وڵامی کاک مەناف!

وڵامی کاک مەناف!

نووسەر: قۆشمە
بڵاوکردنەوە لە: 2026/08/15 (بەڕۆژکرا: 2026/10/14)
بینین: 25
کاتی خوێندن: 1 خولەک
تێبینی:
لە دەقە ئەدەبییەکانی کۆن و نوێدا، لە چیرۆک و مەتەڵ و پەندی پێشینیان‌دا، لە بەیت و باوی سەر زمان و گێڕدراوه له پشتاوپشتدا، له نەقڵ‌‌ و نەزیلە و قسه‌ی نەستەق و فەرهەنگی زارەکیدا، تووشی زۆر قسە یان وشه‌ی سەیر و سەمەرە دەبین که لەوانەیە هەڵگری پەنذێکی گرنگ یا ئەزموونێکی بەنرخ بن بۆ کۆمەڵگەی ئێستا بە تایبەت بۆ چینی لاو و ئەوانەی که هێشتا نەکەوتوونەته ناو تەنگ و چەڵەمه و لە ژیانی ئاسایی‌یاندا تاڵی و سوێریی ئەوتۆیان نەچێشتووه. 
ئەوەی که زۆر ڕوونه، ئەوەیه که جۆری فەرهەنگی کۆن و ئێستا جیاوازییەکی زۆریان هەیه، جا بۆیه زۆر جار لەناو ئەو دەقانەی ئاماژەمان پێکردن، هێندێک وشە یان ڕسته هەن که له کاتی ئێستادا هێنانەسەر زمانیان لەبەر وەبەرچاوگرتنی حەیا و شەرمەوه، بڕێک حاستەمه. ناشکرێ لەبەر ئەو شەرمە، هەر بەجارێک وەلایان بنێین، چونکه ئەوانه بەرهەمی ئەزموونی پێشینیانی ئێمەن.
بۆ نموونه؛ ئەرێ دەکرێ له زمانی فارسیدا بەهۆی بەشی «هزلیات» که کۆمەڵێک دەق و هەڵبەستی بەناوبانگی شاعیری گەورەی فارس (سعدی)یه، هەر ئەو هۆنەره یان ئەو بەرهەمانەی ئەو وەلابنێین چونکه لەواندا باسی جووتبوون، تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵان و زۆر شتی تری کردووه؟! یان هۆنراوەی «جوان و ناحەز»ی حافزی مەهابادی لەبەر بێ‌پەردەبوونی نیوبەیتەکانی یەکەمی، له ئەدەبی کوردی بسڕینەوە؟! یان «دیوان ایرج میرزا»ی فارسی و «دیوانی شێخ‌ڕەزای تاڵەبانی»ی کورد هەروەتر؟!
بۆیه ئەو لکەمان له ژێر لکی «کولتوور»دا ناو نا: «وەباڵ بەستۆی خۆت!» واتا دەتوانی نەیخوێنییەوه بەڵام ئەگەر خوێندتەوە، نابێ گلەیی بکەی و تێکهەڵبگلێی!!

هەر لەم ماڵپەڕەدا کاریکاتۆرێکم بینی بەو سەردێڕەوه:

«جێی مستێ پێلاقەیە!»

کە پەندێکی پێشینیانە و زۆر کارامەیه. بەو پەنده ئەم بەسەرهاتەم وەبیرهاتەوه:

ئێواره بوو. کا مەناف له بەرهەیوانێ دەگەڵ خێزانی دانیشتبوون و چایان لەپێش بوو. کا مەناف عادەتی وابوو به لیوان* چای دەخواردەوه. کڵۆ قەندێکی دەچایەکە هەڵێنا و هاویشتیه زاری و پەرداخەکەی هەڵێنا تا بیخواتەوە بەڵام دەنگێک هات کە هەرای دەکرد:
- ئەری میوانان ڕادەگرن؟
- فەرموون، پێڵاوتان سەر چاوم!
کا مەناف بوو که پەرداخ بەدەستەوه هەستابووە سەرپێ و وڵامی دابۆوه. ڕووانی و دیتی کاک مستەفایه به خۆی و خێزانی و کچەکەیەتی.
تەنافێک** لەم‌سەری حەوشەوه بۆ ئەوسەری ڕایەڵ کرابوو و هێندێک جلی شۆراوی لەسەر هەڵخسترابوو. هەر کاک مستەفا دایهاتێ و تەنافەکەی کێشا و پساندی! جلک بەگۆڕێ‌وەربوون. نەیهێنا و نەیبرد به دەنگێکی بەرز کوتی:
- ئەها! تەناف و مەنافم گ...!!
کا مەنافیش لەسەرەخۆ لیوانی دەستی بەرداوه و کوتی:
- ئەها! لیوان و میوانم گ...!!
خێزانی کا مەناف به نینۆکان ڕووی خۆی داڕنی و هەڵیدایه:
- ئەیڕو کابرا ئەتۆ لەگەڵ کاک مستەفا گاڵتە دەکەی، خۆ هەموویان وەبەرکەوتن!!
- چ نییە نا حافرەت! نەتبیستووه دەڵێن «جێی مستێ پێلاقەیە»؟! ئەو بێ‌عەقڵە بۆخۆی دەستی پێکرد!


لیوان*: پەرداخ، شەربە
تەناف**: ڕسن، ڕسته، گوریسی جلک هەڵاوەسین



هاوبەشکردن