فەقیر و ڕێوی

فەقیر و ڕێوی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/09/05 (بەڕۆژکرا: 2026/10/17)
بینین: 19
کاتی خوێندن: 1 خولەک


چیرۆکی ڕێوی و پیاوی فەقیر



وەرگێڕاو لە: بووستانی سەعدی

ڕۆژێک کابرایەکی فەقیر بە ڕێیەکدا دەڕۆیی. لە نەکاو ڕێویێکی بینی کە دەست و پێی نەبوو، لە کەڕەم و دروستکردنی بە دەستی خوای گەورە سەرسام بوو! لەبەرخۆیەوە پرسیاری کرد: «ئەم ڕێویە چۆن بە بێ دەست و لاق ژیان بەسەر دەبات؟ ئەدی چۆن و لە کوێوە دەخوات؟!»
خۆی مات کرد تا سەر لەم کارە دەربێنێت. پاش ماوەیێک، شێرێک هات کە ئاژەڵێکی ڕاوکردبوو و به دمییەوە گرتبوو. شێر دەستی کرد به خواردنی ئاژەڵە بەخت‌ڕەشەکە. دوای تێربوون و ڕۆیشتنی شێر، ڕێویی داماو هەرچی لەبەر شێر مابۆوە خواردی هەتا تێر بوو. کابرا سەری لەم کارە دەرنەدەچوو! هەر بۆیە ڕۆژێکی تریش لەوێ ماوە تا بزانێ ئەمجار ڕێوی چ دەکات؟!
ڕۆژی دووهەمیش هەمان شت ڕوویدا و ڕێوی پاشماوەی ڕاوچییەکی تری خوارد.
ئەم دیمەنانە پیاوەکەی بەم بڕوایە گەیاند کە خودای گەورە بژیوی ڕۆژانەی ئەو ڕێویە داماوە دەگەیێنێت. جا بۆیە ئەویش پشتی به خودا بەست و تەمای گرت هەر لەم ڕەوتە کەڵکوەرگرێت و بەبێ کارکردن، بژیوی خۆی لێرەولەوێ پەیدا بکات. کوتی: «لەمە بەدواوە وەک ئاژەڵێکی بێدەسەڵات لە سووچێک دادەنیشم هەتا خودای میری مەزن بژیویم له نادیارەوە بگەیێنێت!»
چەندین ڕۆژ تێوەرسووڕا و نە بیگانە خزمەتی کرد، نە هاوڕێ، لە برسان تەنیا پێست و ئێسک و ڕەگی مابۆوە. کاتێک لە بەر لاوازی و برسێتی سەبری نەما، لە شوێنێکەوە دەنگێکی بە گوێ گەیشت: «بڕۆ و وەک شێرێک بژی، ئەی فێڵباز! بۆچی خۆت وەک ڕێویەکی شەل‌وگێڕ خستۆتە خوارەوە! تۆ ساخ و مل‌ئەستووری! وا هەوڵ بدە کە وەک شێر لەبەر تۆ بمێنێتەوە و ئەوانی تر لە پاشماوەکەت بخۆن! چۆن چاوەڕوانی ئەوەی کە وەک ڕێوی لە بەرماوی خەڵک تێر بیت؟! گەلێک هەوڵ بدە و گەلێک پەیدا بکە هەم خۆت بخۆ و هەمیش دەوروبەرەکانت! هەتا دەتوانیت بە هێزی باسکی خۆت بژیوی پەیدا کە و بخۆ تا چاودەبەری کەس نەبیت! تەنیا تەمەڵ و تەوەزەلەکان لە بەرماوی کەسانی تر دەخۆن. تو هەوڵ بدە دەستی پیرێک، بێدەسەڵاتێک بگری نەک خۆت بخەیت و دەستت بۆ خەڵک ڕادێریت! خودا مێشک و جەستەی داوێتێ تا سەرباری کەس نەبیت و خەڵک لە دەست و زمانت ئاسوودە بن.» 


هاوبەشکردن