ژیلا حوسێنی

ژیلا حوسێنی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/12 (بەڕۆژکرا: 2026/10/15)
بینین: 10
کاتی خوێندن: 1 خولەک

ژیلا حوسێنی

ژیلا حوسێنی شاعیر و نووسەری کورد، کچی شێخ مێهران ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە شاری سەقز لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمان پەروەردا له دایک بووە. باوکی مامۆستای قوتابخانەی گوند بووە بەڵام پاش شەش ساڵ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی تاران وەردەگیرێ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبن و دواتر بە هۆی کاری بابییەوە لە شارە جیا جیاکانی کوردستان وەکوو بانە، کامیاران، مەریوان، سەقز و سنە دادەنیشن.

ژیلا لە پۆلی یەکی دواناوەندی واز لە خوێندن دێنێ و زەماوەند دەکات. بەڵام پاش پێنج ساڵ و لە تەمەنی بیست ساڵیدا جیا دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم ژیانه کچێک دەبێ بە ناوی «بەهار». دوای ئەوە ژیلا درێژە بە خوێندن دەدات و لە بەشی کوردی ڕادیۆ سنه له بەرنامەی «ئێمە و گوێگران» دادەمەزرێ و هاوکات پەرە بە کوردییەکەشی دەدات. ژیلا کە بۆ جاری دووهەم ژیانی هاوبەشی پێکهێنا، بەرهەمی ئەم ژیانەشی کوڕێکە بە ناوی «ڕامین».
ژیلا لە بواری شێعر و ئەدەبی کوردیدا بەتایبەت شێعری نوێی کوردی بەرهەمەکانی خۆی پێشکەش دەکرد و به یەکەم ژنێک پێناسە دەکرێ که شێعری نوێی کوردی هۆنیبێتەوه. ئەو لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بەتایبەت لە ئەنجومەنەکانی شاری سنە و سەقز بەردەوام بەشداری دەکرد.

ژیلا ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی کە دەیانویست بۆ دیتنی شێرکۆ بێکەس بچنە شاری تاران لە رێگادا تووشی کارەساتی وەرگەڕانی ماشێن بوون و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا لەگەڵ کچە ١٠ مانگەکەی گیانیان لە دەستدا. تەرمی ژیلا و کچەکەیان لە گۆڕستانی دۆزەغەرەی شاری سەقزدا لە تەنیشت باو و باپیرانی بە خاک ئەسپارد و بنەماڵەکەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەوی کورد لە شاری سەقز، سێ ڕۆژ پرسە و سەرەخۆشییان بۆ دانا.


بەرهەمەکان

  • یەکەم بەرهەمی دەستنووسی ژیلا حوسێنی چیرۆکی (بەرباد ڕەفتە)یە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی بەڵام خۆی زۆر تامەزرۆی چاپ کردنی نەبووە.
  • گەشەی ئەوین ( دەفتەرە شێعر، یەکەم بەرهەمی شاعیر).
  • قەڵای ڕاز (دیوانە شێعر و چەند چیرۆکێک که ساڵی ١٩٩٩ پاش مەرگی چاپ کراوە) و لە سێ بەش پێک هاتووە: پاشماوەی شێعرە کوردییەکانی، هەڵبژیردراوی کورتە چیرۆکە کوردییەکانی و کۆمەڵە شێعرێک بە زمانی فارسی بە ناوی (باران)
  • داوای لێبووردن (وەرگێڕانی چیرۆکی سادق هیدایەت کە لە گۆڤاری ڕاماندا لە هەولێر بڵاو بووەتەوە).
  • دزیرە (وەرگێڕانی ڕۆمان لە فارسییەوە بۆ کوردی کە هەڵبەت تەواو نەکراوە).
  • چەتر (دیوانە شێعری منداڵان).


هاوبەشکردن