سێوکە بۆگەنەکان

سێوکە بۆگەنەکان

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/07 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 16
کاتی خوێندن: 1 خولەک

کورتە چیرۆکی سێوکە بۆگەنەکان



خانمه مامۆستایەک بە منداڵانی پۆلەکەی کوت کە دەیەوێت یارییەکیان لەگەڵ بکات. پێی کوتن کە سبەی هەر کامێکیان کیسەیەکی پلاستیکی هەڵگرن و لە ناویدا بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لێیان بێزارن، سێوکی تێبکەن و لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن بۆ قوتابخانە. سبەی منداڵان بە کیسە پلاستیکییەکانەوە هاتن. لە کیسەی هەندێکیان ٢، هەندێکیان ٣ و هەندێکیشیان ٥ سێوک هەبوو. مامۆستاکە بە منداڵانی کوت تا یەک حەفتە هەر کوێ دەچن، ئەو کیسە پلاستیکییە لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
ڕۆژانێک بەو شێوەیە تێپەڕی و وردەوردە منداڵان دەستیان کرد بە سکاڵاکردن لە بۆنی سێوکە بۆگەنبووەکان. لەوەش زیاتر، ئەوانەی سێوکی زۆرتریان پێ بوو، لە هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە ماندوو ببوون. پاش تێپەڕبوونی حەفتەیەک، یارییەکە کۆتایی هات و منداڵان حەسانەوە. مامۆستاکە لە منداڵانی پرسی: «لەوەی کە یەک حەفتە سێوکەکانتان لەگەڵ خۆتاندا هەڵدەگرت، چ هەستێکتان هەبوو؟»
منداڵان سکاڵایان لەوە دەکرد کە ناچار بوون سێوکە بۆگەن و قورسەکان هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن.
ئەوکات مامۆستاکە مەبەستی سەرەکیی خۆی لەم یارییەدا بەم شێوەیە ڕوونکردەوە: «قین و ڕقەکەی کە لە دڵتاندا هەتانە و هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆتانی دەبەن، هەمان دۆخی هەیە. بۆنی ناخۆش و قورسایی قین و ڕق، دڵی ئێوە پیس دەکات و ئێوەش ئەو بۆنە هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆتاندا دەبەن. ئێستا کە ئێوە بۆنی ناخۆشی سێوکەکانتان تەنیا بۆ یەک حەفتە بۆ هەڵنەگیرا، کەواتە چۆن دەتوانن بۆنی ناخۆشی ڕق و کینە بۆ هەموو تەمەنتان لە دڵتاندا هەڵبگرن؟ بۆیە پێتان دەڵێم ڕق و قین له دڵتان دەرکەن چونکه تەنیا خۆتان پێیەوە ناڕەحەت دەبن!»


هاوبەشکردن