماسولکە دەتوانرێت بۆ جیاکردنەوەی دوو ماسولکە بەکاربهێنرێت کە لە یەک ناوچەدان. ناوچەی سەرین (گلوتێئال) سێ ماسولکەی تێدایە کە قەبارەیان جیاوازە - گلوتیۆس ماکسیموس (سەرینی گەورە)، گلوتیۆس میدیوس (سەرینی مامناوەند) و گلوتیۆس مینیموس (سەرینی بچووک). لە کۆتاییدا، ئاراستەی ڕیشاڵە ماسولکەییەکانیش دەتوانرێت بۆ ناسینەوەی ماسولکە بەکاربهێنرێت. لە ناوچەی زگدا چەندین کۆمەڵە ماسولکە هەن. ئەو ماسولکانەی کە ئاراستەی ڕیشاڵەکانیان لە سەرەوە بۆ خوارەوەی زگە، پێیان دەوترێت ڕاستی زگ؛ ئەوانەی ئاراستەیان ئاسۆیییە، پێیان دەوترێت ئاسۆیی زگ؛ و ئەوانەی ئاراستەیان لارە، پێیان دەوترێت لاری زگ.
ئەرک: هەندێک ماسولکەش بەپێی ئەرکیان ناودەنرێن. زۆرێک لە ماسولکەکانی قۆڵ بەهۆی ئەوەی لە یەک ناوچەدان و شێوە و قەبارەیان هاوشێوەیە، بەپێی ئەرکیان ناودەنرێن. بۆ نموونە، کۆمەڵە ماسولکەکانی "فلێکسەر" (چەمێنەر)ی قۆڵ، مەچەک و پەنجەکان خواردەکەنەوە.
کاری کۆمەڵیی لە ماسولکەی ئێسکان
ماسولکە ئێسکانیەکان بە دەگمەن بە تەنیا کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی جووڵەیەک. زۆربەی کات وەک کۆمەڵێک کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی جووڵەی ورد. ئەو ماسولکەیەی کە جووڵەیەکی دیاریکراو دروست دەکات، پێی دەوترێت "ئاگۆنیست" یان "جوڵێنەری سەرەکی". ئاگۆنیست هەمیشە لەگەڵ ماسولکەیەکی "ئانتاگۆنیست"دا کار دەکات کە کاریگەریی پێچەوانەی ئاگۆنیست لەسەر هەمان ئێسکەکان هەیە. بۆ نموونە، ماسولکەی دووسەری باسک قۆڵ لە ئانیشکدا دەخاتەوە. وەک ئانتاگۆنیست بۆ ئەم جووڵەیە، ماسولکەی سێسەری باسکقۆڵ لە ئانیشکدا دەکاتەوە. کاتێک ماسولکەی سێسەر قۆڵ دەکاتەوە، ماسولکەی دووسەر وەک ئانتاگۆنیست دادەنرێت.
جگە لە ئاگۆنیست/ئانتاگۆنیست، ماسولکەکانی تریش بۆ پشتگیریکردنی جووڵەی ئاگۆنیست کار دەکەن. ماسولکەکانی "سینەرجیست" ئەو ماسولکانەن کە یارمەتیدەرن لە جێگیرکردنی جووڵە و کەمکردنەوەی جووڵە زیادەکان. ماسولکەکانی سینەرجیست بەزۆری لە نزیک ئاگۆنیست دەدۆزرێنەوە و زۆرجار بە هەمان ئێسکەکانەوە بەستراون. لەبەر ئەوەی ماسولکە ئێسکانیەکان شوێنی لکاندن بەرەو شوێنی بنەڕەت دەبەن و نزیک دەکەنەوە، ماسولکە جێگیرکەرەکان بە جێگیرهێشتنی شوێنی بنەڕەت یارمەتیی جووڵە دەدەن. ئەگەر شتێکی قورس بە دەستەکانت هەڵبگریت، ماسولکە جێگیرکەرەکانی ناوچەی بەژن، لەشت ڕاست و بێجووڵە دەهێڵنەوە، بۆیە کاتێک شتەکە هەڵدەگریت هاوسەنگیت دەپارێزیت.
شانەناسیی ماسولکەی ئێسکان
ڕیشاڵەکانی ماسولکەی ئێسکان بەهۆی ئەرکە زۆر تایبەتەکەیانەوە، جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ شانەکانی تری لەشدا هەیە. زۆرێک لە ئەندامۆچکەکانی کە ڕیشاڵە ماسولکەییەکان دروست دەکەن، تایبەتن بەم جۆرە خانانە."سارکۆلیما" پەردەی خانەی ڕیشاڵە ماسولکەییەکانە. سارکۆلیما وەک گەیەنەرێک کار دەکات بۆ سیگناڵە کارەبا-کیمیاییەکان کە دەبنە هۆی هاندانی خانە ماسولکەییەکان. سارکۆلیما بە لوولە ئاسۆییەکان (T-tubules)ەوە بەستراوەتەوە و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سیگناڵەکان بۆ ناوەندی ڕیشاڵەی ماسولکە. "تۆڕی سارکۆپلاسمی" وەک شوێنی کۆگاکردنی یۆنەکانی کەلسیۆم کار دەکات کە بۆ گرژبوونی ماسولکە زۆر گرنگە. "مایتۆکۆندریا" کە وێستگەی وزەی خانەیە، بە زۆری لە خانە ماسولکەییەکاندا هەیە و شەکرەکان دەشکێنێت و وزەی پێویست بۆ چالاکیی ماسولکە بە شێوەی ATP (ئادینۆسین تری فۆسفەیت) بەرهەمدەهێنێت. زۆربەی پێکهاتەی ڕیشاڵە ماسولکەییەکان لە "مایۆفیبریلات" (تارچهکان) دروست بووە کە پێکهاتە گرژبووەکانی خانەن. مایۆفیبریلاتەکان لە زۆرێک ڕیشاڵەی پرۆتینی دروست بوون کە بە شێوەی یەکەی دووبارەبووەوە بە ناوی "سارکۆمیر" ڕێکخراون. سارکۆمیر یەکەی کارکردنی ڕیشاڵە ماسولکەییەکانە.
پێکهاتەی سارکۆمیر
سارکۆمیر لە دوو جۆر ڕیشاڵەی پرۆتینی دروست بووە: ڕیشاڵەی ئەستوور و ڕیشاڵەی باریک.ڕیشاڵەی ئەستوور: لە یەکەی پەیوەستکراوی پرۆتینی "مایۆسین" دروست بووە. مایۆسین ئەو پرۆتینەیە کە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکە.
ڕیشاڵەی باریک: لە سێ پرۆتین دروست بووە: "ئەکتین" (ئەکتین پێکهاتەیەکی مارپێچی دروست دەکات کە بەژنی ڕیشاڵە باریکەکەیە. ئەکتین شوێنی بەستنی مایۆسینی تێدایە کە مایۆسین پێوەی دەبەسترێت و ئەکتین دەجوڵێنێت لە کاتی گرژبووندا)، "ترۆپۆمایۆسین" (ڕیشاڵەیەکی پرۆتینی درێژە کە بە دەوری ئەکتیندا دەپێچێتەوە و شوێنەکانی بەستنی مایۆسین لەسەر ئەکتین دادەپۆشێت) و "ترۆپۆنین" (بە توندی بە ترۆپۆمایۆسینەوە بەستراوە، ترۆپۆنین لە کاتی گرژبووندا ترۆپۆمایۆسین دەجوڵێنێت و لە شوێنەکانی بەستنی مایۆسین دووری دەخاتەوە).
ئەرکی شانەی ماسولکەیی
ئەرکی سەرەکیی شانەی ماسولکەیی جووڵەیە. ماسولکەکان تاکە شانەن لە لەشدا کە توانای وێکهاتنیان هەیە و بەهۆیەوە بەشەکانی تری لەش دەجوڵێنن. دووهەم ئەرکی کۆئەندامی ماسولکەیی پاراستنی دۆخ و هەڵوێستی لەشە. ماسولکەکان زیاتر لەوەی ببنە هۆی جووڵە، زۆرجار گرژ دەبن بۆ ئەوەی لەش لە دۆخی خۆیدا بهێڵنەوە یان لە بارودۆخێکی دیاریکراودا بیپارێزن. ئەو ماسولکانەی بەرپرسن لە پاراستنی هەڵوێستی لەش، بەرگرییەکی زۆریان هەیە - ئەم ماسولکانە بەبێ ماندووبوون لەش لە درێژایی ڕۆژدا ڕادەگرن.ئەرکێکی تر کە پەیوەستە بە جووڵەوە، جووڵاندنی ماددەکانە لە ناو لەشدا. ماسولکەی دڵ و ماسولکە ناوەکییەکان بەرپرسن لە گواستنەوەی ماددەکانی وەک خوێن یان خۆراک لە بەشێکی لەشەوە بۆ بەشێکی تر.
کۆتا ئەرکی شانەی ماسولکەیی بەرهەمهێنانی گەرمیی لەشە. وەک ئەنجامێک بۆ ڕێژەی بەرزی سووتوسازی گرژبوونی ماسولکە، کۆئەندامی ماسولکەییمان بڕێکی زۆر گەرمیی زیادە بەرهەمدەهێنێت. زۆرێک لە گرژبوونە بچووکەکانی ماسولکە لە لەشدا، گەرمیی سروشتیی لەشمان دروست دەکەن. کاتێک زیاتر لە ئاستی ئاسایی چالاکیمان هەیە، گرژبوونە زیادەکانی ماسولکە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و لە کۆتاییدا ئارەقکردن.
ماسولکەی ئێسکان وەکوو مەڵغە
ماسولکە ئێسکانیەکان لەگەڵ ئێسک و جومگەکاندا کار دەکەن بۆ دروستکردنی سیستمی مەڵغە. ماسولکە وەک هێزی جوڵێنەر کار دەکات؛ جومگە وەک خاڵی پاڵپشت کار دەکات؛ ئەو ئێسکەی کە بەهۆی ماسولکەوە دەجوڵێت وەک مەڵغە کار دەکات و ئەو شتەی کە دەجوڵێت وەک بار کار دەکات.سێ جۆر مەڵغە هەیە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری مەڵغەکانی لەش لە جۆری سێیەمن. مەڵغەی جۆری سێیەم سیستمێکە کە تێیدا خاڵی پاڵپشت لە کۆتایی مەڵغەکەیە و هێزی جوڵێنەر لە نێوان خاڵی پاڵپشت و بارەکەدا هەڵکەوتووە لە کۆتایی مەڵغەکە. مەڵغەی جۆری سێیەم لە لەشدا ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە ئەو مەودایەی بارەکە دەیبڕێت زیاتر بێت لە مەودای گرژبوونی ماسولکە.
یەکەکانی جووڵە
ئەو خانە دەمارییانەی کە پێیان دەوترێت "نورۆنی جووڵەیی"، ماسولکە ئێسکانیەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن. هەر نورۆنێکی جووڵەیی چەندین خانەی ماسولکەیی لە کۆمەڵەیەکدا کۆنتڕۆڵ دەکات کە پێی دەوترێت "یەکەی جووڵە". کاتێک نورۆنێکی جووڵەیی سیگناڵێک لە مێشکەوە وەردەگرێت، هەموو خانە ماسولکەییەکانی یەکەی جووڵەکەی لە هەمان کاتدا هان دەدات.قەبارەی یەکەکانی جووڵە لە هەموو لەشدا جیاوازە. ئەو ماسولکانەی جووڵەی ورد ئەنجام دەدەن - وەک ماسولکەکانی چاو یان پەنجەکان - ڕیشاڵەی ماسولکەیی زۆر کەمیان هەیە لە هەر یەکەیەکی جووڵەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی کۆنتڕۆڵی وردی مێشک بەسەر ئەم پێکهاتانەدا. ئەو ماسولکانەی پێویستیان بە هێزێکی زۆرە بۆ کارکردن -وەک ماسولکەکانی قاچ یان باسک- خانەی ماسولکەیی زۆریان هەیە لە هەر یەکەیەکی جووڵەدا. یەکێک لەو ڕێگایانەی کە لەش دەتوانێت هێزی هەر ماسولکەیەک کۆنتڕۆڵ بکات، دیاریکردنی ژمارەی یەکەکانی جووڵەیە بۆ چالاککردنیان بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکییەک. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی هەمان ئەو ماسولکانەی کە بۆ هەڵگرتنی پێنووسێک بەکاردێن، بۆ هەڵگرتنی تۆپی بۆولینگیش کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
خولی وێکهاتن (گرژبوون)
ماسولکەکان کاتێک بە سیگناڵێک لەلایەن نورۆنە جووڵەییەکانیانەوە هان دەدرێن، گرژ دەبن. نورۆنە جووڵەییەکان لە خاڵێکدا کە پێی دەوترێت "پەیوەندیی دەمار-ماسولکە" (Neuromuscular junction) پەیوەندی لەگەڵ خانە ماسولکەییەکاندا دەکەن. نورۆنە جووڵەییەکان گەیەنەرە دەمارییە کیمیاییەکان لە پەیوەندیی دەمار-ماسولکەدا دەردەدەن، کە لەوێدا پەیوەندی لەگەڵ بەشێکی تایبەتی سارکۆلیما دەکەن کە پێی دەوترێت "پەڕەی جووڵەیی کۆتایی". پەڕەی جووڵەیی کۆتایی زۆرێک کەناڵی یۆنی تێدایە کە وەک وەڵامێک بۆ گەیەنەرە دەمارییەکان دەکرێنەوە و ڕێگە بە یۆنە ئەرێنییەکان دەدەن بچنە ناو ڕیشاڵەی ماسولکە. یۆنە ئەرێنییەکان لێژاییەکی کارەبا-کیمیایی دروست دەکەن بەرەو ناوەوەی خانە، کە لە ڕێگەی کەناڵە یۆنییە کراوەکانەوە بە درێژایی سارکۆلیما و لوولە ئاسۆییەکاندا بڵاو دەبنەوە.کاتێک یۆنە ئەرێنییەکان دەگەنە تۆڕی سارکۆپلاسمی، یۆنەکانی کەلسیۆم ئازاد دەبن و دەچنە ناو مایۆفیبریلاتەکان. یۆنەکانی کەلسیۆم بە ترۆپۆنینەوە دەبەسترێن، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوەی گەردیلەی ترۆپۆنین و جووڵاندنی گەردیلەی ترۆپۆمایۆسینی دراوسێی. ترۆپۆمایۆسین لە شوێنی بەستنی مایۆسین لەسەر ئەکتین دوور دەکەوێتەوە، و ئەمەش ڕێگە بە ئەکتین و مایۆسین دەدات کە بە یەکەوە ببەسترێن.
گەردیلەکانی ATP هێز دەدەنە پرۆتینەکانی مایۆسین لە ڕیشاڵە ئەستوورەکاندا بۆ ئەوەی بچەمێنەوە و گەردیلەکانی ئەکتین لە ڕیشاڵە باریکەکاندا بجوڵێنن. پرۆتینەکانی مایۆسین وەک بێڵی بەلەم کار دەکەن، ڕیشاڵە باریکەکان ڕادەکێشن و بەرەو ناوەندی سارکۆمیر نزیک دەکەنەوە. کاتێک ڕیشاڵە باریکەکان بەرەو یەکتری ڕادەکێشرێن، سارکۆمیر کورت و گرژ دەبێت. مایۆفیبریلاتەکانی ڕیشاڵە ماسولکەییەکان لە زۆرێک سارکۆمیر دروست بوون کە لە ڕیزێکدا هەڵکەوتوون، بۆیە کاتێک هەموو سارکۆمیرەکان گرژ دەبن، خانە ماسولکەییەکان کورت دەبنەوە.
تا کاتێک ماسولکەکان بە گەیەنەرە دەمارییەکان هان دەدرێن، بەردەوام دەبن لە گرژبوون. کاتێک نورۆنی جووڵەیی دەردانی گەیەنەری دەماری دەوەستێنێت، پرۆسەی گرژبوون پێچەوانە دەبێتەوە. کەلسیۆم دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی سارکۆپلاسمی؛ ترۆپۆنین و ترۆپۆمایۆسین دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی پشووی خۆیان و ڕێگری لە بەستنی ئەکتین و مایۆسین بە یەکەوە دەکرێت. سارکۆمیر دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پشووی درێژبووەوەی خۆی.
جۆرەکانی گرژبوونی ماسولکە
هێزی گرژبوونی ماسولکە بە دوو هۆکار کۆنتڕۆڵ دەکرێت: ژماری یەکەکانی جووڵەی بەشدار لە گرژبووندا و ڕێژەی هاندانەکە کە لەلایەن کۆئەندامی دەمارەوە دەکرێت. یەک شۆکی دەماری لەلایەن نورۆنێکی جووڵەییەوە دەبێتە هۆی گرژبوونێکی کورت لە یەکەیەکی جووڵەدا. ئەم گرژبوونە بچووکە پێی دەوترێت "گرژبوونی ڕاکێشان" (Twitch). ئەگەر نورۆنی جووڵەیی چەندین سیگناڵ لە ماوەیەکی کورتدا بنێرێت، هێز و ماوەی گرژبوونی ماسولکە زیاد دەکات. ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت "کۆبوونەوەی کاتی" (Temporal summation). ئەگەر نورۆنی جووڵەیی زۆرێک شۆکی دەماری بە خێرایی و بەردەوام بنێرێت، لەوانەیە ماسولکە بچێتە دۆخی "تیتانی" (Tetanus)، یان بە تەواوی و بەردەوام گرژ ببێت. تا کاتێک خێرایی سیگناڵی دەماری کەم ببێتەوە یان ماسولکە زۆر ماندوو ببێت، ماسولکە لە دۆخی تیتانیدا دەمێنێتەوە.هەموو گرژبوونە ماسولکەییەکان نابنە هۆی جووڵە. گرژبوونە ئایزۆمەترییەکان (Isometric) گرژبوونی لاوازن کە ڕاکێشانی ماسولکە زیاد دەکەن بەبێ ئەوەی هێزی پێویست بخەنە سەر بەشێکی لەش بۆ جووڵاندنی. کاتێک خەڵک لەشیان بەهۆی فشاری دەروونییەوە ڕەق دەکەن، خەریکی ئەنجامدانی گرژبوونی ئایزۆمەتریین. ڕاگرتنی شتێک و پاراستنی هەڵوێستی لەشیش ئەنجامی گرژبوونە ئایزۆمەترییەکانە. ئەو گرژبوونەی کە دەبێتە هۆی جووڵە، گرژبوونی ئایزۆتۆنییە (Isotonic). گرژبوونە ئایزۆتۆنییەکان پێویستن بۆ گەشەپێدانی بارستەی ماسولکە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی قورساییەوە.
"تۆنی ماسولکەیی" بارودۆخێکی سروشتییە کە تێیدا ماسولکەی ئێسکان تا ڕادەیەک لە هەموو کاتێکدا گرژ دەمێنێتەوە. تۆنی ماسولکەیی ڕاکێشانێکی لاواز لە ماسولکەدا دابین دەکات بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیشتن بە ماسولکە و جومگەکان لە کاتی جووڵەی لەناکاودا، هەروەها یارمەتیدەرە لە پاراستنی دۆخ و هەڵوێستی لەش. هەموو ماسولکەکان لە هەموو کاتێکدا ڕێژەیەک لە تۆنی ماسولکەیی دەپارێزن، مەگەر ئەوەی پەیوەندیی ماسولکە لەگەڵ کۆئەندامی دەماریی ناوەندی بەهۆی زیانی دەمارییەوە پچڕابێت.
جۆرەکانی ئەرکی ڕیشاڵە ماسولکە ئێسکانیەکان
ڕیشاڵە ماسولکە ئێسکانیەکان دەتوانرێن بەپێی چۆنیەتی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزە تیایاندا دابەش بکرێن بۆ دوو جۆر: جۆری یەکەم و جۆری دووهەم.ڕیشاڵەی جۆری یەکەم لە گرژبوونەکانیاندا زۆر لەسەرەخۆ و پێوانەیین. ئەم ڕیشاڵانە بەرگرییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر ماندووبوون، چونکە هەناسەدانی هەوایی بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە شەکر. ڕیشاڵەی جۆری یەکەم لە ماسولکەکانی هەموو لەشدا هەن بۆ بەرگری و پاراستنی هەڵوێستی لەش. لە ناوچەکانی بڕبڕەی پشت و مل ڕێژەیەکی بەرزی ڕیشاڵەی جۆری یەکەم هەیە کە یارمەتیدەرن لە ڕاگرتن و پاراستنی هەڵوێستی لەش لە درێژایی ڕۆژدا.
ڕیشاڵەی جۆری دووهەم دابەش دەبن بۆ دوو ژێرگرووپ: جۆری دووهەمی A و جۆری دووهەمی B. ڕیشاڵەی جۆری دووەمی A خێراتر و بەهێزترن لە جۆری یەکەم، بەڵام بەرگرییەکی زۆریان نییە. ڕیشاڵەی جۆری دووهەمی A لە هەموو لەشدا دەدۆزرێنەوە، بەڵام لە قاچەکاندا ڕێژەیەکی بەرزیان هەیە کە لە درێژایی ڕۆژێکی درێژدا کە پڕە لە ڕۆیشتن و وەستان، پشتگیریی لەشت دەکەن. ڕیشاڵەی جۆری دووهەمی B تەنانەت خێراتر و بەهێزترن لە جۆری دووهەمی A، بەڵام بەرگرییەکی کەمتریان هەیە. بەهۆی نەبوونی "مایۆگلۆبین" (پرۆتینێک کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە کۆگاکردن و ئازادکردنی ئۆکسیجین لە ماسولکەکاندا) لە ڕیشاڵەی جۆری دووهەمی Bدا، ئەم ڕیشاڵانە ڕەنگێکی ڕووناکتریان هەیە بە بەراورد بە جۆری یەکەم و جۆری دووهەمی A. ڕیشاڵەی جۆری دووهەمی B لە هەموو لەشدا دەدۆزرێنەوە، بەڵام بە تایبەتی لە بەشی سەرەوەی لەشدا ڕێژەیەکی بەرزیان هەیە کە خێرایی و هێز دەدەنە باسکەکان و سینگ.
سووتوساز و ماسولکە
ماسولکەکان بەپێی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا کار دەکەن، وزەی خۆیان لە سەرچاوەی جیاوازەوە بەدەست دەهێنن. ئەو ماسولکانەی کە هەناسەدانی هەوایی بەکاردەهێنن، بۆ بەرهەمهێنانی هێزێکی کەم تا مامناوەند بەکاردێن. هەناسەدانی هەوایی پێویستی بە ئۆکسیجینە بۆ دروستکردنی نزیکەی ٣٦ بۆ ٣٨ گەردیلەی ATP لە یەک گەردیلەی گلۆکۆزەوە. هەناسەدانی هەوایی زۆر کارایە و تا کاتێک ماسولکە بڕی پێویست ئۆکسجین و گلۆکۆز وەربگرێت، دەتوانێت بەردەوام بێت و ماسولکە لە دۆخی گرژبووندا بهێڵێتەوە. کاتێک ماسولکەکان بۆ بەرهەمهێنانی هێزێکی زۆر بەکاردەهێنرێن، ماسولکەکان ئەوەندە توند گرژ دەبن کە خوێنی هەڵگری ئۆکسجین ناتوانێت بچێتە ناو ماسولکە. ئەم بارودۆخە وا لە ماسولکە دەکات کە بۆ دروستکردنی وزە "هەڵهاتنی ترشی لاکتیک" (جۆرێک لە هەناسەدانی بێهەوا) بەکاربهێنێت. هەناسەدانی بێهەوا کارایی کەمتری هەیە بە بەراورد بە هەناسەدانی هەوایی - لە هەناسەدانی بێهەوادا تەنیا ٢ گەردیلەی ATP بۆ هەر گەردیلەیەک گلۆکۆز بەرهەمدەهێنرێت. ماسولکەکان کاتێک کۆگا وزەییەکانیان لە ڕێگەی هەناسەدانی بێهەواوە دەسووتێنن، بە خێرایی ماندوو دەبن.
بۆ پاراستنی چالاکیی ماسولکەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر، ڕیشاڵە ماسولکەییەکان چەندین سەرچاوەی وزەیان تێدایە. "مایۆگلۆبین"، پیگمێنتێکی سوورە لە ماسولکەکاندا، ئاسنی تێدایە و ئۆکسجین کۆگا دەکات بە شێوەیەک هاوشێوەی هیمۆگلۆبین لە خوێندا. ئەو ئۆکسجینەی کە لە ڕێگەی مایۆگلۆبینەوە دەست دەکەوێت، ڕێگە بە ماسولکەکان دەدات کە لە نەبوونی ئۆکسیجینی خوێندا بەردەوام بن لە هەناسەدانی هەوایی. ماددەیەکی کیمیایی تر کە یارمەتیی ماسولکەکان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە چالاکی، "کریاتین فۆسفەیت"ە. خانەکان وزە بە شێوەی ATP بەکاردەهێنن، گۆڕینی ATP بۆ ADP (ئادینۆسین دی فۆسفەیت) دەبێتە هۆی ئازادبوونی وزەکەی. کریاتین فۆسفەیت گرووپی فۆسفەیتەکەی خۆی دەداتە ADP بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە ATP و وزەی زیادە بۆ ماسولکەکان دابین بکات. لە کۆتاییدا، ڕیشاڵە ماسولکەییەکان وزەی کۆگاکراویان هەیە بە شێوەی "گلایکۆجین"، کە گەردیلەیەکی گەورەیە و لە بڕێکی زۆر گلۆکۆزی پەیوەستکراو دروست بووە. ماسولکە چالاکەکان گەردیلەکانی گلایکۆجین دەشکێنن بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی خانە.
کاتێک ماسولکەکان وزە بە هەردوو شێوەی هەوایی و بێهەوا بەکاردەهێنن، بە خێرایی ماندوو دەبن و توانای گرژبوونیان لەدەست دەدەن. ئەم بارودۆخە پێی دەوترێت "ماندووبوونی ماسولکە". ماسولکەی ماندوو بڕێکی زۆر کەم ئۆکسجین، گلۆکۆز یان ATPی تێدایە، بەڵام لە بەرامبەردا بڕێکی زۆر ماددەی زیادی هەناسەدانی وەک ترشی لاکتیک و ADP تێدایە. دوای چالاکی، لەش دەبێت ئۆکسجینی زیادە وەربگرێت و ئەو ئۆکسجینەی کە لە مایۆگلۆبینی ڕیشاڵە ماسولکەییەکاندا کۆگا کرابوو و لە هەناسەدانی هەواییدا بەکارهاتبوو، جێگرەوەی بکاتەوە و دواتر سەرچاوەکانی ناو خانە نوێ دەبنەوە. "قەرزی ئۆکسجین" (Oxygen debt) ئەو ناوەیە کە بۆ ئەو ئۆکسجینە زیادەیە بەکاردێت کە لەش دەبێت وەریبگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆگاکانی ماسولکەی خیریکی پشوودان. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی دوای چالاکییەکی توند بۆ چەند خولەکێک خێرایی و توندیی هەناسەدان زیاد دەکات، لەش هەوڵ دەدات خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:
بارکردنی سەرنجەکان...