کۆئەندامی ئێسکبەندی

کۆئەندامی ئێسکبەندی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/08/22 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 74
کاتی خوێندن: 1 خولەک

ئێسکبەندی چییە؟

شیکردنەوە + جۆرەکان + پێکهاتە + ئەرک


سەرەکیترین جیاوازی نێوان جەستەی ئاژەڵانی بڕبڕەدار و بێ‌بڕبڕە، بوونی ئێسکبەندیی ناوەوەی ئاژەڵانی بڕبڕەدارە. ئێسکبەندی چوارچێوەیەکە کە پێکهاتە و شێوەی گشتی جەستەی ئەم بوونەوەرانە دیاری دەکات. ئەگەر ئەم چوارچێوەیە نەبوایە، جەستەی ئێمە وەک شەیتانۆکه یان کرمی خوڵ زۆر نەرم و بێ شێوە دەبوو. ئێسکەکانی ناو ئەم پێکهاتە، بە بەستنەوە بە ماسولکەکانەوە، ڕێگە بە جووڵەی مرۆڤ دەدەن و ڕێگە لە زیانگەیشتن بە ئەندامە گرنگەکانی جەستە دەگرن. هەروەها شانەی ئێسک شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی ماددە کانزاییەکان وەک کالیسیۆم و فۆسفۆر و بەرهەمهێنانی خانەکانی خوێن. لەم بابەتەدا جۆرەکانی ئێسکبەندی، پێکهاتەکانی و نەخۆشییەکانی ڕوون دەکەینەوە.

ئەوەی لەم بابەتەدا فێری دەبن:
  • فێر دەبن کە ئێسکبەندیی جەستەی مرۆڤ چۆن لە دوو بەشی تەوەری (ناوەندی) و لایەنی (پەلکێش) پێکهاتووە.
  • ڕۆڵی ئێسکبەندی لە پاراستن، جووڵە و پێکهاتەی جەستە دەزانن.
  • پێکهاتە و تێکەڵەی ئێسک، کرۆژه، جومگە و پەت (ڕەبات) دەناسن.
  • لەگەڵ نەخۆشییە گرنگەکانی ئێسکان وەک پووکی ئێسک و ئارترۆز (هەوکردنی جومگە) و ڕێگەکانی دیاریکردنی هەریەکەیان ئاشنا دەبن.


ئێسکبەندی چییە؟
ئێسکبەندی شێوەی گشتی ڕیزبوونی ئێسکەکانی جەستە دیاری دەکات. ئەم پێکهاتەیە لە دوو بەشی جیاواز پێکهاتووە کە هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە. ٦٠٪ ئێسکەکانی جەستە لە ئێسکبەندیی لایەنی و ٤٠٪ـیان لە ئێسکبەندیی تەوەری‌دا هەڵکەوتوون.
  • ئێسکبەندیی تەوەری (Axial Skeleton) : ئەم بەشە ئێسکانی سەر و مل، ستوونی بڕبڕە و قەفەزی سینگ دەگرێتەوە.
  • ئێسکبەندیی لایەنی (Appendicular Skeleton) : ئەم بەشە ئێسکانی ئەندامەکانی جووڵە لەخۆدەگرێت وەک کەلەکە، لەگەن، شان و کرۆژەەکانی هەریەکەیان.

ئێسکبەندیی تەوەری لە بەشە ناوەندییەکانی جەستەی مرۆڤدایە و ئێسکبەندیی لایەنی لە ئەندامەکانی تەنیشت و خوارەوەدا هەڵکەوتووە.


ئێسکبەندیی تەوەری

منداڵی مرۆڤ لە کاتی لەدایکبووندا زیاتر لە ٣٠٠ ئێسکی هەیە کە لە ساڵانی دواتردا هەندێکیان بەیەکەوە دەلکێن و دەبنە یەک. لە ئەنجامدا، دوای گەیشتن بە تەمەنی گەورەیی، تەنیا ٢٠٦ ئێسک بەشداری لە پێکهێنانی ئێسکبەندیی مرۆڤدا دەکەن. ئێسکبەندیی تەوەری بەشێکە لە ئێسکانی مرۆڤ کە لە ئێسکەکانی کەللەسەر، ئەوک (حەنجەرە)، ستوونی بڕبڕە و قەفەزی سینگ پێکهاتووە. ئەم ئێسکبەندیە جەستە دەکاتە دوو بەشی هاوتای چەپ و ڕاست. بەشێک لەم پێکهاتەیە ئەرکی پاراستنی ئەندامە گرنگەکانی جەستە وەک مێشک و دڵی لە ئەستۆدایە و بەشێکی تریش بەشداری لە بیستن، قسەکردن و پێکهێنانی خانەکانی خوێندا دەکەن. ٨٠ ئێسک لەو ٢٠٦ ئێسکەی ئێسکبەندیی مرۆڤی گەورە، لەم بەشەدا هەڵکەوتوون کە لە سێ بەشی کەللەسەر، ئەوک و ستوونی بڕبڕەدا ڕێکخراون.

کەللەسەر
کەللەسەر(Skull) بەرزترین بەشی ئێسکبەندیی مرۆڤە کە ڕووخسار و سەر پێکدەهێنێت. ئێسکەکانی ئەم بەشە لە دوو بەشی "ئێسکەکانی کەللەسەر" (Cranial Bones) و "ئێسکەکانی ڕووخسار" (Facial Bones) پێکهاتوون. هەروەها ئێسکەکانی گوێی ناوەش سەر بەم دوو بەشەن.

ئێسکەکانی کەللەسەر
ئەم ئێسکانە لە بەشی سەرەوە، ناوەڕاست و خوارەوەی سەردا هەڵکەوتوون و جێگیرن (نەجووڵاو). ئەرکی سەرەکییان پاراستنی مێشکە لە بەرامبەر لێدان. هەشت ئێسک بەشداری لە پێکهێنانی ئەم بەشەدا دەکەن کە هەندێکیان جووتن.
  • ئێسکی پاش‌سەر (Occipital Bone) : یەک ئێسکە لە بەشی پشتەوە و خوارەوەی سەردا هەڵکەوتووە.
  • ئێسکی لاقە (ئاهیانە) (Parietal Bone) : یەک جووت ئێسکە لە بەشی سەرەوە و تەنیشتەکانی سەردا هەڵکەوتووە.
  • ئێسکی لاجانگ (Temporal Bone) : یەک جووت ئێسکە لە هەردوو لای سەردا هەڵکەوتووە.
  • ئێسکی هەنیە (Frontal Bone) : یەک ئێسکە کە بەشی پێشەوەی سەر دەپۆشێت.
  • ئێسکی پەپوولەیی (Sphenoid) : یەک ئێسکە کە لە نێوان چاو و گوێدا هەڵکەوتووە.
  • ئێسکی بێژینگی (Ethmoid) : یەک ئێسکە کە لە بەشی سەرەوە و پشتەوەی قوڵایی کەپۆدا هەڵکەوتووە.

وێنەی لەلاوەی ئەسکبەندیی سەر


ئێسکەکانی ڕووخسار
چاردە ئێسک شێوە و پێکهاتەی ڕووخسار دیاری دەکەن. ئێسکبەندیی ڕووخساریش لە ئێسکی تاک و جووت پێکهاتووە.
  • شەوێلاکەی خوارەوە (Mandible) : یەک ئێسکە کە شەوێلاکەی خوارەوە پێکدەهێنێت.
  • شەوێلاکەی سەرەوە (Maxillae) : یەک جووت ئێسکە کە شەوێلاکەی سەرەوە پێکدەهێنێت.
  • ڕوومەت (Zygomatics) : یەک جووت ئێسکە کە بەشی دەرەوەی قوڵایی چاو و ڕوومەت پێکدەهێنێت.
  • فرمێسکی (Lacrimals) : یەک جووت ئێسکە لە بەشی ناوەوەی قوڵایی چاودا.
  • کەپۆ (Nasals) : یەک جووت ئێسکی پردی کەپۆ، لە نێوان قوڵایی چاوەکاندا.
  • تیخی کەپۆ (Vomer) : ئێسکی ناوەندی قوڵایی کەپۆ.
  • مەڵاشوو (Palatines) : یەک جووت ئێسکە کە بانی زار پێکدەهێنێت.
  • ئێسکی خوارەوەی کەپۆ (Nasal conchae) : ئێسکی قوڵایی کەپۆیە، قوڵایی کەپۆ دەکاتە چوار ڕێڕەو.

وێنەی ئێسکبەندیی سەر و ڕوخسار لە پێشەۆەڕا

ئێسکەکانی گوێ
ئێسکۆچکەکانی بیستن (Auditory Ossicles): بچووکترین ئێسکەکانی جەستەن. ئەم ئێسکە باریکانە بە هۆی جومگەکانی سینۆڤیاڵەوە بەیەکەوە دەبەسترێن و زنجیرەیەک لە گوێی ناوەڕاستدا پێکدەهێنن کە شەپۆلی دەنگ دەگوازێتەوە بۆ گوێی ناوەوە. سێ جووت ئێسکۆچکەی بیستن لە مرۆڤدا هەیە.
  • ئێسکی چەکوچی (Malleus) : ئێسکی چەکوچی هەر گوێیەک، دەرەکیترین ئەندامی زنجیرەی ئێسکۆچکەکانی بیستنە.
  • ئێسکی سندانی (Incus) : ئەم ئێسکۆچکەیە لە گوێی ناوەڕاستدا، دوو ئێسکەکەی تر بەیەکەوە دەبەستێت.
  • ئێسکی ڕکێفی (Stapes) : ئەم ئێسکۆچکەیە لە گوێی ناوەڕاستدا، ناوەکیترین ئەندامی ئێسکۆچکەکانی بیستنە.

ئێسکۆچکەکانی گوێی دەرەوە و ناوەڕاست ڕۆڵیان لە پرۆسەی بیستندایە. 

شەپۆلی دەنگ دەبێتە هۆی لەرزینی پەردەی گوێ. پەردەی گوێ ئێسکی چەکوچی دەجووڵێنێت و ئەم جووڵەیە لە ڕێگەی ئێسکی سندانی و ڕکێفییەوە دەگاتە شلەمەنی گوێی ناوەوە. جووڵەی شلەمەنی گوێی ناوەوە وەرگرەکانی بیستن هان دەدات و پەیامی میکانیکی دەگۆڕێت بۆ کارەبایی.


ئێسکبەندیی ئەوک
ئێسکبەندیی ئەوک لە گەروو و بەرامبەر بڕبڕەکانی C4-C6 هەڵکەوتووە. ئەم بەشە لە یەک ئێسک و ٩ کرۆژە پێکهاتووە کە لە بەشی ناوەندی گەروودا هەڵکەوتوون و نای بە قورگ (بەشی پشتەوەی زار و خوارەوەی قوڵایی کەپۆ)  دەبەستێت. پێکهاتەی ئەوک لە ڕیزبوونی ژمارەیەکی زۆر کرۆژە پێکهاتووە کە بە هۆی "ئێسکی ئەوک" (Hyoid) شێوەیان پێدراوە.

ئەوک بەشێک له ئێسکبەندی تەوەریی مرۆڤه که له یەک ئێسک و 9 کرۆژە پێکدێت.


ئێسکبەندیی ستوونی بڕبڕە
ستوونی بڕبڕە لە مرۆڤێکی گەورە و تەندروستدا لە ٢٦ ئێسک پێکهاتووە کە پاراستنی دەمارە سپیی دەکات و خاڵێکی بەستنەوەیە بۆ ماسولکەکانی پشت لەگەڵ پەراسوو و ملدا. لە کاتی لەدایکبووندا، ستوونی بڕبڕە لە ٣٣ ئێسک پێکهاتووە کە لەگەڵ گەشە و پەرەسەندن لە ساڵانی دواتردا، هەندێکیان بەیەکەوە دەلکێن. ستوونی بڕبڕەی مرۆڤی گەورە لە چوار بەش پێکهاتووە:
  • بڕبڕەکانی مل (Cervical Vertebrae) : لە ٧ بڕبڕە (C1-C7) پێکهاتووە.
  • بڕبڕەکانی سینگ (Thoracic Vertebrae) : لە ١٢ بڕبڕە (Th1-Th12) پێکهاتووە.
  • بڕبڕەکانی کەمەر (نێوقەد) (Lumbar Vertebrae) : لە ٥ بڕبڕە (L1-L5) پێکهاتووە.
  • بەشی پەپوو (Sacral Bones) : ئێسکی پەپوو (Sacrum) و کلێجە (Coccyx Bone) پێکهاتەکانی ئەم بەشەن لە ستوونی بڕبڕەدا.

ستوونی بڕبڕە بەشێک له ئێسکبەندی تەوەریی مرۆڤە که له 26 ئێسک پێکهاتووه.


ستوونی بڕبڕە لە دوو بەشی ئێسکەکانی بڕبڕە و دیسکەکانی نێوانیان پێکهاتووە.
  • بڕبڕەکان : ئێسک‌گەلێکن کە لە ناوەڕاست و دیواری تەنیشتیاندا قوڵاییەک هەیە بۆ تێپەڕبوونی دەمارە سپیی و ڕیشاڵە دەمارییەکانی دەوروبەر. کەوانە پێکهاتەیییەکانی ستوونی بڕبڕە یارمەتی ئەم بەشە دەدەن بۆ پاراستنی دەمارە سپیی لە بەرامبەر گوشار و زیانە فیزیکییەکان. شێوەی بڕبڕەکانی مل، سینگ و پشت جیاوازییان هەیه. بەژنی ئێسکی هەموو ئەو بڕبڕانه له ئێسکی هەورین پێکهاتووه و زێده ئێسکەکانی دو لای بڕبڕە یارمەتیی بەستنی ئێسک و ماسولکە دەدات. کووزی سەرەوە و بەرەوەی زێدە ئێسکەکان  جێگای ڕیشاڵه دەمارییەکانی دەوروبەرن.
  • دیسکەکان : شانەی کرۆژەی ڕیشاڵین کە لە نێوان بڕبڕەکانی C2 تا ئێسکی پەپوودا هەڵکەوتوون. دیسکەکان لەگەڵ جومگەدا بەشداری لە جووڵەی سنوورداری بڕبڕەکاندا دەکەن و وەک زەربەگر کار دەکەن لە بەرامبەر گوشارەکانی دەوروبەر. کەمبوونەوەی شلکیی بەشی ناوەوەی دیسک به هۆی چوونەسەری تەمەن، بەرنەگری دەماری سپی لە بەرامبەر گوشارەکانی دەوروبەردا زیاد دەکات.

شێوەی بڕبڕەکان له بەشەکانی مل، نێوقەد و پەپوودا جیاوازییان هەیە.


ئێسکبەندیی قەفەزی سینگ
ئێسکبەندیی قەفەزی سینگ لە ئێسکەکانی پەراسوو، چۆڵەمە، بڕبڕەکانی سینگ و کرۆژەی نێوان‌پەراسووەکان پێکهاتووە و ئەرکی سەرەکی پاراستنی ئەندامە گرنگەکانی دڵ و سییەکانە. هەروەها ئەو ئێسکانه یارمەتی دەدەن گوشارێکی کەمتر بۆ ئێسکەکانی دەست و شان بێت و خاڵێکی پێکەوەبەستن بۆ دیافراگم، ماسولکەکانی پشت، قەفەزی سینگ، مل و شانەکان پپێکدێنن.
  • چۆڵەمە (Sternum) : ئێسکێکی تەخت و درێژە کە لە بەشی پێشەوەی قەفەزی سینگدا هەڵکەوتووە.
  • پەراسوو (Ribs) : ١٢ جووت ئێسکی کەوانەیی و درێژن کە لە پشتەوە بە بڕبڕەکانی سینگەوە دەلکێن.
  • کرۆژەی پەراسوو (Costal Cartilages) : کرۆژەکانی پەراسوو، بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان پەراسووکانی ١ تا ١٠ تا چۆڵەمە، ئەم دوو بەشەی ئێسکبەندیی قەفەزی سینگ بەیەکەوە دەبەستن.بەشی پشتەوەی پەراسووەکانی قەفەزی سینگ دەلکێن به بڕبڕەکانی سینگ بەڵام بەشی پێشەوەیان ئازاده. هەروەها، تایبەتمەندیی فەنەریی (Elasticities) کرۆژەکانی نێوان پەراسووەکان توانای کرانەوە و زۆرکردنی گونجانی قەفەزی سینگ له پةوسەی هەناسەدان‌دا دەڕەخسێنێت.


ئێسکەکانی پەراسوو، چۆڵەمەی سینگ و کرۆژەکانی بڕبڕە بەشەکانی پێکهێنەری ئێسکبەندیی قەفەزی سینگن.


ئێسکبەندیی لایەنی

١٢٨ ئێسکی ماوە لە کۆی ئێسکەکانی جەستە بەشداری لە پێکهێنانی ئێسکبەندیی لایەنیدا دەکەن. ئێسکەکانی ئەم پێکهاتەیە لە ئەندامەکانی جووڵە، لەگەن و شاندا هەڵکەوتوون و لە چوار جۆری درێژ، کورت، تەخت و پان پێکهاتوون. ئەرکی سەرەکی ئەم ئێسکبەندییە یارمەتیدانە لە جووڵەی مرۆڤدا. هەروەها، ئێسکبەندیی لایەنی شێوەی دەست و پێ دیاری دەکات و خانەکانی خوێن بە هۆی مێشکی سووری ئێسکەکانی ئەم بەشەوە بەرهەم دەهێنرێن. جگە لەوەش، ماددە کانزاییەکان لە ماتریکسی دەرەوەی خانەی ئێسکەکانی ئەم بەشەدا کۆدەکرێنەوە. ئێسکبەندیی لایەنی لە چوار بەشی سەرەکیدا هەڵکەوتووە:
  • کەمەربەندی شان (The Pectoral Girdle)
  • ئەندامەکانی سەرەوەی جووڵە (The Upper Limbs)
  • کەمەربەندی لەگەن  (The Pelvic Girdle)
  • ئەندامەکانی خوارەوەی جووڵە (The Lower Limbs)

کەمەربەندی شان
ئێسکەکانی کەمەربەندی شان لە دوو بەشی "ئێسکی سەرشان " (Clavicle) و "ئێسکی شەپیلک " (Scapula) پێکهاتووە کە ئێسکەکانی دەست بە ئێسکبەندیی تەوەرییەوە دەبەستێت.
  • ئێسکی سەرشان: ئێسکێکی درێژە کە شێوەی پیتی Sـی ئینگلیسی هەیە و بەشێکە لە ئێسکبەندیی ئاسۆیی لەش. چوار ڕۆڵی گرنگی هەیە: 
  1. لەنگەری ماسولکەکانی سەرەوەیە و بەشێک له گوشاری سەر شەپیلک وەستۆ خۆی دەگرێت.
  2. جومگەی شان بەرز و دوور لە جەستە ڕادەگرێت. ئەو دۆخە جیگای پێویست بۆ جووڵەی دەست لە هەموو سوێیەکاندا سازدەکات.
  3. گوشارەکانی سەر ئێسکەکانی دەست دەگوازێتەوە بۆ چۆڵەمەی سینگ.
  4. پاراستنی دەمار و ڕەگەکانی خوێنی بەژن و شان دەکات.
  • ئێسکی شەپیلک: ئێسکێکی تەخت و سێگۆشەیییە کە لە بەشی پشتەوەی شاندایە. ماسولکە ئیسکانییەکان بەشەکانی پێشەوە و پشتەوەی ئەم ئێسکە دادەپۆشن بە هۆی ئەمەوە، هیچ جومگەیەک لە نێوان ئەم ئێسکە و ئێسکەکانی پەراسودا بوونی نییە. بەڵام جومگەی شان لە شوێنی بەیەکگەیشتنی قوڵایی شەپیلک و ئێسکی باسک دروست دەبێت.

ماسولکەی ئێسکان به تیخەی شەپیلکەوه دەبەسترێت.


ئێسکبەندیی ئەندامەکانی سەرەوەی جووڵە

ئێسکبەندیی دەستەکان لە ٣٠ ئێسک و سێ بەشی باسک (شان تا ئانیشک)، قۆڵ (ئانیشک تا مەچەک) و مەچەک تا بەری دەست پێکهاتووە.
  • باسک : ئێسکی باسک درێژترین ئێسکە لە ئەندامی جووڵەی سەرەوەدا. ئەم ئێسکه لا لایێکەوه لەگەڵ شەپیلک له جوگەی شاندا و له لایێکی دیکەوه لەگەڵ ئێسکەکانی قۆڵ له جومگەی ئانیشکدا بەشدارە.
  • قۆڵ : لە دوو ئێسکی "درشتەزەند" (Radius) و "ناسکەزەند" (Ulna) پێکهاتووە.ئێسکی درشتەزەند لە بەشی ناوەوەی قۆڵ و لە درێژایی قامکی شەستدا هەڵکەوتووە. ئەم ئێسکە بە بەشداریکردن لەگەڵ ئێسکی باسک و ئێسکی ناسکەزەند، جومگەی ئانیشک پێکدەهێنێت. ئێسکی ناسکەزەند لە درێژایی قامکی بچووکدا هەڵکەوتووە و لە ئێسکی درشتەزەند درێژترە. ئەم دوو ئێسکە بە پێکهێنانی جومگەی مەچەک، ڕێگە بە سووڕانەوەی هەمەلایەنەی مەچەک دەدەن.
  • مەچەک و بەری دەست : ٢٧ ئێسکی جیاواز بەشداری تێدا دەکەن (٨ ئێسکی مەچەک، ٥ ئێسکی بەری دەست، و ١٤ ئێسکی قامکەکان).

ئێسکەکانی دەست


کەمەربەندی لەگەن

کەمەربەندی لەگەن کۆمەڵەیەکە لە ئێسکەکانی کەلەکە، ئێسکی پەپوو و کلێجە کە ئەندامەکانی جووڵەی خوارەوە بە پەت‌گەلێکی زۆر بەهێزەوە بە ئێسکبەندیی تەوەرییەوە دەبەستێت. هەروەها ڕۆڵی هەیە له ڕاگرتنی قورسایی لەش و جووڵانەوه. ئێسکی کەلەکە لە گەورەساڵاندا لە یەکگرتنی سێ جووت ئێسکی "ئیلیۆم" (Ilium)، ئێسکی سمت یان"ئیشیۆم" (Ischium) و ئێسکی شەرمگەیی یان "پوبیس" (Pubis) پێکهاتووە که به سێ جومگە پێکەوە بەستراون:
  • جومگەی پەپوو (Sacroiliac Joints) : دو جومگەی پەپوو لە بەشی ئیلیۆم، کەلەکەکان و ئێسکی پەپوو.
  • جومگەی پەپوو کلێجە (Sacrococcygeal Symphysis) : جومگەی نێوان ئێسکی پەپوو و کلێجە.
  • جومگەی شەرمگەیی(Pubic Symphysis) : جومگەی نێوان شەرمگە و دو ئێسکی کەلەکە.

ئێسکەکانی لەگەن 


ئێسکبەندیی ئەندامەکانی خوارەوەی جووڵە

حەوت جۆر ئێسک لە سێ بەشی ڕان، بەلەک و بەری پێدا ڕیز دەبن و ئێسکبەندیی لاق دیاری دەکەن. ئێسکەکانی لاق دەبێ هەموو قورسایی لەش و گوشاره دەرەکییەکانی جووڵه بەرگەبگرن. بۆیه ئەستوورایی و قایمییان لە ئێسکەکان دەست پتره.
  • ڕان : "فێمۆر" (Femur) تاکە ئێسکی ڕانە که له لایێکەوه لەگەڵ ئێسکی کەلەکە و لایێکی دیکەوە لەگەڵ چۆک جومگە ساز پێکدێنێت. ئەو ئێسکه درێژترین و بەهێزترین ئێسکی مرۆڤە.
  • بەلەک : "لوولاک" (Tibia) ئێسکی ناوەوەی بەلەکە و دوای فێمۆر درێژترین ئێسکی جەستەیە و زۆرترین گوشاری سەر لاقەکان بەرگەدەگرێت. "تەلەزمە" (Fibula) ئێسکی بەشی دەرەوەی بەلەکه کە بەشداری لە پێکهێنانی گوێزینگدا دەکات. زۆرتری ماسولکەکانی ئیسکانی پێ بەو ئێسکه بەستراونەتەوە. 
  • مەچەک و بەری پێ : حەوت ئێسکی مەچەکی پێ، قورسایی جەستە لە بەلەکەوە دەگوازێتەوە بۆ بەری پێ. بەری پێ لە پێنج ئێسک و قامکەکان لە ١٤ ئێسک پێکهاتوون.
ئێسکەکانی لاق


ئەرکی ئێسکبەندی چییە؟

ئێسکبەندی سێ ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە جەستەدا:
  • پاراستنی ئەندامەکان : مێشک و دەمارە سپی دوو بەشی سەرەکی سیستمی دەماری ناوەندین کە بە هۆی ئێسکی کەللەسەرو ستوونی بڕبڕەوە دەپارێزرێن. هەروەها، ئێسکەکانی قەفەزی سینگ و پەراسووەکان ئەرکی پاراستنی دڵ و سییەکانیان لە ئەستۆدایە.
  • پاراستنی پێکهاتەی ئەندامەکان : جەستەی مرۆڤ وەک تاوەرێکی جووڵاوە کە بە پشت بەستن بە لاقەکان دەجووڵێت. بێ بوونی ئێسکان، پاراستنی شێوەی ئەم پێکهاتەیە مەحاڵە.
  • جووڵەی جەستە : ئێسکەکانی جەستە بە بەستنەوە بە ماسولکە ئێسکانییەکانەوە، جووڵەی بەشە جیاوازەکان ئاسان دەکەن.


جیاوازی ئێسکبەندیی ژنان و پیاوان

ئێسکبەندیی پیاوان و ژنان لە پێکهاتە و ئەرکێکی هاوشێوە سازکراون. بەڵام جیاوازی‌گەلێکی زۆر بچووک لە شێوە و قەبارەی ئێسکەکاندا هەیە. بۆ نموونە، ئێسکەکانی پیاوان ئەستوورترن و درێژی ئێسکەکانی دەست و پێیان زیاترە. بەڵام زۆرترین جیاوازی لە شێوە و قەبارەدا لە ئێسکبەندیی لەگەنی ژنان و پیاواندا دروست بووە:
  • قوڵایی لەگەن لە ژناندا پانتر و شێوەی هێلکەیە، بەڵام لە پیاواندا تەسکتر و شێوەی دڵە.
  • ئێسکبەندیی لەگەن لە ژناندا کورتترە.
  • ئێسکی لەگەن لە ژناندا سووکتر و ناسکترە.
  • ئێسکی پەپووی ژنان کورتتر و ئەستوورترە.
  • کەوانەی ئێسکی شەرمگەی ژنان زیاترە (٨٠ بۆ ٩٠ پلە) بەڵام لە پیاواندا کەمتره (٦٠ بۆ ٧٠ پلە).
  • قووڵایی جومگەی ڕان-لەگەن له پیاواندا پتره.
  • جووڵەی کلێجە لە ژناندا زیاترە لە پیاوان.

کەوانەی شەرمگەی پیاوان ٦٠ بۆ ٧٠ پلەیه بەڵام له ژناندا ٨٠ بۆ ٩٠ پلەیه.


ئێسکبەندی لە چ بەش‌گەلێک پێکهاتووە؟

ئێسکبەندیی مرۆڤ لە چوار پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە:
  • ئێسکەکان : ئێسکبەندیی جەستەی مرۆڤ لە چەند سەد ئێسک بە شێوە و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە.
  • کرۆژە : شانەێکی بەستەرییە کە لە شوێنی بەستنەوەی دوو ئێسک بەیەکتردا هەڵکەوتووە.
  • جومگە : شوێنی بەستنەوەی دوو ئێسک لە ئێسکاندا، پێی دەکوترێت جومگە.
  • پەت : شانەیێکی بەستەرییە کە ئێسکەکان لە شوێنی جومگەدا ڕادەگرێت.


ئێسک
ئێسکەکان پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێسکبەندیی جەستەن. شانەی ئێسک یەکێکە لە جۆرەکانی شانەی بەستەری ڕەق کە لە خانەگەلێکی جیاواز و ماتریکسی دەرەوەی خانە پێکدێت و بڕێکی زۆر کالیسیۆم و فۆسفاتی تێدایە. ئێسکەکان بەپێی جۆری چالاکییەکەیان کە ئەنجامی دەدەن، بە پێنج شێوەی جیاواز دابەش دەکەن:
  • ئێسک‌گەلی تەخت
  • ئێسک‌گەلی درێژ
  • ئێسک‌گەلی کورت
  • ئێسک‌گەلی ناڕێک
  • ئێسک‌گەلی کونجی

ئێسکە تەختەکان
ئێسکەکانی تەخت (Flat Bones) یان پان وەک ئێسکەکانی کەللەسەر، قەفەزی سینگ، لەگەن و شەپیلک. ئەرکیان پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکانە.

ئێسکە پانەکان، شانەگەلی  پارێزەری لەشن.

ئێسکە درێژەکان
ئێسکەکانی درێژ (Long Bones) درێژییان زیاترە لە پانییان. وەک فێمۆر (درێژترین ئێسکی جەستە) و ئێسکەکانی پەنجەکان. ئەرکیان هەڵگرتنی کێش و جووڵاندنی جەستەیە.

زۆرتری ئێسکە درێژەکان لە پێکهاتەی ئێسکبەندیی لایەنیدا بەشدارن.

ئێسکە کورتەکان
ئێسکەکانی کورت (Short Bones) پانییان نزیکە لە درێژییانەوە (شێوەی شەشپاڵوو). وەک ئێسکەکانی مەچەکی دەست و پێ.

ئێسکە شەشپاڵووەکانی کورت، ئێسکبەندیی مەچەکی دەست و پێ پێکدێنن.

ئێسکە ناڕێکەکان
ئێسکەکانی ناڕێک (Irregular Bones) شێوەیەکی پێچراوە و جیاوازیان هەیە. وەک بڕبڕەکانی ستوونی بڕبڕە، ئێسکی پەپوو و کلێجە.

ئێسکە ناڕێکەکان

ئێسکە کونجییەکان
ئێسکەکانی کونجی (Sesamoid Bones) ئێسکە بچووک و گۆیی شێوەکانن کە پارێزگاریی تاندۆنەکانی ئانیشک و دەستەکان دەکەن. وەک ئێسکی کڵاوەی ئەژنۆ.

ئێسکە کونجییەکان


شانەی ئێسک 

ئێسک جۆرێکە لە شانەی بەستەری زۆر تایبەتمەند کە لە چەندین جۆری جیاوازی خانە پێکهاتووە بۆ پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکان، کۆکردنەوەی ماددە کانزاییەکان و دابینکردنی جووڵەی جەستە. شانەی ئێسک به پێی پتەوی و کاریان، دوو جۆرن:
  • شانەی ئێسکی چڕ : بەشی دەرەوەی ئێسکەکان پێکدەهێنێت. ئەرکی سەرەکی پاراستنی شانەی هەورینی ناوەوە و زیادکردنی بەرگریی ئێسکە. مێشکی زەردی ئێسک لەو شانەیەدایه و کالیسیۆم ماددەی سەرەکیی پێکهاتەیەتی.
  • شانەی ئێسکی هەورین : بەشی ناوەوەی ئێسک پێکدەهێنێت. ڕۆڵی هەیە لە زیادکردنی شلکی و چالاکی ئێسکدا و کێش و پتەوی کەمترە. مێشکی سووری ئێسک لەم شانەیەدا هەڵکەوتووە و کالیسیۆمی کەمتره.

خانەکانی ئێسک

شانەی ئێسک لە چوار جۆر خانەی جیاواز پێکهاتووە کە شێوە و ئەرکی جیاوازیان هەیە و هاوئاهەنگی نێوانیان بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئێسک زۆر پێویستە:
  • ئۆستیۆبلاست (Osteoblasts) : خانەکانی ئێسک دروستکەر. ئەرکی سەرەکیان بەرهەمهێنانی شانەی نوێی ئێسکە.
  • ئۆستیۆکلاست (Osteoclasts) : خانە گەورەکانن کە ئەرکیان تێکدان و مژینەوەی شانەی ئێسکییە.
  • ئۆستیۆسایت (Osteocytes) : خانە ئۆستیۆبلاستییەکانن کە کۆبوونەوەی شانەی کالیسیۆم لە دەوروبەریاندا بووەتە هۆی گۆڕانی شێوەیان. تەمەنیان نزیکەی ٢٥ ساڵە و به ڕێککردنی چالاکیی ئۆستیۆبلاست و ئۆستیۆکلاست، پڕوسەی سازکردن و مژینەوەی ئێسک یارمەتی دەدەن.
  • خانە پێش‌سازەکانی ئێسک (Osteoprogenitor) : ئۆستیۆبلاستەکان لە دابەشبوون و جیاوازی ئەم خانە بنچینەییانە لە مێشکی ئێسکدا دروست دەبن.

شانەی ئێسک  پێکدێت له خانەی جۆراوجۆر.


کرۆژە

کرۆژە شانەێکی بەستەری نەرم و شلکە کە لە ڕیشاڵەکانی ئێلاستین و کۆلاژن پێکهاتووە. سێ جۆر کرۆژە لە جەستەی مرۆڤدا هەیە:
  • کرۆژەی هایالین : زۆربەی کرۆژەکانی جەستە لەم جۆرەن. لە جومگەی ئێسکەکان، نێوان پەراسووەکان و قوڵایی کەپۆدا هەیە.
  • کرۆژەی ڕیشاڵی : لە نێوان بڕبڕەکانی ستوونی بڕبڕە و جومگەکانی شەوێلاکەدا هەیە. شلکیی لە دوو جۆرەکانی تر کەمتره.
  • کرۆژەی نەرم (ئێلاستیک) : لە بەشی دەرەوەی گوێ، ڕێڕەوی بیستن و ئەپیگلۆتدا هەیە. لە دوو جۆرەکانی تر شلکترە.


جومگە

جومگەکان شوێنی بەستنەوەی دوو ئێسکن بەیەکترەوە. جومگەکان سێ پێکهاتەی جیاوازیان هەیە:
  • جومگە ڕیشاڵییەکان : پتەو و ڕەقن وەک جومگەکانی کەللەسەر(بێ جووڵە).
  • جومگە کرۆژەییەکان : بە کرۆژە پڕ دەبنەوە و زۆرتری جومگەکانی ئێسکبەندی لەو جۆرەن (نیوە جووڵە).
  • جومگە سینۆڤیاڵییەکان : بۆشایی نێوان دوو ئێسک بە شلەمەنی جومگەیی پڕ دەبێتەوە (جووڵەی ئازاد). وەک جومگەی ئانیشک و ئەژنۆ.

بەشە جیاوازەکانی جومگەی ئەژنۆ (چۆک)



جۆرەکانی جووڵانی ئێسکەکان له جومگەدا

تیرەکان ئاراستەی جووڵەی ئێسک لە جومگەدا نیشان دەدەن. جومگەی تەوەری لە نێوان بڕبڕەکانی C1 و C2،جومگەی لاولاوەیی لە ئانیشک، جومگەی زینی لە نێوان یەکەم ئێسکی بەری دەست و مەچەکدا، جومگەی گۆیی لە کەلەکە، جومگەی پاروویی لە نێوان ئێسکی درشتەزەند و ئێسکی مەچەکی دەستدا و جومگەی پەڕی لە نێوان ئێسکەکانی گوێزینگدا هەڵکەوتوون.



پەت

پەت شانەیێکی بەستەری ڕیشاڵییە کە دوو ئێسک لە شوێنی جومگەدا لەکن یەکتر ڕادەگرێت. زیاتر لە ٩٠٠ پەت لە جەستەی مرۆڤدا هەیە. پێکهاتەی پەت بریتییە لە:
  • کۆلاژن : پێکهاتەی سەرەکی پەتە. ئەم ڕیشاڵە پرۆتینییانە بۆ زیادکردنی بەهێزی پەت بە شێوەی کۆمەڵەی هاوتەریب ڕیز کراون.
  • فیبرۆبلاست : خانەکانی ماتریکسی پەت دەردەدەن.

پەت شانەی بەستەری قایمه کە ئێسکان لەکن یەکتر ڕادەگرێت.



نەخۆشییەکانی ئێسکبەندیی مرۆڤ

زۆرێک لە هۆکارە بۆماوەیی و زیانە ژینگەیییەکان دەکرێت پێکهاتە و ئەرکی ئێسکەکان، کرۆژە، پەت و جومگە بگۆڕن و کاریگەری لەسەر جووڵەی مرۆڤ دروست بکەن. " پووکی ئێسک " (Osteoporosis) و " هەوکردنی جومگە " (ئارترۆز - Osteoarthritis) دوو جۆر لە کێشە باوەکانی ئێسکبەندیی مرۆڤن.

پووکی ئێسک
نەخۆشییەکی پەیوەست بە تەمەنە. لەم نەخۆشییەدا، تێکچوونی ئێسک دەبێتە هۆی لاواز و شکێنەر بوونی ئێسک. لە دۆخە پێشکەوتووەکاندا، ئێسک ئەوەندە لاواز دەبێت کە بە کەمترین گوشاری دەوروبەر یان تەنانەت بە خۆکاری دەشکێت. پووکی ئێسک نەخۆشییەکی بێ نیشانەیە و هۆکاری سەرەکی شکانی ئێسکە لە نێوانساڵاندا. هێڵکاریی خوارەوە، پتەوی ئێسکی پیاوان و ژنان لە تەمەنە جیاوازەکاندا نیشان دەدات. زۆرترین چڕیی ئێسک لە پیاوان و ژناندا لە تەمەنی سی ساڵیدایە و دوای ئەم تەمەنە، پووکی ئێسک بە هۆی لەحوزروەستانەوه و کەمبوونەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە ژناندا خێراتر لە پیاوان پێش دەچێت.

هێڵکاریی پتەویی ئێسکان به پێی تەمەن.

هۆکاری پووکی ئێسک
تێکچوونی هاوسەنگی نێوان دروستکردنی ئێسک (لەلایەن ئۆستیۆبلاستەکان) و تێکدانی ئێسک (لەلایەن ئۆستیۆکلاستەکان). کەمی کالیسیۆم و ڤیتامین D، و کەمی هۆرمۆنی ئیسترۆجین (بەتایبەت لە ژناندا دوای سەرەتای لەحوزروەستانەوه) ڕۆڵی سەرەکی هەیە.
هۆکارە مەترسیدارەکان: تەمەن، مێژووی خێزانی، جگەرەکێشان، بێ جووڵەیی، کەمی ڤیتامین D و خواردنی خراپ.

پووکی ئێسک

دیاریکردنی پووکی ئێسک
تاقیکردنەوە به دو جۆر:
  • "چڕیی کانزایی ئێسک" (Bone mineral density | BMD) 
  • "تاقیکاریی وەرگرتنی تیشکی ئێکس به وزە" (Dual-energy X-ray Absorptiometry | DEXA or DXA)

چارەسەریی پووکی ئێسک
بەکارهێنانی دەرمانی وەک بایسفۆسفۆناتەکان کە خێرایی تێکدانی ئێسک کەم دەکەنەوە، هەروەها هۆرمۆنەکان و تەواوکەرەکانی ڤیتامین و کانزا.



ئارترۆز
ئارترۆز یان هەوکردنی جومگە (Osteoarthritis) یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی ئێسکبەندی کە بە هۆی لەناوچوونی کرۆژە یان ئێسک لە شوێنی جومگەدا دروست دەبێت. ئازار، ڕەقبوون، ئەستووربوون و کەمبوونەوەی جووڵەی جومگەکان نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەن. تێپەڕبوونی تەمەن، قەڵەوی، زیانە فیزیکییەکانی جومگە، نەخۆشییە مێتابۆلیسمییەکان و گۆڕانی شێوەی ئێسک مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن. هەروەها ئارترۆز لەناو ژناندا زیاتره.

تەنکبوونی کرۆژە له ئارترۆزدا دەبێته هۆی سووان و لەناوچوونی وردەوردەی ئێسکان.


شێواویی (Deformity) ئێسک‌بەندی
گۆڕانی شێوه یان شێوانی ئێسکبەندی دەبێتە هۆی سازبوونی کێشەگەلی پێکهاته له دەندامه جووڵاوەکاندا. هۆی ئەو کێشانەش ئەوانەن:
  • ناڕێکیی کاتی لەدایکبوون : بە هۆی گۆڕانی کرومۆزۆم یان بەکارهێنانی دەرمانی زیانبەخش لە کاتی دووگیانیدا که لەوانەیه کۆرپە به قامکی زیاتر یان کەمتر له دوخی ئاسایی لەدایکببێت.
  • ناڕێکیی وەڕێهاتوو : ئەو کێشانه به تەنک بوونەوەی وای لەدایکبوون و به هۆکاری وەک شکانی ئێسک لە منداڵیدا یان شێوازی ژیان یان خواردەمەنی و ئارترۆز سازدەبن.


سکۆلیۆزیس (Scoliosis)
یەکێکە لە شێواوییەکانی ئێسکبەندیی تەوەری کە تێیدا ستوونی بڕبڕە بەرەو ڕاست یان چەپی جەستە خوار دەبێت. ‌سکۆلیۆزیس نەخۆشییەکی درێژخایەنە که وردەوردە له منداڵان و گەورەساڵاندا سازدەبێت و له گەورەساڵاندا لەگەڵ لەناوچوونی دیسکەکانی نێوان بڕبڕە و ژان هاوڕێیە. چارەسەرەکەی بەپێی تەمەن و توندی نەخۆشییەکە جیاوازە (وەک بەکارهێنانی کەمەربەند یان نەشتەرگەری).


نەخۆشی پاژێت (Paget’s disease)
نەخۆشییەکی درێژخایەنی ئێسکبەندیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئێسکی ئەستوور و نەرم. زۆرتر کاریگەری لەسەر ئێسکەکانی کەللەسەر، ستوونی بڕبڕە، لەگەن و ئێسکە درێژەکان هەیە و دەبێتە هۆی گۆڕانی شێوەی ئێسکەکان.


پرسیارە باوەکان

بچووکترین ئێسکی جەستەی مرۆڤ کامەیە؟
ئێسکەکانی چکوچی، سندانی و ڕکێفی چووکترین ئێسکەکانی مرۆڤن کە لە گوێی ناوەڕاستدا هەڵکەوتوون.
ژمارەی ئێسکەکانی جەستەی ژن و پیاو چەندەیە؟
ئێسکبەندیی مرۆڤێکی گەورە و تەندروست لە ٢٠٦ ئێسک پێکهاتووە (٨٠ ئێسکی تەوەری و ١٢٦ ئێسکی لایەنی)

ئەم بابەتە بە سەرپەرشتی مامۆستای بایۆلۆجی ئامادەکراوە.
سەرچاوەکان:

TeachMe Anatomy

Get Body Smart

IMAIOS

Lab X change

Innerbody

Zygote Body


هاوبەشکردن