خۆرشتی قورمه سه‌وزی

خۆرشتی قورمه سه‌وزی

نووسەر: لاجان
بڵاوکردنەوە لە: 2018/12/18 (بەڕۆژکرا: 2026/11/22)
بینین: 1352
کاتی خوێندن: 1 خولەک

خۆرشتی قورمه سه‌وزی


که‌لوپه‌لی پێویست

که‌چکێکی چێشت‌خۆری لیمۆی وردکراو (3 گڕام)
پیوازێکی مامناوه‌ندی (100 گڕام)
قاپێکی ماست‌خۆری سه‌وزی قورمه‌ی وردکراو (500 تا 600 گڕام) (کیلۆیه‌ک سه‌وزی قورمه‌ی پاک‌نه‌کراو بریتی له: که‌وه‌ر، جه‌فعه‌ری، که‌مێک شه‌مێله و گژنیژ و ئه‌سپه‌ناخ)
دوو فینجان ڕۆن (200 گڕام)
چوار دانه لیمۆ ئـۆمانی (20 گڕام)
دوو قاپی ماست‌خۆری گۆشتی نه‌رمه‌ی گوێلک یان مه‌ڕ (نیو کیلۆ)
بیبار و خوێ به ڕێژه‌ی پێویست
سێ که‌چکی چێشت‌خۆری لۆبیای سوور (60 گڕام)
که‌چکـێکی مره‌باخۆری ئارد (10 گڕام)
به‌وه‌نده که‌لوپه‌له چوار ده‌وریی خۆرشت‌خۆری له‌و چێشته سازده‌کرێت.

شێوازی لێنان

پیوازێکی مامناوه‌ندی ورد ده‌که‌ین و ده فینجانێک ڕۆندا سووری ده‌که‌ینه‌وه.

لۆبیاکه بۆ ماوه‌ی 2 تا 4 کاتـژمێر ده ئاودا ده‌خووسێنین دوایه لۆبیاکه له‌گه‌ڵ دوو قاپ گۆشت ده ڕۆنوپیوازه‌که ده‌که‌ین و که‌مێکی سوورده‌که‌ینه‌وه. که‌مێک خوێ و بیبار و 5 تا 6 په‌رداخ ئاوی تـێده‌که‌ین و لێیده‌گه‌ڕێین 2 تا 4 کاتـژمێر بکوڵێت تا گۆشت و لۆبیاکه نه‌رم بن.

سه‌وزییه‌که جوان ورد ده‌که‌ین - بۆ ئه‌وه‌یکه سه‌وزیی قورمه جوان ورد بکرێت و نه‌غه‌چڵێت، باشتره سه‌وزییه شۆراوه‌که ده کیسه‌یێکی پارچه‌یی بکه‌ین و شه‌وێک له یه‌خچاڵ (سه‌لاجه)دا ڕایگرین و دوایه به ده‌ست یان چه‌رخ وردی که‌ین – دوایه سه‌وزییه‌که ده فینجانێک ڕۆندا به ته‌واوی سوورده‌که‌ینه‌وه (زیاتر له کاتژمێرێک ده‌خایێنێت) تا قاپێکی ماست‌خۆری سه‌وزیی قورمه‌ی سوورکراوه ئاماده بێت.

که‌چکێکی چێشت‌خۆری ئارد ده نیو په‌رداخ ئاوی سارددا ده‌توێنینه‌وه، ده‌گه‌ڵ سه‌وزییه سوورکراوه‌که و چوار لیمۆ ئۆمانی و لیمۆ وردکراوه‌که ده‌‌باڵ خۆرشته‌که‌ی ده‌که‌ین و سه‌ری له‌سه‌ر داده‌نیین تا به گڕی که‌م بۆ ماوه‌ی 2 کاتـژمێر بکوڵێت.

خۆرشت ئاماده‌یه.
نۆشی گیان




هاوبەشکردن