هەڵوا

هەڵوا

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2018/11/11 (بەڕۆژکرا: 2026/11/21)
بینین: 1545
کاتی خوێندن: 1 خولەک

هه‌ڵوا


که‌لوپه‌لی پێویست

په‌رداخێک ڕۆنی‌شل
چارەک په‌رداخ گوڵاو
دوو په‌رداخ ئارد
په‌رداخێک شه‌کر
په‌رداخێکی سه‌ربه‌تاڵ ئاو
نیو که‌چکی مره‌باخۆری زه‌عفه‌ران
به‌وه‌نده که‌لوپه‌له، نزیک سێ ده‌وریی میوه‌خۆری هه‌ڵوا سازده‌کرێت.

شێوازی لێنان

په‌رداخێک ڕۆن ده تاوه‌یێک ده‌که‌ین و له‌سه‌ر گڕی مامناوه‌ندی داده‌نێین، دوو په‌رداخ ئارد ورده ورده به هێڵه‌گ ده‌باڵ ڕۆنه‌که ده‌که‌ین و به جوانی لێکیده‌ده‌ین. بۆ ماوه‌ی 10 تا 15 خوله‌ک هه‌ر وا لێکیده‌ده‌ین و سووری ده‌که‌ینه‌وه تا ڕه‌نگی که‌مێک قاوه‌یی بێت و بۆن خاوی ئارده‌که نه‌مێنێت (له‌و کاته‌دا بۆنی هه‌ڵوا ده‌رده‌که‌وێت).

په‌رداخێکی سه‌ربه‌تاڵ ئاو، په‌رداخێک شه‌کر و نیو که‌چکی مره‌باخۆری خاکه زه‌عفه‌ران ده قابڵه‌مه‌یێکی ده‌که‌ین، له‌سه‌ر ئاوری داده‌نێین و لێکیده‌ده‌ین تا وه‌کوڵ بێت. دوایه ئاوره‌که ده‌کوژێنینه‌وه و گوڵاو‌ی تێده‌که‌ین.

شه‌کراوه‌که ورده ورده ده‌باڵ ئارده سوورکراوه‌که ده‌که‌ین و لێکیده‌ده‌ین تا کاتێک که هه‌ڵوا یه‌کده‌ست بێت. له‌سه‌ر ئاوری داده‌نێینه‌وه و درێژه‌ به لێکدانی ده‌ده‌ین تا کاتێک که هه‌ڵوا به تاوه‌یه‌وه نه‌نووسێت و ڕۆنی بداته‌وه. ئێستا، ئاوره‌که ده‌کوژێنینه‌، هه‌ڵوایه‌که ده بڵوتێکی ته‌که‌ین و سه‌ری ڕێک ده‌که‌ین.

ده‌توانین به دمی که‌چکێ یان به پشتی که‌چکێ هه‌ڵوایه‌که جوان که‌ین.

ده‌توانین به جێی ئاو و زه‌عفه‌ران، شیر و زه‌عفه‌ران (به دوو که‌چک شه‌کری که‌متر) ده‌ هه‌ڵوا بکه‌ین و هه‌ڵوای زه‌رد سازکه‌ین، دوایه به ئه‌ستوورایی یه‌ک سانت له‌سه‌ر لایلونێک پانیڕاکه‌ین و به دمی چه‌قوو شکڵی جۆراوجۆری پێ ده‌ربێنین و هه‌ڵوای قاوه‌یی پێ بڕازێنینه‌وه.

چه‌ند نموونه بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی هه‌ڵوا
نۆشی گیان




هاوبەشکردن