خەج و سیامەند

خەج و سیامەند

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2026/08/13 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 61
کاتی خوێندن: 1 خولەک

چیرۆکی دڵداریی خەج و سیامەند


چیرۆکی «خەج و سیامەند» سنوورەکانی شوێنی خوڵقانی له کوردستان تێپەڕاندووە و لەلایەن زۆرێک لە هۆنەر و حەیران‌بێژەکان(بە هەموو زاراوەکانی کوردییه‌وه‌) وەک بەیت کوتراوەتەوە. مێژووی ڕوودانی چیرۆکەکە تا ئێستاش هەر ناڕوونە بەڵام بە له‌به‌رچاوگرتنی ناوی کاراکتەری داستانەکە (ناوی کوردی) وا وێدەچێت سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام یا ساڵەکانی سەرەتایی هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە ڕوویدابێ.

وەک هەموومان دەزانین لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ناوە عەرەبییەکان لە کوردستان زیاد بوو تا وای لێهات بە دەگمەن ناوی کوردی لە مێژووی دووای ئیسلامدا دەبینرێ بۆیەش دەتوانین بڵێین بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم چیرۆکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە و بابەتیانە نەکراوە، ئەوەش کە ماوەتەوە پشتاوپشت و زاربەزار بە نەوەی ئێستا گەیشتووە.
وەک دەکوترێ سیامەند و خەج ئامۆزای یەکتر بوونە و لە دەشتی لاجان (ناوچەی پیرانشار یان خانێ) ژیاون. خەج حەوت برای هەبووە بەڵام بە هۆی کێشەی بنەماڵە و قسە و قسەڵۆکی خەڵک، باوکیان خەج نادات بە سیامەند. لەگەڵ ئەوەشدا سیامەند لە ڕێی پیاو ماقووڵان زۆر هەوڵ دەدات باوکی خەج ڕازی بکات بەڵام بە هیچ جۆرێک قایل نابێت. سیامەند و خەجیش ئەوەندەیان یەکتر خۆشویستوە کە بەڵێنییان بە یەکتر دابوو تا مردن لەگەڵ یەک بن.
سیامەند ناچار دەبێ خەج هەڵگرێ و بچنەدەر لە ئاوایی و ڕوو دەکەنە چیای زاواکێو (کێلەسیپان) کە دەڕوانێتە ئاواییەکی هەر بەو ناوه. ئەوان دەچن بۆ ئەو چیایە چونکە لە سەر لووتکەکەی ڕا دەیانتوانی جموجۆڵی خەڵکەکە و بنەماڵەی خەج بخەنە ژێر چاو. هەروەک لە جۆگرافیای ناوچەکەشدا بەدی دەکرێ لە چیای کێلەسیپان ڕا دەتوانرێ چاوەدێریی جموجۆلی خەڵک بکرێ.
باوک و براکانی خەج بە شوێنیاندا دەگەڕێن. خەج و سیامەند ماوەیەک لە چیایەکەدا خۆ حەشار دەدەن تا ڕۆژێکیان سیامەند کە لەسەر ڕانی خەج خەوی لێکەوتبوو، کاتێک لە خەو هەڵدەستێ چەندین بزنە کێوی دەبینێ کە بە هەموویان هێرش دەکەنە سەر دانەیەک لە بزنەکان کە ڕەنگی سوورە بەڵام دەرەقەتی نایەن.
خەج بە سیامەند دەڵێ ئەو نێرییە سوورە تۆی ئەوانی تریش براکانمن کە بە شوێنتەوەن و شەڕت لەگەڵ دەکەن. سیامەند بە بیستنی ئەو قسەیە تیروکەوانەکەی دەردێنێ و هێرش دەکاتە سەر نێریە سوورەکە و چەند تیری لێدەدات و دەیکەوێنێت. دوای کەوتنی بزنەکێوییەکە سیامەند هەوڵ دەدات بیکووژێتەوە بەلام بزنەکێوییەکە کە بە چەندین جێ بریندارە و خۆ لە خۆڵ دەگەوزێنێ تا سیامەند دێت سەری بگرێ و بیکوژێتەوە، شەقۆنێک لە سیامەند دەدات. سیامەند لە ڕەوەزە سەخت و بەرزەکانی زاواکێو دەکەوێتە خوارەوە و بەسەر دارە بەنێکدا* دەکەوێ. خەج کە هیچی بۆ یارمەتیدانی سیامەندی پێناکرێ هانا بۆ خەڵکی ئاوایی دەبات بۆ ڕزگار کردنی خۆشەویستەکەی، بەڵام بەهۆی بەرزی و جابە و ڕەوەزەکەی کە سیامەند لێی هەلدێراوە خەڵک هیچیان بۆ ناکرێ. خەجیش کە بەڵێنی بە سیامەند دابوو تا مردن لەگەڵیدا بێ، بڕیار دەدا ئەویش خۆ هەڵدێرێ و تا دوا ساتەکانی ژیانیش لەگەڵ سیامەند بێ. خەج خۆ هەڵدەدێرێتە خوارەوە و دەکەوێتە تەنیشت سیامەند و پێش سیامەند گیانی لە دەست دەدات و هەر دووکیان دەمرن. خەج و سیامەند چیرۆکی دوو دڵدارە کە بوونە قوربانیی داب و نەریتی خێڵەکیی ئەو سەردەمەی کوردستان.

دارە بەن*: جۆره دارێکی قوڵە و دڕە که دڕکێکی زۆری هەیه.


سەرچاوە:
1. بەیتی «خەج و سیامەند» بڵاوکراوەی ڕادیۆ مەهاباد
2. پەڕتووکی «خەج و سیامەند» نووسینی سەلاح ڕەئووف
3. وەرگێڕاوەی مامۆستا هێمن له «تۆحفەی موزەفەرییە؛ ئۆسکارمان»

هاوبەشکردن