مامۆستا پیرەمێرد

مامۆستا پیرەمێرد

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/08/25 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 41
کاتی خوێندن: 1 خولەک

پیرەمێرد (حاجی تۆفیق بەگ)

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ بە ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی هەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە.
ئەو شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە هەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی هەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرهەمی وێژەیی زۆری هەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەری کوردی کردووە.

مردن
لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠، بەرامبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییی کرد. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە نێژراوە.

بەرهەمەکانی
دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی ١٩٣٥ لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
چیرۆکی مەم و زین
دوانزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥
کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦
چیرۆکی مەحموود ئاغای شێوەکەل، ١٩٤٢
گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە هەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، هەم بۆ پێکەنین و هەم بۆ پەند وەرگرتنە.
دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.
شێعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە هەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
شێعری گەلێ لەشاعیرانی هەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە وەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.
زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.
لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی:
گەشتی ھۆنەرمەندێک لە جیهاندا
ڕۆمانی کەمانجەژەن، ١٩٤٢، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.
پەندەکانی پیرەمێرد

هاوبەشکردن