سووپی جۆ چۆن لێدەنرێت؟
پێداویستییەکان
یەک ئێسکه مریشک (مریشکێک کە ڕان و سنگی نەبێت) کە گۆشتەکەی نزیکەی ٢٠٠ گرامە. لە جیاتی ئێسکە مریشک، دەکرێت دوو ڕان مریشکیش بەکار بهێنرێت.دوو قاپی ماستخۆری جۆی پەرک کە یەکسانە بە ٢٠٠ گرام.
چوار پەرداخ شیر کە یەکسانە بە یەک لیتر (یەک کیلۆگرام).
یەک دەنک پیوازی ناوەند کە یەکسانە بە ١٠٠ گرام.
خوێ بە بڕی پێویست.
یەک پاکەتی ٥٠ گرامی کەرەی پاستۆریزە.
بەم بڕە پێداویستییانە، ١٠ قاپی ماستخۆری لە سووپی جۆمان دەست دەکەوێت.
چۆنێتیی ئامادەکردن
مریشک، پیواز و خوێ بە ماوەی ٣ بۆ ٤ کاتژمێر دەکوڵێنین، پاشان ئاوی مریشکەکە جیا دەکەینەوە و گۆشتی مریشکەکەش ورد دەکەین. بە مریشکی وردکراو دەکرێت کووکووی مریشک یان هەر شتێکی دیکە ئامادە بکرێت.
جۆی پەرک بۆ ئاوی مریشکەکە زیاد دەکەین. با سووپەکە نزیکەی دوو کاتژمێر بکوڵێت تا ئاوی سووپەکە بڕوات و سووپێکی خەست و توند بە دەست بێت. لە کاتی کوڵاندا دەبێت چەند جارێک سووپەکە لێکبدەین.
شیرەکەی بۆ زیاد دەکەین. با سووپەکە یەک بۆ دوو کاتژمێری دیکەش بکوڵێت تا پێبگات. لە کاتی کوڵاندا دەبێت چەند جارێک سووپەکە لێکبدەین، پاشان گڕەکە دەکوژێنینەوە، کەرەکەی بۆ زیاد دەکەین و دەهێڵین سووپەکە یەک کاتژمێر بمێنێتەوە تا کەمێک سارد بێتەوە و هەلیماو بداتەوە.
سووپەکە ئامادەیە. بە کەمێک زەعفەرانی توواوە، جەعفەریی وردکراو و گەنمەشامیی کوڵاو دەکرێت ڕووی سووپەکە بڕازێنینەوە.
نۆشی گیان.
بارکردنی سەرنجەکان...