کۆئەندامی بەرگری و لیمف

کۆئەندامی بەرگری و لیمف

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/02 (بەڕۆژکرا: 2026/10/05)
بینین: 5
کاتی خوێندن: 1 خولەک


کۆئەندامی لیمف چییە و لە چ ئەندام‌گەلێک پێکهاتووە؟


کۆئەندامی لیمف لە جەستەدا تۆڕێکە لە ئەندام، ڕەگ و شانە‌گەلێک کە پێکەوە هاوکاری دەکەن بۆ جووڵاندنی شلەی لیمف و گەیاندنی بە کۆئەندامی سووڕی خوێن. ئەم کۆئەندامە بەشێکی زۆر گرنگی کۆئەندامی بەرگرییە و جەستە لە دژی چڵککردنەکان دەپارێزێت. ڕۆڵەکانی تری کۆئەندامی لیمف بریتیین لە: پاراستنی ئاستی ئاسایی شلەکانی جەستە، مژینی چەوری و ڤیتامینە تواوەکان لە چەورییدا و لەناوبردنی خانە زیانلێکەوتوو یان پیرەکانی جەستە. بە پێی ئەم خاڵانەی کە باس کران، کۆئەندامی لیمف لە چالاکی ئاسایی جەستەدا ڕۆڵێکی زۆر ژیانی و گرنگی هەیە.

ئەوەی لەم بابەتەدا فێری دەبی:
  • فێر دەبی کە کۆئەندامی لیمف لە چ پێکهاتەیەک سازکراوە.
  • ڕەوتی دروستبوون، گواستنەوە و پاڵاوتنی شلەی لیمف فێر دەبی.
  • فێر دەبی کە ئەندامە سەرەتایی و دوواییەکانی لیمف چ ڕۆڵێک دەگێڕن.
  • ڕۆڵی کۆئەندامی لیمف لە بەرگری و هاوسەنگی شلەکانی جەستەدا دەناسیت.
  • تایبەتمەندییە پێکهاتەیی‌یەکانی ڕەگەکان و زمانە لیمفییەکان دەپشکنیت.
  • جیاوازییە کارکردییەکانی نێوان کۆئەندامی لیمف و سووڕی خوێن دەناسیت.


لە سەرەتای ئەم بابەتەی ماڵپەڕی لاجاندا لە پێکهاتەی گشتی و ئەرکەکانی ئەم کۆئەندامە شارەزا دەبین، پاشان یەک بە یەکی پێکهاتەکان وەک ئەندامان، ڕەگە لیمفییەکان و لیمف بە وردی زیاتر دەپشکنین. لە درێژەدا باس لە کارلێکی ئەم کۆئەندامە لەگەڵ کۆئەندامەکانی تری جەستە دەکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییە جۆراوجۆرەکانیان لەسەر یەکتر فێر ببین. لە کۆتایی بابەتەکەشدا دەچینە سەر گەشەسەندنی شانەی لیمفی لە سەردەمی کۆرپەییدا و بە نەخۆشییە ناسراوەکانی پەیوەندیدار بە کۆئەندامی لیمفیشەوە ئاشنا دەبین.

کۆئەندامی لیمف چییە؟

«کۆئەندامی لیمف» (Lymphatic System) یەکێکە لە کۆئەندامەکانی جەستەی بڕبڕەداران کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری جەستە و تەواوکەری کۆئەندامی سووڕی خوێن هەژمار دەکرێت. لە پێکهاتەی کۆئەندامی لیمفدا پێکهاتەی جیاواز هەن کە لە خوارەوە ناویان دەهێنین:

● «ڕەگە لیمفییەکان» (Lymphatic Vessels)
● «لیمف» (Lymph)
● «گرێ لیمفییەکان» (Lymph Nodes)
● «ئەندامە لیمفییەکان» (Lymphoid Organs)
● «شانەی لیمفی» (Lymphatic Tissue)

ئەناتۆمی کۆئەندامی لیمف

لیمف شلەیەکی ڕوونە کە لەلایەن ڕەگە لیمفییەکانەوە بەرەو دڵ دەبرێت بۆ ئەوەی دیسان لە سۆڕانی خوێندا بەکار بهێنرێتەوە. لیمف پێکهاتەیەکی هاوشێوەی پلاسمای خوێنی هەیە و گەڕانەوەی بۆ ناو ڕەگە خوێنییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی قەبارەی پلاسمای خوێن کەم نەبێتەوە.

کۆئەندامی سووڕی خوێنی مرۆڤ ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ لیتر خوێن دەخاتەبەردەست ڕەوتی پاڵاوتنی مووڕەگی و دەکرێت بڵێین نزیکەی ۱۷ لیتر لەم خوێنە پاڵاوتراوە دیسان دەمژرێتەوە بۆ ناو ڕەگە خوێنییەکان و سێ لیتری تری لە شلەی نێوان شانەکاندا دەمێنێتەوە. یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی کۆئەندامی لیمف کۆکردنەوەی ئەم سێ لیترە ماوە و گەڕاندنەوەیەتی بۆ کۆئەندامی سووڕی خوێن . ئەم چالاکییەی کۆئەندامی لیمف یارمەتی پاراستنی ئاستی شلەکانی جەستە دەدات. بێگومان کۆئەندامی لیمفی جەستە دەتوانێت ئەم شلەیە بپاڵێوێت و ماددە پاشماوەکان و خانە لەکارکەوتووەکانیشی لەناوببات. ئەرکەکانی ئەم کۆئەندامە تەنیا سنووردار نییە بەم خاڵە، لە خوارەوە ئاماژە بە ئەرکەکانی تری ئەم کۆئەندامە دەکەین:

● یارمەتیدانی جەستە بۆ مژینی چەوری : زۆرێک لە مولکولەکان بەهۆی قەبارەی بچووک یان سروشتی کیمیاییانەوە دەتوانن بە ئاسانی لە کونیلەکانی ناو دیواری مووڕەگەکانەوە تێپەڕن، بەڵام هەندێک چەوری و مولکولی تر قەبارەیان لەوە گەورەترە کە بتوانن بەم ڕێگەیە لە نێوان خوێن و شلەی نێوان شانەکاندا بگوازرێنەوە. کۆئەندامی لیمف بە کۆکردنەوەی شلەی نێوان شانەکان کە ئەم مولکولانەی تێدایە، دەبێتە هۆی گواستنەوەیان بۆ کۆئەندامی سووڕی خوێن و گەیشتنیان بە خاڵە ئامانجەکان.
● پاراستنی جەستە لە دژی هۆکارە پەلاماردەرەکان : کۆئەندامی لیمف خڕۆکە سپییەکانی خوێن (لیمفۆسیتەکان) و خانە بەرگرییەکانی تر دروست دەکات و ئازادیان دەکات. ئەرکی ئەم خانانەش ناسینەوە و لەناوبردنی هۆکارە پەلاماردەرەکانە وەک بەکتریا، ڤایرۆس، خۆرکە و کەڕووەکان.

کۆئەندامی لیمف جۆرێکە لە کۆئەندامی سووڕانی کراوە و لەم بوارەدا جیاوازە لەگەڵ کۆئەندامی سووڕی خوێن کە کۆئەندامێکی داخراوە. لە کۆئەندامی سووڕانی کراوەدا خوێن یان شلەکان بە ئازادی لە هڵۆڵەکانی جۆراوجۆری جەستەدا دەجووڵێن و پێویستیان بە پێکهاتەی وەک سوورڕەگ و ڕەشڕەگە نییە. بەرامبەر بەوە، لە کۆئەندامی سووڕانی داخراودا، ڕەگە خوێنییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئاراستەکردنی خوێنیدا. کۆئەندامی لیمف لەو ڕووەوە کە یەکێک لە کۆتاییەکانی مووڕەگە لیمفییەکانی داخراوە و لیمف تەنیا دەتوانێت لە ڕەگەە لیمفییەکاندا بجووڵێت تا دەگاتە ڕەشڕەگ، بە کۆئەندامی سووڕانی کراوە ئەژمار دەکرێت.
چوار نموونە لە ئەرکەکانی کۆئەندامی لیمفی جەستە

لیمف چییە؟


لیمف شلەیەکی روونە کە خاوەنی تایبەتمەندی بازی‌یە و خڕۆکە سپییەکانی خوێنی تێدایە. لە کاتی ئاڵوگۆڕی ماددەکان لە مووڕەگەکانی جەستەدا، بەشێکی زۆری پلاسمای خوێن دەچێتە ناو شانەکانی جەستەوە بەڵام هەمووی بۆ مووڕەگەکان ناگەڕێتەوە. لیمف بریتییە لە کۆکراوەی بڕی زیادەی ئەو شلانەی کە لە مووڕەگ دەرچوونە و چوونەتە ناو بۆشایی نێوان خانەکانەوە. لیمف لە کاتی جووڵانیدا لە ناو ڕەگە لیمفییەکاندا بەسەر ئەندام و گرێ جۆراوجۆرەکاندا تێدەپەڕێت کە ڕەنگە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کیمیاییدا دروست بکەن؛ بۆ نموونە لە کاتی تێپەڕبوونی لیمف بە ناو گرێ لیمفییەکاندا دوو گۆڕانکاری تێیدا دروست دەبێت:

1. ماددە پاشماوەکان لەلایەن لیمفۆسیتەکانی ناو شانەکەدا لەناودەبرێن.
2. لیمفۆسیتەکان دەچنە ناو گەڕانی لیمفییەوە.

چوونەژووری شلەی نێوان شانە بۆ ناو مووڕەگە لیمفییەکان و ڕێڕەوی جووڵەی لیمف لە کۆئەندامی لیمفدا

باکتریاکان ڕەنگە بە جۆرێک بچنە ناو لیمفەوە بەڵام بە گەیشتنی لیمف بە گرێ لیمفییەکان ئەم زیندەوەرانە لەناودەچن و ئیتر توانای دروستکردنی کێشەیان نابێت لە جەستەدا. خانە شێرپەنجەییەکانیش ڕەنگە لە لیمفدا ببينرێن، بەڵام ئەم جۆرە خانانەش لەلایەن لیمفۆسیتەکانەوە لەناودەبرێن.

لیمف لە ڕووی پێکهاتەوە زۆر لە پلاسمای خوێن دەچێت. لە بنەڕەتدا بە پشکنینی پێکهاتەکانی لیمف دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ۹۵ لەسەدی لە ئاو و ۵ لەسەدی لە ماددەی تر پێکهاتووە کە لە خوارەوە ناویان دەهێنین:

● کاربۆهیدراتەکان (بە تایبەت گلوکۆز)، پرۆتین و لیپیدە جۆراوجۆرەکان
● ڤیتامینەکان، ماددە کانزاییەکان و خوێکان
● ماددە پاشماوەکانی خانەکان
● میکرۆبەکان یان ژەهرە مژراوەکان لەلایەن ڕیخۆڵەکانەوە
● خانە ناسروشتی یان زیانلێکەوتووەکان، وەک خانە شێرپەنجەیییەکان
● خانە بەرگرییەکان (بە تایبەت لیمفۆسیتەکان)

ناوەڕۆکی پێکهاتەی لیمف بە تەواوی وابەستەی ئەم خاڵەیە کە لیمف لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ نموونە ئەو لیمفەی سەرچاوەکەی ڕیخۆڵەکانی جەستەیە، پڕە لە لیپیدی جۆراوجۆر؛ ئەم لیمفە بە ناوی «کیلۆس» (Chyle) دەناسین. لە جەستەی کەسێکی پێگەیشتوودا بە تێکڕا ڕۆژانە ۳ بۆ ۴ لیتر شلەی لیمفی دروست دەبێت، بەڵام ئەم بڕە لەژێر کاریگەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکاندا دەگۆڕێت.
هەندێک لە گرنگترین مولکول و خانەکان کە لە لیمفدا هەن

ئەندامەکانی کۆئەندامی لیمف


وەک چۆن کۆئەندامەکانی تری جەستە ئەندامی جۆراوجۆریان هەیە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو پێکەوە هاوکاری دەکەن، کۆئەندامی لیمفیش لە ئەندامی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە لە خوارەوە ناویان دەهێنین:

● «مێشکی ئێسک» (Bone Marrow)
● «تیمۆس» (Thymus)
● «گرێ لیمفییەکان» (Lymph Nodes)
● «سپڵ» (Spleen)
● «شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە بەڵغەم» (Mucosa-Associated Lymphoid Tissue | MALT)

ئەم ئەندامانە دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر دوو دەستەی گشتیدا کە لە خوارەوە دەیانناسێنین:

● ئەندامە لیمفییە سەرەتاییەکان : ئەم ئەندامانە لیمفۆسیتە گەیو و کاراکان لە خانە پێشسازە نەگەیوەکان دروست دەکەن. تیمۆس و مێشکی ئێسک ئەو دوو ئەندامەن کە ئەم ئەرکە لەئەستۆ دەگرن.
● ئەندامە لیمفییە دوواییەکان : ئەندامە دوواییەکان شوێنی جێگیربوونی لیمفۆسیتە گەیوەکانن و بە ناسینەوەی ئانتیجێنەکان، وەڵامەکانی کۆئەندامی بەرگری بەدەستهاتوو وەڕێدەخەن.

پێکهاتەکانی کۆئەندامی لیمف لە جەستەدا

وەک لە وێنەی سەرەوەدا دەبینن ئەم ئەندامانە لە بەشگەلێکی جۆراوجۆری جەستەدا جێگیرن و ڕێڕەوی پەیوەندییان ڕەگە لیمفییەکانن کە لیمفیان تێدا دەجولێت. لە درێژەدا لەگەڵ ئەم ئەندامەکان و چالاکییەکانیان ئاشنا دەبین.

ئەندامە لیمفییە سەرەتاییەکان

ئەندامە سەرەتاییەکان لیمفۆسیتەکانی جەستە لە خانە پێشسازە ناتەواوەکان دروست دەکەن. مێشکی ئێسک و تیمۆس ئەو دوو ئەندامەن کە لەم دەستەیەدان و شوێنی بەدنیاهاتنی لیمفۆسیتەکانی جەستەن کە لە گرنگترین خانە بەرگرییەکانی جەستە هەژمار دەکرێن.

جگە لە دروستکردنی ئەم خانانە، ئەندامە لیمفییە سەرەتاییەکان بەرپرسن لە پێگەیشتنی لیمفۆسیتەکانیش. بێگومان شوێنی پێگەیشتنی دوو دەستە سەرەکییەکەی لیمفۆسیتەکان جیاوازە و لیمفۆسیتەکانی T لە تیمۆس و لیمفۆسیتەکانی B لە مێشکی ئێسکدا پێدەگەن. لیمفۆسیتەکانی T لە مێشکی سووری ئێسکدا دروست دەبن، پاشان بۆ پێگەیشتن دەچنە تیمۆس و لەوێدا ڕەوتی جۆراوجۆر تێدەپەڕێنن بۆ ئەوەی بتوانن توانای پێویست بۆ بەرگریکردن لە جەستە بەدەستبهێنن.

ئەندامە لیمفییە سەرەتاییەکان و دوواییەکان

مێشکی ئێسک

مێشکی ئێسک ماددەیەکی ئەندامی و نەرمە بە شانەیێکی هاوشێوەی هەوری کە لە ناو هڵۆڵی ئێسکە گەورەکانی جەستەدا هەیە، لەوانە:

● ئێسکی ڕان (Thigh Bone)
● چۆڵەمەی سینگ (Breastbone)
● ئێسکی لەگەن (Hip Bone)
● بڕبڕەکانی پشت (Back Bones)

مێشکی سووری ئێسک ئەرکی دروستکردنی خانەکانی خوێنی لەئەستۆیە. ئەم خانانە لە خانە پێشسازەکانەوە کە پێیان دەوترێت «خانەی بنەڕەتی» (Stem Cell) دروست دەبن. خانەکانی بنەڕەتی خانەی ناجیاوازن کە دەتوانن گەشە بکەن و دوای دابەشبوون ببنە جۆرەها خانەی جیاوازی خوێن. لەوانە:

● خڕۆکە سوورەکان
● پلاکێتەکان
● خڕۆکە سپییەکان

شوێنی جێگیربوونی مێشکی سووری ئێسک و خانە دروستبووەکان لێیەوە

تیمۆس

ڕژێنی تیمۆس ئەندامێکی پەپوولەیی شێوەیە و دوو لۆبی هەیە کە لە بۆشایی نێوان ئێسکی چۆڵەمەی سینگ و شاڕەگی ئائۆرتی دڵ‌دا جێگیر بووە. دوو لۆبی تیمۆس به شانەی پێوەندی لەپاڵ یەکتردا ڕادەگیرێن. شانەی پێوەندی دەوروبەری لۆبەکانی تیمۆسی داپۆشیوە و بەرگێکی وەک کپسوولی بۆ دروستکردوون، پاشان ئەم کپسوولە دزە دەکاتە ناو پێکهاتەی تیمۆسەوە و دابەشی دەکات بەسەر چەندین لۆبوولدا. بەم بەشانەی کەپسوول دەکوترێت «ترابکۆلا» (Trabeculae).

پێکهاتەی تیمۆس دەکرێت دابەش بکرێت بەسەر دوو بەشی دەرەکی و ناوەکییدا:

● توێخ (Cortex) : بەشی دەرەکی تیمۆس کە بڕێکی زۆر لە تیمۆسیت (Thymocyte) و هەندێک خانەی ئێپیتلیاڵی، ماکرۆفاژ و خانەی دێندریتیکی تێدایە. توێخی تیمۆس زۆر پتەوە بۆیه پڕڕەنگتره له بەشەکانی تر.
● بەشی ناوەڕاست (Medulla) : تیمۆسیتەکان پێش ئەوەی لە تیمۆس دەرچن دەچنە بەشی ناوەڕاستی ئەم ئەندامە. ئەم بەشە پتەوایی کەمتری هەیە بەڵام ئەویش لە تیمۆسیت (Thymocyte) و هەندێک خانەی ئێپیتلیاڵی و خانەی دێندریتیکی پێکدێت.

پێکهاتەی تیمۆس

ئەندامە لیمفییە دوواییەکان

ئەندامە لیمفییە دوواییەکان شوێنی کۆبوونەوەی لیمفۆسیتە گەیوەکانن تا ئەو کاتەی وەڵامی بەرگری لەش چالاک دەبێت. بە ناسینەوەی ئانتیجێنێک، لیمفۆسیتەکان لەگەڵ خانە دێندریتیکییەکان کۆچ دەکەن بەرەو ناوچە تووشبووەکە بە هۆکاری نەخۆشییەکە. ئەم خانانە لەو ناوچانەدا دابەش دەبن و بە لەبیربوونی ئەم ئانیجێنەی بۆتە هەڕەشە لەسەر جەستە، دەچنەناو خوێن. 

ئەم خانانە دەست دەکەن بە سووڕانەوە لە بەشە جیاوازەکانی جەستەدا و لە هەر شوێنێکی لەشدا هۆکاری نەخۆشیزا دەستنیشان بکەن، شەڕی خۆیان لە دژی دەست پێدەکەن. ئەم سووڕانەوە خانەییە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە لە تەندروستی و پاکبوونەوەی تەواوەتیی جەستە دڵنیا دەبنەوە.

ئەندامە لیمفییە دوواییەکان ژینگەی تایبەت دەخەنە بەردەست لیمفۆسیتەکان کە ڕێگەیان پێ دەدات کارلێک لەگەڵ ئانتیجێنەکاندا بکەن . ئەم ناوچانە دەکرێت لە پێکهاتەی ئەم بەشانەی خوارەوەدا ببینرێن:

● گرێ لیمفییەکان
● «فۆلیکڵە لیمفۆئیدییەکان» (Lymphoid Follicles) لە ئاڵووەکاندا
● «پەڵەکانی پییەر» (Peyer’s Patches)
● سپڵ *  
● ئادێنۆئیدەکان
● پێست
● ناوچەکانی تر کە پەیوەندیدارن بە شانەی لیمفۆئیدی پەیوەست بە بەڵغەم.

ئەندامە لیمفییە دوواییەکان بۆ یارمەتیدان لە چالاککردنی لیمفۆسیتەکانی B و T چەندین چالاکیی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ، بۆ نموونە سپڵ خوێن دەپاڵێوێت و ئاڵووەکانیش ئانتیجێنە هاتووەکان لە شوێنە سەرەتاییەکانی ڕێڕەوی هەناسەدا دەخەنە داوەوە و دەیانگرن.

ئەندامە لیمفییە دوواییەکان

گرێ لیمفییەکان

بە کۆبوونەوەی شانەی لیمفی لە شوێنێکی جەستەدا «گرێ لیمفییەکان» یان «ڕژێنە لیمفییەکان» دروست دەبن. لە ڕاستیدا گرێ لیمفییەکان وەک شوێنە کۆنترۆڵەکان لە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی ڕەگە لیمفییەکاندا کار دەکەن. ئەم ڕژێنانە که بە سەدان لە تەواوی جەستەدا جگە لە مێشک و دڕکەپەت‌دا هەن، قەبارەی چووکە و نزیک2 بۆ 10 میلیمەترو شێوەی باقلەیان هەیە. ڕژێنە لیمفییەکان بە گشتی بە شێوەی دەستەیی لەکن یەک و له نزیکی پێست‌دان. لە درێژەدا چەند ڕژێنی لیمفی و جێگاکەیان بۆ نموونە دێنین:

● مل : گرێ لیمفییەکانی مل
● بنهەنگڵ : گرێ لیمفییەکانی بنهەنگڵ
● تەڕادی ڕان : گرێ لیمفییەکانی تەڕادی ڕان

ئەم ڕژێنانە چونکه لە پێست نزیکن، دەستلێدان و هەستپێکردنیان ئەو کاتەی هەڵدەمسێن، کارێکی ئاسانە. هۆکارگەلی وەک چڵککردنی جۆراوجۆر لە لەشدا دەتوانن ببنە هۆی هەڵمسانی ڕژێنە لیمفییەکان بەڵام بە گشتی ئەم بابەتە نیشانەیەکی مەترسیدار نییە. لە ڕوویەکانی ناوەوەی جەستەشدا ڕژێنی لیمفیی زۆر هەن کە ئەمانە ناتوانین هەستیان پێبکەین، بۆ نموونە لەناو سینگدا «ڕژێنە لیمفییەکانی میدیاستێن» (Mediastinal Lymph Nodes) و لەناو زگدا «ڕژێنە لیمفییەکانی زگ» (Abdominal Lymph Nodes) هەن کە لە دەرەوەڕا ناتوانین هەستیان پێبکەین.

جیاوازی گرێی لیمفی هەوکردوو و ئاسایی

ئەرکی گرێ لیمفییەکان پاڵاوتنی لیمفە . لەم ڕژێنانەدا میکرۆب، خانەی ناسروشتی و خانەی زیانلێکەوتوو دەستنیشان دەکرێن و وەڵامە بەرگرییە گونجاوەکان بۆ لەناوبردنیان چالاک دەبن، لەبەر ئەوە جەستە بە یارمەتیی گرێ لیمفییەکان دەتوانێت ئەم هۆکارانە لەناوبەرێت و لە دروستبوونی مەترسی بۆ ئەندامە جیاوازەکان ڕێگە بگرێت.

لە گرێ لیمفییەکاندا بڕێکی زۆر لیمفۆسیت بوونی هەیە کە جۆرێکە لە خڕۆکەی سپیی خوێن. ئەگەر هۆکارە نەخۆشیسازەکان لە جەستەدا دەستنیشان بکرێن، لیمفۆسیتەکان دابەش دەبن و لەناو گرێ لیمفییەکاندا چەند قات دەبنەوە. لەم دۆخەدا لیمفۆسیتەکان بە دوو شێوە لەگەڵ هۆکارەکانی نەخۆشی شەڕ دەکەن:

۱. یارمەتیدانی دەستنیشانکردنی هۆکارە نەخۆشییەکان
۲. دروستکردنی ماددە کیمیاییە جیاوازەکان بە توانای چالاککردنی بەشەکانی تری سیستمی بەرگری

پێکهاتەی گرێ لیمفییەکان لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە لە درێژەدا ناویان دەهێنین:

● کەپسوول
● «هڵۆڵی ژێر کەپسوول» (Subcapsular Sinus)
● توێخ
● «ناوچەی پاراکۆرتیکال» (Paracortical Region)
● بەشی ناوەندی
پێکهاتەی ڕژێنە لیمفییەکان

لە ناوچەی توێخی ئەم گرێیانەدا، زۆر «فۆلیکڵ» (follicle) هەن کە لە کاتی وروژاندنی «ئانتیجێن» (antigen) لەگەڵ «ناوەندە زایاکان» (Germinal Centers) گەورە دەبن. فۆلیکڵەکان شوێنی جێگیربوونی لیمفۆسیتەکانی B و خانە دێندێتیکییەکانی فۆلیکڵی (Follicular Dendritic Cells)ن. ناوچەی پاراکۆرتیکاڵیش شوێنی جێگیربوونی ژمارەیەکی زۆر لیمفۆسیتی T یە .

بۆ هەر گرێیەکی لیمفی، ۴ یان ۵ ڕەگی لیمفی دەچنە ناوی، بەڵام تەنیا یەک ڕەگ لەوێوە دەردەچێت کە پێی دەڵێین «ڕەگی لابەر» (vasa efferentia). ڕژێنە لیمفییەکان، وەک هەموو بەشەکانی تری جەستە، دەبێت لە ڕێگەی ڕەگەکانی خوێنەوە خۆراک وەربگرن. لەبەر ئەوە ناوچەیەک بە ناوی «نێوک» (Hilum) لەم ڕژێنانەدا دروست بووە کە تیایدا سوورڕەگ لەو ناوچەیەوە دەچێتە ژوورەوە و ڕەشڕەگ و ڕەگی لیمفیی لابەر لەوێوە دەردەکەون.

هەوکردنی ڕژێنە لیمفییەکان لە کاتی نەخۆشیدا ئاکامی چالاکیی ئەم جۆرە خانە یارمەتیدەرانەی سیستمی بەرگرییە، لەبەر ئەوە دوای چەند حەوتوویەک کە جەستە لە هۆکاری نەخۆشییەکە پاک بووەوە، هەوکردنەکەی ئەم ڕژێنانەش نامێنێت. لە جۆرێک شێرپەنجەدا کە بە «لیمفۆما» (Lymphoma) ناسراوە، کۆنترۆڵی ڕێژەی دروستبوونی لیمفۆسیتەکان لە دەست دەچێت و لەو دۆخەدا هەوکردنی ڕژێنە لیمفییەکان بە شێوەیەکی گشتی لەناو ناچێت.

سپڵ

سپڵ ئەو ئەندامەیە کە لە ناوچەی سەرەوە و چەپی زگدایە و دەتوانێت لیمفۆسیت دروست بکات. سپڵ گەورەترین ئەندامی کۆئەندامی لیمفە و جگە لە دروستکردنی لیمفۆسیت، خوێنیش دەپاڵێوێت . خوێن لە سپڵدا کۆدەبێتەوە و لەو کاتەدا خانە پیرەکانی خوێن لەناودەچن تا خوێن چابکرێتەوە. جگە لە خانە پیرەکان، ئەو خڕۆکە سوورانەی شێوەیان تەواو نییە و پلاکێتەکانیش لە سپڵدا لەناودەبرێن.

سپڵ توانای چاکردنی خانەکانی خوێنیشی هەیە. ئە گەر به هەر هۆکارێک مێشکی سووری ئێسک چالاکیی نەبێت و ڕەوتی چاکردنی خانەکانی خوێن  تێیدا ڕاگیرێت، سپڵ وەکوو جێنشینێک وەخۆدەکەوێت و خانەگەلی خوێنیی نوێ سازدەکات.

پێکهاتەی ناوەکی سپڵ

لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆر خڕۆکەی سپی، وەک لیمفۆسیتەکان لە سپڵدا، ئەم ئەندامە دەتوانێت یارمەتی جەستە بدات لە دژی هۆکارە نەخۆشییەکان. ئەم خاڵانەی خوارەوە لە چالاکییەکانی ئەم خانە لیمفۆسیتیانەن لە سپڵدا:

● سڕینەوەی میکرۆب لە ڕێڕەوی خوێن
● دروستکردنی ئانتیبادییەکان
● چالاککردنی بەشەکانی تری سیستمی بەرگری جەستە

شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە بەڵغەم

«پەردەی بەڵغەم» (Mucosa) چینێکی خانەییە بە تایبەتمەندیی پاراستن و لە زۆر شوێنی جەستەدا هەیە، شانەی لیمفۆئیدیش کۆمەڵێکە لە لیمفۆسیتەکانی ناو پەردەی بەڵغەم.

ئەم شانەیە لە هەموو شوێنەکانی جەستەدا دەبینرێت. بە تایبەتی ئەوە لەو ناوچانەدا دەبینین کە ڕەنگە میکرۆبەکان بە ئاسانی بچنە ناو جەستەوە. شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە بەڵغەم لەم شوێنە خوارەوانەدا بە شێوەیەکی تایبەت دەبینرێت:

● ئاڵووەکان کە لە کۆتایی گەروودان.
● «ئادێنۆئیدەکان» (Adenoids) کە لە کۆتایی کەپۆدان.
● «شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە نایژەکان» (Bronchus-Associated Lymphoid Tissue) کە لە ڕێڕەوە هەواییەکاندا هەیە.
● «شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە ڕیخۆڵە» (Gut-Associated Lymphoid Tissue) کە لە ڕیخۆڵەدا هەیە.

خانە بەرگرییە ئامادەکان لە شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە بەڵغەم، بە قۆستنەوە و لەناوبردنی میکرۆب و ژەهرەکان، جەستە دەپارێزن پێش ئەوەی پیسبوونەکە ڕێگا بۆ بەشە ناوەکییەکان بگرێتەبەر.

ئادێنۆئیدەکان

«ئادێنۆئیدەکان» (Adenoids) ئەو ڕژێنانەن کە لە بەشی سەرەتایی ڕێڕەوی هەوادا، لە پشت هڵۆڵی کەپۆوە جێگیر بوونە. ئەو ڕژێنانە لەدژی پاتۆجێن‌گەلێک که به هەناسەدان دێنەناو جەستە، شەڕ دەکەن.چالاکیی ئادێنۆئیدەکان لە منداڵاندا گرنگییەکی زۆری هەیە، تا پێش ئەوەی جەستە بتوانێت ڕێگەی شیاو بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی بەربڵاو بکات، توانای بەرگری بداتە جەستە لە بەرامبەر هۆکارە نەخۆشیسازەکاندا. ئەم پێکهاتەیە لە جەستەی گەورەساڵاندا نابینرێت و گەورەترینیان له نێوان 3 بۆ 5 ساڵیدا دەبینرێت.

شوێنی جێگیربوونی ئادێنۆئیدەکان

پەڵەکانی پییەر

«پەڵەکانی پییەر» (Peyer’s Patches) کۆمەڵێک لە فۆلیکڵە لیمفییەکانە لە ناو بەڵغەمی ڕیخۆڵە باریکەدا. 

پەڵەکانی پییەر دوو چالاکی گرنگیان هەیە کە پەیوەندییان بە سیستمی بەرگری و شێوازی وەڵامدانەوەی جەستە بەرامبەر بەو هۆکارانەوە هەیە کە توانای نەخۆشخستنیان هەیە:

١. وەڵامدانەوە بۆ چڵککردن : خانە بەرگرییە جۆراوجۆرەکان، وەک ماکرۆفاژەکان، خانە دێندریتیکەکان، لیمفۆسیتەکانی B و T لە پەڵەکانی پییەردا هەن و لە کاتی پێویستدا بۆ وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری دەست بە کار دەبن.
٢. باشاری بەرگریی خۆراکی : هەر شتێک کە دەیخۆین دەگاتە ڕیخۆڵەکان، بەڵام جەستە ئەم ماددانە وەک شتێکی بێگانە و هەڕەشەدار ناناسێت، ئەمە بەهۆی بوونی میکانیزمێکە کە پێی دەڵێین «باشاری بەرگریی خۆراکی» (Oral Immune Tolerance) کە لە ڕەوتی ئەودا سیستمی بەرگری بەرامبەر بە هەندێک ئانتیجێن وەڵام ناداتەوە. پەڵەکانی پییەر ڕۆڵیان هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە سیستمی بەرگری بەرامبەر بە کام ئەنتیجین وەڵام بداتەوە.

ڕەگە لیمفییەکان

لیمف لە ڕێگەی ڕەگەکانەوە لە جەستەدا دەجووڵێت کە پێیان دەکوترێت «ڕەگە لیمفییەکان» (Lymphatic Vessel). سیستمی ڕەگە لیمفییەکان ڕەگ‌گەلێکی ناسکیان هەیە کە لە شانەکاندا بۆ کۆکردنە شلەی نێوان شانە دزەیان کردووە، پاشان به پێکەوەلکانی ئەو ڕەگە بچووکانه، ڕەگی ئەستوورتر سازدەبێت، ئەوانەش لە ئاکامدا بە ڕەگی گەورەتر دەلکێن کە پێیان دەڵێین «ئاوەڕۆکانی لیمفی» (Lymphatic ducts).

ئاوەڕۆکانی لیمفی پەیوەستن به ڕەشڕەگە زلەکانی جەستەوە و ئەو لیمفەی که له شوێنە جۆراوجۆرەکانی لەشەوە کۆکراوەتەوە دەڕژێننەناو ئەو ڕەشڕەگانە تا پاش تێکەڵ بوون به خوێن، بچنە دڵەوە و پاشان بۆ تەواوی جەستە بنێردرێن.

سووڕانی لیمف لە جەستەدا بە یارمەتی ڕەگە لیمفییەکان

جووڵەی لیمف لە ڕەگە لیمفییەکاندا بە یارمەتی ماسولکەکان دەکرێت، بە جۆرێک کە بە گرژبوونی ماسولکەکان گوشار دەخرێتە سەر دیواری ڕەگە لیمفییەکان کە لیمف دەباتە پێشەوە.

لەم ڕەگانەدا زمانەی یەکلایەن هەن کە پێش لە گەڕانەوە لیمف بۆ شانەکان دەگرن. میکانیزمی کاری ئەم زمانانە ناچالاکانەیە و پێویستییان به وزە نییە.
ئاراستەدان بە جووڵەی لیمف بە کەڵکوەرگرتن لە زمانەکانی ناو ڕەگە لیمفییەکان

ڕەگە لیمفییەکان دابەش دەبن بەسەر دوو دەستەی گشتیدا:

● ڕەگە ڕووییەکان (Superficial Vessels)
● ڕەگە قووڵەکان (Deep Vessels)

چوونەژوورەوەی لیمف بۆ ناو ڕەگە لیمفییەکان لە ناوچەگەلێکدا بە ناوی «کاناڵە لیمفییەکان» دەست پێدەکات. لە ڕاستیدا مووڕەگە لیمفییەکان، ڕەگ‌گەلێکی ناسكن کە کۆتاییەکەیان داخراوە و بە چوونەژوورەوەی شلەی نێوان شانە بۆ ناویان، تەنیا یەک ڕێڕەو هەیە بۆ جووڵەی لیمف. لە ڕێڕەوی جووڵەی ئەم ڕەگانەشدا گرێ لیمفییە جۆراوجۆرەکان هەن کە لیمف لە کاتی تێپەڕبوون بە ناویاندا لە ڕووی بوونی هۆکارە نەخۆشییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و پاک دەکرێتەوە. ڕەگە لیمفییەکان لە کۆتاییدا بە لقی سەرەکیی دەمارە لیمفییەکانەوە دەلکێن کە پێیان دەڵێین «ڕەگە کۆکەرەوەکان» (Collecting Vessels). لە تێکەڵبوونی ئەم ڕەگانەشەوە دوو ئاوەڕۆی لیمفی دروست دەبن:

● «ئاوەڕۆی لیمفی ڕاست» (Right Lymphatic Duct) : بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو ناوچەیەی کە ئەم ئاوەڕۆیە بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی لیمفەکەی، نیوەی سەرەوەی جەستە لە بەرچاو بگرە و پاشان بیکەین بە دوو بەشی ڕاست و چەپ. ئاوەڕۆی لیمفی ڕاست بەرپرسیارە لە بەشی ڕاستی ئەم ناوچەیە. لەبەر ئەوە دەکرێت بڵێین کە ئاوەڕۆی لیمفی ڕاست، لیمف لە بەشی یەک چارەکی سەرەوە و ڕاستی جەستە کۆدەکاتەوە کە ئەم بەشە ناوچەکانی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
○ سەر
○ مل
○ لای ڕاستی سینگ
○ دەستی ڕاست


● «ئاوەڕۆی سینگی» (Thoracic Duct) : ئەم ئاوەڕۆیە زۆر درێژتر و گەورەترە لە ئاوەڕۆی لیمفی ڕاست و لیمف لە هەموو بەشەکانی تری جەستەوە دەڕژێتە ناو ئەم ئاوەڕۆیەوە.

ئەم دوو ئاوەڕۆیە ئەو لیمفەی تێیاندایە دەیڕژێننە ناو «ڕەشڕەگەکانی ژێر سەرشان» (Subclavian Veins). ڕەگە لیمفییەکان لە هەموو شانە و ئەندامەکانی جەستەدا هەن جگە لەوانەی کە لە درێژەدا ناویان دەهێنین، خەریکی کۆکردنەوەی شلەی نێوبان شانە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیانن:

● مێشکی ئێسک
● کرۆژە
● گلێنەی چاو
● سیستمی دەماری ناوەندی

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ئەندامانەمان وەک هەڵاوێر باس کرد، دیمەن‌گەلێک هەن لەسەر ئەوەی کە دەردانی لیمفی لە دۆخی ئاساییدا و دروستبوونی ڕەگە لیمفییەکان لە دۆخی نەخۆشیدا لەم ئەندامانەدا دەناسرێنەوە.

شوێنی جێگیربوون و ناوچەی پەیوەندیدار بە ڕەگە لیمفییە سەرەکییەکانی جەستە

ئەرکەکانی ڕەگە لیمفییەکان

● یارمەتیدانی مژینی چەورییەکان و ڤیتامینە توواوەکان لە چەورییدا لە لوولەی هەرسکردندا
● دابینکردنی میکانیزمی بەرگری لە دژی نەخۆشییەکان و میکرۆبەکان
● گەڕاندنەوەی شلەی نێوان شانەی زیادە بۆ سووڕی خوێنی جەستە

چینەکانی پێکهاتەی ڕەگە لیمفییەکان

ڕووی ناوەوەی ڕەگە لیمفییەکان لە چینێکی تەخت لە جۆرەکانی خانەی ئێپیتیلیاڵ پێکهاتووە کە پێی دەڵێین «ئاندۆتێلیۆم» (Endothelium). ئەم چینە خانەییەی کە بەرپرسە لە گواستنەوەی شلەمەنییەکان، بە پەردەیەکی بناخە بە دەڵاندنی زۆرەوە بەستراوەتەوە کە لە ماتریکسی دەرەوەی خانە دروست کراوە. «پەردەی بناخە» (Basement Membrane) ئاندۆتێلیۆم لە چینەکانی دیکەی خانەیی جیا دەکاتەوە. ئاندۆتێلیۆم بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە پەیوەندییەک لە نێوان خانەکاندا هەبێت کە ڕێگە بە تێپەڕبوونی شلەی نێوان شانە و چوونەژوورەوەی بۆ کونی ڕەگی لیمفی بدات. بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێگە نادرێت لیمف بڵاوبێتەوە بۆ ناو بۆشایی نێوان خانەکان .

چینی دوای ئاندۆتێلیۆم، ماسولکە تەختەکانن کە بە شێوەی بازنەی هاوتەریب لە دەوری ئاندۆتێلیۆم ڕێکخراون. ئەم ماسولکانە بە گرژبوون و فرەوانبوونی خۆیان دەتوانن گوشاری ناو کونی ڕەگە لیمفییەکان بگۆڕن . چالاکیی ئەم ماسولکانە دەبێتە هۆی جوڵەی هێمنی لیمف لە ناو ڕەگەکاندا و بەم شێوەیە بەبێ بوونی پۆمپێکی ناوەندی، کۆئەندامی لیمف دەتوانێت لیمف بجووڵێنێت. لە دیواری ڕەگە خوێنییەکانیشدا ماسولکەی تەخت هەیە، بەڵام جیاوازییەک لە نێوان ئەم ماسولکانە و ماسولکەکانی ڕەگە لیمفییەکاندا هەیە.

ماسولکە تەختەکان لە ڕەگە خوێنییەکاندا ڕۆڵیان لە گرژبوون و فرەوانبوونی ڕەگەکاندا هەیە و ئەرکی پاڵدانی خوێنیان نییە، بەڵام وەک چۆن لێکۆڵینەوەمان کرد، لە ڕەگە لیمفییەکاندا ئەرکی ماسولکەکان دروستکردنی گوشارێکە کە پاڵنەرە بۆ پێشچوونی لیمف.

مووڕەگە لیمفییەکان

مووڕەگە لیمفییەکان کە ئەستووراییان نزیکەی ۲۰ بۆ ۷۰ میکرۆمەترە، لە ژێر ئێپیدێرم‌دا هەڵکەوتوون و لە پێکهاتەیاندا  زمانەی یەکلایان نییە. یەکێک لە جیاوازییەکانی مووڕەگە لیمفییەکان لەگەڵ مووڕەگە خوێنییەکان ئەوەیە کە یەکێک لە سەرەکانی مووڕەگی لیمفی داخراوە، بەڵام لە مووڕەگی خوێنیدا یەک سەر بە سوورڕەگی بچووک و سەری دیکە بە ڕەشڕەگی بچووک بەستراوەتەوە .

خانە ئاندۆتێلیاڵەکانی دروستکەری مووڕەگە لیمفییەکان پەیوەندییەکی قایمیان لەگەڵ یەکتردا نییە و پێکهاتەیەکی ڕیشاڵین کە لە فیلامێنتەکانی خاوەن توانای لەنگەرگرتن دروست کراون، ئەم فیلامێنتانە خانە ئاندۆتێلیاڵەکان بە شانەی دەوروبەری مووڕەگەوە دەبەستنەوە. کاتێک شلەی نێوان شانە زیاد دەکات، ئەم فیلامێنتانە مەودای نێوان خانە ئاندۆتێلیاڵەکان زیاتر دەکەن و بەم شێوەیە بڕێکی زیاتری شلەی نێوان شانە دەچێتە ناو کونی مووڕەگی لیمفییەوە.

پێکهاتەی ڕەگە لیمفییەکان


زمانە لیمفییەکان

یەکێک لە تایبەتمەندییە پێکهاتەیییەکانی ڕەگە لیمفییەکان، ئەو زمانانەن کە تێیاندا هەن. ئامانجی هەبوونی ئەو زمانانە لە ڕەگە لیمفییەکاندا ئەوەیە کە پێش لە گەڕانەوەی لیمف و جووڵانی لە ڕێڕەوی هەڵەدا بگرێت، ئاوا لیمف تەنیا بەرەو دڵ دەچێتە پێش. به زۆر بوونی گوشاری شلەی لیمف له یەک شوێندا بەو هۆکارانەی لە درێژەدا باسیان دەکەین، لیمف بەرەو پێش پاڵدەدرێت و به کرانەوەی زمانەکان، لیمف دەچێتەناو هڵۆڵی دواتر.

● زیادبوونی ئەو لیمفەی  هاتۆتەناو ڕەگ
● گرژبوونی ماسولکە تەختەکان

بە کەمبوونەوەی گوشار، زمانە دادەخرێت و ئاوا لیمف ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هڵۆڵی پێشتر. به هڵۆڵەکانی نێوان دوو زمانە دەکوترێت «لیمفاژیۆن» (Lymphangion).   لیمفاژیۆنەکان یەکەی پێکهاتەی کۆئەندامی لیمفن.

جووڵەی لیمف لە درێژایی یەک لیمفاژیۆن‌دا


پەیوەندی کۆئەندامی لیمف لەگەڵ کۆئەندامەکانی تری جەستە


کۆئەندامەکانی جەستە بۆ پاراستنی ژیان و تەندروستیی لەش، پێکەوە هاوکاری دەکەن و یەکێک لە ڕێگەکانی پەیوەندیی نێوانیان کۆئەندامی لیمفە.



کۆئەندامی سووڕی خوێن

کۆئەندامی لیمف شلە پاڵێوراوەکە و پڕۆتینەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خوێن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە کۆبوونەوەی شلەی نێوان شانە و کەمبوونەوەی قەبارەی پلاسما. مانەوەی شلەی نێوان شانە لە نێوان خانەکاندا بە «ئیدێما» (Edema) یان ئاوسان ناودەبەین.

کاریگەریی کۆئەندامی سووڕی خوێن لەسەر کۆئەندامی لیمف بەم شێوەیەیە کە ئەم کۆئەندامە هەلێک بۆ گواستنەوەی خانە خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە شوێنی جێگیربوونیانەوە بەرەو شوێنی چالاکییەکەیان دەڕەخسێنێت، بۆیە کۆئەندامی لیمف بۆ بەرەنگاری لە دژی هۆکارە هەوکردووەکان و خانە نەخۆشخەرەکان پێویستی بە هاوکاریی کۆئەندامی سووڕی خوێن هەیە.

کۆئەندامی ژوورڕژێن

تیمۆس دەتوانێت بە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکان پێگەیشتنی لیمفۆسیتەکانی T ڕێکبخات، لە بەرامبەریشدا هۆرمۆنە جیاوازەکانی کۆئەندامی ژوورڕژێن کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی «لێکۆپۆیز» (Leukopoiesis) هەیە کە پرۆسەی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانی خوێنە. بۆ نموونە، کۆرتیزۆڵ یەکێکە لەو هۆرمۆنانەی کە ڕەوتی لێکۆپۆیز سەرکوت دەکات.

کۆئەندامی ماسوولکەیی

یەکێک لە ئاکامەکانی هاوسەنگیی شلەی نێوان شانە لە کۆئەندامی ماسوولکەیی جەستەدا، دروستکردنی خەستییەکی گونجاوی یۆنەکانە کە یارمەتی دروستبوونی پۆتێنسیەڵی پەردەی خانە دەدات. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی پۆتێنسیەڵی پەردە و خەستیی یۆنەکان بۆ گرژبوونی ماسوولکەکان، دەتوانین بڵێین کە چالاکیی کۆئەندامی لیمف دەتوانێت بۆ چالاکیی دروستی سیستمی ماسوولکەیی بەسوود بێت. لە بەرامبەریشدا ماسوولکە ئێسکییەکان بە گرژبوونیان وەک پۆمپێک بۆ جووڵاندنی لیمف لە ڕەگە لیمفییەکاندا کار دەکەن.

کۆئەندامی دەمار

کۆئەندامی لیمف سەرچاوەی ئەو میکروگلیا (Microglia)یانەیە کە لە کۆئەندامی دەماردا کاری پاککردنەوەی پاشماوەی خانەکان دەکەن. سایتۆکاینەکانیش (Cytokines) یارمەتی باشتربوونی خەو و ڕێکخستنی پلەی گەرمای لەش لە کاتی تا دەدەن. بە ڕاستی کاتێک لەش تووشی تا دەبێت، سایتۆکاینەکان کاریگەرییان لەسەر خاڵە ڕێکخەرەکانی پلەی گەرمای لەش لە هیپۆتالامۆسدا هەیە.

خەو دەبێتە هۆی باشترکردن وەڵامەکانی کۆئەندامی بەرگری. لە کاتی تاشدا، هیپۆتالامۆس بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سیستمی بەرگری، پلەی گەرمای لەش جارێکی تر ڕێکدەخاتەوە؛ هەروەها کۆرتیکۆترۆپین (Corticotropin) بۆ چالاککردنی ڕێڕەوی بەرهەمهێنانی کۆرتیزۆڵ دەردەدات. بە لەبەرچاوگرتنی چالاکیی دژەهەوکردنی کۆرتیزۆڵ، دەتوانین ئەم چالاکییەی هیپۆتالامۆس بە جۆرێک لە یارمەتی بۆ سیستمی بەرگری دابنێین.

کۆئەندامی زاوزێ

ئانتیبادییەکانی چاکراو لە لەشی دایکدا دەتوانن بچنە جەستەی کۆرپەڵە و بەرگرییەکی ناچالاک (Passive Immunity) بۆ کۆرپەڵە دابین بکەن. دوای لەدایکبوونیش ئانتیبادییەکان لە شیری دایکدا هەن و لەو ڕێگەیەوە دەگوازرێنەوە بۆ لەشی کۆرپە. لە بەرامبەریشدا زگپڕی کاریگەریی لەسەر سیستمی بەرگری دەبێت، بەو شێوەیەی کە لەشی دایک وەک بەشێکی بێگانە کە بەشێک نییە لە لەشی خۆی (کۆرپەلە) قبووڵ دەکات و هێرشی ناکاتە سەر. هۆرمۆنە جنسییەکانیش ڕەنگە تایبەتمەندی دژەهەوکردنیان هەبێت، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە توندکردنەوەی چالاکیی ئانتیبادییەکان ببنە هۆی دروستبوونی وەڵامگەلی خۆبەرگری (Autoimmune).

کۆئەندامی هەناسە

ڕێگری لە کۆبوونەوەی شلەی نێوان شانە لە سییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕووبەری ئاڵوگۆڕی گازە هەناسەییەکان دۆخێکی گونجاوی هەبێت. شانەی لیمفۆئیدی پەیوەندیدار بە بەڵغەم و ماکرۆفاژەکانی کیسە هەواییەکان ڕێگری دەکەن لە چوونەناوەوەی نەخۆشخەرەکان (Pathogens) بۆ ناو موکوس و دیواری کیسە هەواییەکان. ئاڵوگۆڕی گازە هەناسەییەکان لە سییەکاندا ئۆکسجینی پێویست بۆ خانە لیمفییەکان دابین دەکات و بە یارمەتیی هەمان کۆئەندامی هەناسە، خانەکانی کۆئەندامی لیمف دەتوانن دی ئۆکسیدی کاربۆن بدەنە دەرەوە.

پێکهاتەی کۆئەندامی لیمفی لە سییدا

کۆئەندامی ئێسکبەندی

ئۆستیۆکلاستەکان (Osteoclasts) ئەو خانانەن کە یارمەتیی ڕێکخستنی ئاستی کالسیۆم لە لەشدا دەدەن، ئەم خانانە لە مۆنۆسیتەکانی نێو کۆئەندامی لیمفەوە دروست دەبن. لە بەرامبەریشدا دەبێت بکوترێت کە مێشکی سووری ئێسکەکان شوێنی بەرهەمهێنانی خڕۆکە سپییەکانن.

کۆئەندامی داپۆشین

چالاکیی کۆئەندامی لیمف یارمەتیی پاراستنی هاوسەنگیی شلەی نێوان شانە لە کۆئەندامی داپۆشیندا دەدات. لۆکۆسیتەکانیش پاتۆجێنەکان لەناودەبەن و یارمەتیی چاکبوونەوەی ئەو برینانە دەدەن کە لە شانەی داپۆشیندا دروست بوون. شانەی داپۆشینیش لە ڕووی ئەناتۆمی و کیمیاییەوە بەربەستێکە بۆ چوونەژوورەوەی ماددە جیاوازەکان بۆ نێو لەش و بەم شێوەیە لەش لە بەرامبەر هۆکارە هێرشبەرەکان دەپارێزێت.

کۆئەندامی میزدەر

کۆئەندامی لیمف بە پاراستنی شلەکان لە ڕەگە لیمفییەکاندا، یارمەتیی گورچیلەکان دەدات لە دروستکردنی هاوسەنگیی شلەکان لە لەشدا. بافتی لیمفۆئیدیی پەیوەندیدار بە بەڵغەمیش یارمەتیی بەرگریکردن لە سیستمی میزدەر لە بەرامبەر پاتۆجێنەکان دەدات. لە بەرامبەریشدا، ڕەوتی میزکردن دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی پاتۆجێنەکان بۆ نێو لەش و دەکرێت بکوترێت کە ئەم کۆئەندامە بەشێکە لە بەرگریی زگماکیی لەش.

کۆئەندامی هەرس

لیمف توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی چەورییەکان (لیپیدەکان)ی ماددە خۆراکییەکانی هەیە و ئەم مولکولانە لە ڕیخۆڵە باریکەوە هەڵدەمژێت تا بیانگوازێتەوە بۆ نێو خوێن. شانەی لیمفۆئیدیی پەیوەندیدار بە ڕیخۆڵەش بەربەستێکە بۆ چوونەژوورەوەی پاتۆجێنەکان لە پەردەی موکوسیی سیستمی هەرسەوە. سیستمی هەرس ئەو ماددە خۆراکیانەی پێویستن بۆ ئەندامە لینفاوییەکان دابین دەکات، هەروەها ئەسیدی گەدە بەشێکە لە بەرگریی زگماکیی لەش.

پێکهاتە لیمفییەکانی ناو ڕیخۆڵە بۆ مژینی چەورییەکان


جیاوازییەکانی کۆئەندامی لیمف لەگەڵ کۆئەندامی سووڕی خوێن

کۆئەندامی لیمف کۆئەندامی سووڕی خوێن
کۆئەندامێکی سووڕانی کراوەیە کۆئەندامێکی سووڕانی داخراوە
لە ڕەگ، ڕژێن، شانە و ئەندامی لیمفی پێکهاتووە لە دڵ و ڕەگە خوێنییەکان پێکهاتووە
ڕەگ و مووڕەگی لیمفی هەیە سوورڕەگ، ڕەشڕەگ و مووڕەگی هەیە
لە ڕەگەکاندا لیمف دەجولێت لە ڕەگەکاندا خوێن دەجولێت
ئەندامێکی ناوەندی نییە لە جووڵەی لیمفدا دڵ وەک ئەندامێکی ناوەندی خوێن پۆمپ دەکات
لە وەڵامە بەرگرییەکان و مژینی چەورییەکاندا ڕۆڵی هەیە بەرپرسە لە گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان، گازە هەناسەیییەکان و پاشماوەکان
 

وەستانی چالاکیی کۆئەندامی لیمف

کۆئەندامی لیمفیش وەک بەشەکانی تری جەستە تووشی تێکچوون دەبێت:

● گیرانی ڕێڕەو
● چڵککردن
● شێرپەنجە (لیمفۆما)

جیاوازی خانەکانی شانەی لیمفی کەسانی تەندروست و نەخۆش


پێکهاتن و گەشەسەندنی شانەی لیمفۆئیدی


لە هەفتەی پێنجەمی کۆرپەییدا شانەی لیمفۆئیدی دەست بە دروستبوون دەکات. ڕەگە لیمفییەکان لە کیسەکانی لیمفییەوە سەرچاوە دەگرن کە لە ڕەشڕەگە گەشەسەندووەکانەوە دروست بوونە. تیمۆسیش لە هەفتەی هەشتەمی کۆرپەییدا لە «کیسەی قوڕگەکان» (Pharyngeal Pouches)ەوە دروست دەبێت.



سپل * : فاتەڕەشە، گورگ‌نەخۆرە



سەرچاوەکان:

Lab X change

TeachMe Anatomy

Get Body Smart

IMAIOS





هاوبەشکردن