چیرۆکی ئه‌وین و بێزاری

چیرۆکی ئه‌وین و بێزاری

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2012/09/30 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 2153
کاتی خوێندن: 1 خولەک
ژن و مێردێکی لاو که تازه زه‌ماوه‌ندیان کردبوو، بۆ وه‌رگرتنی ڕێنوێنی و نه‌سیحه‌ت چوونه لای زانایێک. کابرای زانا له‌به‌ریان هه‌ستا و له لای خۆی داینیشاندن. دوایه له پیاوه‌که‌ی پرسی:
- تۆ چه‌ندت هاوسه‌ره‌که‌ت خۆش ده‌وێ!؟
کابرای لاو بزه‌یێکی هاته سه‌ر لێوی و وڵامی داوه:
- تا ڕاده‌ی مردن ده‌یپه‌رستم! و هه‌تا هه‌تایه هه‌ر واش ده‌مێنمه‌وه!
دوایه له ژنه‌ی پرسی:
- ئه‌ی تۆ!؟ چه‌نده‌ت مێرده‌که‌ت خۆش ده‌وێ!؟
ژنه به شه‌رمه‌وه بزه‌یێکی هاتێ و وڵامی داوه‌:
- منیش تا ڕاده‌ی مردن خۆشم ده‌وێت و تا کۆتایی ژیانم لێی جیا نابمه‌وه و قه‌ت له هه‌ستم بۆ وی که‌م نابێته‌وه.
زانایه‌که کوتی:
- بزانن که له ژیانتاندا هێندێک کات دێنه پێش که تا ڕاده‌ی مردن لێک بێزار ده‌بن و ته‌نانه‌ت نیشانه‌یێک له ئه‌وینی ئێستا له دڵتاندا به‌دی ناکرێت و ناتانهه‌وێ بۆ یه‌ک ساتیش بێ، ڕووی یه‌کتر ببینن. جا له‌و کاتانه‌دا په‌له‌ی مه‌که‌ن و ده‌رفه‌ت بده‌ن تا هه‌وره سسته‌کانی بێزاری له ئاسمانی خۆشه‌ویستیتان لاچن و جارێکی‌تر خۆری ئه‌وین تیشک بخاته سه‌ر ژیانتان و گه‌رمی پێ ببه‌خشێت. له‌و کاتانه‌دا به هیچ جۆرێک بیر له جیایی مه‌که‌نه‌وه و بزانن که «تا ڕاده‌ی مردن لێک بێزار بوون» تاوانێکه بۆ «تا ڕاده‌ی مردن خۆش ویستن». ئه‌وین و ڕق دو جه‌مسه‌ری جۆلانه‌ی ژیانن، ئه‌گه‌ر زۆر له قه‌راخه‌‌کان نزیک ببنه‌وه، له ژیاندا ئه‌زمونی هه‌ردووک هه‌سته‌کان ده‌که‌ن. هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه بارودۆخی ناوه‌ندی ڕاگرن و تا دوا ساتی ژیان لێک جیا مه‌بنه‌وه.


وشە سەرەکییەکان: چیرۆک ئه‌وین بێزاری

هاوبەشکردن