قالەمەڕە

قالەمەڕە

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/09/15 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 51
کاتی خوێندن: 1 خولەک

قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە


قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندی شمشاڵژەنی کوردۆ ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان لەدایکبوو. ناوی باوکی محەممەد بوو و پێش ئەوەیکه قادر فام بکات، کۆچی دوایی کردووە. دایکیشی کاتێک قادر تەمەنی ٦ ساڵان بووە، عومری خودای کردووە.

وەک خۆی دەڵێ تەواوی ژیانی بە ناڕەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە. لە منداڵیدا شوان بووە و بە ڕێکەوت دەستی پێکردووە بە ژەنینی شمشاڵ. دواتر لەلایەن شێخ محەممەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆری خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی دراوەتێ. لەگەڵ ئەوەیکە قادر تەمەنی هەڵدەدات، وردەوردە کاری مۆسیقاژەنییەکەی دەگاتە ئاستی ئەفسانەیی.

لە ساڵانی پەنجاکان و دواتر لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سحراوی و ئاسمانی و بەربڵاوی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری موزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە ھێنا گۆڕەپانی ھونەرییەوە.

دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانای کورد حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا. 

قالەمەڕە ھونەرمەندی موزیک بووە بۆ بەیت، حەیران، لاوک، گۆرانی، مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردستان. قالەمەڕە خاوەنی چەندین بەرهەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە کە هەموویان مۆرکی تایبەتی ئەم ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی ھونەری موزیکی دەوڵەمەندی کوردین و بۆ هەمیشە دەمێننەوە. بابەتی زۆربەی بەرهەمەکانی حەماسی و مێژوویی و عاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و هەر کامەو بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوەو لە دەزگا جۆراوجۆرەکاندا زۆر بە جوانی پێشکەشی کردوون.

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک وەک فیستیڤاڵی موزیکی فەجر لە تاران، فیستیڤاڵی موزیکی کرمان و لە بۆنە و فیستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان، هەولێر و سلێمانی  بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە. هەروەھا لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانە تابلۆی سوپاس و ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.

نموونەی شمشاڵ لێدانی مامۆستا قالەمەڕە:
 

مامۆستا قالە مەڕە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە بۆکان کۆچی دوایی کرد و تەرمی پیرۆزی بەپێی وەسێتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک بە خاک سپێردرا.




هاوبەشکردن