ڕزگار و ڕۆژین لەگەڵ باوکیان بۆ سەردانی بابەگەورە و دایەگەورە چوونە گوند. دایەگەورە قۆچەقانییەکی دا بە ڕزگار تا کایەی پێبکات. ڕزگار زۆری پێخۆش بوو. بەڵام کاتی قومارکردن، بە هەڵە بەردێکی لە سەری مراویی دایەگەورە دا و ئەویش مندار بوو.
ڕزگار زۆر ناڕەحەت بوو و ترسا. تەرمی مراوییەکەی هەڵگرت و بردی لە پشت دارەکان شاردییەوە. بەڵام هەر کە سەری هەڵێنا، دیتی ئەوە ڕۆژین سەیری دەکا و هەموو شتێکی دیوە. بەڵام خوشکی هیچی نەکوت.
ڕۆژی دواتر دایەگەورە بە ڕۆژینی کوت:
- وەرە بۆ شوشتنی قاپەکان یارمەتیم بدە.
- داگەورە، ڕزگار دەیەوێ یارمەتیت بدا!
هەروەها لە بن لێوییەوە بە ڕزگاری کوت:
"مراوییەکەت لەبیرە؟!"
ڕزگار قاپەکانی شوت. پاش نیوەڕۆ بابەگەورە کوتی
دەیەوێ بیانبات بۆ ڕاوەماسی. دایەگەورە کوتی:
- بەڵام من بۆ سازکردنی چێشتی
شەو پێویستیم بە ڕۆژین هەیە!
ڕۆژین بزەیێکی هاتە سەر لێو و کوتی:
- نیگەران
مەبن، ڕزگار بە منی کوتووە کە خۆی دەیەوێ یارمەتیی داگەورە بدات. وانییە
ڕزگار؟!
ئەوێ ڕۆژێ، ڕۆژین لەگەڵیان چوو بۆ ڕاوەماسی و ڕزگار یاریدەی دایەگەورەی دا بۆ چێشت لێنان. چەند ڕۆژ هەر بەو جۆرە ڕابرد و ڕزگار هەر ناچار بوو جگە لە کاری خۆی، کارەکانی رۆژینیش بکات. تا ڕۆژێک نەیتوانی چیتر خۆی ڕاگرێت و چوو بۆ لای دایەگەورە و هەموو شتێکی پێکوت. دایە گەورە پێکەنی و لە باوەشی گرت و کوتی:
- گوڵەکەم، ئەودەم من لە پشت پەنجەرەڕا هەموو شتێکم دیت، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرم خۆش دەوێی، تۆم بەخشی و دەنگم نەکرد! تەنیا دەمەویست بزانم تاکەنگێ دەهێڵی خوشکت لەبەر هەڵەیێک، تۆ لە خزمەت خۆی بگرێت! ئەوەش بزانە کە خواش هەموو هەڵەکانی ئینسان دەبینێت، بەڵام بەندەی خۆی خۆش دەوێت و دەیەوێ بزانێ تا کەی شەیتان دەتوانێ لە خزمەت خۆیدا ڕایگرێت!
بارکردنی سەرنجەکان...