سوپی مریشک بە تۆپەڵە گۆشت
پێداویستییەکان
- یەک لای سینگی مریشک کە نزیکەی ٢٠٠ گرامە، یان یەک دانە ئیسکە مریشک (یەک دانە مریشک کە ڕان و سینگەکەی جیاکراوەتەوە، گۆشتی خاڵی ئەو نزیکەی ٢٠٠ گرامە)، یان یەک دانە ڕانی مریشک.
- دوو دانە پیوازی مامناوەند بەرامبەر ٢٠٠ گرام.
- یەک قاپی ماستخۆری جۆی پەڕک بەرامبەر ١٠٠ گرام.
- دوو کەچکی چێشتخۆری ڕوبی تەماتە بەرامبەر ٨٠ گرام.
- سێ دانە گێزەری مامناوەند بەرامبەر ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ گرام.
- یەک فینجان نۆک فەرەنگی یان کونسێرڤی نۆک فەرەنگی بەرامبەر ١٠٠ گرام.
- خوێ بە ڕێژەی پێویست.
- یەک قاپی ماستخۆری گۆشتی چەرخکراو بەرامبەر ٢٥٠ گرام.
- دوو کەچکی چێشتخۆری ئاردی برنج بەرامبەر ٣٠ گرام.
بەم بڕە پێداویستییە، ١١ قاپی ماستخۆری لە «سوپی مریشک بە تۆپەڵە گۆشت»مان دەبێت.
شێوازی ئامادەکردن
مریشک، پیوازی ساخ، گێزەری سپیکراو، خوێ و ئاو دەخەینە ناو قابڵەمە، نزیکەی ٢ بۆ ٣ کاتژمێر دەیکوڵێنین.
ئاوی مریشکەکە جیا دەکەینەوە، پیوازی پێژراو فڕێ دەدەین. گۆشتەکانی مریشک ورد دەکەین و گێزەری پێژراویش بە ددانەی ورد ڕەندە دەکەین.
مریشکی وردکراو، گێزەری ڕەندەکراو، جۆی پەڕک، کونسێرڤی نۆک فەرەنگی و دوو کەچک ڕوبی تەماتە دەخەینە سەر ئاوی مریشک، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەیپێژین و لەم ماوەیەدا چەندین جار لێکیدەدەین.
یەک قاپ گۆشتی چەرخکراو لەگەڵ یەک پیوازی ڕەندەکراو و کەمێک خوێ، هەڵدەشێلین، بە شێوەی تۆپەڵە دەریاندێنین و دەیکەینە ناو سوپەکە تاکو بۆ نیو کاتژمێری تر بپژێت.
دوو کەچک ئاردی برنج لە کەمێک لە ئاوی سوپەکەدا دەتوێنینەوە و دەیکەینە ناو سوپەکە تاکو بۆ نیو کاتژمێری تر بپژێت.
سوپەکە ئامادەی پێشکەشکردنە. دەکرێت لەگەڵ لیمۆی ترشی تازە بیخۆین.
نۆشی گیان
بارکردنی سەرنجەکان...