دونیای خەیاڵ
ڕۆژێک شازادەیەک بە تەنیشت کڵێسایەکەدا تێدەپەڕی، کوڕێکی دیت کە چاوی بڕیوەتە پارچە بەردێکی گەورەی مەڕمەڕ که له حەوشەی کڵێسادا کەوتبوو. لە دەوروبەرەکەی سەبارەت بەو کوڕەی پرسی.
پێیان کوت کە زۆر لەمێژە هەموو ڕۆژێ دێت بۆ حەوشەی کڵێساکە و سەیری ئەو بەردە دەکات و هیچ ناڵێت. ماڵی لێرە نزیکە و باوکی پێی وایە کە قەت ناتوانێت کارێکی بەنرخ ئەنجام بدات و نابێت بە هیچ!
شازادە زگی بە کوڕەکە سووتا. هاتە لای و بە هێمنی پێی کوت: «لاوە گیان، لەجیاتی بەبێکاری دانیشتن و چاوبڕینە ئەم پارچە بەردە، باشترە کارێک بۆ خۆت بدۆزیتەوە و بۆ داهاتووی خۆت بەرنامە دابنێیت.»
کوڕەکە لە بەرامبەر چاوە سەرسامەکانی شازادەدا، ڕووی کردە ئەو و چاوی بڕییە چاوەکانی و بە قایمی و بە جیددییەوە وەڵامی دایەوە: «من هەر ئێستا خەریکی کارکردنم!»
پاشان دیسان چاوی بڕییە پارچە بەردەکە. شازادە لە جێگەی خۆی هەستا و ڕۆیشت. چەند ساڵێک دواتر هەواڵیان پێدا کە ئەو کوڕە لەو پارچە بەردە پەیکەرێکی شکۆداری پێغەمبەر داوودی دروست کردووە. پەیکەرێک کە هێشتاش وەک یەکێک لە شاکارەکانی پەیکەرسازیی جیهان ئەژمار دەکرێت. ناوی ئەو کوڕە «مایکڵ ئەنجێلۆ» (پەیکەرسازی، شێوەکار و ئەندازیاری بەناوبانگ) بوو!
هەرگیز ناتوانرێت بیری کەسێکی تر بە وردی بخوێنرێتەوە، لەوانەیە کاتێکی زۆر لەسەر بڕیارێکی گرنگ بیر بکاتەوە.
بارکردنی سەرنجەکان...