نموونەی جوانی پیرانشار

نموونەی جوانی پیرانشار

نووسەر: مبین
بڵاوکردنەوە لە: 2012/11/09 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 2347
کاتی خوێندن: 1 خولەک

نموونەی جوانی پیرانشار

هۆنراوەی: مامۆستا ئەفزاری

هه تا مابم له دونیا سوێند به دەنگی حەزرەتی داوود
ئەسیری بسکی تاتاتم دەناڵێنم له نێو داوت
سەدان شیخ و مەلا و سوفی فریوی جوانی توێان خوارد
هەزار عاشق دەبەن کڕنۆش له حاستی دوو برۆ و چاوت
پسا بەندی دلێ شاعیر موداوای هەر به تۆ دەکرێ
بده پێم تاڵێ لەو زولفی وەکو ئاوریشمی خاوت
عەزیزم کوشتەی تیغی دوو ئەبرۆت نایەنه ئەژمار
کەچی پێکای دڵ و جەرگی منیش تیری له ناکاوت
نەمامی عەرعەری باڵات تەنافی پەڵکەتی پێوه
دەخنکێنی ئەوی جارێ به چاوان دیتبی چاوت
له چاوی پیس بەدوور بی ئەی نموونەی جوانی پیرانشار
خوداوەند خوێ بپارێزی له ئافەت ئەو قەدی لاوت
دوو لێوت هەر وەکو خونچەی بەهاری تازه پشکووتون
نەکەی مانعی حافز بی له ماچی تۆ سەری باوت
نەبوو پەروا له بەخشینی دڵ و گیانم به خەندێکت
کەچی نەمدی ئەتۆ ڕەحمێک بکەی بەو دیلی داماوت
لەمن گەر خۆ بپارێزی دەبێ دەینم وەمل بگری
بەزێکت بێ به دڵداری هەژار و کوێر و فەوتاوت
به ڕەحمەت بێ نەما (هێمن) بنووسی وەسفی باڵاکەت
منی کوێر کەی شیاوی وەم بکەم باسی دەم و چاوت
له خاڵی لێو و کوڵمانت به کوێری چۆن بکەم تاریف
ئەوه هەر کاری (هێمن) بوو نەکەوته داو و بەر ڕاوت
ئەگەر خەڵکی بڵێن (ئه فزار) ئەدی چۆنه ئەتۆ ماوی
دەڵێم نەمدیتووه باڵات فەقەت گوێم ڵی بووه ناوت
ئەوین و زەوقی (دانشفەر) منی هاندا بڵێم شێعرێ
به وەسفی خاڵ و ڕوخسار و قەدی ڕێکی خوداداوت


شه وی 3/8/1369 پیرانشار






هاوبەشکردن