مەحوی

مەحوی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/07 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 19
کاتی خوێندن: 1 خولەک


مامۆستا مەحوی

مەلا محەممەد کوڕی عوسمان باڵخی ناسراو بە مەحوی مامۆستای ئایینی و یەکێک لە دیارترین ھۆنەرەکانی کورد بووە و بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شێعری کوردی دادەنرێت، ھۆنراوەکانی لە دەوری چەند تەوەرێکی جیاواز ئەسوڕێنەوە و سەرجەمی ھۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە.

مێژوونووسی کورد محەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێ لە ساڵی ١٨٣٦–١٨٣٧ی زایینیدا لە دایکبووە، مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ لە ١٨٣٠ دا لە دایکبووە و کاکەی فەلاحیش دەڵێ لە ١٨٣١–١٨٣٢ی زایینیدا لە دایکبووە. باوکی خەلیفەی شێخ عوسمان سیراجەددینی تەوێڵەی بووە، حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەک لای باوکی خوێندوییەتی، بۆ خوێندن چووەتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب خوێندویەتی، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەکانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی، ئەوجا چوە بۆ بەغداد و بووە بە فەقێی زانای بە ناوبانگی کورد موفتی زەھاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە. دوواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. مەحوی لە ١٨٨٣دا چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ ئەستەنبوڵ و چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی کەوتوە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەکیان لە سلێمانی بۆ کردووەتەوە کە ئێستا بە (خانەقای مەحوی) بەناوبانگە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. مەحوی لە خانەقاکەیدا کاتەکانی بۆ سێ بەش دابەش دەکات، بەشێکی بۆ وانەووتنەوە و بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ خەڵک و ئامۆژگاری کردنیان و بە شێکی تری بۆ نوێژ و یادی خوا و بیرکردنەوە.


مەحوی لە ١٩٠٦دا ژیانی دوایی ھات و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقاکەیدا بە خاک سپێردرا.


بەرهەمەکان:

  • دیوانی مەحوی
  • اشعار فارسی محوی



هاوبەشکردن