زەڕەی کەر

زەڕەی کەر

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2014/12/23 (بەڕۆژکرا: 2026/10/15)
بینین: 1920
کاتی خوێندن: 1 خولەک

کەرێک و وشترێک بە ڕێگایەکدا دەڕۆیشتن. لەپڕڕا چاویان بە کاروانێک کەوت کە بەرەوڕوویان دەهات. لەترسی ئەوەیکە کاروانچییەکان بیانگرن و بۆ باربردنیان ببەن، چوونە بن پردێک و خۆیان شاردەوە. وشتر بە دەنگێکی نزم کوتی:

- کەرە گیان بێ‌دەنگ بە و هیچ قسان مەکە تا کاروان تێدەپەڕێ!

- باشە!

پاش چەن خولەکێک کاروان گەیشتە سەر پردەکە. کەر کوتی:

- ئەرێ چبکەم؟ زەڕەم دێ!

- کەر! جارێ بێ‌دەنگ بە! ئێستا کاتی زەڕاندن نییە!

کەر خۆی بۆ ڕانەگیرا و زاری داپچڕی و دەستی کرد بە زەڕەزەڕ. کاروانچییەکان بە دەنگییەوە هاتن و هەردووکیان گرتن. بارێکی زۆریان لەسەر پشتیان دانان و وەڕێکەوتنەوە. ڕۆیشتن و ڕۆیشتن. هەردووکیان ماندوو ببوون.

کاتێک لە تەپکەیێک وەسەر دەکەوتن، کەر چۆکی فیزان و کەوتە سەر ئەرز. کاروانچییەکان کەرەکەیان بە بارەوە لەسەر پشتی وشتر دانا و توند بەستیان. وشتر کە لە خەفەتان خەریک بوو شێت ببێت. کوتی:

- ئاخە کەر! مەگەر پێم نەکوتی ئێستا کاتی زەڕاندن نییە؟! چاو ئێستا چمان لێهاتووە؟!

کەر کە ئێستا جێگای خۆش ببوو، وڵامی داوە:
- جا بڵێم چی؟ زەڕەم دەهات ئیدی!!

کاتێک کە گەیشتنە سەر تەپکەکە و سەربەرەژێر بۆ خوارێ ڕۆیشتن، وشتر بەو هەمووە بارەوە هەر بۆ خوارێ ڕادەدرا. لەو کاتەدا وشتر کوتی:

- کەر! جا ئێستا منیش لۆقم دێت!

-یانی چی؟!

- یانی دەمەوێ غاردەم!

کەر چاوی زەق بوون و پاڕاوە. بەڵام وشتر کە زۆر لە دەست کەر ناڕەحەت ببوو، دەستی کرد بە غاردان و پاش چەن چرکەیێک لاقی تيکهاڵان و بەربۆوە. چەند سەرمەقولاتێکی دان و لە پەنا بەردێک گیرساوە. کەر کە هەر لە سەرەتای بەربوونەوەی وشتردا پەڕیبوو، سەری وە بەردێک کەوتبوو و تۆپیبوو. کاروانچییکان کە دیتیان وشتر بێ‌حاڵە و چیدی ناتوانێ باریان بۆ ببات، بارەکانیان خڕ کردەوە و وەڕێکەوتن و وشتریان بەجێێشت.


هاوبەشکردن