وتەی هیوابەخش

وتەی هیوابەخش

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/13 (بەڕۆژکرا: 2026/10/17)
بینین: 9
کاتی خوێندن: 1 خولەک


وتەی هیوابەخش


بۆب باتلەر لە ساڵی ١٩٦٥ لە تەقینەوەی مینێک لە ڤێتنامدا هەردوو قاچی لەدەست دا؛ بوو بە پاڵەوانی جەنگ و بە پێشوازییەکی فەرمییەوە گەڕاوە بۆ وڵاتەکەی. بیست ساڵ دواتر سەلماندی کە پاڵەوانێتی لە دڵی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕۆژێکی گەرمی هاوین، باتلەر لە کارگەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە شارۆچکەیەکی ئاریزۆنای ئەمریکادا کاری دەکرد کە لەناکاو گوێی لە هاوار و پاڕانەوەی ژنێک بوو لە ماڵێکی نزیک کارگەکەیدا. ویلچێرەکەی بەرەو ئەو لایە برد، بەڵام پڕبوونی گیاو دەوەنە ئاڵۆزەکان ڕێگرییان لێدەکرد کورسییەکە بجووڵێت و نەدەگەیشتە ئەو ماڵە. دابەزی و لەسەر سینگ بەناو خاک و خۆڵ و گژوگیاکاندا خوشی؛ ئەگەرچی زۆر بە ئازار بوو، بەڵام توانی ڕێگەکە بۆ خۆی بکاتەوە و بچێتە پێش.
کاتێک باتلەر گەیشتە ئەوێ، بۆی دەرکەوت کە کچە سێ ساڵانەکەی ئەو ژنە بە ناوی “ستێفانی هینز” کەوتووەتە ناو حەوزی مەلەوانگە و لەبەر ئەوەی دەستەکانی لە شانەوە لەدەست دابوو، نەیدەتوانی مەلە بکات و ئێستا لەژێر ئاودا بێجووڵە مابووەوە. دایکی لەسەر حەوزەکە وەستابوو، شێتانە دەیقیژاند و هاواری دەکرد. باتلەر خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکە و گەیشتە بنی حەوزەکە و ستێفانی بچکۆلانەی هێنا دەرەوە و لە قەراخ حەوزەکە داینا. ڕەنگی ڕەش هەڵگەڕابوو و لێدانی دڵی وەستابوو و هیچ نیشانەیەکی هەناسەدانیشی تێدا نەبوو.
باتلەر دەستبەجێ دەستی بە هەناسەپێدان و بووژاندنەوەی لێدانی دڵ کرد، دایکی ستێفانیش پەیوەندی بە ئاگرکوژێنەوەوە کرد. پێیان گوت کە بەداخەوە تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی پەیوەندییەکی دیکەوە لە دەرەوەن. دایکی بێهیوا و دەستەوسان، دانیشتبوو و بە کوڵ دەگریا.
باتلەر لە کاتی هەناسەپێدان و بووژاندنەوەی دڵدا، هیوای دەبەخشییە دایکی بێهیوا و دڵنیایی پێدەدا و دەیکوت: «نیگەران مەبە؛ من دەستەکانی ئەو بووم و لە حەوزەکە هێنامە دەرەوە؛ باش دەبێت. ئێستاش سییەکانی ئەوم؛ پێکەوە لەم ژیانە نوێیەدا سەرکەوتوو دەبین.»
چەند چرکەیەک دواتر، کچە بچکۆلانەکە کۆخەیەکی کرد و جارێکی دیکە هەناسەی داوە و دڵی کەوتە لێدان و دەستی کرد بە گریان. دایکی باوەشی پێدا کرد و هەردووکیان دڵخۆش و شاد بوونەوە.
دایکەکە لە باتلەری پرسی: «لە کوێوە دەتزانی کە باش دەبێت؟»
باتلەر وڵامی داوە: «ڕاستییەکەی نەمدەزانی. بەڵام ئەوکاتە لە شەڕدا قاچەکانم لەدەست دا، لەو مەیدانەدا تەنیای تەنیا بووم. کەس نەبوو یارمەتیم بدات جگە لە کچێکی ڤێتنامی نەبێت. کچەکە هەوڵی دەدا ڕامکێشێت بۆ لای گوندەکەیان و لەو حاڵەدا بە ئینگلیزییەکی تێکەڵ‌پێکەڵ دەیچرپاند: هیچ نییە، زیندوو دەمێنیتەوە. من قاچەکانی تۆم. پێکەوە لەم کارەدا سەرکەوتوو دەبین. وتە پڕ لە خۆشەویستییەکەی ئەو، هیوای بە ڕۆح و گیانم بەخشی، ئێستاش ویستم هەمان کار بۆ ستێفانی بکەم.»




هاوبەشکردن