حیسێب
دیار کاتژمێر ٢ لە شوێنی کارەکەی هاتە دەرێ و چونکە نیو کاتژمێر کاتی هەبوو تا بچێت بۆ شوێنی کاری هاوڕێکەی، بڕیاری دا بەو 10 هەزارەی لە گیرفانیدا بوو، نانی نیوەڕۆیەکی هەرزان بخوات و بەرەو شوێنی مەبەستی وەڕێکەوێت.
چەند چێشتخانەیەکی گرانبەهای تێپەڕاند تا گەیشتە چێشتخانەیەک کە لەسەر دەرگاکەی نووسرابوو: «نانی نیوەڕۆ لەگەڵ خواردنەوە تەنیا 10 هەزار». دیار درەنگی نەکرد و چوو بۆ ناو چێشتخانەکە و قاپێک سپاگێتی و خواردنەوەیەکی داوا کرد و لەسەر مێزێک دانیشت.
گارسۆنەکە دوو جۆر سوپ، سالاد، سێوکی سوورکراوە، خواردنەوەی زیادی، بەستەنی و دوو جۆر دێسێری هێنا و گوێی بە ناڕەزایەتییەکەی دیار نەدا کە کوتی: «بەڵام من ئەم خواردنانەم داوا نەکردووە!».
کاتێک گارسۆنەکە ڕۆیشت، دیار سەری ڕاوەشاند و کوتی: «خۆیان تێدەگەن کە من نەمخواردوون!»
بەڵام دیار دوای تەواوبوونی، کاتێک تێگەیشت کە ئەمە شێوازی ئەو چێشتخانەیەیە بۆ فێڵکردن، چوو بۆ لای سندووق. کارمەندی چێشتخانەکە پارەی هەموو خواردنەکانی حیسێب کرد و کوتی: «150 هەزار».
دیار ناڕەزایەتی دەربڕی: «بەڵام من هیچ کامیانم نەخواردووە!»
پیاوەکە وەڵامی داوە: «ئێمە هێنامان، دەبوایە بخۆیت!»
دیار کە خۆی قۆشمەی ڕۆژگار بوو، سەری ڕاوەشاند و 10 هەزارییەکەی خستە سەر پێشخانەکە و کاتێک کارمەندەکە ناڕەزایەتی دەربڕی، کوتی: «من ڕاوێژکارێکم کە بۆ یەک کاتژمێر ڕاوێژ 150 هەزار وەردەگرم.»
کارمەندەکە گوتی: «بەڵام ئێمە ڕاوێژمان نەویستووە؟!»
دیار وەڵامی دایەوە: «من کە لێرە بووم، دەبوایە ڕاوێژتان وەربگرتایە!»
پاشان بە هێمنی لەوێ ڕۆیشتە دەرەوە!
بارکردنی سەرنجەکان...