ژنی ژیر

ژنی ژیر

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/13 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 10
کاتی خوێندن: 1 خولەک


ژنی ژیر


پیاوێک هەموو تەمەنی خۆی تەرخان کردبوو بۆ پەیداکردنی پارە و پاشەکەوتکردنی و تەنیا بڕێکی زۆر کەمی لە داهاتەکەی بۆ بژێویی ژیانی خۆی خەرج دەکرد، لە ڕاستیدا هاوسەرەکەشی لەم ڕژدی و بەدبەختییەدا لەگەڵ خۆی هاوبەش کردبوو.
تا ئەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەوتە سەر جێگەی مەرگ و ئیتر بۆی مسۆگەر بوو کە بە دڵنیاییەوە بەرەو کۆچی دوایی دەڕوات. بۆیە لە دوایین ساتەکاندا هاوسەرەکەی بانگ کردە لای خۆی. لێی داوا کرد کە لەم کۆتاییی تەمەنەدا بەڵێنییەکی پێ بدات، ئەویش ئەوە بوو کە هەموو پارەکانی بخاتە ناو سندووقێکەوە و لە تەنیشت تەرمەکەی لەناو تابووتدا دایبنێت تا بتوانێت لەو دونیا خەرجیان بکات. هاوسەرەکەی کە بە چاوێکی پڕ لە بەزەیییەوە سەیری مێردە گیانکێشەکەی دەکرد، سوێندی خوارد کە وەفادار بێت بە بەڵێنەکەی.
لە ڕۆژی بەڕێکردنی تەرمەکەدا و ڕێک ئەو کاتەی کە هەموو ئامادەکارییەکان تەواو ببوون و کارمەندانی گۆڕستان دەیانویست بزمارەکانی تابووتەکە دابکوتن، ژنەکە هاواری کرد و کوتی: «ڕاوەستن! یەک وەسێتی ماوە کە دەبێت جێبەجێی بکەم.» پاشان کیسەیەکی ڕەشی لە جانتاکەی دەرهێنا و خستییە ناو سندووقە بچووکەکەی ناو تابووتەکە.
خوشکی ژنەکە کە لە چۆنیەتیی بەسەرهاتەکە ئاگادار بوو، بە دەنگێکی لۆمەکارانەوە بە خوشکی کوت: «ئەوە شێت بوویە؟! ئەوە چ کارێک بوو کردت؟ ئاخر مێردەکەت چۆن دەتوانێت لەو دونیا ئەو هەموو پارەیە خەرج بکات؟!»
ژنەکە وەڵامی داوە: «من کەسێکی ئیماندارم و ئەو بەڵێنەی بە هاوسەرەکەم دابوو قەت لە یادم نەکردووە. بەڵام بۆ ئاسوودەییی ئەو، هەموو پارەکانم خستە سەر هەژماری بانکیی خۆم و چەکێکم بۆ نووسی تا لەو دونیا، بتوانێت خەرجیان بکات!»





هاوبەشکردن