دوو پاڵه‌وان

دوو پاڵه‌وان

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2010/08/21 (بەڕۆژکرا: 2026/10/16)
بینین: 2860
کاتی خوێندن: 1 خولەک

له رۆژگارێکی کۆندا دوو برای پاڵه‌وان ده‌ژیان که ناوی برای گه‌وره فیلیپ و ئه‌وی‌تر ڕابین بوو. رۆژێک پاشا له دوای ناردن و پاش به‌خێرهاتن، پێیانی کوت: "دوژمن له سنووری باکووره‌وه هێرشی کردووه و ئێوه ته‌نیا که‌سانێکن که ده‌توانن به‌ره‌نگارییان بکه‌ن."

دوو برا دوای ئاماده بوون و هه‌ڵگرتنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ به سواری ئه‌سپ وه‌ڕێکه‌وتن. کاتێک که گه‌یشتنه نزیک سنوور، شه‌و داهاتبوو. شه‌وێ هه‌ر لەوێ پشوویان دا و به‌یانی فیلیپ به ڕابینی کوت: "ئه‌تۆ بڕۆ بۆ شه‌ڕ و منیش لێره ده‌مێنمه‌وه و ئه‌گه‌ر تۆ به‌زی و دوژمن هات بۆخۆم پێشیان ده‌گرم. هه‌رچی بێ من له تۆ گه‌وره‌تر و به‌هێزترم."

ڕابین که کوڕێکی باش و به‌ڕێز بوو، وه‌ڕێکه‌وت. دوای دوو رۆژان کاتێک که فیلیپ خه‌ریکی برژاندنی گۆشتی مامز بوو، دیتی ئه‌وه ڕابین به برینداری ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ره‌و پیری چوو و لێی پرسی که چ بوو؟ ڕابین هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که‌ی له‌و دوو رۆژه‌دا بۆگێڕاوه و باسی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ 70 که‌س پیاده و 10 که‌س سواره کرد. فیلیپ هه‌ر که بیستی شه‌ڕ ته‌واو بووه، سواری ئه‌سپه‌که‌ی بوو و رۆیی بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی شه‌ڕ. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یکوت پاشا به دیتنی ئه‌و هه‌مووه زێڕ و زێوه شاد ده‌بێت. دوایه له‌گه‌ڵ ڕابین گه‌ڕانه‌وه بۆ لای کۆشکی پاشا. کاتێک که نزیک کۆشک بوون، دیتیان پردی سه‌ر چۆمه‌که رووخاوه و بۆ چوونه‌ژووری کۆشکه‌که ده‌بێ له ئاوێ‌ده‌ن. ڕابین به سانایی له چۆمه‌که تێپه‌ڕی. به‌ڵام فیلیپ له‌به‌ر قورسایی باره‌که‌ی به ئه‌سپه‌وه که‌وته ناو ئاو و زێڕ و زێو و ئه‌سپه‌که‌ی له‌ده‌ست‌دا.

کاتێک گه‌ێشتنه ناو کۆشک، پاشا به گه‌رمی پێشوازیی لێکردن و دوای خواردنی جه‌می شه‌و چاوێکی له دوو برایه‌کان کرد و کوتی: " ده‌ی، باسی شه‌ڕ و پاڵه‌وانانی دوژمنم بۆ بکه‌ن. چۆناوچۆن سه‌رکه‌وتوو بوون؟"

ڕابین ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی شه‌ڕ و به پێشاندانی برینه‌کانی ده‌ست و سه‌ری، هه‌موو به‌سه‌رهاته‌که‌ی کوته‌وه. دوای قسه‌کانی ڕابین، پاشا رووی وه‌رگێڕا بۆ لای فیلیپ، به‌ڵام جێگاکه‌ی به‌تاڵ بوو. فیلیپ قسه‌یێکی بۆ کوتن نه‌بوو و به شه‌رمه‌زاری له وێ وه‌ده‌رکه‌وتبوو!

وشە سەرەکییەکان: پاڵه‌وان چیرۆک

هاوبەشکردن