قوربانت بم خودایە، بانێکە و دوو هەوایە!

قوربانت بم خودایە، بانێکە و دوو هەوایە!

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2023/07/02 (بەڕۆژکرا: 2026/10/14)
بینین: 1052
کاتی خوێندن: 1 خولەک
ژنێک هەبوو بە نێوی حەوسەت، کوڕەکەی ژنی هێنابوو و کچەکەشی مێردی کردبوو. حەوسەت خانم وەک زۆربەی جەماوەری دیکە، زاواکەی زۆر خۆش دەویست بەڵام دانووی دەگەڵ بووکەکەی نەدەکوڵی! شەوێکی گەرمی هاوین، کوڕ و بووکەکەی لەگەڵ کچ و زاواکەی میوانی بوون. کاتی نوستن، ئەوان چوونە سەربانی خەوتن. نیوەشەوێ حەوسەت خانم هاتە سەربان و دیتی کچەکەی و زاواکەی بە جیا خەوتوون و چیان بەخۆدانەداوە. لێکی نزیک کردن، پەتۆی پێدادن و کوتی: "کەش و هەوا ئەوەندە ساردە، باش نییە لێک دوور بن، سەرماتان دەبێ!"
دوایە ڕوانییە لایەکەی دیکە، دیتی کوڕەکەی و بووکەکەی لەکن یەک نوستوون. لێکی دوور کردنەوە، پەتۆکەی لێکردنەوە و کوتی: "حەهـ! بەو گەرمایە دەپیشێن!"
کوڕەکەی کە بەخەبەر بوو، دەستەکانی بەرەو ئاسمان بڵند کرد و کوتی:
قوربانت بم خودایە، بانێکە و دوو هەوایە!

هاوبەشکردن