کۆئەندامی زاوزێی مرۆڤ (1)

کۆئەندامی زاوزێی مرۆڤ (1)

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/11/15 (بەڕۆژکرا: 2026/11/16)
بینین: 5
کاتی خوێندن: 1 خولەک

کۆئەندامی زاوزێی مرۆڤ (بەشی یەکەم)


ئەندام و پێکهاتەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێ.

کۆئەندامی زاوزێی مرۆڤ، سیستمێکی ئەندامییە کە مرۆڤ بەهۆیەوە زاوزێ دەکات و منداڵی زیندووی دەبێت. بە مەرجێک هەموو ئەندامەکان هەبن، بە شێوەیەکی ئاسایی پێکهاتبووبن و بە دروستی کاربکەن، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی زاوزێی مرۆڤ بریتین لە: 
1. ئازادکردنی هێلکە لە کاتێکی دیاریکراودا لە سووڕی زاوزێدا
2. پیتاندنی ناوەکیی هێلکە بەهۆی سپێرماتۆزۆئا (خانەکانی سپێرم)
3. گواستنەوەی هێلکەی پیتێنراو بۆ منداڵدان
4. جێگیربوونی بلاستۆسیست (گەشەی سەرەتایی کۆرپەلە له هێلکەی پیتێنراو) لە دیواری منداڵداندا
5. پێکهێنانی جووت (پلاکێنتا) و پاراستنی کۆرپەلە لە ماوەی تەواوی قۆناخی دووگیانیدا
6. لەدایکبوونی منداڵ و دەرچوونی جووت
7. شیردان و چاودێریکردنی منداڵ، لەگەڵ گەڕانەوەی بەشێنەیی ئەندامەکانی دایک بۆ دۆخێکی زۆر نزیک لە دۆخی سەرەتایی خۆیان.


بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕەوتە بایۆلۆژییە، پێویستە چەندین ئەندام و پێکهاتەی دیاریکراو هەبن لە نێر و مێدا. سەرچاوەی هێلکەکان (خانە زاوزێییەکانی مێ) هێلکەدانە؛ سەرچاوەی سپێرماتۆزۆئا (خانە زاوزێییەکانی نێر) گونە. لە مێینەدا، دوو هێلکەدان لە ناو هڵۆڵی لەگەندا جێگیرن؛ لە نێرینەدا، دوو گون لە ناو کیسەیەکی پێستدا بە ناوی کیسە گون (سکڕۆتوم) داپۆشراون کە لە خوارەوە و دەرەوەی زگدا هەڵکەوتوون. جگە لە بەرهەمهێنانی خانە زاوزێییەکان (گامێتەکان)، هێلکەدان و گون سەرچاوەی هۆرمۆنەکانن کە دەبنە هۆی گەشەکردنی تەواوی تایبەتمەندییە جنسییە لاوەکییەکان و هەروەها کارکردنی دروستی ئاوەڕۆیەکانی زاوزێ. ئەم ئاوەڕۆیانە پێکهاتوون لە لوولەکانی فالۆپ، منداڵدان، ڤاژین و پێکهاتە پەیوەندیدارەکان لە مێینەدا و سیرەت، ئاوەڕۆیەکانی سپێرم (ئەپیدیدیم، لوولەکانی دیفێرێنس، و لوولەکانی ئاوهاتن) و ڕژێن و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە نێرینەدا. ئەرکی لوولەکانی فالۆپ گواستنەوەی هێلکەیە کە لە ناو لوولەکەدا پیتێنراوە بۆ منداڵدان، کە تێیدا دووگیانی (گەشەکردن پێش لەدایکبوون) ڕوودەدات. ئەرکی ئاوەڕۆیەکانی نێرینە بریتییە لە گواستنەوەی سپێرماتۆزۆئا لە گونەوە، هەڵگرتنیان و لە کاتی ئاوهاتندا، دەردانیان لەگەڵ دەردراوەکانی ڕژێنی نێرینەکانەوە بەرەو دەرەوە لە ڕێگەی سیرەتەوە.

لە کاتی جووتبوون یان پەیوەندیی جنسیدا، سیرەتی ڕەپبوو دەچێتە ناو ڤاژین و سپێرماتۆزۆئاکانی ناو شلەی تۆو دەپڕژێنە ناو ئاوەڕۆی زاوزێی مێینە. دوایە سپێرماتۆزۆئاکان لە ڤاژینەوە بەرەو منداڵدان و دوایە لوولەکانی فالۆپ دەڕۆن بۆ ئەوەی هێلکەکە لە بەشی دەرەکی لوولەکەدا بپیتێنن. مێینەکان خاوەنی خولێکی چالاکین لە هێلکەدان و منداڵدانیاندا، کە لە تەمەنی پێگەیشتنەوە دەست پێدەکات و لە کاتی لەحوزر وەستانەوە کۆتایی دێت. ئەم خولە بە هاتنی سووڕی مانگانە دەردەکەوێت بە نێوان کاتی نزیکەی ٢٨ ڕۆژەدا؛ گۆڕانکاریی گرنگ ڕوودەدەن لە هێلکەدان و منداڵداندا لە هەر سووڕێکی زاوزێ یان سووڕی مانگانەدا. ئەم خولە و بەدوایدا سووڕی مانگانە، لە ماوەی دووگیانی و شیرداندا ڕادەگیرێت.

ئەم وتارە باس لەو ئەندامانە دەکات، هەم نێر و هەم مێ، کە بەشدارن لە زاوزێی مرۆڤدا.

کۆرپەلەی مرۆڤ له 6 حەفتەییدا.

گەشەکردنی ئەندامەکانی زاوزێ

جنسی منداڵ لە کاتی پیتاندنی هێلکەدا لەلایەن سپێرماتۆزۆنەوە دیاری دەکرێت. جیاوازییەکانی نێوان نێر و مێ بە شێوەیەکی جێنێتیک دیاری دەکرێن بەپێی ئەو کرۆمۆزۆمانەی کە هەر یەکێکیان لە ناوکی خانەکانیدا هەیە. دوای دیاریکرانی جنسی جێنێتیک، بە شێوەیەکی ئاسایی زنجیرەیەک گۆڕانکاری لێدەکەوێتەوە کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گەشەکردنی نێر یان مێیەکی گەورەساڵ. بەو حاڵەشەوە، لە ماوەی هەشت هەفتەی یەکەمی ژیانی کۆرپەلە لە ناو منداڵداندا، هیچ نیشانەیەکی دەرەکیی جنسی کۆرپەلە لەئارادا نییە . ئەمە قۆناخێکی پووچەڵ یان جیاوازنەکراوە کە تێیدا جنسی کۆرپەلە تەنیا بە پشکنینی کرۆمۆزۆمەکانی ناو خانەکانی دیاری دەکرێت.



جیاوازبوونی ئەندامە زاوزێییە دەرەکییەکان لە کۆرپەلەی  مرۆڤدا.

قۆناخی دواتر، کە قۆناخی جیاوازبوونە، سەرەتا لەو ڕژێنە جنسییانەدا دەست پێدەکات کە دەبنە گون و نزیک هەفتەیەک دواتر لەوانەی کە دەبنە هێلکەدان. کۆرپەلەی هەردوو جنس لە سەرەتادا هاوشێوەن لەوەی کە خاوەنی کۆئەندامی لوولەی هاوشێوەن کە ڕژێنە جنسیە جیانەکراوەکان بە دەروەوە دەبەستێتەوە و هەروەها خاوەنی ئەندامە زاوزێییە دەرەکییە هاوشێوەکانن، کە بە سێ قیتایی سادە نیشان دەدرێن. هەر کۆرپەلەیەک خاوەنی چوار لوولەیە، کە چارەنووسی دواتری ئەمانە گرنگییەکی زۆری هەیە لە جیاوازییە ئەناتۆمییە کۆتایییەکانی نێوان پیاوان و ژناندا. دوو لوولە کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە بە کۆئەندامی میزی گەشەکردووەوە پێیان دەکوترێت لوولەکانی مێزۆنێفریک یان وۆلفیان. لە نێرینەدا، هەر لوولەیەکی مێزۆنێفریک دەبێتە چوار پێکهاتەی پەیوەندیدار: لوولەی ئەپیدیدیم، لوولەی دیفێرێنس، لوولەی ئاوهاتن، و کیسەی تۆو. لە مێینەدا، لوولەکانی مێزۆنێفریک بە زۆری نامێنن. دوو لوولەکەی دیکە، کە پێیان دەکوترێت لوولەکانی پارامێزۆنێفریک یان مولێریان، لە مێینەدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی ببنە لوولەکانی فالۆپ، منداڵدان و بەشێک لە ڤاژین؛ لە نێرینەدا ئەوانە بە زۆری نامێننەوە. جیاوازبوون هەروەها ڕوودەدات لە ئەندامە زاوزێییە دەرەکییە سەرەتایییەکاندا کە لە نێرینەدا دەبێتە سیرەت و کیسەی گون، و لە مێینەدا دەبێتە زێ (میتکە، لێوەکانی زێ و داڵانی ڤاژین).

لە کاتی لەدایکبووندا، ئەو ئەندامانەی کە گونجاون بۆ هەر جنسێک گەشەیان کردووە و لە شوێنی گەورەساڵی خۆیاندا دان، بەڵام کار ناکەن. جۆرەها گۆڕانکاری نائاسایی دەتوانێت ڕووبدات لە ماوەی گەشەکردنی ئەندامە جنسییەکان لە کۆرپەلەدا، کە دەبێتە هۆی دووجنسی (hermaphroditism)، دووجنسیی درۆیین (pseudohermaphroditism) و بارودۆخی دیکەی پەیوەست بە کرۆمۆزۆمەوە. لە ماوەی منداڵی تا تەمەنی گەنجی (پێگەیشتن)، گەشەیەکی بەردەوام هەیە لە هەموو ئەندامەکانی زاوزێدا و گەشەسەندنێکی وردەوردەی چالاکی. پێگەیشتن نیشانەی دەستپێکردنی چالاکیی زیاترە لە ڕژێنە جنسییەکان و گەشەسەندنی بەردەوامی تایبەتمەندییە جنسییە لاوەکییەکان.

لە نێرینەدا لە تەمەنی پێگەیشتندا، گونەکان گەورە و چالاک دەبن، ئەندامە زاوزێییە دەرەکییەکان گەورە دەبن و توانای ئاوهاتن گەشە دەکات. کاتێک دەردانی هۆرمۆن لە گونەکان زیاد دەکات، گۆڕانکاریی بەرچاو لە باڵا و کێشدا ڕوودەدەن. قورگ گەورە دەبێت کە دەبێتە هۆی بۆڕ بوونی دەنگ. هەندێک تایبەتمەندی لە ئێسکبەندیدا، وەک ئەوەی لە ئێسکەکانی لەگەن و کەللەسەردا دەبینرێت، زیاتر دەردەکەون. مووی بنهەنگڵ و بەرگەدە زۆرتر و ئەستوورتر دەبن. مووی ڕوخسار، سینگ، زگ و ئەندامەکان گەشە دەکات. قژی لاجانگەکان پاشەکشە دەکات. ڕژێنەکانی پێست چالاکتر دەبن، بەتایبەت ڕژێنەکانی ئەپۆکرین (جۆرێک لە ڕژێنی ئارەقە کە لە بنهەنگڵ، تەڕادی ڕان و دەوری کۆمدا هەیە).

لە مێینەدا لە تەمەنی پێگەیشتندا، ئەندامە زاوزێییە دەرەکییەکان گەورە دەبن و منداڵدان دەست بە چالاکیی خولیی خۆی دەکات بە هاتنی سووڕی مانگانە. مەمکەکان گەشە دەکەن، و چەوری لەش بەپێی شێوە ئاسایییەکانی مێی گەورەساڵ کۆدەبێتەوە. گەشەکردنی مووی بنهەنگڵ و بەرگەدە زیاتر دەبێ و ئەستوورتریش دەبێت.

کۆئەندامی زاوزێی نێرینە


ڕژێنە جنسییەکانی نێرینە گونەکانن؛ ئەمانە سەرچاوەی سپێرماتۆزۆئا و هۆرمۆنە جنسییەکانی نێرینەن بە ناوی ئاندرۆجێن. ئەندامە زاوزێییەکانی دیکە بریتین لە: ئەپیدیدیمەکان، لوولەکانی دیفێرێنس (vasa deferentia)، کیسەکانی تۆو، لوولەکانی ئاوهاتن، و سیرەت، هەروەها هەندێک پێکهاتەی یاریدەدەر وەک پرۆستات و ڕژێنەکانی بولبۆیورێترال (کۆپەر). ئەرکی سەرەکی ئەم پێکهاتانە گواستنەوەی سپێرماتۆزۆئا لە گونەوە بۆ دەرەوە، ڕێگەدان بە پێگەیشتنیان لە ڕێگادا و دابینکردنی هەندێک دەردراوە کە یارمەتی پێکهێنانی تۆو دەدەن.


ئەندامە زاوزێیە دەرەکییەکان

سیرەت
وێنەی پزیشکی کۆئەندامی زاوزێی نێرینەی مرۆڤ کە سیرەت و ماسولکەکان و پێکهاتەی لەگەنیی دەوروبەر نیشان دەدات، لەگەڵ ناونیشانی ئەناتۆمی کە بەشەکانی وەک گلانس (گۆپکە)، زارکی میزڕۆ، ماسولکەکانی پێرینیۆم و کۆم دەستنیشان دەکات.

سیرەت (ئەندامی جووتبوونی نێرینە)، بەشێکی لە ناو لەش و بەشێکی لە دەرەوەی لەشدایە. بەشی ناوەوە، کە بەستراوەتەوە بە لێواری ئێسکی کەوانەی بەرگەدەوە (ئەو بەشەی لەگەن کە ڕاستەوخۆ لە پێشەوە و لە بنەڕەتی بەژندا هەڵکەوتووە)، پێی دەکوترێت ڕیشەی سیرەت. بەشی دووەم یان دەرەکی، ئازادە، هەڵواسراوە و بە تەواوی بە پێست داپۆشراوە؛ پێی دەکوترێت بەژنی سیرەت. ئەم ئەندامە زۆرتر پێکهاتووە لە شانەی هەوری یان ڕەپبوونی کە پڕ دەبێ لە خوێن بۆ سازکردنی گەورەیی و ڕەپبوونی بەرچاو. سیرەت لوولەیەکی پێدا تێدەپەڕێت به ناوی میزڕۆ کە وەک ئاوەڕۆیێکە هەم بۆ میز و هەم بۆ تۆو.

بەژنی سیرەت، کە هەندێک جار پێی دەکوترێت شەفت، شێوەی قودوولەی هەیە کاتێک شلە بەڵام کاتی ڕەپبوون، لە ڕووی بڕاودا کەمێک سێگۆشەیییە بە گۆشەی خڕەوە. ئەم دۆخە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەشی ئەشکەوتیی ڕاست و چەپ (کۆمەڵەی شانە ڕەپبوونییەکان)، لە بەشی پشتی سیرەتدا لێک نزیک دەبنەوە، لە کاتێکدا بەژنێکی تاک (لەشی هەوری)، کە میزڕۆی لەخۆگرتووە، لە کووزێکی ناوەڕاستدا لەسەر ڕووی خوارەوەی ماکی ڕەپبوونی هەڵکەوتووە. ڕووی پشتی سیرەت ئەو ڕوویەیە کە لە کاتی ڕەپبووندا ڕوو لە سەرەوە و دواوە دەکات.

لەشی هەوریی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ دەرەوەی کۆتایییەکانی ماکی ڕەپبوونییەوە و لە کۆتایی دەرەکیدا بە شێوەیەکی بەرچاو گەورە دەبێت بۆ سازکردنی پێکهاتەیەکی نەرم، قووچی شێوە و هەستیار بە ناوی گۆپکە. بنەڕەتی گۆپکە خاوەنی لێوارێکی قیتە بە ناوی تاج (corona) و ئەوبەشەی کە تاجەکە بەسەر ماکی ڕەپبوونیدا سێبەری کردووە پێی دەکوترێت ملی سیرەت. گۆپکە، میزڕۆی پێدا تێدەپەڕێت کە بە زارکێکی دەرەکیی ستوونی وەک قەڵش کۆتایی دێت. پێستی سەر سیرەت تەنکە و بە شلی پێوەی نووساوە و لە ملدا بۆ ماوەیەکی جیاواز بەرەو پێشەوە لەسەر گۆپکە قەددەبێتەوە بۆ پێکهێنانی پێستە خەتەنەگە (prepuce). قەدێکی ناوەڕاست (فرێنولۆمی پێستی خەتەنەگە)، دەڕوات بۆ ڕووی خوارەوەی گۆپکە بۆ گەیشتن بە خاڵێک ڕاست لە دوای زارکی میز. پێستی خەتەنەگە بە ئاسانی دەتوانرێت  بۆ دواوە ڕابکێشرێت بۆ ئاشکراکردنی گۆپکە.

ڕیشەی سیرەت پێکهاتووە لە دوو قۆڵ (crura) یان قیتایی و بولبوسی سیرەت. قۆڵەکان و بولبوس بە ڕیز بەستراونەتەوە بە لێوارەکانی کەوانەی بەرگەدە و بە پەردەی پێرینیۆم (ئەو پەردە ڕیشاڵییەی کە بنی بەژن کیسەی پێکدێنێت). هەر قۆڵێک پێکهاتەیەکی درێژکراوەیە کە بە ماسولکەی ischiocavernosus داپۆشراوە، و هەر یەکێکیان بەرەو پێشەوە درێژ دەبێتەوە و بەرەو یەکتر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە یەکێک لە ماکە ڕەپبوونییەکان. بولبوسی هێلکەیی شێوەی سیرەت لە نێوان دوو قۆڵەکەدا هەڵکەوتووە و بە ماسولکەی bulbospongiosus داپۆشراوە. ئەمەش بەردەوامە لەگەڵ ماکی هەوریدا. میزڕۆ دەچێتە ناویەوە لەو ڕووی قووڵ و تەختی کە لە بەرامبەر پەردەی پێرینیۆم هەڵکەوتووە، بە ناو ماددەکەیدا تێدەپەڕێت، و بەردەوام دەبێت لە ناو ماکی هەوریدا.

دوو ماکی ڕەپبوونییەکە زۆر لە یەکتر نزیکن، تەنیا بە دیوارێک لە ناو پەردە ڕیشاڵییەکەدا جیاکراونەتەوە کە دایانپۆشیوە. شانە ڕەپبوونییەکەی corpora بە شریتە ڕیشاڵییە بچووکەکان دابەش کراوە بۆ چەندین بۆشایی هڵۆڵ کە کاتێک سیرەت شلە بە ڕێژەیەکی کەم ئاواڵەن، بەڵام لە کاتی ڕەپبووندا پڕ دەبن لە خوێن. پێکهاتەی شانەی لەشی هەوری هاوشێوەی لەشی ئەشکەوتییە، بەڵام ماسولکەی تەخت و شانە کشۆکەکانی زیاترە. پەردەیەکی قووڵ (fascia)، یان پەردەیەکی شانەی بەستەر، کە دەوری پێکهاتەکانی ناو بەژنی سیرەت دەدات، درێژ کراوەتەوە بۆ پێکهێنانی پەتی هەڵپەسێر، کە سیرەت دەبەستێتەوە بە ئێسکەکانی لەگەنەوە لە خاڵی ناوەڕاستی کەوانەی بەرگەدەدا.

سیرەت خاوەنی دابینکردنێکی دەوڵەمەندی خوێنە لە ڕێگەی سوورڕەگی ناوەوەی پودێندال (internal pudendal artery)، کە لکێکە لە سوورڕەگی ناوەوەی ئیلیاک و خوێن دەگەیەنێتە پێکهاتە و ئەندامەکانی لەگەن، سمت و ناوەوەی ڕانەکان. ڕەپبوون بەهۆی پڕبوونی بۆشایییە هەورییەکان لە خوێنەوە دێتە دی، کە ڕێگری لێدەکرێت لە ڕۆیشتن بەهۆی گوشارخستنە سەر ڕەشڕەگەکان لەو ناوچەیەدا.

سیرەت بە شێوەیەکی تەواو دابین کراوە بە دەمارە هەستیار و خۆکارەکان (بێئیرادە). لە نێو ڕیشاڵە دەمارییە خۆکارەکاندا، ڕیشاڵە سیمپاتیکەکان (sympathetic) دەبنە هۆی تەسکبوونەوەی ڕەگە خوێنییەکان، و ڕیشاڵە پاراسیمپاتیکەکان دەبنە هۆی فرەوانبوونیان. بە شێوەیەکی ئاسایی دەکوترێت کە ئاوهاتن بەهۆی سیستمی سیمپاتیکەوە دێتە دی، کە لە هاوکات، ئیشتیای میزکردن ڕادەگرێت و هەروەها ڕێگری دەکات لە چوونە ناو مسوڵدانەوەی تۆو.

کیسەی گون (سکڕۆتوم)
سکڕۆتوم کیسەیەکی پێستە کە لە خوارەوەی جومگەی بەرگەدە (pubic symphysis) و ڕاست لە پێش بەشە سەرەکییەکانی ڕانەکاندا هەڵکەوتووە. ئەمە گونەکان و بەشە نزمەکانی گوریسی سپێرماتیکی لەخۆدەگرێت. دیوارێکی جیاکەرەوەی کیسەی گون یان پارتیشن کیسەکە دەکاتە دوو بەش و لە لێوارێکەوە (ڕافە یان raphe) سەرچاوە دەگرێت کە لە دەرەوەی کیسەی گوندا دەبینرێت. ڕافە بەرەو پێشەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕووی خوارەوەی سیرەت و بەردەوام دەبێت بۆ دواوە بۆ سەر پێرینیۆم (ئەو ناوچەیەی کە لە نێوان قاچەکاندایە و تا کۆم) درێژ دەبێتەوە. ئەم ڕێکخستنە نیشان دەدات کە سەرچاوەی دوولایەنەی کیسەی گون لە دوو قیتایی زاوزێییەوەیە کە لە هەر لایەکی بنەڕەتی فالوس (پێشسازی سیرەت یان میتکە لە کۆرپەلەدا) هەڵکەوتوون. بەو بقیتاییانەش دەکوترێت قیتاییەکانی لابیا-سکڕۆتوم، چونکە لە مێینەدا جیاواز دەمێننەوە بۆ پێکهێنانی لێوە گەورەکانی زێ (labia majora) و لە نێرینەدا یەکدەگرن بۆ پێکهێنانی کیسەی گون.

پێستی کیسەی گون تەنکە، ڕەنگدانەدارە، بێ شانەی چەورییە و بە ڕادەیەک نوشتاوە و گنجدارە. هەندێک مووی بڵاو و ڕژێنی چەوری (sebaceous) لەسەر ڕووی هەیە. لە بن پێستدا چینێک لە ماسولکەی خۆکار هەیە کە پێی دەکوترێت دارتۆس (dartos) کە دەتوانێت ڕواڵەتی کیسەی گون بگۆڕێت. کاتێک کیسەی گون بەرەوڕووی هەوای سارد یان ئاوی سارد دەبێتەوە، دارتۆس گرژ دەبێت و ڕواڵەتێکی کورتکراوە و گنجاوی پێدەبەخشێت؛ گەرما دەبێتە هۆی ئەوەی کیسەی گونەکە تەختتر، شلتر و کەمتر بە دەوری گونەکاندا خڕبێتەوە. لە ژێر ماسولکەی دارتۆسدا چینەکانی fascia هەن کە بەردەوامن لەگەڵ ئەوانەی کە داپۆشەری هەر یەکێک لە دوو گوریسی سپێرماتیکییەکە پێکدێنن کە گونەکان لە ناو کیسەی گوندا هەڵداوەسن و هەر یەکێکیان لوولەی دیفێرێنس، ڕەگەکانی خوێن و لیمفی گون، سوورڕەگی ماسولکەی کرێماستەر (کە گونەکان بەرەو سەرەوە ڕادەکێشێت)، سوورڕەگی هەر لوولەیەکی دیفێرێنس، لکە زاوزێییەکەی دەماری جێنیتۆفێمۆرال، و تۆڕی دەماری گونیان لەخۆگرتووە.

کیسەی گون دابین دەکرێت بە خوێن لە ڕێگەی لکە دەرەکییەکانی پودێندالەوە لە سوورڕەگی فێمۆرال (femoral artery)، کە سوورڕەگی سەرەکیی ڕانە و بە لقە سکڕۆتالەکانی سوورڕەگی ناوەوەی پودێندال. ڕەشڕەگەکان شوێن سوورڕەگەکان دەکەون. ئاوەڕۆی لیمفەکەش دەچێتە گریزە لیمفییەکانی ناو تەڕادی ڕان.



گونەکان (Testes)
ئەو پێکهاتانەی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تۆودا.

دوو گونەکان، کە بە شێوەیەکی ئاسایی دابەزینیان تەواو دەکەن بۆ ناو کیسەی گون لە خاڵی سەرەتاییانەوە لەسەر دیواری دواوەی زگ لە مانگی حەوتەمی دوای پیتاندن، بە گوریسە سپێرماتیکییەکانەوە لە ناو کیسەی گوندا هەڵاوەسراون. هەر گونێک ٤ بۆ ٥ سانتیمەتر درێژە و لە ناو کیسەیەکی ڕیشاڵیدا داپۆشراوە کە پێی دەکوترێت تونیکا ئالبۆژینە (tunica albuginea). ئەم کیسەیە لە ناوەوە بە تونیکا ڤاسکۆلۆزا (tunica vasculosa) ڕووپۆش کراوە کە تۆڕێک لە ڕەگە خوێنییەکانی لەخۆگرتووە و بە تونیکا ڤاژینالیس (tunica vaginalis) داپۆشراوە کە بەردەوامیی پەردەی داپۆشەری زگ و لەگەنە. تونیکا ئالبۆژینە درێژکراوەی هەیە بۆ ناو هەر گونێک کە وەک دیواری جیاکەرەوە کاردەکەن بۆ دابەشکردنی گون بۆ نزیکەی ٢٥٠ بەش یان لۆبول.

هەر لۆبولێک یەک یان چەند لوولەی پێچاوپێچ یان لوولەی تەسک لەخۆدەگرێت، کە تێیدا سپێرم پێکدەهێنرێت. ئەگەر ئەم لوولانە ڕاست بکرێنەوە، نزیکەی ٧٠ سانتیمەتر درێژ دەبنەوە. ڕەوتی چەند قۆناخیی پێکهێنانی سپێرم کە نزیکەی ٦٠ ڕۆژی دەخایەنێت، لە ڕووپۆشی ناوەوەی لوولەکاندا بەردەوام دەبێت و بە سپێرماتۆگۆنیا (خانە سەرەتایییەکانی سپێرم) لە دەرەکیترین چیندا دەست پێدەکات. سپێرماتۆزۆئا (سپێرم)ـەکانی کە لە لوولەکان دەچنە دەرەوە توانای جووڵەی سەربەخۆیان نییە، بەڵام ڕەوتێکی تری پێگەیشتنیان تێدەپەڕێت لە لوولەکانی ئاوەڕۆی زاوزێی نێرینەدا؛ ئەم ڕەوتە دەکرێت بەردەوام بێت کاتێک کە دوای ئاوهاتن، بە ناو ئاوەڕۆی مێینەدا تێدەپەڕن. پێگەیشتنی سپێرم لە ئاوەڕۆی مێینەدا پێی دەکوترێت کاپاسیتاسیۆن (capacitation).

هەر سپێرماتۆزۆنێک پێکهاتەیەکی درێژ و تەنکە خاوەنی سەر، مل، بەشێکی ناوەڕاست و کلک. سەر ناوکی خانەی لەخۆگرتووە. کاتێک سپێرماتۆزۆن بە تەواوی پێدەگات، بە جووڵە ڕاتڵەکاندنەکانی کلکەکەیەوە پاڵ دەنرێت.

هۆرمۆنی جنسی نێرینە (تێستۆستیرۆن) بەرهەم دەهێنرێت لەلایەن خانەکانی لێیدیگ (Leydig cells). ئەم خانانە لە ناو شانەی بەستەر (ناوخۆیی)دا هەڵکەوتوون کە لوولەکان لە ناو هەر لۆبولێکدا پێکەوە دەبەستێت. شانەکە لە تەمەنی گەنجیدا بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک دەبێت لە ژێر کاریگەری هۆرمۆنی هاندەری خانە ناوخۆیییەکانی لۆبی پێشەوەی ڕژێنی هیپۆفیز؛ ئەم هۆرمۆنە لە ژناندا پێی دەکوترێت هۆرمۆنی لۆتێنایزینگ. تێستۆستیرۆن هاندانی ڕژێن جنسییە لاوەکییەکانی نێرینە دەکات (پرۆستات، کیسەکانی تۆو) و هەروەها دەبێتە هۆی گەشەکردنی تایبەتمەندییە جنسییە لاوەکییەکانی نێرینە لە تەمەنی گەنجیدا. هۆرمۆنەکە ڕەنگە بۆ هاندانی پێگەیشتنی سپێرم و بەرزکردنەوەی ئیشتیای جنسی نێرینەش پێویست بێت. گون هەروەها سەرچاوەی هەندێک لە هۆرمۆنی جنسی مێینە (ئێسترۆجێن)ـە، کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر چالاکیی هیپۆفیز هەبێت.

هەر گونێک دابین دەکرێت بە خوێن لە ڕێگەی سوورڕەگەکانی گونەوە کە لە پێشەوەی ئائۆرتەوە سەرچاوە دەگرن ڕاست لە خوارەوەی سەرچاوەی سوورڕەگەکانی گورچیلە. هەر سوورڕەگێک لە دیواری دواوەی زگ تێدەپەڕێت، دەچێتە ناو گوریسی سپێرماتیکەوە، بە ناو کەناڵی ئینگینالدا (تەڕادی ڕان) تێدەپەڕێت و لە پشتەوەڕا دەچێتە سەرەوەی هەر گونێکەوە. ئەو ڕەشڕەگانەی کە لە گون و ئەپیدیدیمەوە دەچنە دەرەوە تۆڕێک پێکدێنن کە بەرەو سەرەوە دەڕواتە ناو گوریسی سپێرماتیک. ڕەگە لیمفییەکان کە ئەوانیش بە ناو گوریسی سپێرماتیکدا تێدەپەڕن، دەچن له گرێ لیمفییەکانی لایەنی و پێش ئائۆرتەوە بەتاڵ دەبن. ڕیشاڵە دەمارییەکان بۆ گون هاوڕێیەتی ڕەگە خوێنییەکان دەکەن؛ ئەوان بە ناو تۆڕە دەمارییەکانی گورچیلە و ئائۆرتیدا تێدەپەڕن.

پێکهاتەکانی کەناڵی سپێرم
ئەپیدیدیم، لوولەی دیفێرێنس (یان ڤاس دیفێرێنس)، و لوولەکانی ئاوهاتن، کەناڵی سپێرم پێکدێنن. ئەمانە بەیەکەوە لە گونەوە درێژ دەبنەوە بۆ میزڕۆ، لەو شوێنەی کە لە ناو پرۆستاتدا هەڵکەوتووە. سپێرم لە گونەوە دەگوازرێتەوە بە درێژایی نزیکەی ٢٠ لوولەی چووکە کە کەپسوولە ڕیشاڵییەکە کون دەکەن بۆ چوونە ناو سەری ئەپیدیدیمەوە. ئەم لوولانە لە سەرەتادا ڕاستن، بەڵام دوایە فرەوان دەبن و دواتر زۆر پێچاوپێچ دەبن بۆ پێکهێنانی بەشە جیاوازەکان لە ناو سەری ئەپیدیدیمدا. هەر یەکێکیان دەکرێتەوە بۆ ناو لوولەیەکی تاک، کە لوولەیەکی زۆر ئاڵۆزی ئەپیدیدیمە، کە پێکهاتەی "جەستە" و "کلک"ی پێکهاتەکە پێکدێنێت. ئەمەش بە شانەی بەستەرەوە پێکەوەنووسراوە، بەڵام ئەگەر ڕاست بکرێتەوە نزیکەی ٦ مەتر درێژ دەبێت. لوولەیەکە گەورە دەبێت و دیوارەکەی ئەستوورتر دەبێت لە کۆتایی خوارەوەی کلکی ئەپیدیدیمدا، کە تێیدا پەیوەست دەبێت بە لوولەی دیفێرێنس.

لوولە دەرچووەکانی گون خاوەنی چینێکی تەنکی ماسولکە و ڕووپۆشێکی ناوەکین کە پێکهاتووە لە کۆمەڵە بەدوای‌یەدای خانە بڵندەکانی مژۆڵدار و خانە نزمەکان بێ‌مژۆڵ. مژۆڵەکان یارمەتی جووڵاندنی سپێرم دەدەن بەرەو ئەپیدیدیم. لە لوولەی ئەپیدیدیمدا، چینە ماسولکەیەکە ئەستوورترە و ڕووپۆشەکەی ئەستوور کراو‌ە بە کۆمەڵێک مژۆڵی گەورەی بێ‌جووڵە. هەندێک بەڵگە هەیە کە لوولە دەرچووەکان و بەشی یەکەمی لوولەی ئەپیدیدیم شلەزی زیادی و پاشماوە دەرەکییەکان لەناودەبەن لە دەردراوەکانی گون کە دەچنە ناو ئەم لوولانەوە. دابینکردنی خوێن بۆ ئەپیدیدیم بە لکێکی سوورڕەگی گونەوەیە کە پێش گەیشتنی ئەو لوولەیە بە گونەکە جیا دەبێت.

لوولەی دیفێرێنس، یان ڤاس دیفێرێنس، بەردەوامبوونی لوولەی ئەپیدیدیمە. لە بەشی خوارەوەی کلکی ئەپیدیدیمەوە دەست پێدەکات و بەرەو سەرەوە دەڕوات بە درێژایی لێواری دواوەی گونەکە بۆ لوتکەکەی. دوایە، وەک بەشێک لە گوریسی سپێرماتیک، درێژ دەبێتەوە بۆ ئاڵقەی قووڵی ئینگینال. دوای جیابوونەوە لە توخمەکانی دیکەی گوریسی سپێرماتیک (ڕەگە خوێنییەکان، دەمارەکان و ڕەگە لیمفییەکان) لە ئاڵقەکەدا، لوولەی دیفێرێنس ڕێگای خۆی دەڕوات بە ناو لەگەندا بەرەو بنەڕەتی پرۆستات، کە تێیدا لەگەڵ کیسەی تۆو یەکدەگرێت بۆ پێکهێنانی لوولەی ئاوهاتن. بەشێک لە لوولەکە کە فرەوان و کەمێک پێچاوپێچە، لە نزیک بنەڕەتی مسوڵدان، پێی دەکوترێت ئەمپولا.

لوولەی دیفێرێنس خاوەنی چینێکی ئەستووری ماسولکەی تەختە کە هەستی تایبەتی وەک گوریسێکی پێدەبەخشێت. ڕیشاڵە ماسولکە درێژییەکان بە باشی گەشەیان کردووە و گرژبوونی پێریستالتیک (گرژبوونی شەپۆلی) سپێرم بەرەو ئەمپولا دەجووڵێنێت. پەردەی لبەڵغەمی ناوەوە بە گنجە درێژییەکاندا هەیە و بە زۆری بە خانە بڵندەکانی بێ‌مژۆڵ داپۆشراوە، هەرچەندە هەندێک خانە خاوەن مژۆڵی بێجووڵەن. ئەمپولا دیوارەکەی تەنکترە و ڕەنگە وەک کۆگایەکی سپێرم کاربکات.


ئەندامە یاریدەدەرەکان

ڕژێنی پرۆستات، کیسەکانی تۆو، و ڕژێنەکانی بولبۆیورێترال. ئەم پێکهاتانە دەردراو دابین دەکەن بۆ پێکهێنانی بەشی زۆری شلەی تۆو لە کاتی ئاوهاتندا.

بڕاوی ساجیتال (نیوڕوخ)ی ئەندامەکانی زاوزێی نێرینە کە ڕژێنی پرۆستات و کیسەکانی تۆو نیشان دەدات.

ڕژێنی پرۆستات لە ناو لەگەنی بچووک یان ڕاستەقینەدایە، لە پشت بەشی خوارەوەی کەوانەی بەرگەدەوە و لە پێشەوەی ڕیخۆڵە ڕاستەدا هەڵکەوتووە. پرۆستات بە شێوەیەکی نزیک قووچی سەراوبنە؛ بنەڕەتەکەی بەرەو سەرەوەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ملی مسوڵدان. میزڕۆ بە ناو ماددەکەیدا تێدەپەڕێت. دوو لوولەی ئاوهاتن دەچنە ناو پرۆستاتەوە لە نزیک لێواری سەرەوەی ڕووی دواوەی. پرۆستات خاوەنی پێکهاتەیەکی پتەوە کە بە کەپسولێک لە شانەی ڕیشاڵی و ماسولکەی تەخت دەورە دراوە. بەرینایی نزیکەی ٤ سانتیمەتر، بەرزایی ٣ سانتیمەتر و ئەستوورایی لە پێشەوە بۆ دواوە ٢ سانتیمەترە و پێکهاتووە لە شانەی ڕژێنی کە لە ناو چوارچێوەیەکی ماسولکەیدا هەڵگیراوە. بە شێوەیەکی ناتەواو دابەش کراوە بۆ سێ لۆب (بەش). دوو لۆب لە دوو لایەنەوە تۆپەڵەی سەرەکی پێکدێنن و لە پشت میزڕۆوە لێک بەستراونەتەوە. لە پێشەوەی میزڕۆدا بە بەستەرێکی شانەی ڕیشاڵی-ماسولکەیییەوە بەیەکەوە بەستراون کە بێ ڕژێنە. لۆبی سێیەم، یان ناوەڕاست، چووکترە و قەبارەی گۆڕەنە و ڕەنگە شانەی ڕژێنیی تێدا نەبێت. سێ ناوچەی بازنەیی گرنگی پزیشکی هەیە لە شانەی ڕژێنیی پرۆستاتدا لە دەوری میزڕۆ. کۆمەڵێک ڕژێنی کورت کە زۆرتر نزیکین لە میزڕۆ و بەڵغەم دەردەدەنە ناو کەناڵەکەیەوە، بەرەوڕووی گەورەبوونی سادە دەبنەوە. لە دەرەوەی ئەمانەدا ئاڵقەیەک لە ڕژێنی ژێربەڵغەم هەیە (ئەو ڕژێنانەی کە ڕژێنە بەڵغەمییەکانیان لێوە گەشە دەکەن) و لە دوورتریش، ناوچەیەکی دەرەکیی گەورەی ڕژێنی لکداری درێژ هەیە کە بەشی زۆرینەی شانەی ڕژێنی پێکدێنن. شێرپەنجەی پرۆستات نزیک به هەمیشە لە ناوچەی دەرەکییەوە پەیدا دەبێت. ڕژێنەکانی ناوچەی دەرەکی بە خانە بڵندەکان داپۆشراون کراون کە شلەی پرۆستات دەردەدەن لە ژێر کاریگەری ئاندرۆجێنەکانی گونەوە. ئەم شلەیە ڕوون، شیریی ڕەنگ، و کەمێک ئەسیدییە.

کیسەکانی تۆو دوو پێکهاتەن بە درێژایی نزیکەی ٥ سانتیمەتر کە لە نێوان ڕیخۆڵە ڕاستە و بنەڕەتی مسوڵداندا هەڵکەوتوون. دەردراوەکانیان بەشی زۆری تۆو پێکدێنن. لە ڕاستیدا، هەر کیسەیەک پێکهاتووە لە لوولەیەکی زۆر پێچاوپێچ کە خاوەنی دیۆرێتیکول یان دەرپەڕیوی زۆرن کە لە لوولەیە سەرەکییەکەوە درێژ دەبنەوە کە هەموویان بە شانەی بەستەرەوە پێکەکەوە ڕاگیراون. لە کۆتایی خوارەوەیدا، لوولەکە تەسک دەبێتەوە بۆ پێکهێنانی لوولەیەکی ڕاست کە لەگەڵ لوولەی دیفێرێنسی هاوتای خۆیدا یەکدەگرێت بۆ پێکهێنانی لوولەی ئاوهاتن. کیسەکان لە بەشە خوارەوەیاندا لێک نزیکن، بەڵام لە سەرەوە جیاکراونەتەوە لەکن لوولەکانی دیفێرێنس. کیسەکانی تۆو خاوەنی چینەکانی ماسولکەی تەختی درێژی و بازنەیین، و هڵۆڵەکانیان بە پەردەی بەڵغەم داپۆشراون کە سەرچاوەی دەردراوەکانی ئەم ئەندامانەیە. ئەم دەردراوانە بە گرژبوونی ماسولکەکان دەپڕژێنە دەرەوە لە کاتی ئاوهاتندا. چالاکیی کیسەکان پشتبەستە بە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئەندرۆجێن لەلایەن گونەکانەوە. ئەم دەردراوە خەست، لیچق و زەردە؛ قەندی فرۆکتۆزی لەخۆگرتووە و کەمێک بازییە (alkaline).

ڕژێنەکانی بولبۆیورێترال ، کە زۆرجار پێیان دەکوترێت ڕژێنەکانی کۆپەر، ڕژێنی بە شێوەی نۆکن کە لە ژێر ڕژێنی پرۆستاتدا هەڵکەوتوون لە سەرەتای بەشی ناوەوەی سیرەتدا. ئەو ڕژێنانە کە تەنیا نزیکەی ١ سانتیمەتر قەبارەیان هەیە، خاوەنی لوولەی باریکن کە بەرەو پێشەوە و ناوەڕاست ڕادەکێشرێن بۆ کرانەوە لە بنی بەشە هەورییەکەی میزڕۆ. ئەوانە پێکهاتوون لە تۆڕێک لە لوولە بچووکەکان (تۆبۆل) و پێکهاتەی کیسەیی؛ لە نێوان تۆبۆلەکاندا ڕیشاڵی ماسولکە و شانە کشۆکەکان هەن کە پشتگیری ماسولکەیی بە ڕژێنەکان دەدەن. خانەکانی ناو تۆبۆلەکان و کیسەکان خاوەن دڵۆپەی بەڵغەمن، کە پێکهاتەیەکی پرۆتینی خەستە. شلەی دەردراو لەم ڕژێنانەوە بێڕەنگ و خەستە و وەک ماددەیەکی چەورکەر کاردەکات؛ هەروەها وێدەچێت کە وەک هۆکارێکی پاککردنەوە کاردەکات کە میزڕۆ دەشواتەوە پێش ئەوەی تۆو بپژرێت؛ هەروەها ڕەنگە یارمەتی کەمکردنەوەی ئاوی تۆو بدات و ژینگەیەکی گونجاوی ژیان بۆ سپێرم دابین بکات.


لوولەکانی ئاوهاتن (Ejaculatory ducts) ، دوو لوولەی ئاوهاتن لە هەر لایەکی هێڵی ناوەڕاستەوە هەڵکەوتوون و پێکدێن لە یەکگرتنی لوولەی کیسەی تۆو (کە دەردراو دەخاتە ناو تۆو)، لەگەڵ کۆتایی لوولەی دیفێرێنس لە بنەڕەتی پرۆستاتدا. هەر لوولەیەک نزیکەی ٢ سانتیمەتر درێژە و لە نێوان لۆبی لایەنی و لۆبی ناوەڕاستی پرۆستاتدا تێدەپەڕێت بۆ گەیشتن بە بنی بەشی پرۆستاتی میزڕۆ. ئەم بەشە لە میزڕۆدا لە بنی خۆیدا (یان دیواری دواوەی) خاوەن لووتکەیەکی درێژە کە پێی دەکوترێت "تاجی میزڕۆ" (urethral crest). لە هەر لایەکەوە چاڵێک هەیە بە ناوی سینوسی پرۆستات کە لوولەکانی پرۆستات دەکرێنەوە بۆ ناوی. لە ناوەڕاستی تاجی میزڕۆدا قیتاییەکی بچووک هەیە بە ناوی کۆلیکولوسی تۆو (colliculus seminalis) کە زارکی ئوتریکڵی پرۆستاتی تێدایە. ئوتریکڵی پرۆستات دەرپەڕیوی یان کیسەیەکی کورتە کە بە پەردەی بەڵغەم داپۆشراوە؛ ئەو پێکهاتەیە ڕەنگە هاوتا بێت لەگەڵ ڤاژین یان منداڵدان لە مێینەدا. زارکە بچووکەکانی لوولەکانی ئاوهاتن لە هەردوو لا یان درست لە ناو زارکی ئوتریکڵی پرۆستاتدا هەڵکەوتوون. لوولەکانی ئاوهاتن دیوارێکی تەنکیان هەیە و بە خانە قودوولەییەکان (columnar cells) داپۆشراون.


کێشەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە

نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە دەتوانن پێستی ئەندامی زاوزێ، شانەی ڕەپبوون، میزڕۆ، گونەکان، ئەپیدیدیم، پرۆستات یان کارکردنی جنسی لەخۆبگرن. هەندێک نیشانە وەک خورانی سووک دوای بەرکەوتن لەگەڵ بشۆر لەوانەیە تێپەڕیون بن؛ بەڵام دەردان، برین، تودە، ئازاری توند و ئاوەڵکردنی لەناکاو پێویستیان بە پشکنین هەیە. ناسینەوەی هۆکار تەنیا بە بینینی یەک نیشانە نەدەکرێت، چونکە چڵککردن، هەستیاری، نەخۆشی دەماری خوێن و کێشەکانی دەماریی جاران نیشانەی هاوشێوە دروست دەکەن. خشتەی خوارەوە هۆکارە ئەگەرییەکانی هەر کێشەیەک و کاتی سەردانکردن نیشان دەدات.

خشتەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە
کێشەکانی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە هۆکارە ئەگەرییەکان نیشانە گرنگەکان
ئاوەڵکردنی سەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە فتقی تەڕادی ڕان، ڕژێنی لیمفاوی ئاوەڵبوو، چڵککردن، کیست یان کۆبوونەوەی شلە قیتایی تەڕآدی ڕان، ئازار، تا، سوربوون یان زیادبوونی ئاوەڵکردن لەگەڵ کۆخە
هەڵنەستانی سیرەت تێکچوونی ڕەپبوون، نیگەرانی، شەکرە، نەخۆشی ڕەگە خوێنییەکان، کێشەکانی دەمار، کەمبوونەوەی تێستۆسترۆن یان کاریگەریی دەرمان کەمبوونەوەی ڕەپبوونی بەیانیان، کەمبوونەوەی ئیشتیا، ماندویەتی یان نەخۆشی بنەڕەتی
شلبوونی سیرەت لە کاتی پەیوەندی نیگەرانی کارکردن، هاندانی ناتەواو، ماندویەتی، ئاڵکۆل، کێشەکانی ڕەگە خوێنییەکان یان دەرمان ڕەقی ناتەواو، کورتیی ماوەی ڕەپبوون یان نیگەرانیی زۆر لە کاتی پەیوەندی
چڵککردنی سیرەت هەوکردنی گۆپکە، کەڕوو، چڵککردنی بەکتریایی یان چڵککردنی گواستراوەی جنسی دەردان، برین، سوربوون، ئاوەڵکردن، بۆنی ناخۆش یان سووتانەوەی میزکردن
خوران و سووتانەوەی سیرەت هەستیاری بە بشۆر، چڵککردنی میزڕۆ، هەوکردنی لوولە، کەڕوو، نەخۆشی پێست، ئەسپیێ بەرگەدە یان چڵککردنی گواستراوەی جنسی توێخ هەڵدان، سووتانەوەی میزکردن، زۆرجار میزکردن، دەردان یان ئازاری ژێر زگ یان برین
بالۆکەی سیرەت چڵککردن بە هەندێک جۆری ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی قیتاییە گۆشتییەکانی تاک یان هێشوویی
شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە شێرپەنجەی سیرەت، گون یان پرۆستات برینی ماوە، توپەڵەی گون، خوێنڕشتن، گۆڕانی پێست یان نیشانەکانی میزکردن
شکانی سیرەت خواربوونەوەی لەناکاوی سیرەتی ڕەپبوو و دڕانی داپۆشەری لەشی ئەشکەوتی دەنگی تەق، ئازاری خێرا، نیشتنەوە، ئاوەڵکردن و شینبوون

پاراستنی تەندروستیی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە

بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە دەبێت چاودێری تەندروستیی ڕەگە خوێنییەکان، هۆرمۆنەکان، پێستی ناوچەی زاوزێ و کارکردنی گونەکان بکەین. چالاکی جەستەیی ڕێکخراو، خۆراکی هاوسەنگ، خەوی تەواو، کۆنترۆڵی کێش و بەڕێوەبردنی شەکرە، گوشاری خوێن و چەوریی خوێن یارمەتی پاراستنی جووڵەی خوێنی گونجاو و کارکردنی ڕەپبوون دەدەن.
شوشتنی ڕۆژانە بە ئاوی گەرم، وشککردنەوەی تەڕادی ڕان، پۆشینی جلوبەرگی ژێرەوەی پاک و دوورکەوتنەوە لە بشۆرە بۆندارەکانیش ئەگەری هەستیاری و چڵککردنی پێستی کەم دەکەنەوە. هەروەها پەیوەندی جنسی سەلامەت، وازهێنان لە جگەرەکێشان، سنووردانان لە بەکارهێنانی ئاڵکۆل و سەردانی پزیشک لە کاتی ئازار، تەپەڵە، دەردان، برین، گۆڕانی ڕەنگی لەناکاو یان تێکچوونی بەردەوامی ڕەپبوون گرنگە. گرنگترین هەنگاوەکان ئەمانەن:
  • وەرزشی ڕێکخراو و پاراستنی کێشی هاوسەنگ
  • کۆنترۆڵی شەکری خوێن، گوشاری خوێن و چەوریی خوێن
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان و دوورکەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر
  • سنووردانان لە بەکارهێنانی ئاڵکۆل
  • خەوی تەواو و بەڕێوەبردنی سترێس
  • ڕەچاوکردنی تەندروستیی سیرەت، پێستی خەتەنەگە و تەڕادی ڕان
  • بەکارهێنانی کاندۆم لە پەیوەندییە مەترسیدارەکاندا
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی خۆسەری تێستۆسترۆن و ستیرۆیدەکانی لەشجوانی
  • سەرنجدان بە هەر تۆپەڵە، ئازار یان گۆڕانکاریی نوێ لە گونەکاندا
  • سەردانی پزیشکی لە کاتی بەردەوامبوونی تێکچوونی ڕەپبوون، کەمبوونەوەی ئیشتیای جنسی یان نیشانەکانی چڵککردن

گۆڕآنکارییەکانی دوای پێگەیشتن لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەدا

کاتێک کوڕێکی ساوا لەدایک دەبێت، هەموو بەشەکانی کۆئەندامی زاوزێی هەیە، بەڵام تا کاتی پێگەیشتن ناتوانێت زاوزێ بکات. قۆناخەکانی پێگەیشتنی کوڕان بەزۆری لە نێوان ٩ بۆ ١٤ ساڵیدا دەست پێدەکات. ئەگەر تا ١٤ ساڵی هیچ نیشانەیەکی گەورەبوونی گونەکان نەبێت، هەڵسەنگاندنی پزیشکی بۆ پێگەیشتنی دواکەوتوو پێشنیار دەکرێت. بەرهەمهێنانی تێستۆسترۆن گۆڕانکارییەکی جەستەیی زۆر دروست دەکات. هەرچەندە کاتی ئەم گۆڕانکارییانە لە هەر کوڕێکدا جیاوازە، بەڵام پێگەیشتن بە گشتی ڕەوتێکی دیاریکراو دەگرێتەبەر:
  • لە قۆناخی یەکەمی پێگەیشتنی کوڕاندا، کیسەی گون و گونەکان گەورەتر دەبن
  • دوایە، درێژی سیرەتی نێرینە زیاتر دەبێت و کیسەکانی تۆو و ڕژێنی پرۆستات گەشە دەکەن
  • موو لە ناوچەی بەرگەدە و دواتر لە ڕووخسار و بنهەنگڵ دەست بە گەشەکردن دەکات. لەم ماوەیەدا دەنگی کوڕیش بۆڕ دەبێت
  • کوڕان هەروەها لە ماوەی پێگەیشتندا بازدانی گەورەیان لە باڵا و کێشدا هەیە
پێگەیشتنی پێشوەخت، دواکەوتنی ڕوونی گەشەی گونەکان، نەبوونی نیشانەکانی پێگەیشتن لە تەمەنی چاوەڕوانکراودا، ئازاری گون یان جیاوازی زۆر زۆری قەبارەی گونەکان پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پزیشک هەیە. بەکارهێنانی خۆسەری تێستۆسترۆن بۆ گەشەی سیرەت مەترسیدارە. تێستۆسترۆنی دەرەکی دەتوانێت بەرهەمهێنانی سروشتی هۆرمۆن و سپێرم سەرکوت بکات و قەبارەی گونەکان کەم بکاتەوە.



پرسیارە باوەکان


سپێرم لە کام گون بەرهەم دەهێنرێت؟
هەردوو گون بۆ زاوزێن و لە دۆخی سروشتیدا سپێرم و تێستۆسترۆن بەرهەم دێنن. نزمتربوونی یەکێک لە گونەکان بە واتای لاوازی ئەو نییە. ئەگەر یەک گون ساخ بێت، لەوانەیە بە تەنیا بۆ هۆرمۆن و پیتاندن بەس بێت. هەڵبەت، ئاکام پەیوەستە بە تەندروستی گونی ماوە، کراوەبوونی لوولەکان و هۆکارە هۆرمۆنییەکان. داخستن یان بڕینی لوولەی سپێرمبەر لە نەشتەرگەریی ڤازێکتۆمیدا ڕێگە لە چوونەژوورەوەی سپێرم بۆ شلەی تۆو دەگرێت، بەڵام بەرهەمهێنانی تێستۆسترۆن و توانایی ڕەپبوون ڕاناوەستێنێت.
سیرەت تا چ تەمەنێک هەڵدەدات؟
سیرەت بە گشتی تا کۆتایی قۆناغی پێگەیشتنی کوڕ و لە دەوروبەری تەمەنی ١٨ بۆ ٢١ ساڵیدا دەگاتە گەشەی تەواو. لەم ماوەیەدا، گۆڕانکاری جیاوازی هۆرمۆنی و فیزیکی لە لەشدا ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی گەشەی گونەکان، سیرەت و گۆڕانکاریی دیکە لە سیستمی زاوزێدا. دوای ئەم تەمەنە، ئەندامی زاوزێ بە گشتی دەگاتە قەبارە و شێوەی کۆتایی خۆی، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە گۆڕانکارییەکی بچووک تا تەمەنێکی بەرزتر بەردەوام بێت.
ئایا سپێرم لە کەمەر کۆدەبێتەوە؟
بۆچوونێکی کۆن و بەسەرچوو هەیە کە سپێرم لە کەمەر کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەزانین کە ئەمە ڕاست نییە. کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی سپێرم لە گونەکاندا ئەنجام دەدرێت. گونەکان بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی سپێرم و هۆرمۆنی تێستۆستێرۆن. کاتێک سپێرمەکان بەرهەم دەهێنرێن، دەگوازرێنەوە بۆ کەناڵە جیاوازەکانی ناو سیستمی زاوزێی پیاوان و لە ڕێگەی شلەی تۆوەوە لە کاتی ئاوهاتندا لە لەش دەردەچن. کەمەر هیچ ڕۆڵێکی نییە لە کۆکردنەوەی سپێرمدا.



لەبەر درێژ بوونەوەی وتار، لێرەدا باسەکە ڕادەگرین و درێژەکەی لە بابەتێکی دیکەدا دێنین.


ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:

Innerbody

Zygote Body

Britannica


هاوبەشکردن