کورتە چیرۆکی نرخی پەرداخێک شیر
کچە کە تێگەیشت کوڕەکە زۆر برسییە، لە جیاتی ئاو پەرداخێکی گەورە شیری بۆ هێنا. کوڕەکە بە هێمنی شیرەکەی خواردەوە و کوتی: «چەندتان بدەمێ؟»
کچەکە وەڵامی دایەوە: «هیچ پێویست ناکات پارە بدەیت. دایکم فێری کردووین کە چاکە، بەرامبەری نییە.»
کوڕەکە کوتی: «کەواتە بە دڵەوە سپاست دەکەم.»
چەند ساڵێک دواتر کچە گەنجەکە بە توندی نەخۆش کەوت. پزیشکانی ناوچەکە نەیانتوانی نەخۆشییەکەی چارەسەر بکەن و بۆ درێژەدان بە چارەسەرکردن ڕەوانەی شارەکەیان کرد، بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوودا، پسپۆڕان چارەسەری بکەن.
دکتۆر هوارد کلی بۆ بەدواداچوونی دۆخی نەخۆشەکە و پێشکەشکردنی ڕاوێژ بانگکرا. کاتێک زانی نەخۆشەکەی لە چ شارێکەوە هاتووە، بریقەیەکی سەیر لە چاوەکانیدا درەوشایەوە. دەستبەجێ هەستا و بە خێرایی بەرەو ژووری نەخۆشەکە ڕۆیشت. جلوبەرگی پزیشکییەکەی لەبەر کرد و بۆ بینینی نەخۆشەکەی چووە ژوورەوە. لە یەکەم دیتندا ناسییەوە.
پاشان گەڕایەوە بۆ ژووری ڕاوێژکاری تاکو زووتر بۆ ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشەکەی هەنگاو بنێت. لەو ڕۆژەوە ژنەکەی خستە ژێر چاودێری تایبەتی خۆیەوە و لە کۆتاییدا پاش هەوڵێکی زۆر دژی نەخۆشییەکە، سەرکەوتن بۆ دکتۆر کلی بوو.
ڕۆژی کۆتایی مانەوەی ژنەکە بوو لە نەخۆشخانە. بە داوای دکتۆرەکە، تێچووی چارەسەرکردنی ژنەکە بۆ پەسەندکردن نێردرا بۆ لای. لە لێواری کاخەزەکەدا شتێکی نووسی. خستییە ناو پاکێتێکەوە و بۆ ژنەکەی نارد.
ژنەکە دەترسا لە کردنەوەی پاکێتەکە و دیتنی بڕی پارەی سەر پسوڵەکە. دڵنیا بوو کە دەبێت هەموو تەمەنی قەرزدار بێت. لە کۆتاییدا بڕیاری دا و پاکێتەکەی کردەوە. شتێک سەرنجی ڕاکێشا. چەند وشەیەک لەسەر پسوڵەکە نووسرابوو. بە هێوری خوێندییەوە: «تێچووی ئەم پسوڵەیە پێشتر بە پەرداخێک شیر دراوە!»
بارکردنی سەرنجەکان...