چۆله‌که و خوا

چۆله‌که و خوا

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2010/09/14 (بەڕۆژکرا: 2026/10/13)
بینین: 2847
کاتی خوێندن: 1 خولەک

رۆژان تێده‌په‌ڕین و چۆله‌که هیچی به خوا نه‌کوت. فریشته‌کان له خوا سوێی چۆله‌که‌یان ده‌گرت و خوا هه‌موو‌ جارێ به فریشته‌کانی ده‌کوت: "دێت. من ته‌نیا گوێیه‌کم که خه‌مه‌کانی ده‌بیسێت و ته‌نیا دڵێکم که داخه‌کانی له‌خۆدا راده‌گرێت."
ئاخری رۆژێک چۆله‌که له‌سه‌ر لقی دارێک هه‌ڵنیشت. فریشته‌کان چاویان له زاری بڕی، به‌ڵام چۆله‌که هیچی نه‌کوت. خوا ده‌ستی به قسه کرد: "پێم بڵی له‌و قورساییه‌ی له دڵت دایه!"
چۆله‌که کوتی: "هێلانه‌یێکی چوکه‌م هه‌بوو، جێگای حه‌سانه‌وه‌م بوو و په‌نای بێ که‌سیم. ئه‌تۆ ئه‌و هێلانه‌ت لێ ساندم. ئه‌و ره‌شه‌بایه ناوه‌خته چ بوو؟ چت له هێلانه خنجیلانه‌که‌م ده‌ویست؟ کوێی دونیای گرتبوو؟" و کۆڵه گرووی له ئه‌وکێ ما. بێده‌نگییه‌ک له باره‌گای خوادا بڵاو بۆوه. فریشته‌کان هه‌موو سه‌ریان داخست. خوا کوتی: "مارێک له رێگای هێلانه‌که‌ت‌دا بوو. له خه‌ودا بووی. بام نارد تا هێلانه‌که‌ت سه‌راوبن بکات. تۆش له‌وێ فڕی و رزگار بووی."
چۆله‌که له خودایی خوا داما. خوا کوتی: "و زۆر به‌ڵا هه‌بوونه که به خۆشه‌ویستیم له تۆ دوور خستۆته‌وه و ئه‌تۆش بێ ئه‌‌وه‌ی بزانی، دوژمنایه‌تیت کردووم..." فرمێسک له چاوانی چۆله‌که‌دا قه‌تیس مابوو. له ناکاو شتێک له ناخیدا داڕووخا. هۆڕ هۆڕی گریانی باره‌گای خوای پڕ کرد... !

وشە سەرەکییەکان: چیرۆک چۆله‌که خوا

هاوبەشکردن