دیدار لەگەڵ خودا

دیدار لەگەڵ خودا

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/10/17 (بەڕۆژکرا: 2026/10/17)
بینین: 2
کاتی خوێندن: 1 خولەک

دیدار لەگەڵ خودا


نیوەڕۆی ڕۆژێکی ساردی زستان، کاتێک ئێمیلی گەڕاوە ماڵێ، لە پشت دەرگا پاکەتێکی نامەی بینی کە نە تامپۆی پۆستی لەسەر بوو و نە مۆری بەڕێوەبەرایەتیی پۆست. تەنیا ناو و ناونیشانی ئێمیلی لەسەر پاکەتەکە نووسرابوو. بە سەرسوڕمانەوە پاکەتەکەی کردەوە و نامەکەی خوێندەوە:
«ئێمیلیی خۆشەویست،
ئەمڕۆ ئێوارێ دێمە ماڵت بۆ ئەوەی بتبینم.
بە خۆشەویستییەوە،
خودا»
ئێمیلی لە کاتێکدا بە دەستە لەرزۆکەکانی نامەکەی لەسەر مێزە دادەنا، بیری کردەوە کە بۆچی خودا دەیەوێت سەردانی بکات؟ ئایا ئەوە ڕاستە یان کەسێک ویستوویەتی گاڵتەی لەگەڵ بکات؟! ئەو کەسێکی گرنگ نەبوو. هەر لەو بیرکردنەوانەدا بوو کە لەناکاو کابینێتی بەتاڵی چێشتخانەکەی وەبیر هاتەوە و لەبەر خۆیەوە کوتی: «من کە هیچم نییە پێشکەشی بکەم!» پاشان سەیری جانتاکەی کرد. تەنیا پێنج دۆلار و چل سێنتی تێدا بوو. بەڵام هەرچۆنێک بێت، بەرەو فرۆشگا ڕۆیشت و نانێکی فەرەنسی و دوو بوتڵ شیری کڕی. کاتێک لە فرۆشگاکە هاتە دەرە، بەفر بە توندی دەباری و ئێمیلیش پەلەی بوو زوو بگاتەوە ماڵێ و نانی ئێوارێ ئامادە بکات. لە ڕێگای گەڕانەوەدا، ژن و پیاوێکی هەژاری بینی کە لە سەرمان دەلەرزین. پیاوە هەژارەکە بە ئێمیلیی کوت: «خانم، ئێمە نە ماڵمان هەیە و نە پارە. زۆر سەرمامانە و برسین. ئایا دەتوانیت یارمەتیمان بدەیت؟»
ئێمیلی وەڵامی دایەوە: «ببورە، ئیتر پارەم نەماوە و ئەم نانانەشم بۆ میوانەکەم کڕیوە.»
پیاوەکە گوتی: «باشە خانم، سوپاس.» پاشان دەستی خستە سەر شانی هاوسەرەکەی و بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن.
لەو کاتەدا کە ژن و پیاوە هەژارەکە دوور دەکەوتنەوە، ئێمیلی ئازارێکی توندی لە دڵیدا هەست پێکرد. بە پەلە بەدوایاندا گەڕاوە و هاواری کرد: «ئاغا، خانم، تکایە ڕاوەستن!» کاتێک ئێمیلی گەیشتە لایان، سەوەتەی خواردنەکەی دایە دەستیان، پاشان چاکەتەکەی لەبەر خۆی داکەند و خستییە سەر شانەکانی ژنەکە.
پیاوەکە سوپاسی کرد و دوعای بۆ کرد. کاتێک ئێمیلی گەیشتەوە ماڵەوە، بۆ چرکەیەک دڵتەنگ بوو، چونکە خودا دەیویست سەردانی بکات و ئەویش ئیتر هیچ شتێکی نەبوو پێشکەشی بکات. کاتێک دەرگاکەی دەکردەوە، پاکەتێکی دیکەی لەسەر زەوی بینی. نامەکەی هەڵگرت و کردەوە:
«ئێمیلیی خۆشەویست،
سوپاس بۆ میواندارییە باشەکەت و چاکەتە جوانەکەت.
بە خۆشەویستییەوە، 
خودا»

هاوبەشکردن