کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ
لە سفر تا سەد + پێکهاتە و کارکرد
کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ لە تۆڕێکی بەربڵاوی سوورڕەگ، ڕەشڕەگ و مووڕەگ پێکهاتووە کە خوێن بە هۆی گرژبوون و شلبوونی ماسوولکەی دڵەوە لە ناویاندا دەسووڕێتەوە. ئەرکی سەرەکی کۆئەندامی سووڕی خوێن کە لەم وتارەدا باسی دەکەین، گەیاندنی گازی هەناسەدان، ماددە خۆراکییە پێویستەکان، کانزاکان و هۆرمۆنەکانە بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش. جگە لەمانە، کۆئەندامی سووڕی خوێن بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی پاشماوەکانی میتابۆلیزم و ژەهرەکان لە خانەکان و شانەکان و گواستنەوەیان بۆ ئەندامەکانی وەک جەرگ و گورچیلە بۆ پاککردنەوە یان دەرکردن لە لەشە.
کۆئەندامی سووڕی خوێن چییە؟
«کۆئەندامی سووڕی خوێن» (Circulatory System) یان سیستمی دڵ و ڕەگەکان، ماددە خۆراکییەکان و ئۆکسیجین دەگەیەنێتە هەموو خانەکانی لەش. ئەم کۆئەندامە لە دڵ، ڕەگە خوێنییەکان کە لە سەرانسەری لەشدا بڵاوبوونەتەوە و لیمف پێک هاتووە. تۆڕێکی پێچراوە و سەرانسەریی ڕەگە خوێنییەکان لە سوورڕەگ، ڕەشڕەگ و مووڕەگ پێک دێت کە پێکهاتەکانیان گونجاوە لەگەڵ ئەرکی هەر یەکێکیان.
پێچراوەیی و فراوانبوونی تۆڕی ڕەگە خوێنییەکانی لەش زۆر زۆرە، بە جۆرێک درێژی ئەم تۆڕە لە لەشی مرۆڤدا لە نەخشە و وێنەکاندا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە نیشان نادرێت. لە ڕاستیدا ئەگەر هەموو سوورڕەگ، ڕەشڕەگ و مووڕەگەکانی لەشی مرۆڤ بە شێوەیەکی هێڵی لە دوای یەکەوە دابنرێن، درێژییەکەیان نزیکەی ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر دەبێت کە بە نزیکەیی یەکسانە بە هەشت ئەوەندەی تیرەی زەوی.
سیستمی ڕەگە خوێنییەکان وەک دارێک وایە. قەدی سەرەکی ئەم دارە سوورڕەگی «ئائۆرت » (Aorta) لە قەڵەم بدە کە دەچێتە لقە گەورەکانەوە، دواتر ئەم لقانە دابەش دەبن بۆ ڕەگە بچووکترەکان و لە بەردەوامیدا بچووکترین سوورڕەگەکان دەگەنە «تۆڕی مووڕەگەکان» (Capillary Network). دوای تێپەڕبوونی خوێن لە تۆڕە مووڕەگییەکان، خوێن دەڕژێتە ڕەشڕەگە بچووکەکان، ڕەشڕەگەکان و گەورە ڕەشڕەگەکان. بەم ڕوونکردنەوەیە دەتوانین ئەمەش بکەینە ئەنجام کە کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ سیستمێکی داخراوە، واتە خوێن هەمیشە لە ناو تۆڕی ڕەگەکاندا دەمێنێتەوە.
لە لەشی مرۆڤدا کۆئەندامی سووڕی خوێن بۆ دوو بەشی سەرەکی دابەش دەبێت کە لە خوارەوەدا ناویان دەهێنین.
- «سووڕی خوێنی گشتی یان سیستمیک» (Systemic Circulation) : سووڕی خوێنی گشتی، خوێنی ئۆکسیجیندار دەگەیەنێتە ئەندامەکان، شانەکان و خانەکان بۆ ئەوەی ئۆکسیجین و ماددە گرنگەکانی دیکە وەربگرن.
- «سووڕی خوێنی سییەکان» (Pulmonary Circulation) : لەم سووڕەدا، خوێنی کەم ئۆکسیجین لە دڵەوە بۆ سییەکان دەنێردرێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی گازی تێدا بکرێت و خوێنی پڕ ئۆکسیجین بگەڕێتەوە بۆ دڵ بۆ ئەوەی بچێتە ناو سووڕی خوێنی گشتییەوە.
جگە لەم دوو سووڕە سەرەکییە، لە لەشدا ڕێگای دیکەش هەیە بۆ سووڕی خوێن کە لە بەردەوامدا دەیانخەینە ڕوو، بەڵام لەبیرتان نەچێت کە هەموو ئەم ڕێگایانە ژێرکۆی سووڕی خوێنی گشتییە.
- «سووڕی خوێنی کۆرۆنری» (Coronary Circulation) : بەرپرسیارە لە خوێن گەیاندن بە دڵ.
- «سووڕی خوێنی مێشک» (Cerebral Circulation) : بەرپرسیارە لە خوێن گەیاندن بە مێشک.
- «سووڕی خوێنی گورچیلە» (Renal Circulation) : بەرپرسیارە لە خوێن گەیاندن بە گورچیلەکان.
- «سووڕی خوێنی بڕۆنشیال» (Bronchial Circulation) : بەرپرسیارە لە خوێن گەیاندن بە کیسە هەوایییەکانی سییەکان.
ڕێگای جووڵەی خوێن لە سووڕی خوێنی گشتی و سووڕی خوێنی سییەکاندا
کۆئەندامی سووڕی خوێن لە کوێیە؟
دڵ کە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی ئەم کۆئەندامە، لە بەشی ناوەڕاستی سینگدا هەڵکەوتووە. ڕەگە خوێنییە جیاوازەکان پەیوەستن بە دڵەوە بەڵام لە سەرانسەری لەشدا بڵاوبوونەتەوە، واتە سوورڕەگەکان لە دڵەوە دەچنە دەرەوە و دەچن بۆ شوێنە جیاوازەکانی لەش و ڕەشڕەگەکانیش لە شوێنە جیاوازەکانی لەشەوە دەگەنە دڵ و خوێنەکەیان دەڕژێننە ناو دڵ.
جۆرەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن
دوو جۆر کۆئەندامی سووڕی خوێن لە ئاژەڵانی جیاوازدا هەیە:
1. «سووڕی خوێنی کراوە» (Open Circulatory Systems)
لە مێرووەکاندا، وەک کوللۆ، کۆئەندامی سووڕی خوێن لە جۆری کراوەیە و لە جیاتی خوێن، شلەیەک بە ناوی هێمۆلیمف لە ڕەگەکاندا دەسووڕێتەوە. بە پێچەوانەی خوێن، هێمۆلیمف بەدەرە لەو خانانەی کە توانای گواستنەوەی ئۆکسیجینیان هەیە، واتە لە سووڕی خوێنی کراوەدا خڕۆکە سوورەکان بوونیان نییە. جگە لەمانە، هێمۆلیمف بە ئازادی لە دەوری ئەندامەکان و شانەکان و لە ناو هڵۆڵەکانی لەشدا کە پێیان دەڵێین «سینووسەکان» (Sinuses) دەسووڕێتەوە. جووڵەی هێمۆلیمف لەو ئاژەڵانەی کە سووڕی خوێنی کراوەیان هەیە، بە یارمەتی جووڵەکانی لەش و دڵە لوولەیییە سادەکان ئەنجام دەدرێت کە هێمۆلیمفەکە بەرەو سینووسەکان ڕێنمایی دەکەن.
2. «سووڕی خوێنی داخراو» (Closed Circulatory Systems)
لە کۆئەندامی سووڕی خوێنی داخراودا، خوێن بە ڕێگای ڕەگەکانەوە بە شێوەیەکی کارامە بۆ شانە و ئەندامە جیاوازەکان دەگوازرێتەوە. لەم جۆرە کۆئەندامەدا، بوونی دڵ بۆ پۆمپکردنی خوێن لە ناو ڕەگەکاندا پێویستە. کۆئەندامی سووڕی خوێنی داخراو ڕێگە بە گواستنەوەی خوێن دەدات بۆ هەموو شانەکان و خڕۆکە سوورەکانی تێدایە کە بە شێوەیەکی پسپۆڕانە ئۆکسیجین دەگەیەننە شانەکان.
لە کۆئەندامەکانی سووڕی خوێنی داخراو وەک کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤدا، شێوازە جیاوازەکان هەیە بۆ ڕێکخستنی جووڵەی خوێن:
- «لێدانی دڵ» (Heart Rate) : لێدانی دڵ دەتوانێت بڕی خوێنی پۆمپکراو زیاد یان کەم بکات. واتە هەتا دڵ خێراتر لێدات، ڕێژەیەکی زیاتر لە خوێن لە سەرانسەری لەشدا دەسووڕێتەوە.
- «فرەوانبوونی ڕەگەکان» (Vasodilation) : کاتێک ئەستوورایی ڕەگەکان زیاد دەبێت، قەبارەیەکی زیاتر لە خوێن دەتوانێت تێیدا تێپەڕ بێت.
- «تەسکبوونەوەی ڕەگەکان» (Vasoconstriction) : کەمبوونەوەی ئەستوورایی ڕەگەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە قەبارەیەکی کەمتر لە خوێن تێیدا بسووڕێتەوە.
- «ڕێکخستنی جووڵەی خوێن لە مووڕەگەکاندا» (Capillary Flow Control) : لە مووڕەگەکاندا، جووڵەی خوێن دەتوانێت بە پێی پێویست بوەستێت یان دەست پێ بکات. ئەم کارە لە ڕێگای «ماسوولکەکانی پێش مووڕەگ» (Precapillary Sphincters) ئەنجام دەدرێت کە وەک شێرە کار دەکەن و ڕێگای چوونە ژوورەوەی خوێن بۆ مووڕەگەکان دەکەنەوە یان دایدەخەن.
کۆئەندامی سووڕی خوێن لە چ بەشگەلێک پێکهاتووە؟
کۆئەندامەکانی لەش لە ئەندامە جیاوازەکان پێک هاتوون کە چالاکییەکانیان تەواوکەری یەکترن. بۆیە دەبێت بڵێین کە کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ لە ٤ ئەندامی سەرەکی پێک هاتووە کە هەر یەکێکیان ئەرک و ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەیە. ئەندامە ژیانییەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن بریتین لە:
١. دڵ
٢. خوێن
٣. ڕەگە خوێنییەکان
٤. کۆئەندامی لیمفاوی
هەڵبەت لە ڕووی شانەناسییەوە خوێن جۆرێک شانە دادەنرێت نەک ئەندام و کۆئەندامی لیمفاویش کۆئەندامێکی جیاوازە کە هاوکارییەکی نزیک و چڕی لەگەڵ کۆئەندامی سووڕی خوێن هەیە. بە گوێرەی ئەم ڕوونکردنەوانە، سەرەکیترین بەشەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن بریتین لە دڵ، سوورڕەگەکان، ڕەشڕەگەکان و مووڕەگەکان.
دڵ
دڵ پۆمپێکی ماسوولکەییە کە به بەشی ناوەندیی کۆئەندامی سووڕی خوێن دادەنرێت و دوو بەشی ڕاست و چەپی هەیە، هەر بەشێکیش خاوەن یەک گوێچکەلە و یەک سکۆلەیە، واتە لە دڵدا ئەم چوار هڵۆڵەی خوارەوە دەبینین:
- گوێچکەلەی ڕاست
- سکۆلەی ڕاست
- گوێچکەلەی چەپ
- سکۆلەی چەپ
گوێچکەلەەکان دوو هڵۆڵی سەرەوەی دڵن کە خوێن لە ڕەشڕەگەکانەوە دەچێتە ناویانەوە و سکۆلەکانیش دوو هڵۆڵی خوارەوەن کە خوێن دەنێرن بۆ سووڕی خوێنی سییەکان و گشتی. پێکهاتەی دڵی مرۆڤ هاوشێوەی زۆرێک لە بوونەوەرانە بەڵام پێکهاتەی دڵ لە زۆرێک لە بوونەوەرانی دیکەدا وەک ماسییەکان و مێرووەکان ڕەنگە جیاواز بێت.
بەشی ماسوولکەیی دڵ لە جۆری ماسوولکەی دڵە کە جۆرێکە لە ماسوولکەی خۆنەویست. بەشی ماسوولکەیی دڵ لە نێوان دوو ڕووی ناوەوە و دەرەوەدا هەڵکەوتووە کە دەتوانین بەم شێوەیەبیانناسین:
1.
ئێندۆکاردیۆم
: ناوەکیترین چینی دڵە و ڕووی ناوەوەی هڵۆڵەکانی دڵی داپۆشیوە.
2.
میۆکاردیۆم
: چینی ناوەڕاستی دڵە کە لە جۆری ماسوولکەیە.
3.
ئێپیکاردیۆم
: دەرەکیترین چین کە ڕووی دەرەوەی دڵی دروست کردووە.
گرژبوونی خانەکانی ماسوولکەی دڵ بە هاندانە کارەبایییەکان دەست پێ دەکات کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە تۆڕی گەیەنەری دڵدا دروست دەبن و بۆ بەشەکانی دیکە بڵاو دەبنەوە. بەشە سەرەکییەکانی تۆڕی گەیەنەر لێرەدا دەناسین:
- «گرێی سینۆسی-گوێچکەلەیی» (Sinoatrial Node | SA node ): لە بەشی سەرەوەی گوێچکەلەی ڕاستدا
- «گرێی گوێچکەلەیی-سکۆلەیی» (Atrioventricular Node | AV node) : لە بەشی خوارەوەی گوێچکەلەی ڕاستدا، لە نێوان گوێچکەلە و سکۆلەکاندا
- دەستەکانی هیس : گواستنەوەی سیگناڵی کارەبایی لە گرێی گوێچکەلەیی-سکۆلەییەوە بۆ ڕیشاڵەکانی پورکینژ
- ڕیشاڵەکانی پورکینژ : گواستنەوەی پەیامی کارەبایی بۆ سەرانسەری سکۆلەکان
دڵ بە بەردەوامی دەچێتە ناو سووڕی گرژبوون و شل بوونەوە، ئەگەر بمانەوێت بە کورتی ئەم سووڕە ڕوون بکەینەوە دەبێت لەگەڵ دوو قۆناغی سیستۆل و دیاستۆل ئاشنا بین:
- «سیستۆل» (Systole) : سیستۆل ئەو کاتەیە کە سکۆلەکان هاوکات گرژ دەبن و خوێن بە هێزێکی زۆرەوە دەنێرن بۆ ڕەگە دەرچووەکانی پەیوەندیدار. لە هەمان کاتدا، گوێچکەلەکان لە حاڵی پڕبوونەوەن لە خوێن.
- «دیاستۆل» (Diastole) : دیاستۆل ئەو کاتەیە کە سکۆلەکان لە حاڵی پشوودان دان و خوێن لە گوێچکەلەکانەوە دەڕژێتە ناو سکۆلەکان.
خوێن
خوێن گرنگترین شلەی لەشە کە لە شانەناسیدا وەک یەکێک لە جۆرەکانی شانەی پەیوەندی یان بەستەر دەناسرێت. ئەرکی سەرەکی خوێن وەک بەشێکی ژیانی کۆئەندامی سووڕی خوێن، گواستنەوەی گازەکانی هەناسەدان، ماددە خۆراکییەکان، هۆرمۆنەکان، کانزاکان و پێکهاتە گرنگەکانی دیکەیە بۆ بەشە جیاوازەکانی لەش. ئەم پێکهاتانە دەبنە هۆی خۆراکدانی شانەکان، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لە بەرامبەر نەخۆشییەکان و یارمەتیدان بۆ پاراستنی «هاوسەنگی» (Homeostasis) لە ڕێگای ڕێکخستنی پلەی گەرمی و pHـی ئاسایی لەش.
خوێن لە ڕێگای دیاریکراودا بە ناوی ڕەگە خوێنییەکان دەسووڕێتەوە و دڵ ئەو ئەندامەیە کە بەرپرسیارە لە پۆمپکردنی خوێن بۆ ئەندامە جیاوازەکانی لەش.
بە پشکنینی خوێن تێدەگەین کە خوێن لەم شتانە پێک هاتووە:
- پلاسما یان خوێناو : ٥٥ لەسەدی خوێن پێک دەهێنێت
- خانەکانی خوێن : خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکان و پلاکێتەکان
- پرۆتینەکان : وەک ئەلبومین و گلوبولین
- یۆنە کانزایییەکان : وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و کالسیۆم
پلاسما بەشی شلەی خوێنە کە نزیکەی ٩٠ لەسەدی ئاوە. لە بەرامبەر پلاسمادا بەشی توندەی خوێن دەبینین کە لە خانەکانی خوێن پێک هاتووە. بۆ جیاکردنەوەی پلاسما لە خانەکانی خوێن دەتوانین
سانتریفیوژ
بەکار بهێنین.
ڕەگە خوێنییەکان
ڕەگە خوێنییەکان تۆڕێک لە ڕێگای جیاواز لە لەشدا دروست دەکەن کە خوێن تێیدا دەسووڕێتەوە و بە یارمەتی ئەم ڕێگایانە دەگاتە شانە و خانە جیاوازەکان. سوورڕەگەکان و ڕەشڕەگەکان جۆرە سەرەکییەکانی ڕەگەکانن لە کۆئەندامی سووڕی خوێنی لەشدا کە بە ڕێگای تۆڕە مووڕەگییەکانەوە پەیوەستن بە یەکترەوە.
ڕەگە خوێنییەکان خاوەنی چینە جیاوازەکانن کە لە شانەی پەیوەندی، ماسوولکە و ڕیشاڵە کشۆکەکان پێک هاتوون. ماسوولکەکانی ناو دیواری ڕەگەکان دەتوانن ئەستووراییان ڕێک بخەن کە ئەم توانایە کاریگەری هەیە لەسەر پەستانی خوێن.
- فرەوانبوونی ڕەگەکان یان فشبوونی ڕەگەکان : ئەستوورایی ڕەگەکان زیاد دەبێت و پەستانی خوێن کەم دەبێتەوە.
- گرژبوونی ڕەگەکان : ئەستوورایی ڕەگەکان کەم دەبێتەوە و پەستانی خوێن زیاد دەبێت.
سوورڕەگ
زۆربەی سوورڕەگەکان ئەو ڕەگانەن کە خوێنی ئۆکسیجیندار لە دڵەوە دەگەیەننە ئەندامە جیاوازەکان. دیواریان ئەستوور و کشۆکەیە و لە کۆتاییدا دابەش دەبن بۆ تۆڕێک لە مووڕەگەکان. سوورڕەگە سییەکان کردارێکی پێچەوانەی سوورڕەگەکانی دیکەیان هەیە، واتە سوورڕەگە سییەکان خوێنی بێ ئۆکسیجین دەگەیەننە سییەکان بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی گازی تێدا بکرێت بەڵام پێکهاتەیان هاوشێوەی پێکهاتەی سوورڕەگەکانی دیکەی لەشە.
مووڕەگ
مووڕەگەکان ڕەگە زۆر باریکەکانن کە سوورڕەگە بچووکەکان بە ڕەشڕەگە بچووکەکانەوە دەبەستنەوە. دیواری ناسکی مووڕەگەکان ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی ئۆکسیجین، دی ئۆکسیدی کاربۆن، ماددە خۆراکییەکان و پاشماوەکان دەدات لە نێوان خوێن و خانەکاندا.
ڕەشڕەگ
ڕەشڕەگەکان ئەو ڕەگانەن کە خوێنی بێ ئۆکسیجین لە بەشە جیاوازەکانی لەشەوە دەگەڕێننەوە بۆ دڵ. دیواریان لەچاو سوورڕەگەکان، ناسکتر و کشۆکەترە و بە گشتی لە نزیک ڕووی پێستدا هەڵکەوتوون.
ئەو بەدەرانەی کە لە ڕەشڕەگەکان هەن، بریتین لەمانە کە تەنیا ڕەشڕەگگەلێکن که خوێنی ئۆکسیجیندار هەڵدەگرن:
- ڕەشڕەگە سییەکان
- «ڕەشڕەگی ناوک» (Umbilical Vein)
ڕەشڕەگەکان لە ڕەشڕەگە بچووکەکان یان «ڤێنیۆل»ەکان (Venules) دەست پێ دەکەن و هەتا زیاتر نزیک دەبنەوە لە دڵ، گەورەتر دەبن. دوو ڕەشڕەگی سەرەکیی لەش،
ڕەشڕەگی زلی سەروو
و
ڕەشڕەگی زلی خواروو
ن کە خوێن دەگەیەننە دڵ.
لە ڕەشڕەگەکانی لاقدا، زمانە هەن کە ڕێگری دەکەن لە گەڕانەوەی خوێن بۆ دواوە.
کۆئەندامی لیمف
«کۆئەندامی لیمف» (Lymphatic System) لە بڕبڕەدارەکاندا، تەواوکەری کۆئەندامی سووڕی خوێنە. ئەم کۆئەندامە، پلاسما و شلە پاشماوەی نێوان شانەیی کە لە مووڕەگەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێنەوە بۆ بۆشایی نێوان خانەکان دەردراوە، کۆ دەکاتەوە و لە ڕێی ڕێگا لایەنییەکامەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆئەندامی سووڕی خوێن. کۆئەندامی لیمف بۆ کارکردنی کۆئەندامی سووڕی خوێن پێویستە؛ چونکە بەبێ ئەو، خوێن بە شێنەیی بەشی شلەی خۆی لەدەست دەدات.
شلەی کۆکراوە لە شانەکانەوە کە دەچێتە ناو ڕەگە لیمفییەکان، پێی دەڵێن
لیمف
کە شلەیەکی بێ ڕەنگە و لە ئاو، خوێ و پرۆتین پێکهاتووە و ڕۆڵی گواستنەوە و سووڕاندنی شتەکانی خوارەوەی هەیە:
- ماددە خۆراکییەکانی هەرسکراو
- چەورییەکانی مژراو بۆ بۆشایییە نێوان شانەیییەکان
کۆئەندامی لیمف هاوکارییەکی نزیک و چڕی هەیە لەگەڵ سیستمی بەرگریشدا چونکە
گرێ لیمفییەکان
شوێنی کۆبوونەوەی هەندێک لە جۆرە خانەکانی بەرگرین وەک
لیمفۆسایتەکان
. یەکێک لە جیاوازییەکانی کۆئەندامی لیمف لەگەڵ کۆئەندامی سووڕی خوێن ئەوەیە کە سووڕی لیمف زۆر ئارامترە لە سووڕی خوێن و بە پێچەوانەی کۆئەندامی سووڕی خوێن کە داخراوە، کۆئەندامی لیمف به سیستمێکی کراوە دادەنرێت.
جیاوازییەکی دیکەی ئەم دوو کۆئەندامە دەتوانین لەم خاڵەدا ببینین کە لە کۆئەندامی لیمفدا پۆمپکردن بوونی نییە و لیمف بە شێوەیەکی ناچالاک و بە یارمەتی جووڵەکانی لەش لە ڕێگای تۆڕێک لە ڕەگە لیمفاوییەکاندا دەسووڕێتەوە بەڵام لە کۆئەندامی سووڕی خوێندا دڵ بەرپرسیارە لە پۆمپکردنی خوێن.
ئەرکی کۆئەندامی سووڕی خوێن چییە؟
کاری سەرەکیی کۆئەندامی سووڕی خوێن، گەیاندنی ئۆکسیجینە بۆ شانەکانی لەش و گواستنەوەی دی ئۆکسیدی کاربۆنی بەرهەم هاتوو لە کاتی کردەوە میتابۆلیکییەکان لە شانەکانەوە بۆ سییەکان. بەشێکی گەورەی ئۆکسیجینی هاتوو بۆ ناو خوێن لە ڕێگای هێمۆگلوبینەکانەوە دەگوازرێتەوە کە لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەڵکەوتوون.
چالاکیی خوێن سنووردار نییە بە گواستنەوەی گازەکانی هەناسەدان، ئەرکەکانی دیکەی کۆئەندامی سووڕی خوێن لە بەردەوامدا یەک بە یەک دەخەینە ڕوو:
١. یارمەتیدان بۆ جێگیری و بەردەوامبوونی چالاکیی هەموو کۆئەندامەکانی لەش
٢. گواستنەوەی خوێن، ماددە خۆراکییەکان، ئێلێکترۆلایتەکان و هۆرمۆنەکان لە سەرانسەری لەشدا
٣. گواستنەوەی پاشماوەکان بۆ ئەندامەکانی وەک جەرگ و گورچیلە بۆ پاککردنەوەی خوێن و دەرکردن
٤. پاراستنی خانەکان لە بەرامبەر هۆکارە نەخۆشییەکان
٥. ڕۆڵ گێڕان وەک نێوەندگیر لە کارلێکی خانە لەگەڵ خانە
٦. چاککردنەوەی شانە زیانپێگەیشتووەکان بە یارمەتیی پێکهاتەکانی ناو خوێن
شێوازی کارکردنی کۆئەندامی سووڕی خوێن
بە پێداچوونەوە بەسەر ئەرکەکانی ئەم کۆئەندامەدا تێگەیشتین کە گرنگیی سووڕی خوێن تا چ ڕادەیەک بەرزە، بۆیە دەبێت پرۆسەی گواستنەوەی خوێن لە نێوان بەشە جیاوازەکانی لەشدا فێر بین. پرۆسەی سووڕی خوێن لە دڵەوە دەست پێ دەکات و ئەم قۆناخانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
- خوێنی کەم ئۆکسیجین کە لە سەرانسەری لەشەوە کۆبووەتەوە لە ڕێگای ڕەشڕەگەکانەوە دەهێنرێتە گوێچکەلەی ڕاستی دڵ.
- خوێنی کەم ئۆکسیجین دەنێردرێت بۆ سووڕی سییەکان بۆ ئەوەی بە گواستنەوە بۆ سییەکان ئاڵوگۆڕی گازی تێدا بکرێت، واتە دی ئۆکسیدی کاربۆن دەر بکرێت و ئۆکسیجین بمژرێت.
- ئەو خوێنەی کە ئاستی ئۆکسیجینی بەرزە لە سییەکانەوە دەچێتە لای دڵ و دەچێتە ناو گوێچکەلەی چەپی دڵ.
- خوێنی ئۆکسیجیندار بە گرژبوونی سکۆلەی چەپ دەنێردرێت بۆ سەرانسەری لەش بۆ ئەوەی ئۆکسیجین گەیاندن بە شانە جیاوازەکانی لەش ئەنجام بدرێت.
لە بەردەوامیدا بە وردەکاری زیاتر ئاشنا دەبین بە سووڕی خوێنی سییەکان و گشتی و ئەم پرۆسەیە باشتر فێر دەبین.
سووڕی خوێنی سییەکان
خوێنی بێ ئۆکسیجین لە سەرانسەری لەشەوە کۆ دەبێتەوە و لە ڕێگای دوو گەورە ڕەشڕەگی سووڕی خوێنی گشتییەوە کە لە بەردەوامدا ناویان دەهێنین دەڕژێتە ناو گوێچکەلەی ڕاستی دڵ.
- ڕەشڕەگی زلی خواروو
- ڕەشڕەگی زلی سەروو
جگە لەم دوو ڕەشڕەگە، ساینۆسی تاج یان «ساینۆسی کرۆنری» (Coronary Sinus) کە هەڵگری خوێنی گەڕاوە لە سووڕی خوێنی کرۆنرییە، دەڕژێتە گوێچکەلەی ڕاست. لە قۆناخی دیاستۆلی سووڕی کارکردنی دڵدا، خوێنی ناو گوێچکەلەی ڕاست لە زمانەی گوێچکەلەیی-سکۆلەیی ڕاست تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو سکۆلەی ڕاست. دواتر لە قۆناخی سیستۆلدا، سکۆلەی ڕاست گرژ دەبێت و خوێنەکە ڕێنمایی دەکات بۆ بەژنی سییەکان (Pulmonary trunk) کە دەگاتە سوورڕەگی سییەکان.
گرژبوونی سکۆلەی ڕاست دەبێتە هۆی داخستنی دەریچەی «سێلەتی» (Tricuspid) و ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی خوێن بۆ گوێچکەلەی ڕاست. لە نێوان سکۆلەی ڕاست و سوورڕەگی سییەکاندا زمانەیەک هەیە بە ناوی «زمانەی سییەیی» (Pulmonary valve) کە لە دیاستۆلدا، ئەم دەریچەیە دادەخرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی خوێن بۆ سکۆلەی ڕاست.
سوورڕەگی سییەکان دواتر دابەش دەبێت بۆ دوو لکی ڕاست و چەپ کە خوێن دەگەیەننە سیی ڕاست و چەپ. لە بەردەوامی ڕێگاکەدا، خوێنی بێ ئۆکسیجین دەچێتە ناو مووڕەگەکانی هەر سییەوە بۆ ئەوەی لە کیسە هەوایییەکاندا ئاڵوگۆڕی گازی تێدا بکرێت و ئۆکسیجینی خوێن بگاتە ئاستی گونجاو. لە بەردەوامیدا، «ڕەشڕەگە سییەکان» (Pulmonary Veins) خوێنی تازەی ئۆکسیجیندار کۆ دەکەنەوە لە سییەکان و دەگەڕێننەوە بۆ گوێچکەلەی چەپی دڵ، بۆ ئەوەی لەوێوە بچێتە ناو سووڕی گشتییەوە.
سووڕی خوێنی گشتی
سووڕی خوێنی گشتی یان سیستمی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە خوێنی ئۆکسیجینداری سووڕی سییەکان لە ڕێگای ڕەشڕەگە سییەکانەوە دەچێتە ناو گوێچکەلەی چەپ. لە قۆناغی دیاستۆلی سووڕی دڵدا، خوێن لە گوێچکەلەی چەپەوە لە بەربەستی زمانەی گوێچکەلەیی-سکۆلەیی چەپ یان هەمان دەریچەی دوولەتی یان میترال تێدەپەڕێت و دەگوازرێتەوە بۆ سکۆلەی چەپ.
لە قۆناغی سیستۆلدا، سکۆلەی چەپ گرژ دەبێت و خوێن بە هێزەوە دەنێرێتە ناو ئائۆرت یان شاخوێنبەر. لەم قۆناغەدا خوێن سەرەتا دەچێتە ناو ئائۆرتی بەرەوسەر. ئائۆرتی بەرەوسەر دەگاتە کەوانەی ئائۆرت و سێ لکی گەورەی لێ دەردەچێت کە خوێنی ئۆکسیجیندار دەگەیەننە سەر، مل و ئەندامەکانی سەرەوە؛ لە بەردەوامیدا دەیانخەینە ڕوو:
- «سوورڕەگی باسکی-سەری» (Brachiocephalic Trunk)
- «سوورڕەگی کارۆتیدی هاوبەشی چەپ» (Left Common Carotid Artery)
- سوورڕەگی ژێرشان یان «سوورڕەگی سابکلاڤینی چەپ» (Left Subclavian Artery)
ئائۆرتی بەرەوخوار بەردەوامی کەوانەی ئائۆرتە بەرەو خوارەوە بەڵام بۆ ئەو ناوچەیەی کە لە قەفەزی سینگدا دەبینرێت، پێی دەڵێن «ئائۆرتی سینگی» (Thoracic Aorta). لە ئائۆرتی بەرەوخوارەوە لکی زۆر دەردەچن بۆ پێکهاتەکانی ناو قەفەزی سینگ.
ئائۆرتی بەرەوخوار لە بەردەوامی ڕێگاکەیدا لە ڕێگای «دەروازەی ئائۆرتی» (Aortic Hiatus)ـی ناو دیافراگمەوە دەچێتە ناو هڵۆڵی زگەوە. لێرە بەدواوە، ئائۆرت بە ناوی «ئائۆرتی زگی» (Abdominal Aorta) دەناسرێت. ئائۆرتی زگی لکگەلێک دەدات بە ئەندامەکان و پێکهاتەکانی هڵۆڵی زگ و لە کۆتاییدا دەبێتە دوو لک و «سوورڕەگە خاڵگە هاوبەشەکان» (Common Iliac Arteries) دروست دەکات کە خوێن دەگەیەننە هڵۆڵی لەگەن و ئەندامەکانی خوارەوە.
لقە جیاوازەکانی ئائۆرت کە لە ڕێگاکەدا دابەش دەبن و دەچنە ناو شانەکانەوە، لقە کۆتایییەکان دروست دەکەن کە پێیان دەڵێین مووڕەگ. مووڕەگەکانیش دەگەنە پانایی مووڕەگی شانەکان کە ئاڵوگۆڕی ماددەکان لە نێوان خوێن و شانەکاندا لەسەر ڕووی ئەوان ئەنجام دەدرێت.
خوێن لە مووڕەگەکانەوە لە ڕێگای ڕەشڕەگە بچووکەکانەوە کۆ دەکرێتەوە و لە بەردەوامیدا ئەم ڕەشڕەگە بچووکانە بە یەکترەوە دەلکێن بۆ ئەوەی ڕەشڕەگەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێنی گشتی پێکبێنن. ئەم ڕەشڕەگانە لە کۆتاییدا لە ڕێگای ڕەشڕەگی زلی خوارەوە و ڕەشڕەگی زلی سەرەوە دەگەنە گوێچکەلەی ڕاستی دڵ.
بەراوردکردنی کۆئەندامەکانی سووڕی خوێنی گشتی و سییەکان
لە بەشەکانی پێشوودا بە باشی ئاشنا بووین بە دوو کۆئەندامی سووڕی خوێنی گشتی و سییەکان و دەزانین کە ئەم دووانە سەرەڕای ئەو هاوشێوەییانەی کە هەیانە، جیاوازیی زۆریشان هەیە؛ بۆیە لە بەردەوامیدا بە یارمەتی خشتەیەک جیاوازییەکانیان کۆبەندی دەکەین.
| کۆئەندامی سووڕی خوێنی گشتی | کۆئەندامی سووڕی خوێنی سییەکان |
| ڕێگای خوێن : لای چەپی دڵ، شانەکانی لەش، لای ڕاستی دڵ | ڕێگای خوێن : لای ڕاستی دڵ، سییەکان، لای چەپی دڵ |
| چالاکی : گەیاندنی ئۆکسیجین و ماددە خۆراکییەکان بۆ شانەکان | چالاکی : دابینکردنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی گازی لە سییەکاندا |
| جۆری خوێن : خوێنی ئۆکسیجیندار لە ڕێگای شانەکان و خوێنی کەم ئۆکسیجین لە ڕێگای دڵ | جۆری خوێن : خوێنی کەم ئۆکسیجین لە ڕێگای سییەکان و خوێنی ئۆکسیجیندار لە ڕێگای دڵ |
| پەستانی خوێن : پەستانی خوێنی زۆر بە هۆی پێویستیی خوێنگەیاندن بە ئەندامە دوورەکان | پەستانی خوێن : پەستانی خوێنی کەم بە هۆی کورتیی ڕێگاکە |
| درێژی : درێژیی زۆر بە هۆی خوێنگەیاندن بە هەموو شوێنەکانی لەش | درێژی : درێژیی کەم بە هۆی نزیکبوونی دڵ لە سییەکان |
| ڕەگەکان : بریتی لە سوورڕەگەکان و ڕەشڕەگە سییەکان | ڕەگەکان : بریتی لە ئائۆرت، سوورڕەگەکان و ڕەشڕەگە گشتییەکانی لەش و مووڕەگەکان |
سووڕی خوێنی کرۆنری
سووڕی خوێنی کرۆنری بەو جووڵەی خوێنە دەوترێت کە لە سوورڕەگ و ڕەشڕەگەکاندا دەسووڕێتەوە کە ئەرکی خوێنگەیاندن بە ماسوولکەی دڵ یان میۆکارد لە ئەستۆ دەگرن.
- «سوورڕەگە کرۆنرییەکان» (Coronary Arteries) : خوێنی ئۆکسیجیندار دەگەیەننە شانەی دڵ.
- «ڕەشڕەگە کرۆنرییەکان» (Cardiac Veins) : خوێنی بێ ئۆکسیجین کۆ دەکەنەوە لە شانەی دڵ.
گرنگی سووڕی خوێنی کرۆنری لەم خاڵەدا دایە کە هەموو لەش، بەتایبەت مێشک، پێویستی بە ڕێژەیەکی بەردەوام و بێ وەستانی خوێنی ئۆکسیجیندار هەیە، بۆیە دڵ دەبێت بە بەردەوامی کار بکات. چالاکیd بەردەوامی دڵیش پشت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی دڵ دەبەستێت، لە ئاکامدا سووڕی خوێنی کرۆنری نەک هەر بۆ شانەکانی دڵ، بەڵکو بۆ هەموو لەش و تەنانەت بۆ پاراستنی ئاستی ئاگایی مێشک گرنگییەکی ژیانی هەیە.
بڕانی سووڕی خوێنی کرۆنری بە خێرایی دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ کە لە ماوەی ئەودا، ماسوولکەی دڵ بە هۆی کەمی ئۆکسیجینەوە زیانی پێ دەگات. ئەم تێکچوونە بە گشتی لە ئەنجامی ئیسکیمیای کرۆنری یان نەگەیشتنی ئۆکسیجین بە دڵ ڕوو دەدات کە پەیوەندی هەیە بە نەخۆشی سوورڕەگە کرۆنرییەکان و هەندێک جار لە ئەنجامی ئامبۆلیسم یان گیرانی شوێنی جووڵەی خوێن لە ڕەگەکاندا ڕوو دەدات.
سووڕی خوێنی دووانە چییە؟
کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ زۆر کارامە و تایبەتە. لە لەشی ئێمەدا خوێن دوو جار تێپەڕ دەبێت بە دڵدا و بەم هۆیەوە پێی دەڵێین «سووڕی خوێنی دووانە» (Double Circulation). لە بەرامبەردا ئاژەڵانی وەک ماسییەکان خاوەنی «سووڕی خوێنی سادە» (Single Circulation)ن کە تێیدا خوێن تەنها یەک جار بە تەواوی لە لەشدا دەسووڕێتەوە.
سووڕی خوێنی دووانەی مرۆڤ بەم شێوەیەیە کە خوێن یەک جار لە دڵەوە دەچێتە سییەکان، دوای ئاڵوگۆڕی گازەکانی هەناسەدان دەگەڕێتەوە بۆ دڵ بۆ ئەوەی دڵ بینێرێت بۆ سەرانسەری ئەندامەکان و شانەکانی لەش. سوودە سەرەکییەکانی سووڕی خوێنی دووانە دەتوانین بەم دوو خاڵە بزانین کە لە بەردەوامیدا ئاماژەی پێ دەکەین:
- هەموو شانەکانی لەش بە بەردەوامی خوێنی ئۆکسیجیندار وەردەگرن.
- خوێنی ئۆکسیجیندار تێکەڵ نابێت بە خوێنی بێ ئۆکسیجین.
نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن
زۆرێک لە کێشە و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە کۆئەندامی سووڕی خوێن لە ئەنجامی گیرانی ڕەگە خوێنییەکان یان کەمبوونەوەی خێرایی خوێن لە ناویاندا دروست دەبن. بە سەرنجدان به ئەوەی کە ڕەگە خوێنییەکان ئەرکی گەیاندنی ئۆکسیجینیان هەیە بۆ سەرانسەری لەش، گیرانی هەر بەشێک، گواستنەوەی ئۆکسیجین بۆ شانەکان قورستر دەکات و بەم هۆیەوە دەبێت ئەم نەخۆشییانە زۆر بە جدی وەربگیرێن. لە بەردەوامیدا ئاشنا دەبین بە هەندێک لە تێکچوونە باوەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن.
- «پەستانی خوێنی بەرز» (Hypertension)
- «کۆلیسترۆلی بەرز» (Hypercholesterolemia)
- «ناڕێکی لێدانی دڵ» (Arrhythmia)
- «جەڵتەی دڵ» (Myocardial Infarction)
- تێکچوون لە کارکردنی زمانەکانی دڵ
- کەمایەسی دڵ
- هەڵمسانی ڕەگ یان «ئانیوریزم» (Aneurysm)
- «جەڵتەی مێشک» (Stroke)
- «ڕەقبوونی سوورڕەگەکان» (Atherosclerosis)
- «نەخۆشییەکانی دڵ» (Heart Disease)
- «نەخۆشییەکانی ڕەگەکان» (Vascular Diseases)
ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:
بارکردنی سەرنجەکان...