فریشته‌ی بێکار

فریشته‌ی بێکار

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2009/06/11 (بەڕۆژکرا: 2026/10/14)
بینین: 3109
کاتی خوێندن: 1 خولەک

کابرایێک خه‌ونێکی سه‌یری دیت. له خه‌ونیدا چوبووه لای فریشته‌کان و له کاره‌کانی ئه‌وانی ده‌ڕوانی. هێندێک فریشته‌ی دیتن که زوو زوو ئه‌و نامانه‌ی که له زه‌وی‌‌ڕا گه‌یشتوون، ده‌که‌نه‌وه و له‌ناو قوتوویێکیدا داده‌نێن. کابرا پرسی: «ئه‌وه چ ده‌که‌ن؟»

یه‌کیان وڵامی داوه: «ئێره به‌شی وه‌رگرتنه و دوعا و پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک وه‌رده‌گرین و دیاننێرین بۆ خزمه‌ت خوا.»

کابرا چووه پێشتر و هێندێکی‌تری دیتن که نامه‌ له‌ناو پاکه‌تدا داده‌نێن و ده‌ینێرن بۆ زه‌وی. پرسی: «ئه‌وه چ ده‌که‌ن؟»

یه‌کیان وڵامی داوه: «ئێره به‌شی ناردنه و ئێمه به‌زه‌یی و وڵامی خوا ده‌نێرین بۆ خه‌ڵکی سه‌ر زه‌وی.»

کابرا بڕێکی دیکه چووه پێش و فریشته‌یێکی دیت که بێکار دانیشتووه. به سه‌رسوڕمانه‌وه لێی پرسی: «ئه‌تۆ چ ده‌که‌ی و بۆ بێکاری؟!»

وڵامی داوه: «ئێره به‌شی پشتڕاستکردنه‌وه‌ی وڵامه. ئه‌وانه‌ی دوعایان قبوڵکراوه، ده‌بێ وڵامی پشتڕاستکردنه‌وه بنێرن. به‌ڵام که‌م که‌س وڵام ده‌ده‌نه‌وه.»

کابرا پرسی: «خه‌ڵک چۆن ده‌توانن وڵامی پشتڕاستکردنه‌وه بنێرن؟»

فریشته وڵامی داوه: «زۆر ئاسانه، ته‌نیا بڵێن: سپاس خوایه!»

وشە سەرەکییەکان: چیرۆک داستان

هاوبەشکردن